سەرۆكایەتی كۆماری عێراق: نیگەرانین لە دەستدرێژی ناڕەوای هاوپەیمانان بۆ سەر هێزە ئەمنییەكانمان
  2024-07-31       204       

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ئیدانەی ئەو هێرشە دەكات كە شەوی رابردو لە سنوری پارێزگای بابل كرایە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی و دەڵێت، "جارێكی دیكە ئاگری هاوپەیمانان یەكێك لە پێگەكانی هێزە ئەمنییەكانمانی كردە ئامانج…نیگەرانین لەم دەستدرێژییە ناڕەوایە."

ئاوێنە: سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"جارێکی دیکە ئاگری هاوپەیمانان یەکێك لە پێگەکانی هێزە ئەمنییەکانمانی لە پارێزگای بابل کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ژمارەیەك لە ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی شەهید و برینداربون."

سەرۆكایەتی كۆمار وتوشیەتی"ئێمە نیگەرانین لەم دەستدرێژییە ناڕەوایە بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانمان، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامی پڕۆسەکانی دانوستاندن لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە بۆ دانانی میکانیزمی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئەم دەستدرێژییە دەکەین، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی عێراقە."

ئاماژەی بەوەشداوە "لەکاتێکدا چاوەڕێی ئەوە دەکەین ئەم پێشێلکارییە ئەمنییە مەترسیدارە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە دوایەمین پێشێلکاری بێت لەسەر خاکی عێراق، جەخت لەوەش دەکەینەوە، کە ئەم جۆرە پێشێلکارییانە تەنیا سودی بۆ ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانە دەبێت، کە دەیانەوێت زیان بە ئاسایشی عێراق و ناوچەکە بە گشتی بگەیەنن."

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×