توندوتیژی و دەستدرێژی لەباشوری کوردستان
  2019-09-20       10423       

 ئەنوەر سوڵتانی

 

-لێکۆڵینەوەیەک-

 

 

بەشی یەکەم

 

پێرست



سەرەتا

ئامارەکان:


ئا. کوشتن
ب. خۆکوژی
پ. تەرمی دۆزراوە
ت. هەواڵە ڕاگەیەنراوەکان

هۆکارەکانی تاوان

ئا. تاکەکەسی
ب. بنەماڵەیی
پ. کۆمەڵگایی
ت. چەند هۆکاری گرنگ

دۆخی یاسا لە هەرێمی کوردستان

دەستوور
دوانەبوونی یاسا
عورف و ئایین لە بەرانبەر یاسادا
مەسڵەت کردنی عەشیرەتی
هێزی بەڕێوەبەرایەتی دژ بە هێزی دادوەری
ناتەواویی ئابووری و هەژاری
چۆنیەتی بەڕێوەبردی یاسا
گەندەڵی
ئازادیکوژی
بەربەستبوونی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان
مەسەلەی ئیعدام
بێ مافیی ژن
کوشتنی نامووسی
بێ پەنایی منداڵ
چەکی بێ مۆڵەت
هەڵاتن بۆ دەرەوەی وڵات
ڕفاندن
دەستدرێژی
لاوازیی پێوەند لە نێوان ئەندامانی بنەماڵەدا
سۆز و دڵداری وەک تاوان
هەڵوێستی بنەماڵە و کۆمەڵگا
هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەی بێ قانوون
نەخۆشیی دەروونی
مادەی هۆشبەر
سەرەڕۆیی
ڕووداوی هاتوچۆ
پێشمەرگە
مێدیای چەواشەکار

کۆتایی قسە

سەرچاوەکانی هەواڵ

چەند تێبینی


 

سەرەتا


ئەم بابەتە، هەڵسەنگاندنی ١٧٨ هەواڵی سەبارەت بە دەستدرێژی کردنە بۆ سەر گیان، ماڵ و کەرامەتی هاوڵاتیانی باشووری کوردستان لە ماوەیەکی ١٣ مانگەی نێوان ١/٥/٢٠١٨ و  ٢٧/٥/٢٠١٩دا. قوربانیانی تاوان ژن و پیاو و منداڵی نێرینە و مێیینە بوون. بکەری بەشێک لە تاوانەکان کەس وکاری نزیک و دوور وەک باوک، کوڕ، هاوسەر، خوشک و برا و مام و برازا و ئامۆزای قوربانییەکان بوون، بەشێکی تر دۆست و برادەر، هاوڕێ، هاوکار و شەریکی کەسب وکار، بەشێکیش خەڵکانی بێگانە و تاکی ئاسایی ناو کۆمەڵگا، بە پیاو و ژن و پێشمەرگە و کرێکار و شۆفیڕ و بازرگان و دووکاندار و دەرمانخۆر و دز و قاچاخچییەوە. هەندێک لە تاوانبارەکان دەستدرێژیکاری جنسی بوون کە بۆ شوێنەگومکێ، دوای کارە قیزەوەنەکەیان، قوربانییانی خۆیان کوشتوون. هۆکار و پاڵنەری تاوانەکان بە گشتی کێشە و دەمەقاڵەی تاکەکەسی، شەڕی ناوماڵ، دڵ پیسیی پیاوان، تۆڵەسەندنەوە، ڕقەبەرایەتی، ئیرەیی کردن، سێکس و لاقە کردن، ڕووتاندنەوە، تەڵەکەی پارە و هەندێک دیاردەی دیکەی هاوشێوە بوون.  
بۆ ئەم بابەتە، توێژینەوەی مەیدانی نەکراوە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ قوربانی یان دەستدرێژیکاران وتوێژ بەڕێوە نەچووە. سەرچاوەی کارەکە هەواڵی ڕاگەیێنراوی سەر مێدیا بووە. هەوڵدراوە بە یارمەتی ئەو هەواڵە ڕاگەیەنراوانە، توێکڵی کێشە سیاسییەکانی کۆمەڵگا  لابدرێت و بە گوێرەی توانا کاکڵی ڕاستەقینەی لایەنی ڕەشی ژیانی کۆمەڵایەتی لە کوردستانی ئەمڕۆدا بخرێتە بەرچاو- ڕاستەقینەیەکی تاڵ، کە بە هۆی ڕووداوە سیاسییە یەک لەدوای یەکەکانی ئەم چەندساڵەی دواییەوە، وەک هێرشی تاوانبارانی داعش و لەدەستچوونی کەرکووک و خانەقین و ناوچە داگیرکراوەکانیتر، بە شاراوەیی و لە ژێر پەردەدا ماوەتەوە و بە داخەوە سەرنجی خەڵکی کەمتر بەرەو خۆی ڕاکێشاوە.
نووسەر لە ڕێگەی هەندێک ئامار و ژمارەی ڕاگەیێنراوەوە ویستوویەتی بچێتە ناخی کۆمەڵگای کوردەوە و پیسی و چەپەڵیی کردەوەی بەشێک لە ئەندامانی بخاتە ڕوو، بەو ئامانجەی کە ناسینی نەخۆشییەکان یارمەتی چارەسەرکردنیان بدات و بەرگر بێت لە دووپات بوونەوەیان. ئاشکرایە ئەو سەرپێچی و یاساشکاندنانە هی بەشێکی کەم لە ئەندامانی کۆمەڵگایە و کوردستانیش، وەک پاشماوەی جیهان، بریتییە لە زۆرینەیەک کە ڕەچاوی یاسا و پەیڕەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن و بە شانازی و سەرفرازییەوە دەژین، لەگەڵ کەمینەیەکی هەڵەکار و تاوانکەر کە بۆ بەرژەوەندیی شەخسی یان بۆ هەوەسبازی، پەرژینە یاساییەکان دەشکێنن و مافی تاک و کۆمەڵ پێشێل دەکەن.
با وەکوو لێکۆڵینەوەکە لە پارچەیەکی کوردستان، واتە باشوور، بەڕێوەبراوە، بەڵام کوردی پارچەکانی دیکەی وڵاتیش بە هەمان ئەو چاوە سەیر کراون و سەرەڕای هەندێک جیاوازی کە بە شێوەی سروشتی لە نێوان دانیشتوانی ئەم شار و ئەو شار، یان ئەم بەش و ئەو بەشی کوردستاندا هەیە، ڕۆح و هەست و بیر و پاڵنەرەکان وەک هۆکاری بەڕێوەچوونی تاوان، لە بەشەکانی دیکەی خاکەکەشمان کەم و زۆر هاوشێوەی یەکتر سەیر کراون و تایبەتمەندییە سایکۆلۆجییەکانی کۆمەڵگاکانیش بە هەندێک جیاوازییەوە بە وێچووی یەکتر زانراون. بەم تەعبیرە، ئەوەی لە باشووری کوردستان ڕوویداوە، دەکرێ وەک ئاوێنەی باڵانوێنی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش سەیر بکرێت. ڕاستەقینەی ژیان ئەوەیە کە کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان، وەک خەڵکانی نیشتەجێی ناوچە شاخاوییەکان، گەلێک هەست و نەست و خوو و خدەی هاوشێوەی یەکتریان هەیە و بەشێک لەو ڕۆحە هاوبەشانە ئەگەر توانیبێتیان لە پارچەیەکی خاکەکەماندا ئاگری تاوان خۆش بکەن، دەکرێت لە پارچەکانی دیکەشدا هەمان دەوریان بینیبێت، مەگەر شێوازی ژیان لە ژێر دەستی داگیرکەری خاک و هەبوونی یاسای قورس و قایم لە پارچەیەکی تایبەتدا لە بەڕێوەبردنی تاوانەکان بەرگر بووبێت و ئەوش چەشنە جیاوازییەکی دروست کردبێت.
لە بارودۆخی ئێستادا، تاقە بەشێکی کوردستان کە تێیدا ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن و نووسین و بڵاوکردنەوە تا ڕادەیەکی زۆر بۆ کورد مسۆگەر بێت و هەواڵی ئەو چەشنە ڕووداوانە بە بێ فیلتەری دەزگا سانسۆرچییە ئەمنییەکان، لە چاپەمەنی و ڕادیۆ و تەلەفزیۆندا بڵاو ببنەوە، باشووری کوردستانە و ئەوە دەسکەوتێکی گەورەیە کە دەرەتان دەداتە کاری لێکۆڵینەوە لە بنەما و هۆکارەکان و ماتڕیاڵی پێویست بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی دەستەبەر دەکات. دیارە نووسەر نایەوێت لە چوارچێوەی بەربەستکراوی لێکۆڵینەوەکە بچێتە دەرەوە و هەر بۆیەش ناچێتە سەر هۆکاری ئەو ئازادییە ڕێژەییەی وا لە باشووری وڵاتدا هەیە. دەنا جێگەی خۆی دەبوو لە دیاردەی دووبەرەکی و شەڕی ساردی نێوان حزبەکان، وەک دابینکەری ئەو ئازادییە بکۆڵێتەوە و بڵێت ئەگەر ئازادییەکی چاپەمەنی لە باشوور دەبینرێت، لە ڕاستیدا هەڵقوڵاو لە دیموکراسیەتی ناو کۆمەڵگا و حزبە سیاسییەکان نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی هەمان شەڕی ساردی نێوان لایەنەکانی دەسەڵاتە.[1]
هەرچۆنێک بێت، وەک گوترا، ئامانج لە بەرهەمهێنانی ئەم لێکۆڵینەوەیە ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵانی گەل هەروەها ئەندامانی بەرپرسی کۆمەڵگایە بەرەو ئەو ڕاستییە تاڵانە و وریاکردنەوەی دام و دەزگا پێوەندیدارەکانی حکوومیشە بۆ ئەوەی بکەونە بیری دۆزینەوەی ڕێکاری بەرگریکردن لە تاوان نەک شوێنکەوتن و بە سزاگەیاندنی تاوانکاران بە تەنیا. هەوڵدان بۆ چارەسەری ئەو ناتەواوییانە و دەرمانکردنی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان وەک هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی تاوان، دەتوانێ بەرگر بێت لە بەڕێوەچوونی بەشێکی زۆری سەرپێچی و پێشێلکاریی یاسا لە ئێستا و دواڕۆژیشدا. بەم کارە، واهەیە بتوانرێت تا ڕادەیەکی زۆر پێش بە پەرەسەندنی تاوانەکان و تەشەنەکردنی زیاتریان بۆ ناخی کۆمەڵگا بگیرێت. کۆمەڵگایەکی تەندروست لەبیری دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەری نەخۆشییە کۆمەڵایەتییاندا بە شێوەیەکی مرۆڤانە دەبێت، نەک بە تۆڵە سەندنەوە و قەساس و ئیعدام.

ئیعدامی تاکەکەس بە درێژایی سەدە و هەزارە، لە هیچ کۆمەڵگایەکدا نەیتوانیوە ببێتە هۆکار بۆ دوورکەوتنەوەی خەڵک لە بەڕێوەبردنی سەرپێچی و تاوان. بە پێچەوانە، ئەرکی گەورەی حکوومەتی کوردی لەوپێوەندییەدا دەبێ هەوڵدان بێت بۆ نەهێشتنی حوکمی ئیعدام لە هەرێم و تەنانەت لە سەرانسەری عیراق، کە بمانەوێت و نەمانەوێت یاسا بنەڕيتی و گشتییەکانی ئەو، هەرێمی کوردستانیش دەگرنەوە.
لە بەرانبەردا، سیستەمی پاک و شەفاف و دوور لە گەندەڵیی و خزم خزمێنی دادوەری، هەروەها دابین کردنی خزمەتگوزاریی مرۆڤانە و ئەمڕۆیی لە ناو زیندانەکانی کوردستان و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی تاوانبارانی زیندانی لە دووپات کردنەوەی تاوان دوای ئازاد بوون،[2] ئەو ئەرکانەن کە دەبێ بەڕێوە ببرێن. گرنگە لە سزادانی تاوانباردا چارەسەری هۆکار یان هۆکارەکانی تاوانکردنەکە ئامانج بێت نەک ڕق و کینە و خواستی تۆڵەسەندنەوەی نەریتی. دەرمانی دەردی نەوەی دواڕۆژی کۆمەڵگا کینە و تۆڵە سەندنەوە نییە بەڵکوو لێزانی و دوور بینییەکی پسپۆڕانەی دەروونناسانەیە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دەرووندروست و دواڕۆژێکی بە متمانە، کە نەوەکانی داهاتوو تێیدا بە ئاسوودەیی و ئازادی بژین و بە بێ ترس و ئەندێش کۆمەڵگا و وڵات بەرەوپێش بەرن.
ئەو دووربینییە، تەنانەت دەتوانێ چارەسەری بەشێک لە کێشە سیاسییەکانی دواڕۆژی کوردستان و نزیک کردنەوەی پارتە سیاسییە ڕکەبەرکانی ئەمڕۆ لە یەکتریش بێت، ئەو کێشە و گرفتانەی کە بەداخەوە هەرێمی کوردستانیان گەیاندۆتە لێواری دوو ئیدارەیی و فەوتان، بە درێژەپێدانی شەڕی ساردی دوای ساڵی ١٩٦٤ و بە ناسۆر خستنی برینە کۆنەکان چارەسەر نابێت بەڵکوو پێویستی بە مەڵحەمێک و دەستێکی میهرەبانی ساڕێژکارە کە بتوانێ برینی کۆن دەرمان بکات و کۆمەڵگایەکی سەلامەتی پڕ لە هاوکاری بۆ نەوەی دواڕۆژ بەجێ بهێڵێت کە تێیدا تەنیا یاسا سەروەر بێت نەک بەرژەوەندیی حزب و عەشیرە و تایفە و تاک؛ کۆمەڵگایەک کە چەوسانەوە و زۆرداریی تێدا نەمێنێت.
ڕێبەرانی سیاسیی دواڕۆژمان لە ناو هەر ئەو ئەندامانەی کۆمەڵگا دەردەکەون کە ئێستا لە فێرگەکان دەرس دەخوێنن و ئەوانەش کە تەنانەت هێشتا نەهاتوونەتە جیهان. کۆمەڵگای سەلامەتی ئەمڕۆ دەتوانێ ڕۆڵەی خزمەتگوزاری دواڕۆژیش پەروەردە بکات و کۆمەڵگایەک پێک بهێنێت کە تێیدا چەوسانەوە نەمێنێت، خوێندەواریی پەرە بستێنێت، بازرگانی گەشە بکات، هەمووان بە یەک شێوە و بە ڕێزەوە ڕەچاوی یاسا کۆمەڵایەتییەکان بکەن و مافەکانی مرۆڤ تێیدا بپارێزرێن. دیارە لێرەدا هێز و دەسەڵاتە کە توانای بەڕێوەبەرایەتی هەیە و قسەی کۆتاییش ئەو دەیکات، هەر بۆیەش لێرەدا دەوری حکوومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکان لە دانانی پلان و بەرنامەی درێژخایەن بۆ چاکسازیدا گرنگ دەبێتەوە. حزبە سیاسییەکانمان دەبێ بەو ڕآستییە بزانن کە دەسەڵاتی سیاسی هیچ کۆمەڵگایەک بە فەوتان و لەناوچوونی لایەنێک و حزبێک دانامەزرێت. ئێمە ئەو ڕێگایەمان چەند جار تاقی کردۆتەوە و پەیمان بە ناڕاستییەکەی بردووە؛ دەزانین ئەگەر تەنانەت ڕاستیش بێت، کە نییە، هەل و مەرجی ناوچە و جیهان ناهێڵێت سەربکەوێت. تاقە ڕێگەی چارەسەری کێشە سیاسییەکان هاوکارییە لە ناو ئەنجومەنێکی نیشتمانیدا بە یارمەتی هێزێکی یەکگرتوو نەک دەسەڵاتی پەرت و بڵاوی پێشمەرگەی ئەم حزب و ئەو حزب یان ئەم شەخس و ئەو شەخس، کە بتوانێ کێشەی کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکان و مادەی ١٤٠ ی یاسای عیراقیمان بۆ چارەسەر بکات و لە جیاتی پووچاندنەوەی یەکتر، لە بیری بەرنامەی دواڕۆژدا بێت بۆ وەستان لە بەرانبەر داگیرکەرانی نیشتمان کە لە چوار لایەنەوە  گەمارۆیان داوین.
ئەو دەردە کۆمەڵایەتییەش کە جێگەی باسی توێژینەوەکەی ئێمە بێت، دەرمانی هەر لەو ڕێگایەوە مەیسەر دەبێت. لە بارودۆخی ئێستادا تاوانباران بە هاسانی دەچنە ژێر باڵی ئەم یان ئەو حزب و ئەم یان ئەو سەرەک هۆز و لەو ڕێگایەوە لە چنگ یاسا هەڵدێن و لە ئەنجامدا خەڵکەکەش بە یاسا بێ باوەڕ دەکەن. هێز و دەسەڵاتی یەکگرتوو دەتوانێ پایە و بنەمای باوەڕ هێنان بە یاسا قایم بکات کە قایم  نەبوونی بۆتە هۆکاربۆ بەشی زۆری ئەم تاوانانەی وا لێرەدا باسیان لێوە دەکرێت.
بگەڕێینەوە سەر بابەتی سەرەکی واتە ئەو تاوانانەی وا لە ماوەی ١٣ مانگی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا لە باشووری کوردستان بەڕێوە براون.  


ئامارەکان


ئەوەی لێرەدا دەبینرێت هەندێک زانیارییە لە سەر هەواڵی سەر سایتە هەواڵنێرییەکانی باشووری کوردستان وەک هەوێنی ئەم توێژینەوەیە سەبارەت بە کوشتن و خۆکوژی و دەستدرێژی بۆ سەر مافەکانی خەڵک لەو بەشەی وڵاتەکەمان:
ماوەی کۆکردنەوەی هەواڵ: ١٣ مانگ
دەسپێکی تۆمار کردنی هەواڵ: سەرەتای مانگی ٥ ی ساڵی٢٠١٨
کۆتایی تۆمار کردنەکان:  کۆتایی مانگی ٥ ی ساڵی ٢٠١٩[3]
ژمارەی هەواڵی تۆمار کراو: ١٧٨
شوێنی ڕوودانی تاوانەکان: هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆکی ناو دەسەڵاتداریەتی هەرێمی کوردستانی عیراق، هەروەها کەرکووک، خانەقین و شنگال لە ناوچە داگیرکراوەکان و سێ ڕووداوی جیاجیاش لە ئاڵمانیا، بەریتانیا و تورکیا[4].

شێوازی کار:

نووسەر ئەندامێکی ساکاری کۆمەڵگای کوردستانە، نە کۆمەڵناسە و نە سایکۆلۆگ. ساڵانێکی زۆرە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەوە هاتۆتە بەریتانیا و لەوێ دەژی. بە گوێرەی ئیش و کاری ڕۆژانە، لەپێوەندی ڕۆژانەی ڕووداوەکانی ناوخۆی کوردستان بە تایبەت بەشی باشووریدایە.
نووسەر بە گوێرەی ئەزموونی ٧٥ ساڵەی تەمەن و ٣٣ ساڵ پێوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کوردی پارچەکانیتری کوردستان، لە سەر ئەو باوەڕەیە کە ئەوەی وەک هۆکار و پاڵنەری تاوان لە یەک پارچەی خاکەکەمان ڕاست بێت، لە پارچەکانی دیکەشدا، کەم و زۆر، دەتوانێ ڕاست بێت. بە گشتی، ئەوە مرۆڤی کوردە ئەو سەرپێچییانەی لێ دەوەشێتەوە نەک دانیشتووانی شار و ناوچە و پارچەیەکی تایبەت؛ واتە ئەگەر کوردێکی دانیشتووی شاری سنە، یان ئامێد و قامیشلوو بکەوێتە بارودۆخی دانیشتوویەکی هەولێرەوە و ڕووبەڕووی هەمان ئەو کێشەیە ببێتەوە کە هەولێرییەکە تووشی هاتووە،  جیا لە تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکان، بۆی هەیە کەم و زۆر هەمان ڕەنگدانەوەی هەبێت کە هاونیشتمانییە هەولێرییەکە بوویەتی و هەمان ڕێگەچارەش بۆ گرفتەکەی بدۆزێتەوە کە ئەو دۆزیویەتەوە یان هەمان سەرپێچیی و تاوان بەڕێوە ببات کە ئەو بەڕێوەی بردووە. دیارە لە بۆچوونێکی ئەوتۆدا دەبێ هەندێک پارامیتری وەک تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکان، پەروەردەی بنەماڵەیی و ڕادەی شارسانیەت، هەروەها قورس و قایمی یان شل و شەوێقی دەزگای دادوەری لە هەرکام لە پارچەکان و ڕادەی زەبر وزەنگی پۆلیس لەم یان لەو بەشی خاک بگیرێتە بەرچاو. هەر بەو هۆیەشەوە پێویستە لە هەڵسەنگاندنەکاندا وردە جیاوازییەکانی ئەو کۆمەڵگایانە حیسابیان بۆ بکرێت.


