دەستەی خانەنشینی عێراق: رێکارەکانی زیادکردنی مووچەی خانەنشینان تەواو کراوە
  2024-08-01       418       


دەستەی گشتیی خانەنشینی عێراق رایگەیاند، رێکارەکانی زیادکردنی مووچەی خانەنشینان تەواو کراوە و رەوانەی بانکەکان کراوە تا مووچەی مانگی ئاب بە زیادکراوی وەربگرن. 

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی ئابی 2024، حسام عەبدولستار، بریکاری دەستەی گشتیی خانەنشینی عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی پلانەکانی دەستەی خانەنشینان بۆ دابەشکردنی مووچەکانیان لەسەرەتای هەموو مانگێکدا. 

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا دەستەی خانەنشینی رێکارەکانی زیادکردنی مووچەی خانەنشینانی تەواو کردووە و رەوانەی بانکەکانی کردووە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی ئەمساڵ بە زیادکراوی.

باسی لەوەش کرد، لەدوای 48 کاتژمێر لە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان، وەک رێکارێکی هەموو مانگێک دەست دەکرێت بە دابەشکردنی پاداشتی خانەنشینان.

رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی دا لەسەر زیادکردنی مووچەی خانەنشینانی عێراق و بەپێی ئەو بڕیارە بڕی 150 هەزار دینار بۆ مووچەکانیان زیاد دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، خانەنشینانی عێراق بەردەوام مووچەکانیان بۆ زیاد دەکرێت و مانگانە لە وادەی خۆشیدا لەپێش سەرجەم توێژەکانی دیکە مووچەکانیان وەردەگرن، بەپێچەوانەی خانەنشینانی هەرێم نەک هەر مووچەکانیان بۆ زیاد ناکرێت بەڵکو سەرباری کەمی بڕی مووچەکانیشیان، مانگانە لە وادەی خۆیدا وەری ناگرن و دەبێت بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە نۆرەدا بوەستن تا مووچەکانیان وەربگرن.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×