پەیامی مەحمود مەشهەدانی دوای كاندیدكردنی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
  2024-08-14       366       

هەردوو هاوپەیمانیی “عەزم و سیادە” مەحمود مەشهەدانی-یان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاندیدكرد و ئەویش لە پەیامێكدا دەڵێت، كاركردن بۆ بەرژەوەندییەكانی وڵات دەكاتە پێشینە.

مەحمود مەشهەدانی لە پەیامەكەیدا دەڵێت، “سوپاسى هەڵوێستى فراکسیۆنەکانى عەزم و سیادە دەکەم کە پاڵپشتیىان كردم بۆ خۆكاندیدكردن بۆ پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران بۆ تەواوكردنی شایستەی پێكهاتەی سوونە، كاركردن بۆ بەرژەوەندییەكانی عێراق دەكەینە پێشینە”.

ئێوارەی دوێنێ هەردوو هاوپەیمانێتییەكە لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا پاڵپشتیی خۆیان بۆ كاندیكردنی پەرلەمانتار مەحمود مەشهەدانی بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران راگەیاند.

لە راگەیەندراوە هاوبەشەكەدا هاتووە، بەمەبەستی چارەسەری گرفتی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و دووركەوتنەوە لە كەوتنە ناو هەڵەی دەستووری پاڵپشتیی خۆیان بۆ كاندیدكردنی مەشهەدانی دەردەبڕن.

لە 14ی تشرینی دووەمی 2023 دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بە بڕیارێك ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەوكاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی لە ئەنجومەنەکە هەڵوەشاندەوە و لە کارەکەی دووریخستەوە. ئەوەش دوای ئەوەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی سکاڵایەکی دژی حەلبوسی لە دادگای باڵا تۆمارکرد.

لەوكاتەوە هەوڵی لایەنەكانی سوننە و فراكسیۆنەكانی دیكەی ناو ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستە سەركەوتوو نەبووە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×