ئا.  کوشتن

 

 ژمارەی کووژراوەکان و ساڵی کووژرانیان

 لە ماوەی ١٣ مانگی لێکۆڵینەوەکەدا، سەرجەم ١٣٤ کەیسی کووژران تۆمار کراون. لەو ١٣٤ کەیسە، ٦٩یان لە ٨ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ و ٦٥یان لە ٥ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ دا بوون. 

 زوربەی کەیسەکان تاکە کەسێکیان گرتۆتەوە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا ٢ کەس تا ٥ کەسیش بوونەتە قوربانی. تەنانەت لە یەک ڕاپۆرتدا باس لە کووژرانی ١٨ شۆفیڕی تەکسی لە کەرکووک کراوە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا ڕوویداوە. لەو ١٣٤ کەیسەی کوشتندا، سەرجەم ١٨٥ کەس گیانیان لەدەستداوە. لە ١٨٥ کەسەکە، ٩١ یان لە ٨ مانگی ساڵی ٢٠١٨ و ٩٤ یان لە ٥ مانگی ساڵی ٢٠١٩دا بووە.


کۆی کووژراوان

لە سەرەتای مانگی مایسەوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ سەرجەم: ٩١ کەس لە سەرەتای ساڵ تا مانگی مایسی ساڵی ٢٠١٩  سەرجەم: ٩٤ کەس. تەمەنی منداڵەکان هەندێک جار ڕانەگەیێنراوە، بەڵام لەم ڕاپۆرتەدا کەسانی ژێر تەمەنی ١٦ ساڵان بە منداڵ دانراون کە لە هەردوو ژێندەر بوون. برینداری ڕووداوەکان، زوربەی کات ڕانەگەیەنراون و لێرەشدا نەهاتوونەتە حیساب.

کۆی کووژراوان بە گوێرەی ژێندەر (ڕەگەز)






چۆنیەتی کووژران








شوێنی کووژران








ب.  خۆکوژی


بریتییە لەو کوشتنەی وا بکەری کارەکە هەندێک جار کەسەکە خۆیەتی و هەندێک جاریش بە ڕوونی دیار نییەکێیە، بەڵام هەر بە سەر کەسەکە خۆیدا دەسەپێنرێت. لە زۆر حاڵەتدا ناتەواویی ژیان، بێ هیوایی و نەبوونی ئازادیی ناو بنەماڵە و کۆمەڵگا هۆکاری سەرەکی خۆکوژیین گەرچی لە گەلێک کەیسدا، بە تایبەت هی ژنان و کچان، بەهۆی نیشانەی نائاسایی کووژرانەکەوە، واهەیە پۆلیس و دادگا بە گومانەوە سەیری ڕووداوەکە بکەن، ئیتر لەو حاڵەتانەدا شێوازی مرۆڤکوژییەک بەخۆیەوە دەگرێت کە نە کەس وکار و نە خەڵکی تر سکاڵایان لە کەس یان کەسانێکی تایبەت تۆمار نەکردووە و داواکاری گشتی و یاساش چۆنیەتی ڕووداوەکەیان بۆ ڕوون نەبۆتەوە. وەک ئاکام و ئەنجامیش، لە هەندێک کەیسدا دیزە بەدەرخۆنە کراوە و سەری مەسەلەکە نراوەتەوە؛ ئەوەش زیاتر کەیسی خۆکوژیی کچان و ژنان دەگرێتەوە کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت کەسانی تری وەک باوک و برا و مێرد بەڕێوەیان بردبێت بەڵام بە خۆکوژییان لەقەڵەم دابێت.
ئاماری ڕاگەیەنراوی خۆکوژی بە گوێرەی هەواڵی تۆمارکراوی ناو سایتە ڕاگەیەنراوەکانی ناو ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ماوەی مایسی ٢٠١٨ تا مایسی ٢٠١٩ دا سەرجەم ٣٨ کەیسە بە ژن و پیاوەوە. ئەو ژمارەیە لە ڕاست ناچێت و بە ئەگەری زۆر لەوە زیاترە.

 

                                                                                          * لەو٥ نێرینەیە، یەکیان باوکی حەوت منداڵ بووە

لایەنی کۆمەڵایەتی/ ئابووریی/ یاسایی خۆکوژییەکان

هۆکاری ڕاگەیێنراوی خۆکوشتنی ژن یا پیاو لە هەموو ئەو ماوەی ١٣ مانگەدا، بریتی بووە لە دەست تەنگی، قەرزداری، بێ هیوایی لە ژیان، بێ دەرەتانی، کێشەی بنەماڵەیی، هەروەها دڵداری و ئەوینداری و لە یەکیاندا سەرنەکەوتن بووە لە کاری چوونەدەرەوەی وڵاتدا.  بۆ مەسەلەی دڵداری، بێدەسەڵاتیی گەنج و لاوان و دەسەڵاتی بێ سنووری دایک و باوک هۆکاری بێ هیوایی کەسەکان بووە بۆ بە یەکتر نەگەیشتنی لاوان و لە ئەنجامدا خۆکوشتن بۆتە ڕێگاچارەیەک لای کەسانی کەم ئەزموون و بێ هیوا.
لە کەیسی ژناندا، دەوری سەرەکی سووتانی لەش بینیویەتی کە یەکیان بە پەڕەمێز بووە بەڵام  چۆنیەتی هەندێکیشیان ڕانەگەیێنراوە یان لە پڕوپێستدا ماوەتەوە. ئەوەش سەبارەت بە ڕاستەقینەی "خۆکوشتن"  یان "ئاگرتێبەردان"ەکەی ئەو کەسانە، گومان دروستدەکات. ئەو هۆکارانەی وا لە سەرەوەتر سەبارەت بە خۆکوشتنی پیاوان گوترا، بۆ کچ و ژنانیش هەر هەیە و زیاد لەوانە، مەسەلەی پیاوسالاری و نەبوونی بەرانبەریی مافی ژن و پیاو لە بنەماڵە و کۆمەڵگادا، هۆکارێکی دیکەی خۆکوشتنی کچان و ژنانن.    کردەوەی خۆکوژی لە زوربەی شوێنەکانی باشووری کوردستاندا بینراوە و زوربەی خۆکوژییەکانی ژنان بە ئاگر و پەت و ئاو بەڵام هی پیاوان بە گولـلە بووە.


پ. دۆزرانەوەی تەرم


دۆزرانەوەی تەرمی مرۆڤ لە ڕاستیدا دەرکەوتنی چەشنێک لە تاوانی مرۆڤکوژییە کە تێیدا بکەری کارەکە نادیارە- شێوازێک کە گەلێک نامرۆڤانەتر لە کوشتنی ئاشکرایە، لەبەر ئەوەی لەلایەک ئەگەری ڕزگاربوونی کەسی برینداربووی فڕێدراو کەم بۆتەوە و لە لایەکی ترەوە کەس وکاری کووژراوەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەشوێن دۆزینەوەی تەرمی خۆشەویستەکەیان، ئینجا بە دوای دۆزینەوەی بکوژ و هۆکاری کووژرانەکەیدا دەگەڕێن و ئەوەشیان لێ دەبێتە سەرباری کۆستەکە. هەروەها هێزی پۆلیس کات و بودجەیەکی زۆر لە پێناو دۆزینەوەی تاوانبار یان تاوانباران سەرف دەکات و دەزگای دادوەریش ناتوانێ ئەرکی ئاسایی خۆی بۆ سزادانی تاوانبار بەڕێوەبەرێت. لەزوربەی هەرە زۆری ئەو چەشنە حاڵەتانەدا، جگە لە یەک یان دوو کەیسی مردن بە مەرگی نا سروشتی (وەک لەبەر سەرما ڕەق هەڵاتنی منداڵ)، ئەوانی تر دەبێ وەک کوشتن سەیر بکرێن.
بە گوێرەی تۆمارەکانی ناو ئەم لێکۆڵینەوەیە، لە ماوەی ئەو ١٣ مانگی دەستنیشانکراودا ١٤ تەرم لە باشووری کوردستان دۆزراونەتەوە[5]. لەوانە ٨ یان هی ساڵی ٢٠١٨ و ٦یان هی ساڵی ٢٠١٩ بوون.

 

 

 

ت. ڕاگەیاندنەکانی دام و دەزگای پێوەندیدار بە باسەکە

لە ماوەی لێکۆڵینەوەکەدا هەندێک ڕاپۆرت و ڕاگەیاندنی بەرپرسانی پێوەندیدار وەک پارێزگاکانی کوردستان، دەزگای دادوەریی و پۆلیسی ئەم شار و ئەو ناوچە، لە مێدیاکاندا بینراون کە پێشێلکاریی یاسا لە کوردستان پشتڕاست دەکەنەوە یان لە بنەما و هۆکاری کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکۆڵنەوە. ئاماری ئەو ڕاگەیاندنانە دەریدەخات کە ژمارەی تاوانەکان گەلێک زیاتر بوون لەوەی من توانیبێتم لەو چەند سەرچاوە دیاریکراوەی بەردەستمدا بە هەواڵیان بزانم. ئەوانەی خوارەوە کورتەی هەندێک لە ڕاگەیاندنەکانن:

ساڵی ٢٠١٨

*پارێزگاری هەولێر: "هۆکاری زیادبوونی کوشتن ئاشکرا دەبێت- لە ماوەی ٢ هەفتەدا ١٠ کەس کووژراون". (لڤین، ٢٧/٦/ ٢٠١٨)
دیوەخان، دادگای سێبەر: دیوەخانی سەرۆک خێڵ و عەشیرەتەکان جمەیان دێت (ڕووداو، ٢/٧/٢٠١٨)
*ئەمساڵ ٣٦ حاڵەتی دەستدرێژی لە کوردستان تۆمار کراون (شەن پرێس، ١٦/٨/٢٠١٨)
*لە سلێمانی ٣٥ کەس بە شەڕەچەقۆ بریندار بوون، کەسێک خۆی کوشتووە و دوانی دیکە بریندارن (ڕووداو ٢٦/٨/٢٠١٨)
*ساڵانە نزیکەی ١٠ پیاو بە دەستی ژن دەکووژرێن (لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٤١١ سکاڵای پیاوان لە دژی ژن و منداڵەکانیان تۆمار کراوە) (ڕووداو، ٣٠/٨/٢٠١٨)
*لە ٨ مانگی ڕابردوودا ٨٠ تاوانی کوشتن لە کەرکووک تۆمار کراون (٦٠ تۆمەتبار گیراون و ٢٠ کەسیان هەڵاتوون) (ڕووداو، ٢١/٩/٢٠١٨)
*لە ٢٤ کاژێری ڕابردوودا ٣ کەس لە کەرکووک کووژراون (تاوانی ڕفاندن و کوشتن)؛ لە گەڕەکی شۆریجە دەست بە سەر چەند پارچە چەکدا گیراوە.(ڕووداو، ٢٨/١٠/٢٠١٨)
*بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان: "لە ٩ مانگدا ٣٧ ئافرەت لە هەرێمی کوردستان کووژراون و ٨٧ ئافرەتیش دەستدرێژیی سێکسیان کراوەتە سەر" (ڕووداو، ٧/١١/٢٠١٨)
*سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم: "٧٠٪ی تاوانەکانی کوشتن لە ڕێگەی چەکی بێ مۆڵەتەوە ئەنجام دراوە. یاساکە کەم وکووڕیی تێدایە. مامەڵەی چەک و تەقەمەنی لە بازاڕدا بێ یاسایە." (ئاوێنە، ٢٣/١١/٢٠١٨)
*سلێمانی، چوارکەس بە تۆمەتی فێڵ و نووشتەنووسین و جادوو و دەستدرێژی کردنە سەر ژنان دەستگیر کران (سبەی، ١٨/١٢/٢٠١٨)
*لە ساڵی ٢٠١٨ دا بە هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە لە هەولێر ٢٦٢ کەس گیانیان لەدەستداوە (ڕووداو، ٣٠/١٢/٢٠١٨).
*بەپێی ئامارەكانی یەكێتی پیاوان، توندوتیژی بەرامبەر پیاوان زیادی كردووە. ساڵانەش نزیكەی 10 پیاو بەدەستی ژن دەكوژرێن. ساڵی 2017 پیاوان 614 سكاڵایان لەدژی ژن و منداڵەكانیان تۆمار كردبوو. تەنیا لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵیشدا 411 سكاڵا لەلایەن پیاوانەوە لەدژی ژن و منداڵەكانیان تۆماركراون(ڕووداو، ٣٠/٨/٢٠١٨)

ساڵی ٢٠١٩

*کوشتنە بە ئەنقەستەکان لە سەر ڕووداوی بچووک لە هەولێر: ( ٦ کووژراو لە سەر هۆڕن لێدان، فوول لایت، جۆگەی ئاو، سەرچۆپی شایی، ٢٠ مەتر زەوی و دەست شکاندنەوەی ئوتومبیل) (ڕووداو، ٣١/١/٢٠١٩)
*پۆلیسی سلێمانی: "لە ماوەی هەفتەیەکدا سێ حاڵەتی کوشتن (لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی) لە شاری سلێمانی تۆمار کراوە. (ڕووداو، ١٥/٤/٢٠١٩)
*بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ١٠ ژن کووژراون و ١٣ ژنیش خۆیان کوشتووە. زوربەی زۆری ئەو تاوانانە لە پارێزگای سلێمانی و دهۆک بەڕێوەچوون (ڕووداو، ؟/٤/٢٠١٩)
*سنووری شێخان: لە کۆمەڵگەی چڕە بە هۆی کێشەی زەوی ، لە نێوان دوو بنەماڵەدا کە خزمی یەکترین، شەڕ ڕوویدا. بریندار هەیە (ڕووداو، ٩/٥/٢٠١٩)
*دادگای تاوانەکانی سلێمانی بە تاوانی ڕفاندن و کوشتنی ١٨ شۆفیری تەکسی لە ماوەی ٩ مانگدا لە کەرکووک، سزای ١٥ جار لە سێدارەدان بە سەر سێ تاوانباردا دەسەپێنێت. (هەواڵەکە ڕەگەز و قەومیەتی تاوانبارانی دەرنەخستووە) (ڕووداو، ١٥/٥/٢٠١٩)
*لە دوو ڕۆژدا لە سنووری پشدەر و بتوێن٣ ژن بە هۆی سووتانەوە گیانیان لەدەستداوە. هاوسەری یەکیان گیراوە (سبەی، ٢٧/٥/٢٠١٩)
*وتارێکی بە ناوەرۆکی مامۆستا عارف قوربانی، کە تێێدا دڵنیگەرانیەکانی خۆی سەبارەت بە پێشێلکرانی ماف و لاوازیی یاسا و دەزگای دادوەری دەردەبڕێت (سایتی ڕووداو ٨/٥/٢٠١٩). ئەم وتارە لە بەشی دووهەمی ئەم وتارەدا (هەواڵەکان) دەبینرێت.
*بە پێی ئاماری ٢٤/٨/٢٠١٩ ی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، "لە شەش مانگی ڕابردوودا، کە ماوەی ئەم لێکۆڵینەوەیەش دەگرێتە بەر، لە هەرێمی کوردستاندا ٢١١ ئافرەت بە هۆکاری جیاواز کووژراو یان سووتێنراون....هەر لەو ماوەیەدا ٤٩٧٢ سکاڵاش تۆمار کراوە." لە درێژەی باسەکەدا دەچینەوە سۆراغی ئەم ئامارە.


هۆکارەکانی تاوان


هەرچۆنێک بێت، تاوانەکانی ئەو ١٣ مانگە لە کوردستان، هۆکاری شەخسی، بنەماڵەیی، کۆمەڵایەتی، نەریتی، ئایینی، دارایی، سێکسی و هەندێک جاریش مێژوویی- سیاسی یاخود پێکهاتەیەک لە دوو یان  سێ هۆکاریان بووە.
بەشێک لەو هۆکارانە دەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوەدا پوختە بکەین:

ئا. هۆکارە شەخسی و تاکە کەسییەکان

*تووڕەیی و زوو هەڵچوون و عەسەبی بوونی بێ کۆنتڕۆڵ[6]
*هەستی تۆڵە سەندنەوە و خوێن بەخوێن داکووژاندن، کە ڕابردوویەکی کۆمەڵایەتی لە پشتە و زیاتر لە ناو دانیشتوانی کۆمەڵگای بچووکتر وەک گوند و شاروچکەکاندا دەبینرێت
*ڕقەبەرایەتی شەخسی
*کێبەرکێی پیشەیی
*پاڵنەری سێکسی (بە زۆری لە ناو پیاوان دا)
*تەماعی پارە دزین یان ڕفاندن (بە زۆری لە ناو پیاوان دا)
*دڵ پیسی (بە گشتی پیاوانی گرتۆتەوە) کە واهەیە هەندێک جار دەسکرد و بێ بنەما و خەێاڵیش بووبێت
*خەیانەت (بە گشتی دژ بە ژنان کەڵکی لێوەرگیراوە) و زۆرجاریش لە گومان و تۆمەتبار کردن زیاتر نەبووە. بەداخەوە خەیانەتی پیاو لە کۆمەڵگادا، وەک شتێکی تاڕادەیەک ئاسایی سەیر کراوە و لە لایەن بەرانبەرەکەیەوە کاردانەوەی توندوتیژی هاوشێوەی کەمتر بووە
*قەرزداری (وەک هۆکارێک بۆ خۆکوشتنەکان)
*بێ تاقەتی لە بەرانبەر تانە و تەشەری هاوڕێیان (کە ئەمیش لانیکەم لە یەک حاڵەتدا گەیوەتە ئەنجامی خۆکوشتن).
*چاولێکەریی لە نموونەی خراپی ناو هەندێک فیلم و یاریی کەمپیوتەری (زیاتر لە ناو لاواندا)
*سەرنەکەوتوویی لە هەوڵی چوونە دەرەوەی وڵات (کە لای کەم لە یەک حاڵەتدا گەیشتۆتە ئەنجامی خۆکوشتن)، و....


