میدیای رەسمی توركیا بڵاویكردەوە، بڕیارە سبەی كۆبونەوەی باڵای ئەمنی نێوان عێراق و توركیا بە سەرۆكایەتی وەزیرانی دەرەوەی هەردو وڵات لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت.
ئاوێنە: میدیای رەسمی توركیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، بڵاویكردۆتەوە، بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە، چوارەم کۆبونەوەی باڵای ئەمنیی تورکیاو عێراق بە سەرۆكایەتی فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت.
ئاماژە بەوەشدراوە لە كۆبونەوەكەدا "تاوتوێی بەهێزکردنی تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان تورکیا و عێراق دەكرێت لە بواری ئەمنییدا."
ئەوەش خراوەتەڕو"لە نێو ئامانجەکانی کۆبونەوەکەشدا بەهێزکردنی چوارچێوەی یاسایی هەوڵە هاوبەشەکان هەیە."
هێما بۆ ئەوەش كراوە كە بەر لە كۆبونەوەكە پێشبینی دەکرێت هەردو وەزیری دەرەوەی تورکیا و عێراق کۆبونەوەیەکی دوقۆڵی ئەنجام بدەن.
بەپێی میدیای رەسمی توركیا، لە کۆبونەوەکەدا پێداچونەوە بە رێكارەكان و دۆخی جێبەجێکردنی ئەو 27 ڕێککەوتننامەیە دەکرێت کە لە سەردانەکەی ئەردۆغان-دا بۆ عێراق ئیمزاکران."