حكومەتی عێراق لەبارەی كوشتنی هەنیە داوایەك لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكات
  2024-07-31       279       

باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق لەبارەی كوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە تاران، داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكات بە ئەركەكانی خۆی هەڵسێت بۆ پاراستنی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی.

ئاوێنە: باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا، كوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماسی لە تاران بە "دەستدرێژیی قەوارەی زایۆنی" بۆ سەر "سەروەریی وڵاتان و ژێر پێخستنی یاسا نێودەوڵەتییەكان" ناوبردوە.

وتەبێژی حكومەتی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "قەوارەی زایۆنی هەوڵی دروستكردنی قەیران و فراوانكردنی شەڕ دەدات، كە ئەوەش بەدڵنیایی لێكەوتەی خراپی لە ناوچەكەدا دەبێت."

ئاماژەی بەوەشداوە، حكومەتی عێراق چەند جارێك هۆشداری داوە لەبارەی لێكەوتەكانی ئەم "رەفتارە دوژمنكارییانە"ی ئیسرائیل و لە زیاتر لە بۆنەیەكدا داوای هەڵوێستی نێودەوڵەتی یەكلاكەرەوەی لە  دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی زلهێزی جیهان كردوە بۆ بەرگرتن لە دەستدرێژییەكانی قەوارەی زایۆنی كە دەبنە مایەی لێدان لە سەقامگیری ناوچەكەو ئاسایشی گەلان.

باسم عەوادی وتوشیەتی، لێرەوە داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكەین بە بەرپرسیارێتی و ئەركەكانی خۆی هەڵبسێت بۆ پاراستنی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×