 ب. هۆکارە بنەماڵەییەکان

*شێوازی پەروەردەی کۆنباو کە تێیدا بایەخی پێویست بە منداڵ و ڕاهێنانی نادرێت
*یەک نەگرتنەوەی پێوەندە بنەماڵەییە کۆنباوەکان لەگەڵ بارودۆخی ژیانی سەردەمی نوێ و فێرکردنەکانی منداڵ لە فێرگە و زانکۆکان و ئەوەی وا لە تەلەفیزیۆن و میدیای مەجازیدا بەرچاو دەکەون
*دیاردەی چەند هاوسەری و بوونی منداڵی زۆری چەند بەرەدایک لە ماڵێک

*نەبوونی دیموکراسی لە ماڵدا و زاڵیەتی گەورەی ماڵ و بێ مافیی منداڵ کە لە سەردەمی دوای بلووغ و نەوجەوانیدا دەتوانێ ببێتە هۆکاری توغیان و سەرپێچی کردن لە بەرانبەر پەیڕەوەکانی ناوماڵ و ڕیساکانی ناو کۆمەڵگاش
ئەو باوەڕە هەڵە و بێ بنەمایەی کە پیاو خاوەن و سەرپەرشتی ژنە، و کچ لە ماڵی باوکدا دەبێ ئیتاعەی باوک و دوای شوو کردنیش ئیتاعەی مێرد بکات، ئەگەریش تەنانەت کەوتە بەر زوڵمی ماڵە مێرد و مافی پێشێل کرا، دەرگای ماڵەباوکی لێ دابخرێت و مەجبوور بکرێت بگەڕێتەوە سەر هەمان ئەو هەل ومەرجە و مل بۆ بێعەداڵەتیەکان دابنەوێنێت. بەشێک لە کارەساتی وەک خۆسووتاندن و خۆ خنکاندنی ژنان و کچان لە ناو ئەو بازنە نامرۆڤانەیە و بەهۆی نەبوونی دەرەتان و پشتیوان و تاریک نواندنی دواڕۆژ، دێتە کایەوە
ئەوەی لە سەرەوە گوترا ماڵە باب و ماڵەمێرد هەردوکیان دەرخەری ڕاستییەکی تاڵی کۆمەڵایەتین ئەویش ئەوەی کە ژن خاوەن ماڵ و مڵک نییە و هەمیشە وەک میوان و کەسێکی بێ ماف سەیر دەکرێت. ئەو بێ مافی و بێ پەناییە هۆکاری بەشێک لە خۆکوژییەکانی ژنانی کوردن.
پێوەندی نادیموکراتیانەی نێوان ژن و مێرد و بووک و خەسوو و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەی پیاو
مانەوەی ژن و کچ لە ماڵەوە و نەبوون یان کەم بوونی دەرفەتی ئیش و کار بۆیان
بێدەسەڵاتیی کچان لە هەڵبژاردنی هاوسەر و بەشوودرانی زۆرەملێ
ناتەواویی ئابووریی بنەماڵە
فێرکاریی چەواشە و دوور لە واقیعی فیلمی سەر تەلەفیزیۆنە تورکییەکان و چاولێکەریی بێ هەڵسەنگاندنی بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵگا بۆ دووپات کردنەوە و کۆپی هەڵگرتنی ڕەوتی ئەوان بۆ پێوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانیش دەوری بووە لەوەیدا کە بەشێکی لاوان و گەنجان بە لارێدا بەرێت. واهەیە ژمارەیەک لەو کوڕەلاوە کەم تەمەنانەی وا ڕێگای وڵاتانی ڕۆژئاوا دەگرنەبەر، لەژێر ئەو کارتێکەرییانەدا بن. دیارە بەم قسەیە، نابێ هۆکارەکانی دیکەی کۆچبەری، وەک دۆزی سیاسی، داعش، دژایەتیکردنی داگیرکەر، ناتەواویی ئابووریی ئەم چەندساڵەی دوایی هەرێم، کێشەی تائیفی، گرفتی بنەماڵەیی و... یش لەبیر بکرێن.

پ. هۆکارە کۆمەڵگاییەکان (یاسایی/سیاسیی)
بێکاری و بارودۆخی خراپی ئابووری
ڕادەی نزمی پێشکەوتی کۆمەڵگای کوردستان لەچاو کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان و تەنانەت لەچاو هەندێک وڵاتی دراوسێش- دیاردەیەک کە لەگەڵ خواستی ڕوولەزیادبوونی لاوانی کۆمەڵگای کورددا یەک ناگرێتەوە و لە ئەنجامدا بە هەموو سیستەمە کۆمەڵایەتی – سیاسییە خۆییەکە بێ باوەڕیان دەکات
بێ مافی و ژێردەستیی ژن بە گوێرەی عورف و ئایین و یاساش (بۆ نموونە، ڕادەی میرات)
کەمبوونی بەرپرسیاریەتی پیشەیی و نزمبوونی ڕەوشت لای کەمایەتییەک لە خەڵکانی پیشەیی.
بەهێزبوونی پێوەندی خێڵەکی و هەست بە بەرپرسیایەتی و داکۆکی کردنی تاک لە هاوهۆز واتە ئەندامانی دیکەی عەشیرەتەکەی خۆی لە بەرانبەر خەڵکدا
لاوازبوونی هەستی نەتەوەیی کە خۆی لە زاڵبوونی ئەو هەستە عەشیرەتییە بە سەر هەستی هەمەگیری نەتەوایەتیدا دەبینێتەوە
دووبەرەکی و حزب حزبێن بە شێوازێکی کۆنباوی خێڵەکی کە بۆتە هۆکاری تەکەللول
دەسەڵاتی زۆری بەرپرسانی حزبی و بەرپرسانی حکوومی کە بەرگرن لەبەرانبەر بەڕێوەچوونی یاسا بۆ دەوروبەرەکەی خۆیان و تەنانەت خۆیان ڕاستەوخۆ یاسا پێشێل دەکەن و هەندێک جار دەست دەدەنە کاری تاوانبارانە و دژە یاسایی وەک کوشتنی ناحەزانیش
تەشەنەی چەندبەرەکیی حزبی و سیاسی لە ناو خەڵکی ئاسایی کۆمەڵگادا کە خۆی لە هەندێک لایەنی ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەبینێتەوە، وەک دژایەتی و ڕقەبەریی نێوان شار و ناوچەکان
نەبوونی سیستەمێکی باشی تەندروستی و ناتەواو بوونی خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەرمانی و لەئەنجامدا قەبووڵ کردنی مەسرەفی زۆری چارەسەر لە دەرەوەی کوردستان
نەبوونی سیاسەتێکی ڕوون بۆ ڕێکخستنی بازاڕ و پشتگیری کردنی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ بەتایبەت لە کەرتی کشتوکاڵ، کە ئەنجامەکەی ڕوو وەرگێڕانی گوندنشینەکانە لە گوند و ڕووکردنیان لە شار. چوونەسەرەوەی نرخی کەل وپەل و خواردەمەنی و بەسترانەوەی زیاتر و زیاتری ئابووریی هەرێم بە تورکیا و ئێرانەوە، وەک ئاکامی ڕاستەوخۆی ئەو بارودۆخە.
کەم بوونی خەڵکانی پیشەیی لەناو دەزگاکانی هەمەچەشنەی حکوومی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی گەورەی وەک مادەی هۆشبەر و پەنادانی هەندێک لە تاوانباران لە لایەن دەسەڵاتدار و دەستڕۆیشتووەکانەوە
ڕووداوی هاتوچۆ، وەک یەک لە هۆکارەکانی گیان لەدەستدان و برینداربوونی خەڵک: لێخوڕینی بێ مۆڵەت، نەبوونی بیمە، بێ سەبر و تاقەتیی لێخوڕەکان و ڕێزنەگرتن لە خەڵکانیتر، پان وبەرینی شەقام بە بێ چرا و شوێنی پەڕینەوەی بەڕێ و جێ، ڕەچاو نەکردنی یاسای پەڕینەوە لە شەقامەکان لە لایەن خەڵکەوە، و...[7]
هەندێک دیاردە و ڕی و ڕەسمی کۆنباو، کە لەگەڵ ژیانی ئەمڕۆییدا ناگونجێن و نەک هەر لە ئەوروپا و ئەمریکا، بەڵکوو لە ناو وڵاتانی دراوسێشدا نەماون؛ وەک ژن بە ژنە و شیربایی وەرگرتن و خەتەنەی کچان و... . بنبڕ کردنی ئەو دیاردانە ئەرکی سەرەکیی دەزگاکانی یاسادانەر (پەرلەمان) و بەڕێوەبەری هەرێم(پۆلیس و دادگا)یە. پشتگوێ خستنی چارەسەر بۆ ئەو نەخۆشییە کۆمەڵایەتییانە لە ناوخۆدا دەبێتە هۆکاری پشێوی و بێ باوەڕیی خەڵک بە ڕێبەرە سیاسییەکانیان، لە دەرەوەی وڵاتیش سومعەی گەلەکەمان لە لای بێگانان خراپ دەکات
پەرەسەندنی کێشەی کۆچبەری و پەناخوازیی لاوان و هەوڵی هەندێک کوڕەلاو و مێردمنداڵ بۆ گەیشتن بەو 'قیبلەی ئاوات'ە بە هەر نرخێک بێت وەک دزی و چەقۆ کێشان و تەڵەکە کردن بۆ کۆکردنەوەی مەسرەفی ڕێگا
سیستەمێکی نالەبار و سەمەرەی هەڵبژاردن بۆ نموونە هەڵبژاردنی پەرلەمان، کە تێیدا ئەندام پەڕلەمان دەسنێژی ڕاستەوخۆی حزبەکانە نەک هەڵبژێرراوی خەڵکی گەڕەک و ناوچەیەکی تایبەت کە دواتر خەڵکی ئەو گەڕەک و ناوچەیە بتوانن بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان یارمەتی لەو بخوازن. لە ئەنجامدا تاکی کورد بێ پەنا و پشتیوان ماوەتەوە و پەڕلەمان و ئەندامانی نوێنەری ڕاستەقینەی خواستەکانی گەل نەبن.
بەڕێوەنەچوونی یاسایەکی بەڕێ وجێی ئیش وکار، کە تێیدا مافی کرێکار لە بەرانبەر خاوەن ئیشدا بپارێزێت و لە ناتەبایی ناو کۆمەڵگا کەم بکاتەوە. لەو پێوەندییەدا دەبێ ئاماژە بە بوونی جیاوازی لە نێوان خەڵکانی حزبی و ناحزبی بۆ مەسەلەی کار و فەرمان و دامەزرانیش بکرێت کە دوور نەبووە لە زەفەرهێنان و بەکارهێنانی نابەجێی هەندێک لە خوازیارانی ئیش وکار لەلایەن بەرپرسەکانەوە.
برەوی زۆری فێڵبازی و تەڵەکەی نووشتەنووس و جندۆکەگر و عیلاجکاری درۆیین، کە لە دەرەوەی یاساکانی پزیشکی و تەندروستی و کۆمەڵایەتیدا بەڕێوەبەرایەتی هەندێک لایەنی ژیانی خەڵک بەدەستەوە دەگرن و بە پێکهێنانی هیوای بێ بنەما، کۆمەڵانی خەڵک لە بەڕێوەبردنی قانوون و پەێرەوە گشتییەکان دوور دەخەنەوە.
بوونی چەکی زۆری بێ مۆڵەت بە دەست خەڵکەوە. ئەو چەکانە، هەندێکیان لە لایەن حزبە سیاسییە چەکدارەکانەوە دراونەتە خەڵک و هەندێکیشیان کەسانیتر بە ناوی پارێزگاریی شەخسییەوە لای خۆیان ڕایانگرتوون. بەداخەوە وەک لە هەندێک ئەم هەواڵ و ڕاپۆرتانە دەردەکەوێت، ئەو چەشنە چەکانە زۆرجاران بەشێوەیەکی نابەجێ بەکار هێنراون یاخود کەوتوونەتە دەست منداڵ و کەسانی نابەرپرس کە کارەساتیان پێ خوڵقاندووە.
ڕاگەیاندنی ناپیشەیی لە فەیسبووک و مێدیای مەجازیدا گەرچی دوورە لە سانسۆری حزبی و حکوومی و بەو تەعبیرە، یارمەتی ئازادیی ڕادەربڕین بە ئەندامانی کۆمەڵگا دەدات، بەڵام لە عەینی کاتدا دەرەتانێکە بۆ خەڵکانی خراپەخوازی ناوخۆیی و بەکرێگیراوانی بێگانە بۆ پشێوی نانەوە و ئاڵۆزی و دژایەتی و دوژمنایەتی پێکهێنان لە ناو کۆمەڵانی گەلدا. واهەیە هەندێک لە مێدیای فەرمی و حزبیش لەم بوارەدا بە ئەرکی پێشەیی خۆیان هەڵنەستن و بەرژەوەندیی تاکە کەسی و لایەنی بخەنە پێش مەسڵەحەتی کۆمەڵگاوە.

 ت. لە ژوور هەموو هۆکارەکانەشەوە

نەبوونی سەروەریی هەمەگیری دام ودەزگای دادوەری.
نەبوونی یاسا و پەیڕەوی فەرمی بۆ بەشێک لەو کاروبارانەی وا پێوەندیان بە پارێزگاریکردن لە مافی ژنان و منداڵان هەیە. ئەو بەشانەی کۆمەڵگا، بە نەبوون یان بەڕێوەنەچوونی یاسا زیاترین زیان دەبینن و ئەوەی وا دەتوانێ لە بەرانبەر چەوساندنەوەی زۆرداران پشتگر و پارێزگاریان بێت، تەنیا یاسایە. بۆ نموونە، ئەنجومەنی باڵای کاروباری ژنان و ئەو سەنتەرانەی وا بۆ پاراستنی ژیانی ژنانی ژێر مەترسی دابین کراون لەوە لاوازتر و بێ دەسەڵات ترن کە بتوانن ژیانی کەسانێک بپارێزن. هەندێک لە خۆکوژییەکان ڕاست هی ژنانی ناو ئەو سەنتەرانەیە، کە بەهۆی ناکاریگەریی خزمەتگوزارییەکان و لە ترسی کەوتنەوە بەردەستی چەوسێنەرەکانیان خۆ دەکووژن.
بوونی دەسەڵاتی زۆر بەدەست سەرەک هۆز و ڕەئیس عەشیرەت و کۆنە موشاویرەکانەوە کە هەندێک لە حزبە سیاسییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کەڵکیان لێ وەردەگرن و لە مێژووی خەیانەتی ئەو کەسانە بە خەڵک چاوپۆشی دەکەن.
برەوی زۆری سیستەمی مەسڵەت کردنی عەشیرەتی و پەنادانی تاوانباران لە دیوەخانان، کە بۆتە هۆی دیزە بە دەرخۆنە کردنێکی ڕووت و هەڵاتنی تاوانباران لە دەست دادوەری. هەر ئەوەش یەک لە هۆکارەکانی بێ باوەڕیی ئەندامانی کۆمەڵگایە بە سەروەریی یاسا و وەک ڕەوتێکی بازنەییش لە درێژەی خۆیدا بۆتەوە هۆکار بۆ هەوڵی چارەسەر کردنی کێشە و دوژمنایەتییە تازەکان لە دەرەوەی بازنەی یاسادا.
بوونی هەندێک پەیڕەوی ئایینی، کە لەگەڵ یاسا حکوومییەکانی ئەمڕۆدا یەک ناگرنەوە و ڕێبەرانی ئایینی بە ڕێنومایی کردنی خەڵک بەرەو ڕەچاوکردنی ئەو پەیڕەوانە، بەردێک لەژێر سێکوچکەی یاسا فەرمییەکان دەردێنن. مارەبڕینی ژێر تەمەنی یاسایی، مۆڵەتدان بە خەتەنەی کچان، چاککردنەوەی تەڵاقی سێ بەسێ لەڕێگەی بەجاش کردنەوە، بەشە ماڵی نابەرانبەری ژنان لەچاو پیاوان و ... تەنیا چەند نموونەیەکی ئەو ناتەباییانەن کە ئەو چەشنە پەیڕەوانە لەگەڵ دامەزراوی و سەقامگیریی کۆمەڵگادا هەیانە. ئیسلامی سیاسی (چ شیعەی ئایەتوڵڵایی و چ سوننەی داعشی) و هەوڵی گرتنەدەستی حکوومەت و بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگا، نموونەیەکی بەرچاوی ئەو پەیڕەوە ئایینیانەیە کە لەگەڵ یاسا حکوومییەکاندا یەک ناگرێتەوە و دابین بوونیان تەنیا لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوە و نەهێشتنی یاسا پێشکەوتووەکانی ئەمڕۆ و سەپاندنی دیاردەی وەک ئیعدام و قەساس و بڕینی دەست و دەرهێنانی چاوەوە دەستەبەر دەبێت.
درێژەی کار و هەڵسووڕانی ئەنستیتوتی شێخایەتی و بەهێزبوونی پێوەندی مورید و مورادی لە نێو بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵگادا کە ئامۆژگاریی شێخ بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی ناو ئەندامانی کۆمەڵگا ئەگەر لە چوارچێوەی یاسا حکوومییەکاندا نەبێت، سەروەریی یاسا پێشێل دەکات. ئەو ئەنستیتوتە دەیان و تەنانەت سەدان ساڵە لە کۆمەڵگاکانی دیکەی هاوچەشندا کۆتایی بە ژیانی هاتووە و کوردستان وێدەچێت یەک لە دوایین پێگەکانی دەسەڵاتی بێت.

 کاریگەری ئەو هۆکارانەی سەرەوە لە سەر کۆمەڵگا، لە ماوەیەکی دوور و درێژ دا،  گەیشتۆتە ئەنجامی لاوازییەکی بەرچاوی دام و دەزگای دادوەری و پێشێلکرانی سەروەریی یاسا. بەڕێوەچوونی بێ هەڵاواردنی قانوون لە وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاواییدا ڕشتەیەکی قایمە بۆ پێکەوە بەستنی ئەندامانی کۆمەڵگا بە بێ جیاوازی نێوان دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات. ئەو هەل و مەرجە لە کوردستاندا نییە و ئەگەریش هەبێت لاواز و کەم هێزە و خۆی لە خۆیدا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دڕدۆنگ بوون لە یەکتر و دوژمنایەتی و دووبەرەکی نێوان کۆمەڵانی خەڵک .[8] هۆکارەکان، هەروەها دەرفەتی گونجاویان بۆ بەڕێوەچوونی هەندێک لەو  تاوانانە ڕەخساندووە کە بکەریان بە بێ ترس لە ئاکامی کردەوە، یاسای گرتۆتە دەست خۆی و بەڕێوەشی بردووە. ئاشکرایە هەر ئەو کەسانە بە بوونی یاسایەکی بەهێزی هەمەگیر، واهەبوو نەیانتوانیایە وا سووک و سانا، کارە ناحەزەکەیان بەڕێوەبەرن.   
وەک یاسایەکی جیهانی، ئەو ڕۆحیاتە، بە گوێرەی گەورەبوونەوەی شار و زاڵبوونی کولتووری شارنشینی بەسەرخەڵکدا، کە مل دانەواندنی دانیشتووان بۆ یاسا یەک لە نیشانەکانیەتی، وردە وردە ڕوو لە کەمی دەنێت و کولتووری دەسەڵاتدان بە یاسا جێیان دەگرێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرانبەریی و یەکسانی هەموو تاکێک لە ئاست یاسا کۆمەڵایەتییەکاندا، جا کەسەکان دەسەڵاتدار بن یان بێدەسەڵات. لەو پەیوەندییەدا هەندێک جار دەگوترێت یاسایەک کە داگیرکەر و زۆردار بەسەر خەڵکیدا سەپاندبێت بۆ ڕەچاوکردن نابێت، هەربۆیەش هەندێک خەڵک ملیان بۆ دانەدەنواند. هیوای هەموو لایەکیش ئەوەبوو کە لە کوردستانی ئازادی دوای ساڵی ١٩٩١ و بە تایبەت دوای ٢٠٠٥ و دامەزرانی حکوومەتی هەرێم، تاوان ڕوو لەکەمی بنێت، بەڵام بە داخەوە حیسابەکان بە پێچەوانە دەرچوون و ئەگەر لە ڕابردوودا خەباتی نەتەوەیی وەک 'حبل المتین'ێک خەڵکەکەی بەیەکەوە گرێدابوو و چاوی تەماعیانی بەستبوو، دوای ئەو ئازادییە هەموو ساڵێک ژمارەی تاوانەکان بەرەوژوور چوون و تەنانەت هەر لەو دوو مانگەی شەش و حەوتی ئەمساڵدا دا کە تۆماری تاوانەکان بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە وەستێنرا، لەچاو مانگەکانی پێشتر، بە شێوەیەکی جێگەی خەفەت، زیادی کردووە. نووسەر ناتوانێ دووبەرەکیی ناو ڕێزەکانی گەل بە کێشە سیاسییەکانەوە پەیوەندی نەدات. ناکۆکیی نێوان حزب و لایەنە دەسەڵاتدارەکانی حکوومی بۆتە هۆی دڕدۆنگیی کۆمەڵانی خەڵک لە یەکتر و ڕق و کینی عەشیرەتێک لەعەشیرەتێکی تر، کە ماوەیەک بوو ڕاگوێزرابووە ناو سیاسەت و حزبایەتییەوە، هەر لە ڕێگەی ئەو حزبایەتییە ناساغەشەوە، چۆتە ناو دەمارەکانی کۆمەڵگا و بنەماڵە و تەنانەت ڕقبوونەوەی دانیشتووانی ئەم شار لەو شار و ئەم ناوچە و ئەو ناوچەی لێکەوتۆتەوە! ئەوانە بە بێدەنگی و وردە وردە زەمینە بۆ بێ باوەڕی بە یەکتر و ناخۆشەویستی و تاوانبار کردنی یەکدی خۆش دەکەن. کە نیشانەیەکی گەلێک بەرچاوی ئەو حاڵەتە، هەست بە  پێداویستیی کردنە بۆ ڕاگرتنی چەک لە ماڵ و لە دەستی تاکەکەسی ناو کۆمەڵگادا، ئەو خەڵکانەی وا هەرکام لە ترس یان ڕقی ئەویتر، دەست لە سەر پەلەپیتکەی چەک هەڵناگرن و ئەوە یەک لە مەترسییە گەورەکانی ناو کۆمەڵگا بچووکەکەی ئێمەیە. لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتدا یاسا جێگەی ئەو چەکە پارێزەرە بۆ خەڵک دەگرێتەوە.
ئەو ناتەواوییانەش لە پەنای گەندەڵی و کەم وکووڕییە سیاسی- ئابوورییەکان، هەرکام بە ڕادەی خۆیان بوونەتە هۆی بێ باوەڕی و دڕدۆنگی کۆمەڵانی خەڵک بە دەزگای بەڕێوەبەرایەتی دادوەری و لەویش زیاتر بە بنەما سیاسییەکانی حکوومەتی خۆیی. بە داخەوە زۆرکەس لەبیریان دەچێت کە سەرەڕای هەموو کەم وکووڕییەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زۆر لایەنەوە دیاردەیەکی شاز و نایابی ناوچەکە و هەلێکی مێژووییە بۆ گەلەکەمان کە چەندەها سەدە چاوەڕوانمان کردووە و لاوازکردنی بە هەر شێوەیەک لە شێوەکان دەبێتە تاوانێکی مێژوویی و پەڵەیەک بە ناوچاوانی نەوەی ئێمەوە کە بۆ چاوچنۆکی تاکە کەسی، یان ڕقەبەرایەتی حزبی، خەریکین بنکۆڵی دەکەین. بێگانەی دۆست یان دوژمن، بە وردی کوردستانیان خستۆتە بەر چاوەدێری. دوژمن ناتەواوییەکانی حکوومەتی هەرێم گەورە دەکاتەوە و بۆ لەناوبردنی کەڵکیان لێ وەردەگرێت.
لەلایەکی دیکەوە، باشوور و ئەزموونەکەی بۆ بەشێکی زۆر لە کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان، دیاردەیەکی پیرۆز و قیبلەی ئاواتی لەمێژینەیە، دەوام و مانەوەشی لەوپەڕی گرنگیدایە. ئەوان لای بێگانە و داگیرکەر شانازی بە بوونی حکوومەتی هەریم و ئاڵای شەکاوەیەوە دەکەن. هەربۆیەش بە تامەزرۆییەوە دەڕواننە دەسکەوتەکانی و تا ڕادەیەک چاو لە کەم وکورتییەکانی دەقووچێنن.هەم خەڵک و هەم دەسەڵاتدارانی حکوومی دەبێ بەو ڕاستییە گرنگە بزانن کە سەرمەشقی خراپ، مەشقی خراپی لێ دەکەوێتەوە، واتە هەڵەی باشوور دەتوانێ کاریگەریی خراپی لە سەر بەشەکانی دیکەی کوردستان هەبێت؛ پێچەوانەکەشی ڕاستە.


