تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، راپۆرتێکی لەبارەی "پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" داوەتە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و جێگرەکەی، کامالا هاریس، تیمەکە باسی ئەوەیکردووە ترسێکی گەورە لە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هەیە.
ئاوێنه: لە راگەیەندراوی کۆشکی سپیدا هاتووە، سەرۆک و جێگرەکەی لەلایەن تیمی ئاسایشی نەتەوەییەوە لە ژووری ئۆپراسیۆنەکانی کۆشکی سپییەوە راپۆرتێکی کورتیان پێدراوە لەبارەی هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل و هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر بارمتەکان و ئاگربەست.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرژی و ترسی زیاتر تەشەنەسەندنی ململانێکان بەخۆوە دەبینێت، شەڕی 10 مانگەی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە هێشتا بەردەوامە، هەوڵەکانیش بۆ گەیشتن بە ئاگربەست تاوەکو ئێستا بێئەنجام بوون، وەڵامی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان بەرامبەر بە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، تاوەکو ئێستا بەکراوەیی ماونەتەوە.