لهكۆبونهوهی ئهمشهوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەڵبژێردران. بهوهش دوای حەوت ساڵ پۆستی پارێزگاری کەرکوک گەڕایەوە لای کورد کە لەدوای ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بەوەکالەت لەلایەن ڕاکان جبوری لەهاوپەیمانی عەرەبی بەڕێوەدەبرا.
ئاوێنه: ئەمشەو لەهۆتێل ڕەشیدی بەغدا بەبەشداریی نۆ ئەندام (پێنج یەکێتی، سێ عەرەبو یەک کۆتای مەسیحی) ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوەوەو پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران. لەکۆبونەوەکەدا حەوت ئەندام (سێ عەرەب، دو تورکمانو دو پارتی) ئامادەنەبونو ڕێککەوتنەکە بەبێ ئەوان کراوە.
لەکۆبونەوەکەدا ڕێبوار تەها وەک پارێزگاری کەرکوکو محەمەد حافز لەهاوپەیمانی عەرەبی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردران.
ماوەی نزیکەی هەشت مانگە بەهۆی ناڕەزایی پارتی دیموکراتی کوردستانو بەرەی تورکمانییەوە لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی پارێزگار، حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکنەهێنراوە.
پێشتر هەریەک لەپارتی دیموکراتی کوردستانو بەرەی تورکمانی ڕێککەوتنیان کردبو، بۆ ئەوەی هەوڵی ڕازیکردنی لایەنە عەرەبییەکان بدەن، کە شەش کورسییان هەیە، تا لەگەڵ دو کورسی پارتیو دو کورسی بەرەی تورکمانی زۆرینە بەدەستبهێننو حکومەتی خۆجێی کەرکوک بەبێ یەکێتیو کریستیانەکان پێکبهێنن.
محەمەد شیاع سودانی، سهرۆك وهزیرانی عێراق لەڕابردودا لەگەڵ نوێنەرانی پارتی و بەرەی تورکمانی کۆبوەوەو هۆشداریدا، کە نابێت هیچ لایەنێکی براوەو پێکهاتەیەک پەراوێز بخرێت وەک ئاماژەیەک بۆ کریستیانەکان، کە کورسییەکەیان لەلایەن بزوتنەوەی بابلیونەوە نوێنەرایەتی دەکرێت.