دۆخی یاسا لە هەرێمی کوردستاندا


بۆئەوەی بنەما و هۆکارە سیاسی – کۆمەڵایەتی – ئابوورییەکانی کاریگەر نەبوونی یاسا لە کۆمەڵگای مەدەنیی باشووری کوردستاندا بدۆزرێنەوە. دەبێ بابەتی یاسا و پەیڕەو کردنی لە چەند ڕەهەندی جیاوازەوە سەیر بکرێت ئەو ڕەهەندانە بەشێکیان کلیلی و چارەنووسسازن، بەشێکیشیان کاریگەری کەمتریان هەیە بەڵام هەن و شوێن دانەریشن.

دەستوور. ڕوون نەبوونی شوێنی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە وڵاتێکدا بەناوی عیراق، هەروەها هێنانەگۆڕ و پاشان بەڕێوە نەچوونی مادەی ١٤٠ سەبارەت بە ناوچە داگیرکڕاوەکانی کورد؛ گێژوگومی لەمەڕ عیراقی بوون بە پێوانە فەرمییەکان و کوردستانی بوون وەک ئارەزووی لایکەم ٩٢٪ ی خەڵک،[9] هەندێک لەو کێشە سەرەکییانەن کە لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە لەبەردەم خەڵک و حکوومەتدا قوت بوونەتەوە و بە چارەنەکراوی ماون. ئێستا بۆ زۆر کەس مەسەلەی مل دانەواندن یان دانەنەواندن لەبەرانبەر یاساکانی سەردەمی بەعسدا پرسیارە و تا ڕۆژێک کە سنوورەکانی خاکی کورد بە فەرمی دیاری نەکرێن و پەسندی نێودەولەتییان لە پشت نەبێت، تەنگ وچەڵەمەکانی دەستوور لە وڵاتەکەماندا بە ڕوونی و چارەسەرنەکراوی دەمێنن.

دوانە بوونی یاساکان. بەڕێوەچوون یان نەچوونی هەندێک لە یاسا حکوومییەکان سەرجەم لە سەر دووڕێیانی 'عیراق – کوردستان' چەقیان بەستووە و کێشەکە لە ساڵانی دوای ٢٠٠٥ ەوە یەکلایی نەبوونەتەوە. بۆ نموونە، بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژی ٣٠/٦/٢٠١٩ ی میدیاکان، هەرئێستا ٧٠ کەس تەنیا لە زیندانەکانی دهۆکدا ڕاگیراون کە قەراری ئیعدامیان بۆ دەرچووە لە حاڵێکدا قەرارەکە نە هەڵدەوەشێتەوە و نە بەڕێوەدەبرێت. ئەوەندەی زانرابێت، زوربەی زۆری ڕێبەران و کاربەدەستانی حکوومییی کورد وەک گەلانی پێشکەوتووی ئەم جیهانە، دژ بە قەراری ئیعدامی تاوانباران وەستاون و ئەوە جێگەی خۆشحاڵی و شانازیی هەموو ئەوکەسانەیە کە باوەڕیان بە مافەکانی مرۆڤ هەیە و لێی تێدەگەن. دیارە زۆرایەتییەک لە بەغدا و عیراق بە گشتی ئەو ڕوانگەیەیان نییە و ئەگەریش هەبێت لە ژێر سێبەری قورسی نەریت و ئاییندا، هەناسەی لێبڕاوە و هیچی پێناکرێت. بەگوێرەی ئەوان  ئیعدام کردنی 'تاوانباران' دیاردەیەکی عورفی-ئایینییە و تەنانەت واجبێکی کەفاییە! لە ناو هەندێک لەو لایەنانەدا کردەوەی سەیر وسەمەرەتری  هەزار ساڵ پێش ئێستای وەک فڕێدانە خوارەوەی تاوانبار لە سەر چیاوە و ڕووخاندنی دیوار بەسەریدا، خوازیاری هەیە! ئەو ئاکارانە بە هەرناوێکەوە بێت، لەگەڵ شارسانیەت و ژیانی ئەمڕۆییدا یەک ناگرنەوە. 

عورف و ئایین لەبەرانبەر یاسای مەدەنیدا. دەسەڵاتی داواکاری گشتی و دەزگای قەزا لە هەرێمیش و عیراقیشدا لە بەرانبەر پێکهاتنی لایەنەکان لە دەرەوەی دادگا و لێبووردنی خاوەن خوێن کە بنەماڵە و کەس وکاری کووژراوەکان بن، کەم دەسەڵاتە و ئەوەش ڕەگی لە عورف و ئاییندا داکوتاوە. خاڵی گرنگی جیاکەرەوەی یاسای وڵاتانی ئێمەمانان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین لەگەڵ وڵاتە ڕۆژئاواییەکان لەوەدایە کە لای ئەوان تاوانبار و پێشێلکاری مافە گشتییەکانی کۆمەڵگا بە ڕەزامەندی و لێبووردنی تاکی قوربانی یان کەس وکار و خاوەن خوێن لە دەست یاسا ڕزگاریی نابێت لەبەر ئەوەی سزای گشتیی یاسایی هەر بەسەردا دەسەپێت و ڕەزامەندی خاوەن خوێن ناتوانێ مافی گشتیی کۆمەڵگالەناو بەریت. ئەوە کێشەیەکی قووڵە و بە هۆی دەسەڵات سەندنی ئیسلامی سیاسی لەناوچەکەدا واهەیە بۆ ماوەی ساڵانێکی دوورودرێژی دوای ئەمڕۆش چارەسەر نەکرێت و یاسای هەمەگیر نەتوانێ دەوری ڕاستەقینەی خۆی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا بگێڕێت.

 مەسڵەت کردنی عەشیرەتی. ئەم خاڵە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە بابەتی پێشووترەوە هەیە. بە هۆی ئەو ڕاستییەی کە بڕیاردان لەسەر 'قەتڵی نەفس' و زەرەر و زیان گەیشتن بە ماڵ و گیان و نامووسی مرۆڤ دراوەتە دەست خەڵکانی ناپیشەیی بۆ مەسڵەت و دیزە بەدەرخۆنەکردنی تاوانەکان لە ڕێگەی ڕیش لەبەرنان و تکا و خواهیشت و پاڕانەوە و پارەدانەوە. واتە دیاردەی 'مەسڵەتی عەشیرەتی' وەک لەشی زیندووی پێوەندە هۆزایەتییەکانی سەدەکانی پێشوو، ڕاستەوخۆ کاری کردۆتە سەر لاوازبوونی دەزگای دادوەری و دەسەڵاتی حکوومی. لەو دوو پێگە بڕیاردەرە بەهێزە واتە دەزگای دادوەری و دیوەخان، هەرچەندە یەکەمیان بەهێزتر بێت، دووهەمیان لاوازتر دەبێت و بە پێچەوانەش. 
دیاردەی مەسڵەت زۆرجاران لە بەرژەوەندیی زۆرداران و دەسەڵاتداران و چەوسێنەراندا بووە کە هەم خاوەن هێز و پارە بوون، هەم خەڵکی وایان لە دەوروبەر بووە بۆیان بچنە تکا لای هەژار و چەوساوەکان و بە خواهیشت یان هەڕەشە، یان دەم چەورکردن ڕەزامەندییان لێ وەربگرن.[10] کەس وکاری قوربانی گەلێک جار ناچار بە مەسڵەت کردن بوون لەبەر ئەوەی دەرەقەتی هێزی تایفە و هۆزێک نەهاتوون کە چەند قات لەخۆیان بە دەسەڵاتتر و بە ژمارەش لەوان زیاتر بوون.
کێشەیەکی دیکەی مەسڵەت ئەوەیە کە ئەگەر بێت و ڕەزامەندیی کەس وکاری قوربانی بۆ داکووژاندنی کەیسەکە وەرنەگیرێت، ئەودەم بە بەرچاوی یاساوە سەرەتای دوژمنایەتییەکی خراپتر و قووڵتر دادەمەزرێت کە هەندێک جار چەند ساڵ درێژە دەکێشێت و چەندەها خوێنی دیکەی تێدا دەڕژێت. لە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوودا هیچ کەسایەتی یان دەزگایەکی سیاسی یان ئایینی بوونی نییە کە بتوانێ ڕەوڕەوەی یاسا بوەستێنێت یان چەواشەی بکات و شێوازێکی جیا لە شێوازی باوی یاسا مەدەنییەکە بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت. 

هێزی بەڕێوەبەرایەتی دژ بە هێزی دادوەری. دەسەڵاتی بێ سنووری هەندێک بەرپرسی حزبی و هێزی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانبەرانی ورد و درشتی حکوومی و دەروبەریان لە ناوخۆی هەرێمدا، بە ڕادەیەکە کە یاسا و قەراری دەرچووی حاکم و داوەران دەرەقەتیان نایەت و بڕیاری دادوەر دژ بەوان و کەس وکار و خزم و نزیکیان لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە و بەڕێوە نابرێت. ئەم ناتەواوییە بە سەربەخۆ بوونی هێزی دادوەری و هاتنەدەر لە ژێر چەپۆکی هێزی بەڕێوەبەری (چ مەدەنی و چ سوپایی) نەبێت چارەسەر ناکرێت بەتایبەت کە هەردوو ئەو ئەنستیتووتانە ڕەنگی حزبییان لێدراوە و دەسەڵاتی حزبی بڕیاردەری کۆتایی کارەکانە.

ناتەواویی ئابووری و هەژاری. هەژاریی بەشێکی زۆری خەڵکەکەمان لەلایەک و سەرهەڵدانی دەوڵەمەند و ملیۆنەرێکی زۆر لە ماوەی ئەم ٢٠-٣٠ ساڵەدا، کە زوربەیان لە پێوەندی حکوومەت و دەوروبەری حزبە دەسەڵاتدارەکان وەک قارچک هەڵتۆقیون، بۆتە هۆکار بۆ گەورەبوونەوەی کەلەبەری چینایەتی لە کوردستان. کۆمەڵگایەک کە لاقی لە سەر زەویی نەریت بەندە و زوربەی ئەندامەکانی باوەڕیان بەعورف و ئایین هەیە، کاتێ بەخێرایی بەرەو هەڵپەهەڵپی سەرمایەداری دەئاژوێت کە تێیدا، وەک یاسایەکی جیهانی، گەلێک لە بایەخە ئەخلاقییەکانی جێگەی ڕێزی ڕابردوو دەبنە قوربانی و فڕێدەدرێن بە بێ ئەوەی بایەخێکی نوێی هاوکاری و هاوپشتی و هاودەردی شوێنیان بگرێتەوە، خەڵک لە خۆیان و کۆمەڵگاکەیان نامۆ دەبن و دیاردەی وەکوو ڕێز گرتن لە بنەماڵە و مامۆستا و بەرپرس و کاربەدەستی خۆجێ یی و حکوومی ڕێز و برەویان نامێنێت. لە هەوالەکانی تۆمارکراوی ئەم لێکۆڵینەویەدا دەبینین باوکی شەش منداڵ لەبەر نەداری بە پەت خۆی دەخنکێنێ، مامێکی پارێزەر لە سەر کێشەی میرات و دارایی برازای خۆی دەکووژێت، باندێک دەگیرێن کە بەقاڵێکیان کوشتووە و تاوانی جۆراوجۆری دیکەشیان کردووە، لە کەرکووک لە ماوەی ٩ مانگدا ١٨ شۆفیڕی تەکسی دەڕفێنرێن و دەکووژرێن، مامۆستایەکی ئایینی بۆ ٦ هەزار دۆڵار دەکووژرێت، هەڕەشەی کوشتن لە دەرمانسازێک دەکرێت کە تەزویرچی و قاچاخچی دەرمانی بۆ کوالیتی کۆنتڕۆڵ ئاشکرا کردووە، کچێک کە کەس ئامادە نییە بیگرێتە خۆ هەوڵی خۆکوشتن دەدات، ئەوانەش سەرباری ژمارەی زۆری ژنانی بێ پەنا لە شەلتەری ژنان و خانەی داڵدەی ئافرەتانی هەڕەشە لێکراودا کە خۆیان دەسووتێنن یان دەخنکێنن.
تێپەڕبوونی کۆمەڵگا لە قۆناغ و بارودۆخی کۆنەوە بۆ هەل ومەرجێکی نوێ و بەرەنگار بوونەوەی تەنگ و چەڵەمەکانی سەر ڕێگای ئەو ڕاگوێزرانە، لێزانی و مشوورخواردنی پسپۆڕانەی دەوێت. تاکی کۆمەڵگا، بەتایبەت خەڵکانی هەژاری ژێر باری قورسی ژیان و بنەماڵەی کەم داهات، گەلێک جار خۆ ڕێکخستن لەگەڵ کەش و هەوای تازەیان بە هاسانی بۆ ناچێتە سەر و پشتیان لە ژێر باری گرانی گۆڕانکارییەکاندا دەچەمێتەوە. ئەوە ئەرکی کۆمەڵگا و بەرپرسان و ڕێبەرانیەتی لە ڕێگەی بنیاتنانی دامەزراوە و سەنتەر و ڕێکخراوەی شارەزا و هێنانەکایەی پشتگیری و یارمەتی هەمەچەشنەوە (یارمەتی دارایی، فیکری، یاسایی، پزیشکی، تەندروستی دەروونی و...) بە هانایانەوە بچێت و ببێتە دەلیلی ڕێگایان بۆ ئەوەی هەست بە بار سووکی بکەن و لە باری دەروونییەوە تێک نەچن.

چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یاسا. با سەرەتا ئەم هەواڵە ببیسین: " کەسەکە بە بەرچاوی منداڵەکانیەوە دوو گولـلە لە ژنەکەی خۆی دەدات و دەیکووژێ و تەنیا بە پێنج ساڵ بەندکردن سزا دەدرێ. " (ڕووداو، ٣١/١٢/٢٠١٨).نووسەر مافناس نییە و ناتوانێت لە لایەنی یاسایی کارەکان بکۆڵێتەوە بۆ نموونە نازانێت هۆکار بۆ ئەو بڕیارەی سەرەوە کە بەڕواڵەت لەگەڵ گرنگایەتی تاوانەکەدا یەک ناگرێتەوە، چی بووە. بەڵام ئەوەی وا بە گشتی لە ڕووداوەکان و ڕەوتی کاروبار لە کوردستان دەردەکەویت، ئەوەیە کە درزێکی گەورە لە دیواری یاسا و بەڕێوەبردنی دادپەروەریدا دەبینرێت؛ هۆکاری ئەوەش لاوازیی دەزگای دادوەرییە لەبەرانبەر دەزگای بەڕێوەبەرایەتی و ئیجرائیدا، ئەوەش دژ بە هەموو بنەماکانی دیموکراسییە بۆ کۆمەڵگایەک کە شێوازە ڕواڵەتییەکەی دیموکراتیانەیە و پەرلەمان و هەڵبژاردن و یاسای تاوان و سزادانی هەیە بەڵام کردەوەی ئەو دەزگایانە بە چاو نابینرێت.

گەندەڵی. هەر لە پێوەندی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی یاسادا پێویستە ئاماژە بە دیاردەی گەندەڵی بکرێت کە بە داخەوە وەک پەتاپیسە، تان وپۆی دەزگاکانی بەڕێوەبەرایەتی و هەندێک جار تەنانەت دەزگای دادوەری هەرێمیشی تەنیوەتەوە و بۆتە بەرگر و لەمپەر لە بەرانبەر دەرچوونی قەراری دادپەروەرانەی ئەو دەزگا گرنگە مەدەنییەدا. دیارە ئەو بۆچوونە تەنیا گەندەڵەکان دەگرێتەوە و پاکداوێنی و دەستپاکیی ئەوانی تر، کە بە تایبەت لە دەزگای قەزادا هەن و زۆریشن، ناکات بەژێر لچەوە. لە کوردستان بێت یان هەرشوێنێکی دیکەی ئەم جیهانە، ئەگەر تاک یان دام و دەزگایەک، بە هەر ناویک و هەر ئامانجێک بەربەست لە سەر ڕێگەی یاسا و بەرێوەچونی دابنێت، یان ملهوڕ و زۆردارە یان گەندەڵ و بەرتیل خۆر و بۆ بەرژەوەندییەکی جیاواز لە خێر و مەسڵەحەتی کۆمەڵگا ئەو هەنگاوە هەڵدێنێتەوە. لە ئامارەکانی ناو ئەم تویژینەوەیەدا نیشانەی گەلێک چەواشەکاری لە کاری یاسادا دەبینرێن.

