حەماس: بەشداری لە دانوستانەكانی دەوحە لەبارەی ئاگربەست لە غەززە ناكەین 
  2024-08-14       283       

بڕیارە سبەی پێنجشەممە، دانوستانی نوێ لەبارەی ئاگربەست لە غەززە بە بەشداری ئیسرائیل لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەبچێت، بەڵام بزوتنەوەی حەماس دەڵێت، بەشداری لەو دانوستانانەدا ناكەن.

ئاوێنە: بزوتنەوەی حەماس، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، بەشداری ناكەن لە گەڕێكی نوێی دانوستانەكان لەبارەی ئاگربەست لە غەززە كە بڕیارە سبەی پێنجشەممە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەبچێت.

بەڵام حكومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە وەفدێك دەنێرنە دەوحە بۆ بەشداریكردن لە دانوستانەكانی ئاگربەستدا.

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمریكا رایگەیاندوە، ئەوان پێشبینی دەكەن دانوستانە ناڕاستەوخۆكان لە دەوحە ببنە مایەی هەنگاوێك بەرەو پێشەوەو هێشتا ئەگەری گەیشتن بە رێككەوتنی ئاگربەست هەیەو هۆشداریشی دا كە پێویستە هەنگاوەكان بۆ ئاگربەست و گەیشتن بە رێككەوتن خێرابكرێن بۆ دوركەوتنەوە لە جەنگێكی فراوان لە ناوچەكە.

پێشتر سێ بەرپرسی باڵای ئێرانی بە رۆیتەرزیان راگەیاندبو كە گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر ئاگربەست لە غەززە تەنیا رێگەیە بۆ ئەوەی رێگری لە هێرشی ئێران بكات بۆ سەر ئیسرائیل لە وەڵامی كوژرانی ئیسماعیل هەنیەدا.



 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×