وەزارەتی ناوخۆی نەمسا دەستگیرکردنی گەنجێکی تەمەن 18 ساڵانی عێراقی لە ڤیەننای پایتەختی ئەو وڵاتە ڕاگەیاند، دەڵێت، دەستگیراوەكە پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانەدا هەبوە کە پلانیان بۆ هێرشکردنە سەر کۆنسێرتەکانی گۆرانیبێژ تایلۆر سویفت داناوە.
وەزارەتی ناوخۆی نەمسا ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، گەنجێکی تەمەن 18 ساڵانی عێراقی لە ڤیەننای پایتەختی ئەو وڵاتە دەستگیرکراوە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو بۆسەر کۆنسێرتەکانی گۆرانیبێژ تایلۆر سویفت لەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەو عێراقییە سەر بە هەمان بازنەی تۆمەتباری سەرەکییە، کە گەنجێکی نەمساییە و تەمەنی 19 ساڵە و بنەچەی بۆ باکوری مەقدۆنیا دەگەڕێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی نەمسا باسی لەوەشكردوە، "تۆمەتبارەکە دڵسۆزبوە بۆ داعش، بەنیازی ئەنجامدانی هێرشێك بوە بۆسەر 20 هەزار هاندەری گۆرانیبێژە ئەمریكیەكە كە بڕیاربو لە دەرەوەی یاریگای ئێرنست هاپڵ ئارێنا لە ڤیەننا کۆببنەوە".
ئەوە لەکاتێکدایە دوێنی پێنجشەممە پۆلیسی نەمسا ڕایگەیاندبو، دو گەنج دەستگیركراون و هەرزەکارە تەمەن 19 ساڵە بەڕەچەڵەك مەقدۆنییەكە تۆمەتباری سەرەکیە لەگەڵ گەنجێکی نەمسایی تەمەن 17 ساڵدا کاریان کردوە، بەیعەتی بە سەرکردەیەكی ئێستای گروپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) داوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەکاتی گەڕان و پشكین لە ماڵی گەنجە تەمەن 19 ساڵەكەدا، ماددەی کیمیایی و "ئامێری تەکنیکی" دۆزراوەتەوە و پێش چەند هەفتەیەك بەیعەتی بە سەرکردەیەكی ئێستای گروپی دەوڵەتی ئیسلامی دابو، هاوكات لە هەژمارێکی ئینتەرنێتدا بڵاویکردبوەوە.