ئازادی کوژی. دام و دەزگای بەرێوەبەرایەتی (پۆلیس و سوپا و فەرمانبەرانی مەدەنی) لە هەموو کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکی ئەمڕۆدا ئەرکیان بەریوەبردنی دەقاودەق و بێ ئەملا و ئەولای یاسای پەسندکراوی پەڕلەمان و دەزگای قەزا (دادوەری)یە. دەست تێوەردان و بەکارهێنانی سەلیقەی شەخسی لەلایەن ئەندامانی ئاسایی کۆمەڵگا یاخود دەزگاکانی بەڕێوەبەرایەتییەوە، کوشتنی ئازادی و سەرپێچیکردنە لە یاسای دامەزراوی کۆمەڵگا. دەزگای بەڕێوەبەرایەتی تەنیا کاتێک دەتوانێ بچێتە ناو ژیانی خەڵکەوە کە هەست بکات سەرپێچییەک لە یاسا کراوە و بیەوێت سەرپێچیکار بباتە بەردەم دەزگای دادوەری بۆ ڕوون بوونەوەی ئەگەری ئەو سەرپێچییە. بەرپرسانی دەزگاکانی بەڕێوەبەرایەتی، تەنانەت لە ریزەکانی سەرەوەشدا، مافی دەست تێوەردانی یاسایان بە بێ پەسندی دەزگای یاسادانەر(پەڕلەمان) نییە و ناتوانن لەسەر تاوانبار بوون یان نەبوونی کەسێک بڕیار دەربکەن و بڕیاری خۆیان بەڕێوەش ببەن. 
هەڕەشە لێکردن یان کوشتنی ڕۆژنامەنووسانێک کە داکۆکی لە ئازادییە سیاسی- کۆمەڵایەتییەکان دەکەن، لەلایەن هەرکەسێک و لایەنێکەوە بێت، سەرپێچی ئاشکرایە لە قانوون. بێ سزا مانەوەی هێرشکار یان بکوژ، بێ دەسەڵاتی و گەندەڵیی دەزگای دادوەری دەگەیێنێت. دیموکراسییەکانی ئەمڕۆی جیهان بۆ گەیشتن بەم قۆناغەی ئێستایان کە شا و گەدا لە بەرانبەر یاسادا هاوچارەنووسن، لە پلە و پایەی تاوانبار سڵیان نەکردۆتەوە و گەلێک جار بووە کە دەزگای بێ لایەنی دادوەری، بە پێی یاسا، شاهان و بەرپرسانی تاوانباری خۆیان سزای سەخت داوە. ئەو کارە بۆتە هۆی ئەوەی کۆمەڵانی خەڵک سەرینی ئیستراحەت بنێنە ژێر سەریان و کاروباری کۆمەڵگا بە هێمنی بەڕێوە بچێت لەبەر ئەوەی ئەندامەکانی دڵنیان لە ئەگەری پێشێلکرانی مافەکانیاندا دەزگایەکی بێ لایەنی دادوەری هەیە داکۆکییان لێ بکات، بە تایبەت کە خەڵکانی هەژار و کەم داهات دەتوانن بە بێ پارە و مەسرەف و لە سەر خەرجی حکوومەت پارێزەر و لایەنگری مافەکانی خۆیان هەبێت و بە بێ چاونزێری لە دادگادا بەرانبەر بە سەرپێچیکار بوەستن و مافی لە دەستچووی خۆیان وەدەست بێننەوە، با سەرپێچیکارەکە دەوڵەمەند یان دەسەڵاتدار یان ئەندامێکی باڵای حکوومەتیش بێت. بە کورتی، لەو وڵاتانەدا پارێزەر و داکۆکیکاری ماف تەنیا بۆ دەوڵەمەند و پارەدار نییە و بۆ هەموو کەسە. هەر بۆیەش هەژار و دەست نەڕۆیشتوو دەتوانێت و دەوێرێت لە بەرانبەر دەسەڵاتداردا بوەستێت و مافی خۆی بچەسپێنێت.
ئێمە و کۆمەڵگاکەمان بۆ گەیشتن بەو ڕۆژە ڕوونە پێویستمان بە سەربەخۆیی و سەروەریی یاسا هەیە و ئەوە ئاواتێکی دوورەدەست و نەگونجاو نییە. ئەو ئاواتە کاتێ مسۆگەر دەبێت کە دەزگای بوروکراسی یان عورف و ئایین یان پووڵ و پارە  نەتوانێت دەست لە کاروباری دادوەری وەربدات. لە کۆتایی کاردا دەبێ کۆمەڵانی گەل و بەرژەوەندییەکانیان سەرچاوەی هێزی کۆمەڵگا بن، نەک تاکی دەسەڵاتداری گیرفان زلی بێ باوەڕ بە خەڵک.

بەربەست بوونی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان. بەربەست بوونی هەندێک ئازادیی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی بۆ نموونە، لە مەسەلەی پێوەندی کچ و کوڕ و مافی جنسی و توانای دەربڕینی خواست و مەیلی سروشتیدا، بەشێک لە لاوانی ئەمڕۆی کوردیشی وەک عیراق و زوربەی وڵاتە عەرەبی و موسوڵمانەکان، لە کۆمەڵگاکە و شێوازی بەڕێوە بەرایەتییەکەی دڕدۆنگ و بەدگومان کردووە. ئەوان لە کۆمەڵگای هەردەم بگۆڕی ئەمڕۆدا هەست دەکەن مافە سروشتیەکانیان بە ناحەقی لێ زەوت کراوە و نەوەی کۆن خواستی تێگەیشتن لە نیازەکانی ئەوانی نییە. بەشێکی بەرچاو لە کوڕ و کچانی گەنج دەپرسن بۆچی دەبێ تەنانەت بە ڕادەی لاوانی تورکیا و ئێرانیش لە هەڵبژاردنی شێوەژیانی خۆیاندا ئازادییان نەبێت. ئەو هەستە لە کۆمەڵگا نەریتییەکەی خۆیان دووریان دەخاتەوە کە بەتەعبیری ئەوان دواکەوتووتر لە جیهانی دەرەوەیە و وەک ئاکامێکی ئەو بۆچوونە، وەفاداری بە یاسا و پەیڕەوەکانی ناو کۆمەڵگایان تێدا دەفەوتێت؛ ئەوەش زۆرجار دەگاتە ئەنجامی سەرپێچی و تاوان، یان هیچ نەبێت کەس و کار و وڵات بەجێ هێشتن و ڕووکردنە ئەوروپایەک کە لایان وایە و لە هاوڕێیانی خۆیانی دەبیستن  تێیدا دەرەتانی دابین کردنی مافی چارەنووسی شەخسی و لە یەک وشەدا ئازادییەکی ڕێژەیی لە بەند وبەستی بنەماڵە و کۆمەڵگا زیاتر و مسۆگەرترە. ئەوەش بە واتای لەدەستچوونی هێزێکی زۆری بەرهەمهێنەر، کە لاوەکانمان بن و تێکچوونی نەزم و نیزامی بنەماڵە و نەمانی سەربەخۆیی ئابووری و بەسترانەوەی زیاتری وڵات بە بەرهەمی لاوەکییەوە، خۆ ئەگەر ئالوودەبوونی بەشێک هەر لەو پەنابەرانە بە دەرمانخواردن و نەخۆشیی جنسی و قاچاخچییەتی و زەواجی سەرنەکەوتوو و کەوتنەوەی منداڵی بێ سەرپەرشت و گەلێک کێشەی مەزنی دیکەی کۆمەڵایەتی و خێزانیی تێدا نەگیرێتە بەرچاو، کە نووسەی ئەم توێژینەوەیە ڕاستەوخۆ لە ماوەی زیاد لە ٢٠ ساڵ کارکردن لەگەڵ پەنابەرانی کورد لە بەریتانیادا گەلێکیانی بەچاوی سەر بینیوە و لە پۆلیسخانە و دادگا و زینداندا ڕووبەڕوویان بۆتەوە.
هەرچۆنێک بێت، سەیرێکی ساکاری ئەو ئامارەنەی سەرەوە دەریدەخات کە ژمارەی تاوانەکان لەو شوێنانەی وا ئازادییەکی ڕێژەیی هەیە، کەمترە لەو شوێنانە کە پاشماوەی شێوە ژیانی خێڵەکی تێیاندا بەهێزترە و بەربەست لە سەر ڕێگەی ئازادییە تاکەکەسییەکان زیاترن. بۆ نموونە، بە پێچەوانەی چاوەڕوانی ئێمە، لە کەرکووک، کە لەم چەند دەیەی ڕابردوودا پشتگوێ خراوە و بۆتە قوربانیی ململانیی بەغدا و هەولێر و تەنانەت هەولێر  وسلێمانی و متمانە بە ژیان کەمتر و ئاڵۆزی و تێکگیرانی قەومی زیاترە، ڕادەی تاوانیش بەرزتر لە زۆر شوێنی دیکەیە. هەواڵێکی زۆرمان لە هەورامان و خانەقینەوە پێنەگەیشتووە و بەم پێیە، دەکرێ بە ئیحتیاتەوە بڵێین لەو دوو ناوچەیە هێمنایەتییەکی زیاتر باڵی بەسەر ژیاندا کێشاوە.
دیارە هەندێک هۆکاری دیکەش هەن کە هەموو بەسەریەکەوە ئەو بارودۆخەیان خوڵقاندووە و لە ناویاندا سەرەڕۆیی و چەک بەدەستەوەبوونی خەڵک و هەستی تۆڵەسەندنەوەی تاکەکەسی و بنەماڵەیی، هەڕەشە و گوڕەشەی کەس وکاری تاوانباران لە لایەک و دەرەتانی تکا و ڕجا و ڕیش لەبەر گرتنی ڕیش چەرمگ و ناسیاو بۆ چاوپۆشی لە تاوان و تاوانبار و تەنانەت ترسی گیان و ئاسایشی دادوەران و پارێزەران و داواکاری گشتیش کە گیان و ژیانی هەرکامیان بە پەلەپیتکەی دەمانچەی خزمێکی دوور و نزیکی تاوانبارەوە بەندە، هۆکارن بۆ درێژە کێشانی ئەو هەل ومەرجە. بەڕێوەبردنی یاسا تەنیا بە دەزگای دادوەری گونجاو نابێت و هاوکاری و هاوپشتیی هەموو سیستەمی حکوومەتی پێویستە بۆ ئەوەی تاوانبار و لایەنگرەکانی ئاوی گوێیان دابدرێت کە بە زەبری پارە و پاڕانەوە و دیوەخان و شێخ و ومەلا و مەسئوول و حزب ناتوانن لە ژێر باری کردەوەی تاوانبارانە دەربچن. تەنیا لە ڕێگەی ئەو کارە هاوبەشەوە دەتوانین دڵنیابین کە ئاسایش و هێمنایەتی باڵی پیرۆزی خۆی بەسەر نیشتمانە خۆشەویستەکەماندا دەکێشێت. 

مەسەلەی ئیعدام. لە پێوەندی سزای تاوانباراندا، بە تایبەت کاتێ کە باس لە کوشتن دێتەپێشەوە، دەست بەجێ پرسیاری ئیعدامی تاوانباران سەرهەڵدەدات. ئاشکرایە لە ڕووداوی تاوانبارانەی وەک کوشتندا زوربەی هەرەزۆری کەس وکاری قوربانی و خەڵکانی ئاسایی لایەنگری تۆڵە و قەساس و ئیعدامی بکوژ یان بکوژانی کەسەکەن و ئەوە دەرسێکە نەریت و ئایین لە ماوەی هەزاران ساڵدا فێریان کردووین. بەڵام لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم بەدواوە بەشی هەرەزۆری خەڵک لە سەرانسەری جیهان دەرسیان لە ڕابردوو وەرگرتووە و تێگەیشتوون کە ئیعدام نەیتوانیوە بەرگر بێت لە کوشتن و تاوانی زیاتر، هەربۆیەش قەراری ئیعدامیان لە یاساکانی خۆیان دەرهاویشتووە. خۆ ڕێک خستنی کورد لەگەڵ بەشی زۆری گەلانی جیهانی ئەمڕۆ تەنانەت وڵاتانی وەک تورکیا و ئازەربایجان و ئەرمەنستانی دەوروبەرمان نابێ کارێکی ئەستەم بێت. دیارە یاسایەکی ئەوتۆ پێویستی بە هەندێک ئامادەکاری وەک نەهێشتنی چەکی بێ مۆڵەت بە دەست خەڵکەوە و سەربەخۆ بوونی دەزگای دادوەری و دەست تێوەرنەدانی دەزگای ئیجرایی و دام و دەزگا نەریتییەکان بۆ نموونە، دیوەخانی سەرۆک عەشیرەتان لە کاروباری دادوەری هەیە. ئەوانە، ئەگەر خواست و ئیرادەی خەڵکیان لەپشت بێت، کاری نەگونجاو نین وەک بۆ گەلانی دیکەش نەگونجاو نەبوون. ئاشکرایە حکوومەتی هەرێم، لەو بوارەدا جگە لە بەربەستەکانی سەرەوە ڕووبەڕووی کێشەیەکی دیکەش دەبێتەوە ئەویش حکوومەتی ناوەندیی عیراق و یاساکانیەتی. بەڵام لێرەشدا کوردستان دەتوانێ دەورێکی پێشڕەوانە بگێڕێت و هەوڵی هاوڕا کردنی عیراق لەگەڵ خۆی بدات و بەم کارەی مێژوویەکی گەورەیی و سەروەری لە نێو هەموو وڵاتانی عەربی و ئیسلامیدا بۆ کوردستانی پێشڕەو مسۆگەر بکات. ئەوە نە خەون و خەیاڵە و نە ئارەزوویەکی دوورەدەست. حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانی بۆ ئەو کارە گرنگە و بۆ گەلێک کاری پێشڕەوانەی تریش، گوشار بخاتە سەر بەغدا.[11]

بێ مافیی ژن. بە داخەوە کەم ڕێزی و کەم بایەخیی ژنان لە کۆمەڵگای پیاوساڵاری کوردستان دیاردەیەکی ناسراوە. لە بەشێکی بەرچاوی کەیسەکانی ناو ئەم توێژینەوەیەدا، بە تایبەت لەوانەی کە بە ناوی خۆسووتاندنی ژنان یان دۆزرانەوەی تەرمیان بە سووتاوی و خنکاوی ڕادەگەیێنرێن، لە ڕاستیدا کووژراون نەک خۆیانیان کوشتبێت و سووتاندبێت! بە داخەوە، پیاو بە گوێرەی نەریتی دواکەوتووانەی کۆمەڵگای کۆن و دەسەڵاتی زۆری عورف بە سەریەوە، شەریکی ژیانی ژن نییە بەڵکوو خۆی بە ئاغا و گەورە و تەنانەت 'خاوەن'ی ئەو دەزانێت و ئیتاعە و مل دانەواندنی بێ سنووری لێ دەخوازێت. لەئەنجامدا هەرچەشنە لادانێکی ژن لەو 'یاسا' دانراوەی خۆی و کۆمەڵگا، بە تاوان دەژمێرێت و بەشوێن سزادانیدا دەگەڕێت، لە زۆر کەیسیشدا بایەخی پێویست بە دەسەڵاتی دادوەری نادات و نایکاتە حەکەمی نێوان خۆی و ژن یان کچەکەی، لە ئەنجامدا خۆی دەسەڵاتەکە دەگرێت بە دەستەوە و لە تووڕەیی و هەڵچوونی تێپەڕ و کاتییدا سزای ئەو بە خەیاڵ تاوانبار و لە ڕاستیدا بێ تاوانە دەدات و زۆرجاریش بە مەسەلەی نامووسیی دەبەستێتەوە و بە ئاگاداریی لە نزم بوونی ڕادەی 'دیە'ی شەرعی و برەوی مەسڵەتی عەشیرەیی، تەوژمی ڕقی بێ مەنتیقی خۆی بەسەریدا دەبارێنێت، کە ئەویش خۆی لە گولـلە یان چەقۆیەک یان بتڵێک نەوت و بەنزیندا دەبینێتەوە. ئەوە گەورەترین شەرمەزاریی کۆمەڵگای کوردە و بەداخەوە بێگانان کورد ڕاست بەو دیاردەیەوە دەناسن، واهەیە نەتوانین ناحەقیشیان بگرین.

کوشتنی نامووسی. لە درێژەی بابەتی سەرەوەدا، دیاردەیەکی گرنگ و جێگەی داخ هەیە کە لە کۆنەوە لە کوردستان بینراوە و مخابن لە ماوەی ئەم توێژینەوەیەشدا بە ڕادەیەکی زۆر خۆی پیشانداوە، ئەویش قەتڵی نامووسی واتە کووژرانی کچ و ژنی ناو بنەماڵەیەکە لە لایەن کەس وکاری نزیکی خۆیەوە بە "گومان" ی گەلێک جار بێ بنەمای خەیانەت یان دۆستایەتی و پێوەند گرتن لەگەڵ کوڕان! جیا لە مەسەلەی نامووسی و پێوەندی دوو هاوسەر لەگەڵ یەکتر، ژنان تەنانەت لە ماڵەبابی خۆیاندا مەترسی زیاتریان لەسەرە و لە لایەن برا و باوکەوە گیانیان لە مەترسییەکی زیاتردایە. لە ماوەی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا کچێکی ١٧ ساڵان بە دەست برای خۆی کووژراوە، ژنێک لە سەر نامەیەکی مۆبایل کووژراوە، کچێک خنکێنراوە و باوکەکەی دیار نەماوە، پیاوێک بە یارمەتی کوڕەکەی دایکی حەقی کوڕەکەی کوشتووە، پیاوێکی دیکە هاوسەری خۆی کە خاوەنی ٦ منداڵ بووە کوشتووە و سەمەرە ئەوەیە هەموو ئەو تاوانە چەپەڵانە و دەیانی دیکەش بە خەمساری کراون و هیچ هەواڵێک نەگەیشتۆتە دەستمان کە بکەری کارەکان دواتر لێیان پەشیمان بووبێتەوە، وەک ئەوەی کوشتنی کەسێکی، بە بۆچوونی ئەو، بە لاڕێدا ڕۆیشتوو، ئەرکی سەرشانی ئەو بێت و پۆلیس و دادگایەک و حکوومەتێک نەبن بە ڕاست و چەوتیی کێشەکە ڕابگەن!  
ڕۆژی ٢٤/٨/٢٠١٩ کە هێشتا ئەم لێکۆڵینەوەیە بڵاو نەبووبوەوە، هەواڵێکی جێگەی سەرنجی خەڵک و حکوومەت بڵاو بووەوە. "بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماری شەش مانگی رابردووی خۆی بڵاوکردەوە." بە پێی ئامارەکە، "لە شەش مانگی ڕابردوودا، کە ماوەی ئەم لێکۆڵینەوەیەش دەگرێتە بەر، لە هەرێمی کوردستاندا ٢١١ ئافرەت بە هۆکاری جیاواز کووژراو یان سووتێنراون....هەر لەو ماوەیەدا ٤٩٧٢ سکاڵاش تۆمار کراوە." لە هەر ڕوانگەیەکەوە بڕوانیە ئەو ئامارە کە لایەنێکی پێوەندیداری بەرپرسی کارەکە بڵاوی کردۆتەوە، ئامارەکان پێوانەیی و واهەیە نەک لە ناوچەکە بەڵکوو لە جیهاندا بێ وێنە بێت. ئێمە کێین؟ چیمان دەوێ؟ ئایا گورگ و بەرازیش لەگەڵ جنسی خۆیان ئەوە دەکەن کە ئێمە دەیکەین؟
بە حیسابی هەر ئەو ئاماری ٢١١ کەسە، هەموو مانگێک زیاد لە ٣٥ ژن و کچ لە هەرێمی بچووکی کوردستاندا دەکووژین تەنیا بە تاوانی ئەوەی مێیینەن و ئێمەی نێرینە دەرەقەتیان دێین! ئەوە دەکاتە ڕۆژی زیاد لە یەک ژن. لە ناو پێنج ملیۆن دانیشتووی کام وڵاتدا نزیکەی ٥ هەزار سکاڵای کوشتن و توندوتیژی دژ بە ئافرەت تۆمار دەکرێت واتە بۆ هەر هەزار کەس یەک سکاڵا. ئێستا زیاد لە نیوەی ئەو ٥ ملیۆنە منداڵن، ئەوان هیچ؛ دەمێنێتەوە ٢ ملیۆن و نیو. ئەوانەش نیوەیان ئافرەتن و ئەو کارە لەوان نەوەشاوەتەوە، واتە لە ناو ملیۆنێک و ٢٥٠ هەزار کەسی پاشماوەدا، کە نێرینەکانن، ٥ هەزار سکاڵای دەستدرێژی بۆ سەر مافی ژنان تۆمار کراوە، ئەوەش دەکاتە یەک لە ٢٥٠ پیاوی دانیشتووی هەرێم کە بەرتۆمەتی ئەو تاوانە قیزەوەنن. ئایا ئێمە ئەشرەفی مەخلووقاتین؟ ئایا نابێ بەخۆماندا بچینەوە؟

بێ پەنایی منداڵ. توندوتیژی دەرحەق بە منداڵ یەک لەو دیاردانەیە کە بەداخەوە لە کوردستان برەوی زۆری هەیە. تەرمی منداڵێکی ١٣ ساڵان لە سلێمانی دۆزراوەتەوە کە شوێنی لێدان بە سەر لەشیەوە دیار بووە، کچێکی تەمەن دوو ساڵان لەبەر سەرما ڕەق بۆتەوە، باپیرەیەک گوتوویەتی زاواکەیان ئاگری لە جەستەی ژن و سێ منداڵی خۆی بەرداوە و هەرسێ منداڵەکە کوژراون، تەرمی منداڵێکی شەش ساڵان بە دەست بەستراوی دۆزراوەتەوە کە دەستدرێژی کراوەتە سەری، منداڵێک بە پەت خنکێنراوە، سێ کەس دەستدرێژییان کردۆتە سەر کچێکی حەوت ساڵان، و...
  کێشەیەکی دیکەی ناو بنەماڵەکانی کوردستان هەندێک هەڵسوکەوتی نالەباری دایک و باوکە لەگەڵ منداڵی بێدەسەڵات. نموونەکەی تووڕە بوونی زۆر و ڵێدانی منداڵە بە دەستی دایک و باوک، بەتایبەت باوک. ئەوە بۆ منداڵی ئەمڕۆ کە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە هەڵسوکەوتی دایک وباوکان لە وڵاتانی ئەوروپی یان ژاپۆن و کۆریا دەبینێت و لەگەڵ خۆی و بنەماڵەکەیدا بەراوردی دەکات گرێیەکی ڕۆحی دروست دەکات کە واهەیە تا کۆتایی تەمەن بۆی نەکرێتەوە و درز بکەوێتە دیواری پێوەندییەکانی لەگەڵ دایک و باوکی. ئەو منداڵەی وا لە ماڵەوە هەڵسوکەوتی خراپی لەگەڵ دەکرێت، هەمان تەعامول لەگەڵ خوشک وبرای بچووکتری خۆیشی دەکات و بەوشێوەیە کەلەبەری ناو دیواری پێوەندییەکانی بنەماڵە فراوانتر دەبێتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا دەبێ باسی بێ مافیی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بکرێت کە بنەماڵەش و کۆمەڵگاش وەک پێویست بە هانایانەوە ناچن. لەم هەواڵانەدا دەبیسین کە کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لەجیاتی ئەوەی یارمەتی بدرێت، دەستدرێژی جنسی کراوەتە سەر!

