راکان جبوورى، پارێزگارى بەوەکالەتى پێشووى کەرکوک، نیگەرانى خۆى لە پێکهێنانى حکومەتى خۆجێى کەرکوک نیشاندەدات و کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا بە نایاسایى دەزانێت و ئامادەبوونى سێ ئەندامى عەرەبیش بە کۆبوونەوەکە بە "ناپاکى" ناودەبات.
ئاوێنه: راکان جبوورى، پەیامێکى ڤیدیۆى بەناونیشانى "راگەیەندراوێکى بەپەلە بۆ جەماوەرى عەرەبی لە کەرکوک و روونکردنەوەیەک لەسەر ئەوەى چۆن ناپاکى لە پێکهاتەی عەرەبی کرا" تێیدا هەڵوێستى خۆى لە بارەى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک لە بەغداد و پێکهێنانى حکومەتى خۆجێى نیشانداوە.
راکان جبورى بە رایگشتى پێکهاتەى عەرەبى دەڵێت، "دانیشتنەکە شایستەى جەماوەری تێدا زەوتكرا لەلایەن بەشێك لە نوێنەرەكانتانەوە، رێوشوێنە یاساییەكانی تەواونەكردبوو و داوای نووسراو پێشكەشنەكراوە بە سەرۆكی تەمەن و بانگهێشتەكە لەلایەن یەك لیستەوە ئەنجامدراوە"، دەشڵێت "كەسوكارمانیان رووبەڕووی سوکایەتییەکى مێژوویی كردەوە و پرۆسەكانی كوشتن و ونكردن و تاڵانكردنی دێهاتەكانیان لەبیركرد لەپێناو دەستكەوتی شەخسی كاتیی".
بەوتەى راکان جبورى، کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک شێوەى یاسایى خۆى وەرنەگرتووە و ئەو وەکو بەتەمەنترین ئەندام بانگهێشت نەکراوە و بۆچوونى وایە، کۆبوونەوەکە پێشێلی ماددەی 13 و کۆنووسی کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوکى کردووە، چونکە سازانى لەسەر نەکراوە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئێمەیان ئاگادار نەكردووە و شوێنێكیش لە دەرەوەی پارێزگاكە دەستنیشانكرا بۆ كۆبوونەوە، لەكاتێكدا هیچ رێگرییەكی ئەمنیی و یاسایی نەبووە بۆ ئەوەی لەناو پارێزگاكە رێكبخرێت".
جەختى لەوەشکردووەتەوە، "ئەوەی روویدا دوورخستنەوە و بێبەشكردنی نوێنەرانی هاوپەیمانی عەرەبی بوو، هەموو رێگا یاسایی و دادوەری دەگرینەبەر بۆ بەدەستهێنانی شایستەكانمان".