ئه‌مریكا په‌یامێكى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى عێراق ده‌كات‌
  2024-08-08       414       


ئه‌مریكا په‌یامێكى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى عێراق ده‌كات‌و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ده‌ڵێت:"هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەو وڵاتەن‌و پێویستە حکومەتی عێراقیش لێکۆڵینەوە لەهێرشەکان بکات".

ئاوێنه‌: ماتیو میللەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی:"پێویستە عێراق ڕێگریی لەهێرشکردنەسەر سەربازانی ئەمریکا لەوڵاتەکەی بکات‌و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوکەسانە بکات کە بەرپرسیارن".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، "لەگەڵ حکومەتی عێراق لەگفتوگۆدا بوینە، حکومەتی عێراق ڕایگەیاندوە کە لێکۆڵینەوەی دەستپێکردوەو چەند گومانلێکراوێک کە پەیوەندییان بەهێرشەکە هەبوە دەستگیرکراون‌و ئەمەش ئەوکارە گونجاوەیە کە دەبێت بیکەن".

ئه‌وه‌شى وت:"لەهێرشەکانی ڕابردوو بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا لەعێراق، وتمان ئەو سەربازانە لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەو وڵاتەن‌و پێویستە حکومەتی عێراق ڕێگریی لەو هێرشانە بکات".

کاتژمێر نۆى 5ی ئابی 2024، هێرشکرایەسەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لەپارێزگای ئەنبار، کە بەشێک لەڕاوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تێیدا نیشتەجێن، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش ده‌ڵێت:"ژماره‌یه‌ك سه‌ربازمان له‌ئه‌نجامی هێرشەکەدا ئەو برینداربون، به‌ڵام ته‌ندروستیان جێگیره‌".

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقیش ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تى:"هێرشەکە لەقەزای حەدیسەوە کراوەو هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ دەستیان بەسەر ئۆتۆمبیلێکی جۆری کیادا گرتوە، کە لەکۆی 10 موشەک هەشتیان لەناو بارهەڵگرەکەدا مابون ئامادەکرابون بۆ هاوێشتن، بەڵام لەلایەن ئەندازیارانەوە هەڵوەشێنرانەوە".
 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×