چەکی بێ مۆڵەت.
وەک هۆکارێکی گرنگی تاوانەکان دەبێ پەنجە بۆ ڕادەی زۆری چەکی بێ مۆڵەت بە دەست خەڵکەوە ڕابکێشرێت. چەکی بێ مۆڵەت بێگومان هۆکارێکە بۆ هاسان کردنەوەی کردەوەی قیزەوەنی کوشتن و بریندار کردن، جا خۆکوژی بێت یان خەڵک کوژی. بە گوێرەی ڕاپۆرتی سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم، "٧٠٪ ی تاوانەکانی کوشتن بە چەکی بێ مۆڵەتەوە ئەنجام دراوە" (سایتی ئاوێنە، ٢٣/١١/٢٠١٨). لەو مەسەلەیەدا بارودۆخی گەلی کورد و خەباتی نهێنی دژ بە داگیرکەر لە ڕابردوودا، کە پێویستی بە ڕاگرتنی چەک لە ماڵی خەڵکانی شۆڕشگێڕدا هەبوو، هۆکارێکی سەرەکین. بەڵام سەبەبی گرنگتر دەبێ سەقامگیر نەبوونی دۆخی وڵات و ناوچەکە و بوونی تیرۆریستانی وەک داعش و بەکرێگیراوانی وڵاتانی دراوسێ بێت کە خەڵکەکەیان مەجبوور کردووە بۆ پاراستنی خۆیان چەکی ئامادە لە ماڵیاندا ڕابگرن. لە لایەکی ترەوە، دیارە چەکەکە خۆی تاوانبار نییە و ئەو دەستەی وا کەڵکی نابەجێی لێ وەردەگرێت تاوانبارە. دەستی تاوانبار، ئەگەر چەکی گەرمیشی دەست نەکەوێت واهەیە بە چەقۆ و کەتەر و پاچ و تەشوێ کارەکە بەڕێوە ببات. ئەوە لاوازیی دەزگای دادوەرییە لە کاری سزادانی سەرپێچیکەران و کەسانی خاوەن چەکی بێ مۆڵەتدا کە بۆتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگاکە ببێتە لەشێکی بێ سەر و هەرکەس هەرچییەکی ویست بە بێ ترس و ئەندێش کردن لە سزا دەیکات. کێشەی ناوخۆیی و شەڕەجنێوی ناو حزبە کوردییەکان و دابڕاویی کۆمەڵانی گەل بە سەر لایەنگرانی ئەم حزب و ئەو ڕێکخراوەی چەکداردا، هەروەها دوژمنایەتی و ڕقەبەرایەتی کۆنی نێوان بنەماڵە و عەشیرەتەکانیش دەبێ لە پێوەندیی بەکارهێنانی چەکدا بگیرێتە بەرچاو.

هەڵاتن بۆ دەرەوەی وڵات.
بەشێک لە تاوانکاران دوای بەڕێوەبردنی تاوانەکە، بێ سەروشوێن دەبن و بە ئەگەری زۆر سەر لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەردێنن بۆ ئەوەی لەوێ بە ناوێکی خوازراوەوە داوای پەنابەری بکەن. من خۆم لە لەندەن کەسێکم بینیوە کە دەگوترا ژنی خۆی کوشتبێت و بە یارمەتی حزبەکەی خۆی لە بەریتانیا پەنابەریی تەواوی پێدرابوو. جێگەی داخ ئەوەیە کە دەوروبەرییەکانیشی بەو ڕاستییەیان دەزانی بێ ئەوەی هیچکامیان لە قسەکردن و پێکەنین و قسەی خۆش کردن لەگەڵیدا بپەرموونەوە یان هەستێک بە شەرمەزاری بکەن یا هیچ نەبێ، بۆ ئەو کارە چەپەڵەی کردوویەتی سەرکۆنەیەکی ساکاری بکەن. لە ماوەی ئەم لێکۆڵینەوەیەشدا چەندەها کەیسی هەڵاتن و خۆ وون کردنی تاوانباران و هەڵاتنیان بۆ دەرەوەی وڵات ڕاگەیێنراون. لە هەولێر کوڕێک دەستدرێژی دەکاتە سەر خوشکەکەی و هەڵدێت، لە سلێمانی کوڕێک باوکی خۆی دەکووژێت و هەڵدێت، لە ڕانیە دووکەس بە چەک باوکێک دەکووژن و کوڕەکەی بریندار دەکەن ئینجا هەڵدێن و...
کێشەیەکی دیکە لەو پێوەندییەدا ئەوەیە کە دوای هەڵاتنی تۆمەتبار و چوونی بۆ دەرەوەی وڵات، لەجیاتی ئەوەی دەزگای دادوەری لە ڕێگەی ئینتەرپۆڵەوە کەسەکە بگەڕێنێتەوە ناو وڵات و پرس وجۆی مەسەلەکەی لێبکات، بنەماڵەکەی کەڵک لە نەریتی مەسڵەت کردن وەردەگرن و دوای ماوەیەک بە مشتێک دۆڵار، کە تۆمەتبار لە ئەوروپاوە بۆیان دەنێرێت، سەروبەری کارەکە، تەنانەت ئەگەر مرۆڤکوژیش بووبێت، پێک دێنن و جەنابی بکوژ قیت و قۆز دەگەڕێتەوە ناو شار و گوندەکە و وەک مێشی لێ میوان نەبووبێت بە بەرچاوی بنەماڵەی قوربانییەکەوە دەبێتە بەرزەکی بانی دراوسێکانیان.

ڕفاندن. بریتییە لەو کردارە دژە یاساییەی کە کەس یان کەسانێک یان دام ودەزگایەک، بە زۆرە ملی ئەندامێکی کۆمەڵگا بە بێ خواست و ئیرادەی ئەو دەڕفێنن و وەک بارمتە ڕایدەگرن بۆ ئەوەی لە بەرانبەر ئازاد کردنیدا کەسانێک تەڵەکە بکەن و بچەوسێننەوە. بەشێکی دیکە لە ڕفاندنەکان بۆ خواستی چەپەڵی جنسییە و بەتایبەت کچان و ژنان دەگرێتەوە و هەندێک جار بۆ شوێنە گومکی و نەناسرانەوەی دەستدرێژیکاران، دەگاتە ئەنجامی کوشتنی ڕفێنراوەکانیش. لە هەوالەکانی ناو ئەم توێژینەوەیەدا تووشی هەندێک کەیس دێین کە ڕفێنراوەکان کووژراویشن. لە کەرکووک ٣ کەس لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا دەڕفێنرێن و دەکووژرێن (ڕووداو، ٢٩/١٠/٢٠١٨).

دەستدرێژی. لە پێوەندی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، دەستدرێژی بریتییە لە پێشێل کردنی مافی یاسایی تاک و چوونە ناو حەریمی تایبەتی ئەوەوە بە بێ خواست و ئیرادە و مۆڵەتی خۆی. دەستدرێژی لە پلەی یەکەمدا ئەتک کردن و لاقەکردن دەگرێتەوە بەڵام گەلێک دیاردەی ناحەزی دیکەی وەک ناوزڕاندن، سووکایەتی پێکردن، جنێو پێدان، هەڕەشە لێکردن، زەوت کردنی ماڵ و دارایی و بە گشتی تێکدانی ئاسایشی شەخسی و خۆسەپاندن بە سەریدا دەکەونە ناو بازنەی دەستدرێژییەوە.  بە داخەوە زوربەی زۆری ئەو دەستدرێژییانە  بۆ سەر کچان و ژنان کراون، باوەکوو پیاوان و لاوان و مێردمنداڵان تەنانەت منداڵانی کەم تەمەنیش لە بەرانبەر ئەو کردەوە وەحشییانەیەدا پارێزراو نین. بەشێک لەو دەستدرێژییانە لە لایەن کەسانێکەوە بەڕێوە دەبرێن کە خزمی نزیک و دووری کەسەکەن و لە بارودۆخێکی ئاساییدا چاوەڕوان دەکرێت پارێزەری ماف و نامووسی قوربانییەکە بن، بەڵام بە پێچەوانە بەشێک لەو بەناو پارێزەرانەی ماف دەبنە دەستدرێژیکاری مافی قوربانییەکە.
لە هەواڵەکانی ١٣ مانگەی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا دەستدرێژیکردنی ئەندامانی بنەماڵە و خزم و کەس وکار بۆ سەر یەکتر، گەلێک بەرچاوە. کوڕێک باوکی خۆی بە چەقۆ دەکووژێت و دایکی خۆی بریندار دەکات، باوکێک کوڕی خۆی دەکووژێت، باوکێکی تر کوڕی خۆی بە چەقۆ دەکووژێت، برایەک خوشکی خۆی لە سەر مۆبایل دەکووژێت، پیاوێک بە بەرچاوی منداڵەکانیەوە ژنەکەی خۆی دەکووژێت، بە شەڕە تەقەی سێ برا یەکیان دەکووژرێت، ژنێک بە دەمانچە مێردەکەی خۆی دەکووژێت، دایکی سێ منداڵ لەلایەن خوشک و براکانیەوە دەخنکێنڕێت، کوڕێک بە دەست براگەورەکەی دەکووژرێت، کەسێک بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە ئاگری لە جەستەی ژن و سێ منداڵی خۆیان بەرداوە، و...
باوەکوو چەوسانەوەی جنسیی ژنان دیاردەیەکی جیهانییە و کەم و زۆر لە هەموو کۆمەڵگایەکدا دەبینرێت، بەڵام لەناو ئەو کۆمەڵگا نەریتییانەی وا لە بەرانبەر گۆڕانکارییەکانی ئەم یەک دوو سەدەیەی دواییدا ڕاوەستاون و هاوشان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی نەچوونەتە پێشەوە، تاڕادەیەک زیاتر و توندوتیژترە.
دیارە ناتەباییەکی زۆر لە نێوان ژیانی نەریتیی کۆمەڵگا و ئەو شێوە ژیانەدا هەیە کە لە هەندێک هەواڵ و فیلم و ڤیدیۆ ڕۆژئاواییەکاندا ڕەنگ دەدەنەوە و شەو وڕۆژ لە تەلەفیزیۆن و ڕۆژنامە و گۆڤار و ڤیدیۆ و یوتیووب یان فیلمی 'پۆڕن'ی سەر ئینتەرنێتدا دەکەونە بەرچاوی لاوان و بە شێوەیەکی سروشتی، لایەنگر و بینەر و شوێنکەوتووشیان هەیە. پێشکەوتی کەرەسەی پێوەندی بە تایبەت لەو ساڵانەی دواییدا کارێکی کردووە کە بەچرکەیەک دەکرێ لە بەرزایی چیاکانی ئاسیا و قووڵایی دەشتەکانی ئەفریقاوە پێوەندی بە نیویۆرک و لەندەن و پاریسەوە ببەسترێت. لە ئەنجامدا دۆزینەوەی ئەو چەشنە بابەتانەش لە سەر ئینترنێت تەنیا بە دوو سێ کلیک کردن و زۆرجار بە بێ پارە و مەسرەف مسۆگەر دەبێت!
بە داخەوە بەشێک لەوانە دەبنە نموونە و سەرمەشق بۆ هەندێک ئەندامی کۆمەڵگای ئێمەمانان و ئەگەر دەستەبەرکردنیان لە جیهانی واقیع و لە ژینگەی نەریتیی کوردستاندا گونجاو نەبێت، هەوڵ بۆ دابین کردنیان لە ڕێگەی ناسروشتییەوە دەدەن و بەوەش کارەساتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.
ئەوینداری و خۆشەویستی لە نێوان کوڕ وکچ، لە کۆمەڵگای ڕەسەنی کورددستان واتە لە ناو گوندنشین و کۆچەراندا شێوازێکی مەنتیقی و سروشتی هەبووە و کوڕ وکچ بە هەندێک حەیا و شەرمەوە، بەڵام بە بێ ترس لە توندوتیژیی کەس وکار، یەکتریان خۆش ویستووە و چاویان بە یەکتر کەوتووە. شیعری گۆرانی و بەیت وباوە کۆنەکانمان، بۆ نموونە مەم و زین و لاس و خەزاڵ و خەج و سیامەند، پیشاندەری ئەو پێوەندییە سروشتییانەن. تەنانەت مەم لەگەڵ زیندا پێکەوە لە قوتابخانەیەک دەرسیان خوێندووە و لە منداڵییەوە یەکتریان ناسیوە. دزە کردنی داب و نەریت و ئایینی گەلانی دراوسێ بۆ ناو کۆمەڵگاکەمان، وەک داب و ڕەسمی خۆ شاردنەوەی کچانی عەرەب و ئێرانی لە ناو ماڵ و لەژێر چارشێو و ڕووپۆش، کە لە کۆنەوە لەناویاندا بووە و درەنگتر بەرگی ئایینی لەبەر کراوە، بەداخەوە هاتۆتە ناو ئێمەش و ئەو ئازادییە نەریتییە خۆماڵییە جوانانەیان لەدەست سەندووین. ئێستا کوردەواری بۆتە گؤڕەپانێکی شەڕ لەنێوان نەریتی ڕەسەنی خۆمان و داب و ڕەسمی بێگانان، کە بەداخەوە وێدەچێت ئەوان برەوەی کێبەرکێکە بن و ئێمە داب و ڕەسمەکەی خۆمانیان پێ بدۆڕێنین. دەنا بەشێکی زۆر لە گەلەکەمان هەزار ساڵە موسوڵمانە و لە عەینی کاتدا خۆشەویستی و حەزلێکەری و گۆرانی پێداهەڵگوتن و هەڵپەڕینی ڕەشبەڵەکشی هەر بووە، کچ و ژنیش چارشێوی بەسەردا نەداوە، لە پیاوی بێگانە نەترساوە و خۆی لێ نەشاردۆتەوە. کوڕانی گوند هەمیشە بوونەتە بەرزەکی بانی ماڵەبابی کچان و کچیش دەسرە و کڵاوی بۆ خۆشەویستەکەی چنیوە؛ یان سێو و مێخەک و گوڵەمێلاقە بە دیاری بەیەکتر دراوە. هەردوو ڕەگەزەکە پێکەوە چوونەتە کارگ و کەما و فریزوو چنین و شەنگە بێری و کوڕەشوان بەبەرچاوی مەلا و فەقێ و مزگەوتەوە ڕۆژانە دەستی ڕەشبەڵەکیان گرتووە و تەنانەت فەقێی حوجرەکانی مزگەوت لە کوڕەلاوی ناوگوندیش دڵتەڕتر بوون. ئێستا کۆمەڵگاکەمان، کورد گوتەنی لە دوو دین بووە! لەلایەک هەموو ئەو نەریتە پاک و خاوێنانەمان لە دەست چووە، لەلایەکی تر، شێوەژیانی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاواشمان وەرنەگرتووە کە لەوێشدا بەشێک لە جوانی و ڕازاوەیی ژیانی سوننەتی ئێمە هەیە: کور و کچ لە منداڵییەوە پێکەوە دەخوێنن، دەچنە ماڵی یەکتر و جەژن و پارتی پێکەوە دەگرن  و هەڵدەپەڕن، ئیتر لە گەورەییشدا وەک جندۆکە لەیەکتر ڕاناکەن و خۆ ناشارنەوە.   
بەربەستی قورس وقایم دانان لەسەر ڕێگەی پێوەندیی کوڕ وکچ و خواست و ئارەزووی جنسییان، نەک هەر داوێنی کۆمەڵگای بە پاکی و چاکی ڕانەگرتووە، بەڵکوو بۆتە هۆکاری گەلێک سەرپێچی و تاوان، ئەوەش نیشانە و نموونەکانی لە ناوهەواڵەکانی ناو ئەم لێکۆڵینەوەیەدا: هەشت کەس دەستدرێژی دەکەنە سەر کچێکی ١٢ ساڵان، سێ کەس دەستدرێژی دەکەنە سەر کچێکی ٧ ساڵان، پیاوێک دەستدرێژی دەکاتە سەر کچێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت، لاوێکی کورد لە ئاڵمانیا دەستدرێژی دەکاتە سەر کچێکی ١١ ساڵان و ماوەیەک دواتر کچێکی دیکە دەکووژێت کە دەستدرێژیشی کردۆتە سەر ئەویش، کوڕێک دەستدرێژی دەکاتە سەر خوشکی خۆی و هەڵدێت، هەروەها بە گوێرەی هەواڵێکی دژە تیرۆر، لە ماوەی نۆ مانگ [ی ساڵی ٢٠١٨]دا، لە هەرێمی کوردستان دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر ٨٧ ئافرەت.  گەلۆ ئەوانە ووشیارمان ناکەنەوە؟ ئەگەر مامۆستاکان لێمان ناگەڕێن ڕەچاوی ئەوروپا و ئەمریکا بکەین، ئایا ئیجازەشمان پێ نادەن لە جیاتی داب و ڕەسمی عەرەب و ئێرانی، بگەڕێینەوە سەر نەریتی کۆنی باو وباپیرانی خۆمان؟    

لاوازیی پێوەندی لە نێوان ئەندامانی بنەماڵە. لاوازیی پێوەندەکانی بنەماڵە، دەتوانێ درەنگتر کارەسات بخوڵقێنێت. دایک و باوک دوایین پەناگە و داڵدەی منداڵن لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەکانی ژیانیدا، جا ئەگەر ئەو داڵدەیە شێوا و ئەو پەنایە نەما، ئیتر ئەوان دەمێنن و کۆمەڵگای بێ بەزەیی، کە هەندێک جار چاوی تەماعیان تێدەبڕێت و بە سوودی خۆی کەڵکی نابەجێ و نەخوازراویان لێوەردەگرێت.  مخابن، بەشێکی بەرچاو لە تاوانە تۆمارکراوەکانی ناو ئەم توێژینەوەیە ڕاست لەلایەن کەس وکاری قوربانییەکانەوە بەڕێوەبراون جا باوک یان کوڕ یان برا، یان هاوسەر و مام و برازا و.... ئەوەش، قووڵایی تاوانەکان و دڵنیگەرانی دڵسۆزان لەمەڕ لاواز بوون و شل  وشەوێقی پێوەندی بنەماڵەیی لە کۆمەڵگای کوردستاندا زیاتر دەنوێنن. بنەماڵە، جیا لە هەموو هەڵوێستێکی ئایینی، نەتەوەیی و زمانیی ئەندامەکانی، بەدرێژایی مێژوو پیرۆزترین پێکهاتەی مرۆڤ بووە. لە کۆمەڵگایەکدا کە ئەو ئەنستیتوتە پیرۆزە وا بێ بەزەییانە بکەوێتە بەر هێرشی ئەندامەکانی خۆی، چارەنووسی هیچکامیان ناتوانێ بریقەدار بێت. هەر لە هەواڵە تۆمارکراوەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا دەبینرێت چۆن  کوڕ بە چەقۆ باوکی دەکووژێت و دایکی بریندار دەکات، کوڕێکی تر بە دەمانچە باوکی دەکووژێت، گەنجێک براگەورەی خۆی دەکووژێت، مام دوو برازای خۆی و برازایەک مامی خۆی دەکووژن، برایەکی ٢٩ ساڵان برای ٤٢ ساڵانی خۆی لەسەر دواکەوتنی نوێژەکانی دەکووژێت... و گەلێک هەواڵی دڵتەزێنی هاوچەشن.

