راوێژکارێکی سودانی: قەرزە دەرەکییەکانی عێراق لە 9 ملیار دۆلار تێناپەڕێت
  2024-08-15       170       

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیلەوە کردەوە کە قەرزە دەرەکییەکانی وڵاتەکەی لە نۆ ملیار دۆلار تێناپەڕێت.

ئاوێنه‌: مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، ”ئەو قەرزە دەرەکییەکانی کە دەبێت عێراق بیداتەوە لە نۆ ملیار دۆلار زیاتر تێناپەڕێت و بودجەی گشتیی ساڵانە بۆ دانەوەی سەرجەم قەرزەکان دابینکراوە بەپێی چۆنێتی ئەو قەرزەی کە کراوە”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ”لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا عێراق بەردەوام بووە لە دانەوەی قەرزە دەرەکییەکانی و میکانیزمی دانەوەی قەرزەکان بەپێی رێسا و رێنماییە دارایی و بانکییەکان ئەنجامدەدرێت بە هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندیی عێراق”.

دەشڵێت، ”دانەوەی بەردەوامی قەرزەکانمان سەقامگیریی لە توانای دانەوەی قەرز لە دەزگا نێودەوڵەتییەکان پیشانداوە لەدوای پەسەندکردنی یەکەم هەڵسەنگاندنی قەرز بۆ عێراق لە ساڵی 2016ەوە تاوەکو ئێستا”.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×