محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، دەركردنی چەند بڕیارێكی لەبارەی شەنگال و قەرەبوكردنەوەی خەڵكەكەی راگەیاند، لەوانە پێدانی قەرەبو بەو ئاوارانەی شەنگال كە ماڵەكانیان روخاون و هەروەها دامەزراندنی زانكۆیەك لە ناوچەكە.
ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە سەرپەرشتی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی تێپەڕبونی دە ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکانی كرد.
سودانی لە وتەیەكدا جەختی لەوە کردەوە کە هێرشی داعش بۆ سەر گوند و شارۆچکەکانی ئێزدییەکان لە شەنگال ئەو پیلانەی ئاشکرا کرد کە هەمەچەشنی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەمو عێراقییەکانی کردە ئامانج، هەروەها هاوڵاتیان ڕوبەڕوی دڕندەییەکی بێ وێنە بونەوە.
سودانی ئاماژەی بەوەدا، ئەو کۆمەڵکوژییەی کە بەسەر ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکە لەسەر دەستی چەتەکانی داعش ڕویدا، وامان لێدەکات داوای ڕاگرتنی جینۆسایدکردنی بەردەوامی خەڵکی غەززە بکەین لەسەر دەستی هێزە داگیرکەرەکانی زایۆن.
وتیشی، حکومەتەکەمان کارى کرد بۆ چەسپاندنی دادپەروەرى بەرانبەر هەمو عێراقییەکان، لە چوارچێوەی ئەرکى بنچینەى کارەکانى حکومەتى خزمەتگوزای نیشتیمانى و لە بەرنامەى حکومەتدا پابەندبونمان بە پشگیری کردنی پێکهاتە عێراقییەکان دامەزراند.
ئەوەشی خستەڕو، ئێمە چەندین بڕیارو ڕاسپاردەمان دەرکردوە بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە و گۆنجاو بۆ گەلی ئێزدیمان، کە لە هەڵبژاردنی ڕاوێژکارێکی تایبەت بۆ کاروباریان لە نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەستپێدەکات.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، سندوقی ئاوەدانکردنەوەی دەشتی شەنگال و نەینەوامان دامەزراند و پێشتر بڕیارمان دەرکرد بۆ خاوەندارییەتی کردنی (14,500) یەکەی نیشتەجێبون بۆ خەڵکی شەنگال.
سودانی وتی، دوێنێ فەرمانێکمان دەرکرد بۆ ئەوەی هەمو چین و توێژەکانی خەڵکی شەنگال و دەشتی نەینەوا قەرزی بانکی عەقاری و سندوقی خانوبەرە و دەستپێشخەرییەکانی حکومەت و دەستپێشخەرییەکانی بانکی ناوەندی بیانگرێتەوە.
هێمای بۆ ئەوەش كرد، فەرمانمان کرد دیزاینی بنەڕەتی قەزای شەنگال فراوان بکرێت، بەجۆرێک کە نەبێتە هۆی دروستکردنی هیچ گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی و تایبەتمەندی ناوچەکانی پێکهاتە عێراقییە ڕەسەنەکان بپارێزێت، کە بەدرێژایی ساڵانی حوکمڕانی ڕژێمی دیکتاتۆری لەو مافە بێبەشکرابون.
جەختیشی كردۆتەوە كە پشتگیریمان لە جێگیرکردنی بونی ئێزدییەکان کرد لە ناوچە مێژوییەکانیان، لە رێگەی پاکێجێک بڕیاری خزمەتگوزارییەوە بۆ بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان، بەمەبەستی پێشوازیکردن لە ئاوارەکان.
هەروەها وتیشی، فەرمانمان کرد بە کردنەوەی لقی زۆربەی دامودەزگا خزمەتگوزاری و دارایی و بانکییەکانی دەوڵەت لە قەزای شەنگال و دامەزراندنی خەڵکی قەزاکە لەو دامەزراوانە.
ئەوەشی وت، ڕاسپاردەمان دەرکرد بۆ دامەزراندنی زانکۆی شەنگال، بەمەبەستی باشترکردنی دۆخی قەزاکە لەهەمو بوارەکاندا.
ئاشكراشیكرد، فەرمانمان کرد قەرەبوی خانوە ڕوخاوەکانی ئاوارەکان بکرێتەوە لەگەڵ قەرەبوکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتوەکان، بەشێوەیەک لەگەڵ قەبارەی وێرانکاری و ساڵانی بێبەشبون و ڕێژەی دانیشتوان بگونجێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی، ماددەکانی یاسای ڕزگاربوانی ژنانی ئێزدیمان چالاک کرد و لیژنەی تایبەتمەندمان پێکهێنا بۆ سەرجەم دۆسیەکانی پەیوەست بە ئێزدییەکان، لەوانە لیژنەیەک بۆ گەڕان بەدوای ڕفێنراوەکان و کارکردن بۆ گەڕاندنەوەیان.