سۆز و دڵداری وەک تاوان! لە هەواڵەکاندا دەردەکەوێت هەستی پاک و خاوێنی دڵداری و خۆشەویستی سروشتیی نێوان دوو مرۆڤ چۆن بە هۆی هەندێک نەریتی ناحەزەوە تێکەڵ بە تاوان و کارەسات دەبێت و چۆن  پاکترین هەستی مرۆڤ بەرانبەر بەیەکتر دەخرێتە چاڵی ڕەشی نەریتی نابەجێ و ملهوڕی کردنی دایک و باوک و برا لە ئەندامێکی بنەماڵەکەیان کە زیاتر کچانن و بەداخەوە یان بە دەستی ئەو بنەماڵە بێ بەزەییە دەکووژرێن یان خۆیان توانای هەڵگرتنی ئەو بارە قورسەی ژیانیان نامێنێت و خۆیان دەکووژن.
لە سەردەمی ئێمەدا ئەو پرسیارە گەورەیە هەردەم دێتە گۆڕێ بۆچی لاوان و بەتایبەت کچان مافی هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆیان نییە و بۆچی دەبێ هاوسەرگیری لەگەڵ کەسانێک بکەن کە خۆشیان ناوێن و تەنیا لەژێر گوشاری کەس وکاردا مل دادەبەن؟ لە پشت زوربەی زۆری ئەو کەیسانەدا خۆشەویستی و دڵداری دەردەکەوێت:
کچێکی دەسگیراندار خۆی خنکاند، کچێک بە گولـلە خۆی کوشت، خۆشەویستەکەیان نەدایێ خۆی خنکاند، کچێک لە شەلتەری ژنان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، بە سووتان کۆتایی بە ژیانی ژنێک هات، ژنێک لە نێو گەرماوی چاکسازیی ئافرەتاندا خۆی خنکاند، کچێک یەک ڕۆژ پێش دەرچوونی سووتا، ژنێک لە لایەن خۆشک و براکانیەوە خنکێنرا، ژنێک خۆی سووتاند و...

هەڵوێستی بنەماڵە و کۆمەڵگا. لەبەرانبەر قوربانیانی تاوان. لە دەزگای دادوەریی وڵاتانی ڕۆژئاواییدا ڕێکخراوی تایبەت بە پشتگیری کردنی قوربانیان و کەس وکاریان هەیە کە بەشێکی زۆری ئەندامانی بریتین لە خەڵکانی خۆبەخشی ڕاهێنراوی یاسایی. ئەو کەسانە لەباری ڕۆحی و دەروونییەوە یارمەتییەکی زۆری قوربانیان دەدەن بەتایبەت ئەوانەی وا دەستدرێژی کرابێتە سەر مافیان یان نامووس و ژیانیان. پسپۆڕانی دەروونی و سایکۆلۆج و خەڵکانی بە تەمەنی خاوەن ئەزموون، هەروەها کەسانێک کە خۆیان لە ڕابردوودا دەستدرێژییان کراوەتە سەر، لەگەڵ ئەو کچ و ژنانەی وا دەبنە قوربانیی دەستدرێژیی جنسی، دادەنیشن بە ڕێنومایی پسپۆڕانە هەوڵ دەدەن گرێی ناو مێشکیان بکەنەوە، بیری تاڵی ڕووداوەکەی لەبیربەرنەوە بۆئەوەی ببێتەوە ئەندامێکی ئاسایی کۆمەڵگا بە ژیانێکی ئاساییەوە.
من ئاگاداری ئەوە نیم کە ڕێکخراوە یان کەسانی ئەوتۆ لە دەوروبەری دەزگای دادوەریی کوردستاندا هەن یان نا، بەتایبەت کە لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی زور تاوانی لەو چەشنە هەر لە بنەڕەتدا ڕاناگەیێنرێت و ئاشکرا نابێت. ئەگەریش ئاشکرابێت، لەوانەیە کەس وکار و بنەماڵەی قوربانییەکەی تاوان خەتای ئەو بگرن و جارێکی دیکەش سزای بدەن. با گوێ بدەینە ئەم هەواڵە دڵتەزێنە:  سێ نەوجەوان دەستدرێژی دەکەنە سەر کچێکی تەمەن ٧ ساڵان و پوورزایەکی خۆی دەستگیر دەکرێت. کچەکە گوتی چوومەوە ماڵێ و بەدایکم گوت، ئەویش یەکسەر داغی کردم! (ڕووداو، ١٥/٤/٢٠١٩) 
 ئەو کەلتوورە کۆنباوە یارمەتیدەری چارەسەرکردنی کێشەی کۆمەڵگای ئەمڕۆیی نییە. ئەو سێ دەستدرێژیکارە و دایکی ئەو قوربانییە هەژارەش تەنیا لە نەبوونی یاسا و بەڕێوەنەچوونیدا دەتوانن دەست بدەنە کاری قیزەوەنی وا. باوەشی دایک بە متمانەترین شوێنە بۆ منداڵ و چەندە جێگەی داخە کە ئەو شوێنە هێمنە دەبێتە گۆڕەپانی دەستدرێژی ئەویش بۆ سەر جگەرگۆشەیەک کە ئەو هەموو ئازارەی بەدەست سێ گورگی دڕندەوە چەشتووە.

هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەی بێ قانوون.
لە بەشێکی زۆری ئەو تاوانانەدا  کەس وکاری قوربانییەکە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەنەوە و هەندێک جار بینراوە کە ئەگەر ڕادەی یاسایی سزا لەلایەن دادوەرەوە جێگەی پەسندی کەس وکاری قوربانییەکە نەبووبێت، ئەوکەسانە دوای چەند مانگ و ساڵ هەڕەشە کردن لە خۆی و کەس وکاری، دەستیان داوەتە توندوتیژیی نواندن و تەنانەت وەک تۆڵە لێکردنەوە، برا یان مام و ئامۆزای کەسەکەیان کوشتووە.
نەفسی هەڕەشە لێکردن لە زۆر وڵاتی ڕۆژئاواییدا تاوانە و ئەگەر لەسەر هەڕەشەکار بسەلمێت، سزای غەرامە و زیندانی بەسەردا دەسەپێت هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەوکەسەی وا هەڕەشەی لێکراوە، ژیانێکی هێمن و دڵنیای نابێت و لە دڵەتەپێ و خەفەتی ئەوەدا دەژی کە واهەیە لە مەجالێکدا  بێنە سۆراغی و ژیانی لێ بشێوێنن. لەو وڵاتانەدا، زۆرێک لەو هەڕەشانەی وا بۆ ئێمە ئاساییە، یاساغن بۆ نموونە ناتوانی لە تووڕەییدا بەکەسێک بڵێی "وەڵڵاهی دەتکووژم!" یان "بزانە چیت لێدەکەم!" تەنانەت ئەگەر هەڕەشەکە بەڕێوەش نەبرێت، دیسان چۆنیەتی ژیان لە کەسی بەرهەڕەشە تێکدەدات.
دیارە هەڕەشە بەشێک لەم لێکۆڵینەوەیە نییە و بەگشتی هەواڵە ڕاگەیەنراوەکانیش ئەو بابەتەیان نەگرتۆتەبەر، بەڵام لەو خاڵە گرنگانەیە کە لەپێوەندی ئاڵۆزی نانەوەو خوڵقاندنی کێشەی زیاتری کۆمەڵایەتیدا دەبێ بگیرێتە بەرچاو. سەیرێکی ئەم ڕاپۆرتانە دەریدەخات پەتا پیسەی ڕق و کین و تۆڵەسەندنەوەی بێ یاسا چۆن بە تان و پۆی کۆمەڵگاکەماندا گەڕاوە و چۆن لە نەبوونی یاسادا تاوانێک تەشەنە دەکات و دەگاتە ئەنجامی تاوانی گەورەتر:

- مێردەکەیان کوشت و ژیانی خۆی و منداڵەکەی لە مەترسیدایە. بکوژ لە ماڵی سەرۆک عەشیرەتێکە. (ڕووداو، ٦/٦/٢٠١٨)

- براکانی هەڕەشەی کوشتن لە خوشکە ٣٥ ساڵانەکەیان دەکەن (ڕووداو، ٢٨/٦/٢٠١٨)

- هەڕەشەی کوشتن لە دەرمانسازێک دەکرێت (لەبەر ئەوەی تەزویرچی و قاچاخچیی دەرمانی بۆ کولیتی کۆنتڕۆڵ ئاشکرا کردووە) (ڕووداو، ٢٠/٧/٢٠١٨)

- ئەو دووکەسەی بە دەمانچە گەنجێکیان بریندار کرد، دەستگیر کران. ئەو کەسەی لێیدراوە مامی ئێمەی کوشتووە (ڕووداو١٢/١٠/٢٠١٨)

- تۆڵەی کوشتنی برا و براژنەکەی خۆیان لە برایەکی بکوژ کردەوە و چوار چەکدار لەبەر دەم ماڵەکەیدا کوشتیان (ڕووداو، ٦/١١/٢٠١٨)

نەخۆشیی دەروونی. نەخۆشیی دەروونی کێشەیەکی گرنگی دنیای ئەمڕۆیە و بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵگا لە هەموو شوێنێکی جیهان تووشی دەبن. ئاڵۆزیی ژیان، بێ هیوایی بە دواڕۆژ و نەبوونی پشتیوان، پشتی هەندێک کەس کە زوربەیان خەڵکانی چاک و هەستیار بەڵام لە بەرانبەر کێشەکانی ژیاندا لاواز و بەرگەنەگرن، دەچەمێنێت و لە شاڕێی ژیانی ئاسایی لایان دەدات. ئەو کەسانە ئەگەر بنەماڵە و کۆمەڵگا بە هانایانەوە نەچن و بە یارمەتیی پسپۆڕانی دەروونی، هەندێک لە قورساییەکانی سەرشانیان لانەبرێت، بۆی هەیە لە قۆناغێکی ژیاندا ئازارێک بە خۆیان یان خەڵکانی تر، بەتایبەت کەسانی دەوروبەریان بگەیێنن.       
لێرەدا ئەرکی حکوومەت گەلێک گرنگە. دابین کردنی سەنتەری ڕاوێژ و چارەسەر بۆ دەرووندروستی لە هەموو بەشێکی وڵات، بە دوکتۆر و پسپۆڕ و ڕاوێژکاری شارەزاوە دەتوانێت بەرگر بێت لە گەلێک کارەساتی کۆمەڵایەتی دواڕۆژ، بە تایبەت ئەگەر خزمەتگوزارییەکانی ئەو سەنتەرانە بۆ خەڵکانی کەم داهات و دەست نەڕۆیشتوو بەخۆڕایی بێت و هەموان، نەک هەر دەوڵەماندان بتوانن کەڵکیان لێ وەربگرن.
لەو سەنتەرانەدا چارەسەری تووڕەیی دەکرێت و تێیدا بە ٦ یان ١٢ جار دانیشتن و قسەکردن، هەوڵ دەدرێت خەڵکانی تووڕە و تۆسن فێر بکرێن لە کاتی تووڕەبووندا چۆن خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن و پێش ئەوەی کارێکی ناماقووڵ بکەن، هێور ببنەوە. ئاشکرایە بەڕێوەبردنی ئەو ناوەندانە بۆ حکوومەت مەسرەفی دەبێت، بەڵام سەرجەمی تێچووەکان بە سەدان قات کەمتر دەبێت لە مەسرەفی پۆلیس و دادگا و دەیان ساڵ زیندانیکردنی تاوانبارێک کە دەستی دابێتە تاوان و سەرپێچی، ئیتر دابین بوونی سەلامەتی کۆمەڵگا و ئاسایشی بنەماڵەکان لەولاوە بوەستێت.
لەبیرمان نەچێت کە نەخۆشی دەروونی کەسێکی خراپەکار نییە و نەخۆشێکە وەک هەموو نەخۆشەکانی تر، بەڵام نەخۆشییەکەی جەستەیی نییە و لە پێوەندی مێشکدایە. ئەو نەخۆشییە گەلێک تایبەتمەندە و بۆ چارەسەر پێویستی بە چازان و لێزان و پسپۆڕی بابەتەکە هەیە نەک لێدان و شێتخانە و نووشتە و بەستنەوە بە کۆڵەکەی تەویلەی ماڵی شێخەوە. نەخۆشی دەروونی دەبێ لە نەخۆشخانەی دەروونیدا چارەسەر وەربگرێت. ئەرکی حکوومەتەکانە نەخۆشخانەی تایبەتمەند بە پسپۆڕان و پەرستارانی تایبەتمەندەوە دابین بکات کە نەخۆشەکانی تێدا عیلاج بکرێن. بەڵام سەرەتا دەبێ ناوەندی ڕاوێژکاریی دەروونی لە هەموو شوێنێکی وڵات بنیات بنرێت کە ئەندامانی کۆمەڵگا پێش ئەوەی کێشە ئاساییەکانی ژیانیان گەورە ببنەوە و لێیان ببێتە نەخۆشی، بە ڕاوێژ و ڕێگا دۆزینەوە بۆ گرفتەکانی ژیان و یەک لەوان کێشەی تووڕەیی و ڕقبوونەوە، بە قسە و ئامۆژگاری، چارەسەر بکرێن. سەیرێکی هەواڵەکان مەترسیدار بوونی ئەو دیاردەیە و پێویست بوونی بەرەوپیر چوونی لە کۆمەڵگاکەمان دەردەخات: لە کەرکووک کەسێک کە نەخۆشی دەروونی بووە برای خۆی بە ٣٠ چەقۆ کوشتووە، کەسێک لە سەر وەستانی ئوتومبیل دەکووژرێت، پیاوێک لە سەر دەمەقاڵە بە چەقۆ دەکووژرێت، دوو قاچاخچی دوای کێشە و شەڕە جنێوی ناوخۆیان دەکووژرێن، لەسەر سەرچۆپی گرتنی شایی کەسێک تەقەی لێدەکرێت و دەکووژرێت، و...

مادەی هۆشبەر. چەند ساڵێکە مادەی هۆشبەر بۆتەیەک لە هۆکارەکانی تاوانی کوشتن و دزی کردن لە کوردستان و بە داخەوە بەشێک لە لاوەکانمان تووشی بوون. بۆ نموونە، لە هەواڵێکی مانگی پێنجی ساڵی ٢٠١٩ دا هاتووە: کوڕێک بە بەردەباران دایکی ٥٢ ساڵانی خۆی دەکووژێت؛ ئەو کوڕە کرێکاری گومرک[12]  و ئالوودی مادەی کریستاڵ بوو و پێش مانگێک لە سەر مادەی هۆشبەر لە زیندان ئازاد کرابوو (ڕووداو، ٦/٥/٢٠١٩).
مادەی هۆشبەر دیاردەیەکی نوێ بەڵام گەلێک بەربڵاوی ناو کۆمەڵگای کوردەواری بە تایبەت لە ناو لاواندایە. باشووری کوردستان پێشتر واتە پێش پەیدابوونی کریستاڵ و شیشە و مادەی کیمیایی هاوچەشن، تەنانەت لەگەڵ ڕووەکی وەک تلیاکیشدا ناسیاویی نەبوو کە دیاردەیەکی کۆنی ناوچەکەیە. سەرجەم ئەو مادە ماڵوێرانکەرانە، دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ ی ئێڕان تا ئێستا (بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ) بوونەتە میوانی نەخوازراوی کۆمەڵگاکەمان و بەهۆی پشتگیریی زۆری لاوەکییەوە پەرەیەکی بەرچاو و مەترسیداریان سەندووە.
گومان لەوەدا نییە کە هەموو ئەو مادانە لە وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێرانەوە هاوردەی هەرێم دەکرێن و جگە لە سوود و بەرژەوەندیی دارایی قاچاخچیان و چاوچنۆکانی فرۆشیار، هەندێک سیاسەتی گەورەتریشیان لە پشتە و بەگشتی دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ ی ئێران لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان پەرەیان سەندووە.[13]
ئەو کێشەیە مەحکووم کردن یان لە زینداندا ڕاگرتنی چەند تاکێک چارەسەری ناکات و سەرنجی وردی بەرپرسانی سیاسی و دەسەڵاتدارانی حکوومیی هەرێم و عیراقی پێویستە. چەند ساڵێک پێش ئێستا یەک لە بەرپرسانی پارێزگاکانی ئێران لە سەر سنوورەکانی عیراق (کە بە داخەوە لەبیرم نەماوە کێ بوو)، گوتی هەرکاتێک حکوومەتی هەرێم بەرگر بوو لە بەرانبەر قاچاخی مەشرووبات بۆ ناو ئێران، ئێمەش بەرگر دەبێن لە چوونی مادەی هۆشبەر بۆ ئەودیو! ئەوە ئیفادەیەکی ڕاشکاو و سەمەرەی سیاسی لە لایەن بەرپرسێکەوە بوو کە لە بنی مەنجەڵی دا و هەموو ڕاستییەکی شاراوەی پشت ئەم بازرگانییە قیزەوەنەی ئاشکرا کرد. دوای ئەو قسانە، ئایا گومانێک لە ناسینی سەرچاودا ماوە؟ ئەگەر مابێت سەیرێکی هەواڵی دەروازە سنوورییەکان گومانیان دەڕەوێنێت- ئەو دەروازانەی کە تلیاک و هێڕۆئین و شیشە کریستاڵ میوانی هەمیشەییانن. بەرپرسانی هەرێم ئەگەر پێشتریش بەو ڕاستییەیان نەزانیبێت، دەبێ ئێستا بزانن و چارەی بۆ بدۆزنەوە.[14]

