2024-08-05   252     
پەرلەمانتارێكی سەربەخۆی عێڕاق ڕایدەگەیەنێت،"وەزارەتی دارایی لیستی موچەی حەشدی شەعبی لا نییە و ناڕوونی هەیە لە لیستی ناوەكان".
ئاوێنە: سەجاد سالم پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق ڕایگەیاندووە،"وەزارەتی دارایی ناوی كارمەندانی حەشدی شەعبی لا نییە, سەرەڕای تێپەڕبوونی (10) ساڵ بەسەر دەركەوتنی ئەو یەكە ئەمنییە لە عێراق".
ئاماەژی بەوەش داوە،"ناڕوونیی هەیە لە لیستی ناوەكانی كارمەندانی حەشدی شەعبی, بەجۆرێك كە وەزارەتی دارایی ناوەكانیانی لا نییە و دەستەی حەشدی شەعبی مووچەكانیان وەردەگرێت, هەر كەسێكیش ڕەخنەیان لێبگرێت هێرشی دەكەنە سەر".
وتیشی،"تائێستا هیچ تۆمەتبارێكی ڕووداوەكانی تشرین دادگایی نەكراون, (3) تۆمەتبار دەستگیركرابوون ئەوانیش ئازادكران".
ئەو پەلەمانتارە ڕەخنەی توندی لە ئێران گرتووە و دەڵێت،"ئێران ڕۆچووەتە ناو دامەزراوە هەستیارەكان و دەستوەردان دەكات لە هەموو وردەكارییەكی عێراق, دەیەوێت بەتەواوی بیسڕێتەوە و بیكات بە بەشێك لە ئێران".
جێگەی باسە، فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی, سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە تۆماركردووە, بە پاساوی ئەوەی سەركردەكانی حەشدی بە ئەنجامدانی تاوانی كوشتن تۆمەتباركردووە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.
هاوكات، لەسەر ئەو سكاڵایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو داواكاری گشتی داوای لە پەرلەمانی عێراق كرد پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە هەڵبگرێت.