پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چالاکوان و ڕێکخراوەکانی مافی ژنان لە کەرکووک دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە بەردەم کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤدا گردبوونەوە.
ئاوێنه: چالاکوان و ڕێکخراوەکانی مافی ژنان لە کەرکووک دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە کەرکووک دەنگی ناڕەزایەتییان بەرزرکردەوە و هاتنە دەنگ.
ئەمڕۆ میدیا ناوخۆییەکانى کەرکووک بڵاویانکردەوە، پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە چالاکوان و ڕێکخراوەکانی مافی ژنان لە کەرکووک دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە بەردەم کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤدا گردبوونەوە.
ئەو چالاکوانانە دەڵێن: ئێمە دژی ئەم هەموارکردنەوانە دەوستین چونکە، ئەمە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەگشتیی و مافی ژنان و منداڵانە بەتایبەتی.
هەروەها ئاماژەیان بەوەشدا، یاسای باری کەسێتی لە ئیستادا بە باشترین شێوە داڕێژراوەتەوە، بەڵام هەموارکردنەوەی لەسەر بنەمایەکی تائیفی دەبێتە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی خێزان.
باسیان لەوەشکرد، ئەگەر ئەو هەموارە پەسەند بکرێت ئەوا، لە داهاتوودا هیچ هاوسەرگیرییەک لە دادگا تۆمار ناکرێت و هاوسەرگیری (موتعە و مسیار) زۆر دەبن و کۆمەڵگا بەرەو لێکترازان دەبات.
هێزە شیعەکانی پەرلەمانی عێراق هەمووارێکیان بۆ یاسای باری کەسی پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کردووە و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کراوە، یاساکە مافی دایەنیکردن لە دایک دەسەنێتەوە، هەروەها هاوسەرگیریی پێکردنی منداڵانی تەمەن نۆ ساڵ دەشەرعێنێت، یاساناسان و چالاکوانانیش بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەو یاسایە پێشێلی مافی ژن و منداڵانە و کۆمەڵگەش بەرەو لێکترازان و زیادبوونی توندوتیژیی تێیدا دەبات.