دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەمواری یاسای باری كەسێتی كرد، كاردانەوەو ناڕەزایەتی لێكەوتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ لە چەندین پارێزگای عێراق دژی هەموارەكە خۆپیشاندان بكرێت، بەشێك لە چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەتی ژنان بەشداری خۆپیشاندانەكان دەكەن.
ئاوێنه: هاوپەیمانی ١٨٨ كە لە ژمارەیەك ڕێكخراو، هێزە مەدەنییەكان، چالاكوانان و ژنان پێكدێت، سەبارەت بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژی هەمواری یاسای باری كەسێتی لە چەند پارێزگایەكی عێراق، ڕاگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە: دژی هەمواری یاسای باری كەسێتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەغدا، بەسرە، كەركووك، نەجەف، دیوانییە، بابل و زیقار خۆپێشان دەكرێت و داوا دەكەن هەموارەكە لە پەرلەمان بكشێندرێتەوە و ڕەتبكرێتەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، یاساكە عێراق و خێزانەكان و پێكهاتەكان دابەش دەكات و دژی مافەكانی مرۆڤ بەتایبەت ژنانە و لەگەڵ بێبەشكردنی ژنان و كچانە لە میرات و مافەكانی دیكە، جگە لەوەی ئەو هەموارەكە ڕێگە بە بەشوودانی كچانی خوار تەمەن ١٠ ساڵ دەدات.
ئیناس جەبار، ئەندامێكی ئەو هاوپەیمانێتییەكەیە و دەڵێت: دەمانەوێت پەرلەمان ئەو هەموارە ڕەتبكاتەوە، چونكە لەگەڵ ئەوەی یاسای باری كەسی لە عێراق شەش دەیەیە كاری پێ دەكرێت هیچ كێشەیەكی نەبووە، بەڵام ئەم هەموارە كێشەی بۆ درووست دەكات.
بەشێكی شیعەكان دەیانەوێت هەمواری یاسای باری كەسێتی بكەن و هەر ژن و پیاوێكی عێراقی لەكاتی هاوسەرگیریدا بتوانن مەزهەبیان دیاری بكەن، بەمەش ئەگەر مەزهەبی جەعفەری بە نموونە وەربگیرێت، كچ لە تەمەنی نۆ ساڵی هاوسەرگیری پێ دەكرێت و كوڕیش لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا هاوسەرگیر دەكات، چالاكوانانیش تێپەڕاندنی یاساكە بە مەترسیدار ناودەبەن و پێیانوایە ئەو هەمواركردنانەی خراونەتەڕوو، عێراق زیاتر دابەش دەكات.
ڕۆژی ٢٤ـی تەمموزی ئەمساڵ بەهۆی ناكۆكی لەسەر هەمواری یاسای باری كەسێتی پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەموارەكە دواخست، بەڵام لە كۆبوونەوەی ڕۆژی ٤ـی ئەم مانگەدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەموارەكە كرا.