دوای چەند مانگێك لە هەڵبژاردن، درەنگانی شەوی رابردو ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە هۆتێل رەشیدی بەغدا كۆبوەوەو تێیدا بەزۆرینەی دەنگ، پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو جێگرەكانیان هەڵبژێردران.
ئاوێنە: بەپێی میدیا عێراقییەكان لە كۆبونەوەكەدا عەدنان جایر، بە پارێزگارى دیالە و عومەر كوروی بە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.
عەدنان جایر نزیکە لە بەرەى نووى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا و عومەر کوروى-یش لە هاوپەیمانیى سەروەریى سوننەکانە.
هەر لە كۆبونەوەكەدا سالم تەمیمی لە هاوپەیمانیی ئیستیحقاقی دیالە کە شیعەیە، وەک جێگرى سەرۆکی ئەنجومەن هەڵبژێردرا. هەریەک لە مستەفا تالیب، وەک جێگرى یەکەم و غازى فەیسەڵ وەک جێگرى دوەمى پارێزگار هەڵبژێردران.
لە كۆبونەوەكەدا 10 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە كۆی 15 ئەندام ئامادەبون.
موسەننا تەمیمی، پارێزگاری پێشوی دیالەو یەكێك لەوانەی بایكۆتی كۆبونەوەكەی كردبو و كاندید بو بۆ وەرگرتنەوەی پۆستە، لە فەیسبوك نوسیویەتی"وەک جێبەجێکردنى داواکاریى هاوڵاتییانى دیالە و هۆزى تەمیمى و دەنگدەرانى، بەشداریم لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگا نەکرد."
لە کاتی کۆبوونەوەى ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە بەغدا، بەشێک لە دانیشتوانی دیالە کە سەر بە هۆزى تەمیم بون لە بەردەم بارەگاى ئەنجوومەن لە شارى بەعقوبەى ناوەندى پارێزگاکە، خۆپێشاندانیان کرد و داوایان دەکرد پارێزگار لە هۆزەکەیان بێت.