2024-08-02   283     
بانکی ناوەندیی عێراق پێدانی دۆلار بەو کۆمپانیا فڕۆکەوانی و گەشتیارییانە قەدەغە دەکات کە لە لیستی کۆمپانیا سزادراوەکاندان.
بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکدا کە ئاڕاستەی بانکەکانی رافیدەین، رەشید، TBI و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی لەبارەی پێدانی دۆلار بەشێوەی نەختینەیی بە گەشتیاران کردووە، دەڵێت، ئەو کۆمپانیایانەی لە لیستی سزاکاندان، ئیدی ئەگەر سزای نێودەوڵەتی بن یان عێراقی، پێویستە لە پێدانی دۆلاری کاش بێبەش بکرێن.
نووسراوەکە رۆژی 31ی مانگی تەممووزی ئەم ساڵ لەلایەن عەممار حەمەد خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقەوە واژۆ کراوە.
پێدانی دۆلار لە فڕۆکەخانەکان بۆ رێگریکردنە لە بەقاچاخبردنە دەرەوەی دۆلار بۆ ئەو وڵاتانەی سزایان لەسەرە و نابێت دۆلاری ئەمریکییان پێبگات.
محەمەد عۆدە، نەقیبی سەندیکای گەشتیارانی عێراق، لەبارەی بڕیارەکەوە ئەمڕۆ هەینی وتی: "بەشێک لە کۆمپانیا فڕۆکەوانی و گەشتیارییەکان لە لیستی سزاکانی پێدانی دۆلاردان، بەشێک لە کۆمپانیا عێراقییەکان بەهۆی هێنانی کرێکار بە قاچاخ و بەشێکی دیکە بە هۆکاری دیکە سزادراون. نزیکەی 300 کۆمپانیا لای ئێمە تۆمارکراون کە سزادراون و بەپێی ئەو بریارە ئیدی نابێت دۆلاریان پێبدرێت".
رۆژی 1ی تهمموزی 2024، بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکدا رایگەیاند، لە 14ی ئەم مانگەوە تەنیا لە فڕۆکەخانەکان دۆلار بە نرخی فەرمی دەداتە گەشتیاران. دۆلار بەتەنیا لە رێگەی بانکەکانی رەشید، رافیدەین، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆری A و Bـی بە گەشتیاران دەدرێت.