د. لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆشكی بەغدا، پێشوازی كرد لە رێبوار تەها، پارێزگاری نوێی كەركوك و مەرسومی تایبەتی كۆماری بۆ دەستبەكاربونی وەك پارێزگاری نوێی كەركوك بۆ دەركرد.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆكکۆمار د.لەتیف رەشید لە کۆشکی بەغدا، پێشوازیکرد لە رێبوار تەها، پارێزگاری نوێی کەرکوك.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆكکۆمار مەرسومی کۆماری تایبەت بە دانانی وەك پارێزگاری نوێی کەرکوك پێشکەش بە رێبوار تەها کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و کارەکانیدا.
هەر لە دیدارەكەدا، د.لەتیف رەشید جەختی لە گرنگی پەرەپێدانی پارێزگای کەرکوك کردەوە، کە لە ماوەی دەیان ساڵی رابردودا نەهامەتی زۆری بینیوە، هەروەها بایەخی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە خەڵکی کەرکوك لە هەمو پێکهاتەو مەزهەبەکان و دابینکردنی پێداویستی و خواستەکانیانی دوپاتکردەوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لای خۆیەوە رێبوار تەها جەختی لەوەکردەوە کە لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی پارێزگاکەدا کاردەکات بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کەرکوك بە هەمو پێکهاتەکانییەوە. هەروەها لە دیدارەکەدا بەرنامەی کارکردنی داهاتوی لەم چوارچێوەیەدا بۆ سەرۆكکۆمار خستەڕو.