سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگهیاند، ژمارەی بریندارەكانی هێرشە موشەكیەكەی سەر هێزەكانی ئەمریكا لە بنكەی عەین ئەسەد لە ئەنبار زیادیكردوە و گەشتوەتە 14 كەس و پێنج كهسیان برینەكەیان سەختە و گواستراوتەوە بۆ قەتەر.
ئاوێنه: ئاژانسی "بغداد الیوم" بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویكردەوە، ژمارەی بریندارەکان لە هێرشە موشەکییەی سەر هێزەكانی ئەمریكا لە بنکەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای ئەنبار، زیادیکردوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، "ژمارەی بریندارەکانی بۆردومانەکەی ئەمدواییەی سەربازگەیەکە گەیشتوەتە 14 کەس".
سەرچاوەكە باسی لەوەشكردوە، پێنج لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە ڕاستەوخۆ بۆ قەتەر گواستراونەتەوە بەمەبەستی چارەسەرکردن.
ئەوە لە كاتێكدایە کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، زانیاری "گرنگ"یان لەبارەی ئەنجامدەرانی "هێرش" بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد دەستکەوتوە و لێپرسینەوە لە فەرماندە و ئەفسەرە "کەمتەرخەمەکان" و ئەفسەرانی بەرپرسیار لە کەرتەکە کردوەتەوە .