سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ناوچەكە لە بەردەم مەترسی گەورە دایە و جەخت لە هەڵوێستی حكومەت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەكەینەوە، دەشڵێت، ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە یەك ڕیزییە.
ئاوێنه: محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە مەراسیمێكدا سەبارەت بە مەترسییەكانی سەر ناوچەكە و پاراستنی عێراق وتارێكی پێشكەش كرد.
سوودانی ڕایگەیاند، جەخت لە هەڵوێستی خۆمان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەكەینەوە و ڕێگە بە هیچ لایەنێك نادەین دەستوەردان لە وڵاتەكەماندا بكات.
باسی لەوەشكرد، پەبەندین لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی حكوومەتی عێراق لە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەی كە ناوچەكەیان خستووەتە بەردەم هەڕەشەی شەڕ و ململانێوە، ئەم هەڵوێستەش هەڵقوڵای هەڵوێستی عێراقییەكانە بە هەموو پێكهاتە و لایەنەكانییەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە یەكڕیزییە و لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بە گوتارێكی ئەخلاقییە.
سوودانی لە كۆتایدا وتی: زیاتر لە ١٠ مانگە فەڵەستینییەكان دەكرێنە ئامانج و ڕووبەڕووی كوشتن و كاولكاری بوونەتەوە، دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە مەترسی لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە و جیهان درووست كردووە، لەگەڵ دۆستانمان لە ناوچەكە بەردەوامین بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەرەسەندنەكان بكەین.