بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی "دیفێنس نیوز"ی تایبەتمەند بەهەواڵە سەربازییەکان، فەرماندەیی فڕۆکەوانی سوپای عێراق لەسەرەتای مانگی ئابی 2024 گرێبەستێکی لەگەڵ فەرەنسا واژۆکردوە، بۆ کڕینی هێلیکۆپتەری گواستنەوەی تاکتیکی کە لەلایەن کۆمپانیای ئەیرباس هێلیکۆپتەرەوە دروستدەکرێن.
گرێبەستەکە 12 هێلیکۆپتەری تازە دروستکراوی H225M Caracal و دوو هێلیکۆپتەری H225ی نۆژەنکراوی دەگرێتەوە.
هێلیکۆپتەرەکانی ئەیرباس هێلیکۆپتەرەکانی H225M کە پێشتر بە Eurocopter EC725 ناسرابوو، کۆپتەرێکی گواستنەوەی سەربازی تاکتیکی مەودای دورودرێژەو لەفڕۆکەی AS532 Cougar پەرەی پێدراوە.
ئەم هێلیکۆپتەرە وەک هێلیکۆپتەرێکی گواستنەوەی سەربازیی فرە ڕۆڵ بۆ گواستنەوەی سەربازو کاروباری لۆجستییو هاوکاریی پزیشکیی فڕۆکەوان (PMU) بەکاردێت، هەروەک بۆ ئەرکەکانی گەڕانو فریاگوزاری (SAR) و گەڕانو ڕزگارکردنی شەڕ (CSAR) دیزاینکراوە.
فڕۆکەی H225M دوو ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی (فڕۆکەوانو هاوفڕۆکەوان)و یەک فەرماندەی ئاسمانی هەیەو دەتوانێت 28 سەرباز هەڵبگرێت.
لەڕوی کاراییەوە زۆرترین خێرایی فڕین 324 کیلۆمهتر لەکاتژمێرێکدا بەبەرزی 5342 مەترو مەودای فڕین 920 کیلۆمهتر.
کڕینی ئەو ژمارەیە هێلیکۆپتەری جەنگیی فەڕەنسیی لەکاتێکدایە لەئێستادا عێراق 45 هەلیکۆپتەری می-8/می-17ی دروستکراوی ڕوسیایان هەیە، بەڵام تەنها حەوتیان کاردەکەن.