دان گۆڵدفوس فەرماندەی فیرقەی 98 لەسوپای ئیسرائیل لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵی 12ی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، هێزەکانی ئیسرائیل تەنها چەند مەترو چەند خولەکێکیان مابوو بۆ دەستگیرکردنی یەحیا سینوار سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس.
فەرماندەی فیرقەی 98 لەسوپای ئیسرائیل باسى لهوهشكرد، سەربازەکان لەکۆمەڵگەیەکی ژێر زەوی نزیکبونەتەوە کە پارەو قاوەیەکی هێشتا گەرمو چەکی پەرشوبڵاوی تێدابوە، بەڵام سینوار توانیویەتی خۆی دەربازبکات.
سوپای ئیسرائیل لەمدواییانەدا چەندجارێک ڕایگەیاند، نزیکبوە لەدەستگیرکردنی سینوار کە بەهۆی بەردەوامی مانەوەیەوە نازناوی "مردوی زیندوو"ی لێنراوە.
لەمانگی شوباتدا سوپا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێیدا سینوار لەتونێلێکدا لەخان یونس لەگەڵ خێزانەکەیدا دەردەکەوێت.
لەلایەکی دیکەوە دەستەی پەخشی ئیسرائیل باسی لەوەکردوە، هەڵبژاردنی سینوار وەک سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس پەیامێکە بۆ ئیسرائیل کە هێشتا بزوتنەوەکە بونی هەیەو چاودێران پێیانوابوو، ئەو دەستنیشانکردنە ڕەنگە چانسی سەرکەوتنی دانوستانەکان تێکبدات.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، هێشتا سینوار بڕیاردەری سەرەکییە سەبارەت بەدانوستانەکانی ئاگربەست لەغەززەو بەرپرسی نوێی مەکتەبی سیاسی حەماس دەبێت بڕیاربدات سەبارەت بەئاگربەست.
بەرپرسێکی باڵای بزوتنەوەی حەماس دەستبەکاربونی سینواری بە"پەیامێکی بەهێز" بۆ ئیسرائیل زانیوە کە حەماس درێژە بەڕێگهی خۆڕاگری خۆی دەدات.