بڕیارە سبەینێ شاندێكی باڵای ئەمنی عێراق بە سەرۆكایەتی وەزیری دەرەوە سەردانی ئەنقەرە بكات، شاندەكە چوارەمین كۆبوونەوەی ئەمنی ئاستی باڵای نێوان هەردوو وڵات ئەنجام دەدات، ئەمە لەكاتێكدایە، تورکیا ڕۆژنە خاكی هەرێم و عێراق بۆردوومان دەكات و هاوڵاتیانی مەدەنی دەكاتە قوربانی.
میدیا عەرەبییەكان سەبارەت بە ناوەڕۆكی سەردانەكەی شاندی باڵای ئەمنی عێراق بۆ توركیا و كۆبوونەوەیەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.
میدیاكان بڵاویان كردەوە، بڕیارە سبەینێ شاندێكی باڵای ئەمنی عێراق بە سەرۆكایەتی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە سەردانی ئەنقەرە بكات، لە میانی كۆبوونەوەكاندا زیادكردنی هاوكاری لەگەڵ عێراق لە بواری ئەمنیدا تاوتوێ دەكرێت.
یەكەمین كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئەمنیی نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی ٢٠١٩ لە چوارچێوەی پتەوكردنی بناغەى هاوكاری سەربازی و ئەمنی نێوان هەردوو وڵات بەڕێوەچوو، هەروەها دووەمین كۆبوونەوەیان لە ١٩ی كانونی یەكەمی ٢٠٢٣ لە ئەنقەرە بە سەرۆكایەتی هەردوو وەزیری دەرەوە بەڕێوەچوو.
سێیەمین كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئەمنیی نێوان توركیا و عێراق عێراق لە ١٤ی ئازاری ئەمساڵ لە بەغدا بەڕێوەچوو، بڕیارە لە چوارەمین كۆبوونەوە بۆ زیاد كردنی لێكتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات سبەینێ لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت.
ئەردۆغان لە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤ هاتە عێراق و كۆمەڵێك لێكتێگەیشن و ڕێككەوتنی لەگەڵ سوودانی واژۆ كرد، دوای دوو مانگ لەو سەردانەی ئەردۆغان دەوڵەتی داگیركەری تورك هێز و چەكی زیاتری ڕەوانەی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق كرد، بە مەبەستی داگیركردنی بەشێكی خاكی هەرێمی كوردستان و تێکدانى ژینگە و ماڵ و موڵكی هاوڵاتیان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پێش واژۆكردنی ئەو ڕێككەوتن و لێكتێگەشتنانە دەوڵەتی تورك ڕۆژانە بە بیانووی ناڕاست ناوچە گەشتیارییەكان و خەڵكی مەدەنی و گەشتیاری دەكردە ئامانج، لە ٢٠ـی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٢، كۆمەڵێك گەشتیاری بە ڕەگەز عەرەب لە خوارووی عێراقەوە ڕوویان لە ناوچەی گەشتیاری پەرخ لە شارۆچكەی زاخۆ لە پارێزگای دهۆك كردبوو، دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆردوومانی ناوچە گەشتیارییەكەی كرد و بەهۆیەوە ٣٩ هاوڵاتیی مەدەنیی بوون بە قوربانیی.
جێگاى ئاماژەیە، دەوڵەتی تورك ڕێز لە سەروەری عێراق ناگرێت و ٤٠ كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی هەرێم و عێراقەوە، بنكە و بارەگای نوێی دامەزراندووە و بەنیازی چۆڵكردنی نییە، ئەمەش بەپێی هەموو یاسا نێودەوڵتییەكان پێشێلكردنی سەروەری عێراقە، تا ئێستا هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق هەڵوێستێكیان دژی ئەو داگیركارییەی دەوڵەتى تورک نییە.