ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان زانیاری نوێ له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر عه‌ین ئه‌سه‌د ئاشكراده‌كات
  2024-08-06       304       

فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق هۆشداری له‌راكێشانی عێراق بۆ ناو ململانێكانی ناوچه‌كه‌ ده‌دات و راشیده‌گه‌یه‌نێت، زانیارییان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستكه‌وتوه‌ كه‌ شه‌وی رابردو ژماره‌یه‌ك موشه‌كیان ئاڕاسته‌ی بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د كرد و ده‌شڵێت، ""به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هه‌مو هه‌وڵێك بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق، قبوڵ ناكه‌ین كه‌ خاكی عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانێك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كان".

فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆن هاوبه‌شه‌كان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، كاتژمێر 11:00ی شه‌وی رابردو هێرشكرایه‌ سه‌ر بنكه‌ی ئاسمانی عه‌ین ئه‌سه‌دی عێراقی له‌ پارێزگای ئه‌نبار، كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكاری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌به‌شێكی بنكه‌ سه‌ربازیه‌كه‌دان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، به‌ئامانجگرتنی بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی دو موشه‌كه‌وه‌ و له‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێكی جۆری (كیای بارهه‌ڵگر) له‌ قه‌زای حه‌دیسه‌وه‌ بوه‌، ده‌ستبه‌جێ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانمان ده‌ستیان كرد به‌ رێوشوێنی پێویست و ده‌ستیان به‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌دا گرت كه‌ هه‌شت موشه‌كی دیكه‌ی له‌سه‌ربو و ئاماده‌كرابون بۆ هه‌ڵدان، له‌ژێر كۆنترۆڵدا له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی پرۆسێسی ئه‌ندازیارییه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌كاتێكدا پابه‌ندبونمان به‌ سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی عێراق دوپاتده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك هه‌ر هێرشێك له‌ ناوخۆ یان ده‌ره‌وه‌ی عێراق، بۆ سه‌ر زه‌وی و زار و به‌رژه‌وه‌ندی و ئامانجه‌كانی عێراق و له‌ هه‌ر لایه‌نێكه‌وه‌ بێت ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌مو ئه‌و كار و هه‌نگاوه‌ بێباكانه‌ش ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئامانجیان بنكه‌ عێراقییه‌كان، نوێنه‌رایه‌تییه‌ دیپلۆماسییه‌كان، شوێنی ڕاوێژكارانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌مو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ گرژی له‌ ناوچه‌كه‌دا دروست بكه‌ن و عێراق ڕاده‌كێشن بۆ دۆخێكی مه‌ترسیدار و كاردانه‌وه‌كانی، یان زیانگه‌یاندن به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ جۆراوجۆره‌كانی وڵات.

فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان ئاشكراشیكردوه‌، "ده‌سه‌ڵات و پێكهاته‌ كارامه‌كان له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانمان، له‌ ڕێگه‌ی كاری هه‌واڵگری و ئه‌منییه‌وه‌، زانیاری گرنگیان له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م هێرشه‌ ده‌ستكه‌وتوه‌، له‌ ئێستادا به‌دواداچونیان بۆ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی دادگایی بكرێن، له‌ هه‌مان چوارچێوه‌دا لایه‌نه‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌كان به‌رپرسیارن له‌ گه‌مارۆكه‌ و نزیكبونه‌وه‌ی، له‌وانه‌ش فه‌رمانده‌ و ئه‌فسه‌ره‌كان، لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت".

ئه‌وه‌شی رونكردۆته‌وه‌، "به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هه‌مو هه‌وڵێك بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق، قبوڵ ناكه‌ین كه‌ خاكی عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانێك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كان و تێكه‌ڵكردنی كاغه‌زه‌كان و ڕاكێشان بۆ ناو به‌ڵای شه‌ڕه‌كان و كاردانه‌وه‌ی ململانێكان، ئه‌مه‌ش به‌رپرسیارێتی ئێمه‌ و به‌رپرسیارێتی هه‌مو خه‌ڵكی دڵسۆزی ئه‌م وڵاته‌یه‌".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×