سەرەڕۆیی. هەندێک خوڵقیاتی توندوتیژ هەن کە هیمنایەتی و ئاسایشی ناو ماڵ و شوێنی ئیش وکار و سەرجەم کۆمەڵگا تێکدەدەن و دەیکەنە گۆڕەپانی شەڕ و هەرا و دژبەرایەتی. تووڕەیی بێ کۆنتڕۆڵ، لەسەر ڕقی کۆن ڕۆیشتن، نەبوون یان کەمبوونی لێبووردوویی، بێ سەبر و تاقەتی، بەهێزبوونی هەستی تۆڵەسەندنەوە، دان بەخۆدا نەگرتن و دەربڕینی ڕق وکینە بەتایبەت دەرحەق بە ژن و ئەندامانی بنەماڵە و خزم و دۆست و برادەر و دراوسێ بەشێک لەو خوڵقیاتەن. دیارە هەموو ئەندامێکی هیچ کۆمەڵگایەک وەک یەک نین وخراپەکاران لە بەرانبەر ئەوانەدا کە ژیان بە سەرفرازی دەبەنە سەر، ژمارەیان گەلێک کەمترە، بەڵام بەداخەوە ئاسەواری خراپی کردەوەکانیان گەلێک زۆرە.
هەرچۆنێک بێت، خەڵکی ناوچەکەی ئێمە لە چاو خەڵکی ئەوروپا زووتر هەڵدەچن و کەمتر دان بەجەرگی خۆیاندا دەنێن،  ئەو کەسانەی وا بۆ ماوەی زۆر، لە وڵاتانی ڕۆژئاوایپدا ژیابێتن  بێگومان سەرنجیان داوەتە سەبر و تاقەت و دان بەخۆدا گرتنی خەڵک. لەم لایانە، زۆرێک لە کێشەکان بە داوای لێبووردنێک چارەسەر دەکرێت و تەواو دەبێت، بەڵام لای ئێمە وانییە و دەبێتە هۆی ئاڵۆزی و بشێوی نەک لە نێوان دوو کەسدا بەڵکوو تیرە و تایفە و عەشیرەتیشی بەشوێندا دێن. بێ جێ نابێت ئەگەر بۆ نموونە بابەتێک لێرەدا بهێنمەوە کە لە زمان نەمر جەلال تاڵەبانییەوە گێڕاویانەتەوە و ئەو ڕق ئەستووریی و لێنەبووردووییە لە لای ڕێبەرێکی سیاسی پایەبەرزی وەک ئەو دەردەخات، ئەویش لە کاتی وتووێژێکی گرنگی چارەنووسساز لەگەڵ تاریق عەزیزی وەزیری دەرەوەی حکوومەتی سەددام حسێندا.[15]
ئەوە جیاوازییەکی بەرچاوە لە نێوان ئێمە و ئەواندا کە لە سەرەتای هاتنی پەنابەرەوە بۆ ڕۆژئاوا خۆ دەردەخات و دەزانرێت ئێمە چەندە بێ سەبر و ئەوان چەند هێمن و لەسەرخۆن. دیارە ئەوە بەراورد کردنێکی گشتییە و زۆر واهەیە لە ئەزموونی خەڵک سەبارەت بە کەیسی تاقەکەسیدا پێچەوانە بێت؛ بەڵام بە گشتی  لە ناو ئێمەدا هەڵچوون وبەگژدا چوون و دەست بردن بۆ تۆڵەسەندنەوەی شەخسی لە دەرەوەی یاسا، لەوان گەلێک زیاترە!
ئەو ڕۆحە جێگەی وردبوونەوە و سەرنجی زیاترە لەبەر ئەوەی تەنانەت ئەگەر کێشەی چەکی گەرمیش چارەسەر بکرێت، دیسان مەسەلەی چەقۆ و کەتەر و پاچ و فڕێدانە خوار لە سەربان و شتی وادەمێنێتەوە. من لە ماوەی ٢٠ ساڵ کار و ئەرکی ڕۆژانەی خۆمدا وەک وەرگێڕی کوردی لە بەریتانیا ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی وەرگێڕانی بەڵگە و ئەوراقەوە لە کەیسی کووژرانی ١٠ کەس ئاگادار بووم کە لە شار و شاروچکەکانی ئەم ووڵاتە بە دەست کورد کووژراون و هەندێکیان بەریتانی و هەندێکی تریان کورد یان بێگانەی نیشتەجێی بەریتانیا بوون. جیا لەوەش، لە سەردانی زیندانەکاندا چاوم بە پێنج مرۆڤکوژی دیکەی کورد کەوتووە کە خەڵکەکەیان بە گشتی بە چەقۆ یان بە تەقاندنەوەی شوێن کوشتووە. هەروەها بە دەیان، ئەگەر سەدان نەبێت، هەواڵی شەڕ و بریندار کردنی خەڵکم زانیوە و بکەرە کوردەکانیانم لە زیندان و دادگا و لای پۆلیس و پارێزەر بینیوە کە لە هەموویاندا کەڵک لە چەقۆ وەرگیراوە و ئاشکراشە کە هەر هەموویان سەرپێچی کردن بوون لە یاسا، جا لە دزی و قاچاخچییەتی و ڕێگریی و تەڵەکە کردنی خەڵک و ڕفاندنی ئوتومبیلەوە بگرە تا دەستدرێژیی سەر ژنان و کچان و تاوانی دیکەی هاوچەشن. بەشێک لەو تاوانانە کەسانێک کردوویانە کە ماوەی ساڵێک و دوان و تەنانەت مانگێک و دوان بووە هاتوونەتە بەریتانیا. ئەوان ئاوێنەی باڵانوێنی هەل ومەرجی ناوخۆی وڵات و خەڵکەکەین.
وەک پێشترگوتم، بارودۆخی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش کەم و زۆر هاوشێوەی باشووری وڵاتە و من هەر لێرە لە بەریتانیا ئاگاداری کەیسی مرۆڤکوژیی و سەرپێچی کردنی کوردی ڕۆژهەڵات و باکووریش بووم، تەنانەت یەکیان ژن و ژنبرای خۆی کوشتبوو و خەسووەکەشی بریندار کردبوو.
ئەوە ئەرکی کۆمەڵناسان و پسپۆڕانی سایکۆلۆگ و عیلاجکارانی نەخۆشیی دەروونییە لەو دیاردە گرنگە و ڕێگای چارەسەری بکۆڵنەوە، کە وەک مۆریانە هەناوی کۆمەڵگای کورد دەخواتەوە و تۆوی دووبەرەکیی دواڕۆژیش دەچێنێت. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئێمە بۆچی وا بێ دەربەست و بێ تاقەت و گوێنەدەرین کە لە شاییدا لەسەر ئەوەی کێ سەرچۆپی بگرێت یان دەمەقاڵەیەکی ئاسایی یان ٢٠ مەتر زەوی، مرۆڤێک دەکووژین؟  
جگە لەو خاڵانەی سەرەوە، هەندێک کێشەی ناو کۆمەڵگا هەن کە چارەسەری ئاساییان دەبێ لە لایەن هێزی دادوەرییەوە بێت. ئەو گرفتە کۆمەڵایەتییانە هەرکام بە شێوەیەک دژ بە تەبایی نێوان کۆمەڵانی خەڵک و هێمنایەتی و ئاسایشی وڵات دەوەستن و بەرگرن لە بەرانبەر دامەزرانی کۆمەڵگایەکی ئازادی دیموکرات، کە تێیدا یاسا سەروەر بێت و گەورە و بچووک لەبەرانبەریدا یەکسان بن. ئەوانە هەرکام لە هەواڵە تۆمارکراوەکانی ناو ئەم توێژینەوەیەدا دەرکەوتوون.

ڕووداوی هاتووچۆ. باوەکوو ئەو بابەتە خۆی لە دەرەوەی بازنەی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا دەنوێنێت، بەڵام بێگومان ئەویش کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە کە تێیدا تاوانی وەک لێخوڕینی بێ مۆڵەت و بێ بیمە (دڵنیایی)، تووڕەیی و خووی شەڕانیی خەڵک و بوونی چەک بەدەست کۆمەڵانی خەڵکەوە دەور دەبینن. بە گوێرەی هەواڵێکی سایتی ڕووداو کە لە ڕۆژی ٣٠/١٢/٢٠١٨ دا بڵاو بووەوە، لە ساڵی ٢٠١٨ دا بە هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە تەنیا لە هەولێر ٢٦٢ کەس گیانیان لە دەستداوە. ئەوە هەولێرە بە شەقامی ١٠٠ مەتری و ١٢٠ مەترییەوە، دەبێ لە شوێنەکانی دیکە چ ڕوویدابێت؟ لە نموونەیەکی کارەکەدا هەواڵ گەیشتووە کە دوای پێکدادانی دوو ئوتومبیل، کەسێک کووژرا. دیارە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت ئەوکەسە بە دەعمی سەیارەکان کووژرابێت، بەڵام لە درێژەی هەواڵەکەدا تێدەگەین نەخێر، بە تەقەی یەک لە لایەنەکان کووژراوە! واتە چەکی بێ مۆڵەت لە لایەک و زوو هەڵچوونی لایەنەکان لە لایەکی تر، دەبنە سەرباری بێ دەسەڵاتیی دەزگای داوەری و لە ئەنجامدا کەسەکان یاسا دەگرنە دەستی خۆیان و بەڕێوەشی دەبەن ئەویش لەو شێوەبێ بەزەییانەیدا. لە ڕووداوی دیکەدا لەسەر چۆنیەتی ڕاگرتنی ئوتومبیل، فوول لایت، هۆڕن لێدان یان دەست شکاندنەوەی ئوتومبیل خەڵکانێک کووژراون و بنەماڵەیەکی زۆر ئازیەتبار بوون.

پێشمەرگە. پێشمەرگە لە ڕابردووش و ئێستاشدا خۆشەویستترین گرووپی کۆمەڵایەتی بووە و هەیە لە ناو خەڵکی کوردستاندا. شەهید بوونی زیاد لە دوو هەزار پێشمەرگە تەنیا لە شەڕی داعش و پارێزگاریکردنی گیان و ماڵ و کەرامەتی خەڵکدا، نموونەی فیداکارییەکانی ئەو ڕۆڵە قارەمانانەی گەلەکەمانە، ئەویش لە ماوەی دەست تەنگی و بێ بودجەیی سەردەمی نووری مالیکی و دوای ئەویشدا کە زۆرێک لەو قارەمانانەی وا لە سەر سنوورەکان داکۆکییان لە کەس وکاری ئێمە دەکرد، تەنانەت کرێ خانوو و و مەسرەفی ڕۆژانەی کەس وکاری خۆیان بۆ دابین نەدەکرا.
لە ناو هەواڵی کوشتن و کووژران و خۆکوشتندا سەرنجی خوێنەر بەرەو ئەو ڕاستییە ڕادەکێشرێت کە بەشێک لەو تاوانانە خۆمان دەرحەق بە پێشمەرگە کردوومانە یان هەبووە لە لایەن ئەوانەوە دژ بە کەس وکار و خەڵکانی دیکە کراون. هەواڵی پێوەندیدار بەو دیاردەیە لە هەردوو ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ دا بەرچاو دەکەوێت. ئەو دیاردەیە دەتوانێ پیشاندەری قەیرانێکی کۆمەڵایەتی- سیاسی بێت کە پێویستە چارەسەری پسپۆڕانەی بۆ بدۆزرێتەوە. ئایا بارودۆخی دارایی و ناتەواویی ناوماڵ هۆکاری ئەو کردەوانە بوون یاخود ڕاهێنان و فێرکردنەکان ناتەواون؟ هیوایە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوو حزبە سەرەکییەکەی پێکهێنەری هێزی پێشمەرگە لەبیری ئەو مەسەلەیەدا بن و حکوومەت کە بەختەوەرانە بەتەمای یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیە، پێش ئەوەی ئەندامانی هێزەکە بەرێتە سەر کاروباری ڕۆژانەیان، بیر لە ڕاهێنانێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی، نەک حزبیی، هەموو ئەندامەکانی ئەو هێزە بکاتەوە. من نەمبیستووە لە وڵاتانی دیکەدا پۆلیس و هێزی دابینکەری ئاسایشی خەڵک، لە ژێر گوشارێکی ڕۆحیی ئەوتۆدا بن کە بەو ڕادەیە بکەونە بیری خۆکوشتن یان کوشتنی خەڵک و کەس وکاری خۆیان.

مێدیای چەواشەکار. لاوازی و کەم توانایی بنەماڵەکانە لە بەرانبەر هەندێک فێرکردنی چەواشەکارانەی ڕادیۆ، تەلەفیزیۆن و بەتایبەت میدیای مەجازیدا مەسەلەیەکی نوێی ئەم سەردەمەیە. پێوەندی نزیکی دایک وباوک لەگەڵ منداڵ کلیلی سەرکەوتووبوونی ڕاهێنانی بەڕێ وجێ و دوورخستنەوەی منداڵە لە تاوان و سەرپێچی دواڕۆژ. منداڵی ئەمڕۆ لەچاو جاران هەم ئازادیی زیاتر دەخوازێت و هەم لە چەند لایەنەوە کۆنتڕۆڵ کردنی زیاتری پێویستە! چارەسەری ئەو دوو دژایەتییە و دۆزینەوەی ڕێبازێک کە هەم ئازادییەکی ڕێژەیی بۆ منداڵ دابین بکات و هەم لاڕێ ڕۆیشتنی لەژێر چاوەدێریدا بێت، کارێکی سانا نییە و زیاتر وەک دیوارێکی باریکە کە ئەگەری بەلایەکدا کەوتنی کەم نییە. کەوتنی زۆر بەلای ئازادیدا واهەیە منداڵ بخاتە داوی عارەق و قومار و دەرمان خواردن و دەستدرێژی و دەیان فێڵ و تەڵەکەی سەر ئینترنێت لە ئەنجامدا نەک هەر سوودێکی بۆ بنەماڵە و گەلەکەی نەبێت بەڵکوو لە هەر پۆست و مەقامێکدا بوو، وەک تەشوێ هەربەرەوخۆی بتاشێت. لایەکەی دیکەش واتە چاوەدێریی زیاد لە ئەندازەی مەعقوول ئەگەر لە ڕابردوودا گونجاو بووە ئەمڕۆ لە سەردەمی ئینتەرنێتدا بێ ئەنجامە و پێوەندی منداڵ لەگەڵ بنەماڵە، بە تایبەت لە سەردەمی لاویەتیدا لەرزۆک و بێ هێز دەکات و هەر ئەوە خۆی واهەیە بەرەو سەرپێچی کردن لە پەیڕەوی بنەماڵە و لە ئەنجامدا یاسای کۆمەڵگا و وڵاتی ببات.  
لە پێوەندی ئەم باسەدا پێویستە بگوترێت جگە لە مێدیای مەجازی، مێدیا گرنگە بایەخدارەکانی باشوور، لە چاو وڵاتانی دەوروبەر، ئازادییەکی بەرچاوی ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتنیان هەیە و ئەوە جێگەی شانازی و ڕەزامەندییەکی زۆرە. لە باشوور بە شێوەیەکی بەردەوام وتار و هەواڵی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە بەرپرسانی باڵای حکوومی لە ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنە فەرمی و حزبییەکاندا بڵاو دەبێتەوە کە دەسکەوتێکی مەزنە و پێویستە بپارێزرێن و پەرە بستێنن. بەڵام لە لایەکی دیکەوە نزیک بە هەموو ئەو دەزگا چاپەمەنییانە یا حزبین یان بودجەیان لە لایەن حزبێکی سیاسییەوە دابین دەکرێت و هەربۆیەش زوربەی جار یەک لایەنە دەڕواننە کێشە سیاسی- کۆمەڵایەتییەکان. سەرکەوتوویی ئەو دەزگایانە کاتێک مسۆگەر دەبێت کە وەک چاپەمەنییەکانی وڵاتانی دیموکرات، بتوانن بە بێ ترس لە بڕینی مووچە و تەنیا بە پاڵپشتی خەڵک کەم وکووڕییەکانی ناو کۆمەڵگا بخەنە ڕوو و بەرپرسەکانیان لەقاو بدەن.
بە هەمان شێوە، بەشێکی زۆر لە ڕووناکبیرانی باشوورو ئەوانەی وا بە سەربەخۆ و غەیرە حزبی دەناسرێن، لە کۆتایی کاردا لایەنگری یەک لەو چەند دەسەڵاتە حزبییەن و تەنیا لایەنەکەی دیکە دەخەنە بەر تیغی قەلەم. ئەوە جێگەی داخێکی زۆرە. ڕووناکبیر لە تەعبیرە ڕۆژئاواییەکەیدا کەسێکە لە قەید و بەندی حزبی، قەومی و ئایینی ڕزگاری هاتبێت و دیاردەکان بە چاویلکەیەکی بێ لایەنییەوە سەیر بکات و بە شێوەیەکی ڕەها بەرژەوەندیی خەڵک و و داهاتووی مرۆڤایەتی بەلاوە گرنگ بێت. ئایا ڕووناکبیرانی کورد لەو ئاستەی ڕووناکبیرانی ڕۆژئاواییدان و بە گشتی ئێمە ڕووناکبیرمان هەیە؟ ئەی ئەو هەموو سمینار و کۆنفەرانس و پیشانگە و سەفەرە بێ کەڵک و پڕ مەسرەفانە چییە لە هەموو لایەکەوە بەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمیدا دەسەپێنن؟ بانگهێشتنی دەیان کەس لە وڵاتانی جیهانەوە و میوانداریکردنیان لە ئوتێلی چوار و پێنج ئەستێرە بۆ ماوەی هەفتەیەک و دوان لە ماوەی ئەم ساڵانەدا چ دەسکەوتێکی بووە؟ لە هەل و مەرجێکدا کە خەڵک کارەبایان نییە و کێشەی ئاو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە گەورە بوونەوەدایە، ڕێگایەکی ئاسنین لە کوردستان نییە، جادەکان لەت وکوتن و پارەی مووچەی فەرمانبەران چەند مانگ دوا کەوتووە، ئایا ئەو هەنگاوە کەم بایەخانە بۆ سوودی گەل و نیشتمان هەڵدەهێنرێنەوە یان بۆ ناو و گیرفان؟ لە هەموو ئەو ساڵانەدا دەیان گرووپی هەڵپەڕکی و مۆسیقای بێ ناو و بێ نرخی فۆلکلۆری بە مەسرەفێکی نجوومی هێنراونەتە کوردستان بەڵام چوار پیانیست پەروەردە نەکراون، کۆنسێرڤاتوارێک بۆ فێرکردنی دەنگ بێژان دانەمەزراوە، مامۆستایەکی مەقامات لە ئازەربایجان یان ئێرانەوە نەهێنراوەتە کوردستان کە دەنگ بێژەکانمان فێری ئوسووڵی هونەری مۆسیقای مەقامی بکات یان قوتابییەک نەنێرراوەتە ئیتالیا و ڕووسیا بۆ ئەوەی فێری ئۆپێڕا و سەمای بالە بن و لە گەڕانەوەدا خەڵکانی دیکەش فێر بکەن. ئێستا مۆسیقاکەمان وەک نموونەیەکی بەرچاوی هەموو بەشەکانی هونەر لە قوڕی فۆلکلۆر چەقیوە و نایەتە دەر؛ دەیان حەسەن زیرەک و ماملێ و عەلی مەردانی تەزویری سەریان هەڵداوە کە کاوێژی رابردوو دەکەن بێ ئەوەی هەنگاوێک مۆسیقاکەمان بەرنە پێشەوە. کێ هەیە بپرسێت ئەو بودجە ملوێنییانەی ئەو سی ساڵە چی لێهاتووە؟ ڕووناکبیرانمان بێ گومان لە بەشێکی ئەو تاڵان و بڕۆیەدا شەریکن و لە دواڕۆژی حیساب لێوەرگرتنەوەدا دەبێ وەڵامی خەڵک بدەنەوە. 

کۆتایی قسە
ئەوەی کەوتە بەرچاوی خوێنەر وێنەیەکی ڕەش بوو لە کۆمەڵگای کورد بە گشتی و باشووری کوردستان بە تایبەت. هیچ پاساوێک بۆ کوشتن یان توندوتیژی نواندن لە کوردستان و هیچ کۆمەڵگایەکی دیکەی جیهان نییە. ئەوەی گرنگە بەدواداچوون و دۆزینەوەی ڕەهەندەکانی سەرپێچی و تاوانە. زۆرێک لەو تاوانانە ڕاستەوخۆ پێوەندیان بە دەسەڵات و حکوومەتی هەرێمەوە نییە و ناکرێت سەرجەم سیستەمە سیاسییەکە بە بەرپرسی ڕاستەوخۆیان بزانرێت. بەڵام لە کۆتایی کاردا، حکوومەت چەترێکە بە سەر خەڵکەوە و ئەرکی پارێزگاری و چاودێری کردنی کۆمەڵگای لەسەر شانە. هەر ئەوە کە دەسەڵاتی سیاسی، سوپایی و ئابووریی هەیە و لە ڕێگەی هەندێک دام و دەزگای مووچەخۆرەوە (دادگا، پێشمەرگە، پۆلیس و ...)، دەبێ ئاسایش و سەلامەتی هەموو تاکێک، بە تایبەت کەسانی چەوساوە و کەم دەسەڵات لە بەرانبەر زۆردار و ملهوڕ و چەوسێنەر دابین بکات. هەر ئەویشە کە دەتوانێت لەڕێگەی ئەنستیتووتە کۆمەڵایەتییەکان وەک قوتابخانە و زانکۆ و پەیڕەوی ناو دەزگا حکوومییەکانەوە هەوڵی پەروەردە کردنی کۆمەڵانی گەل و ڕاکێشانی وەفادارییان بە قانوون و نەزمی کۆمەڵایەتی بدات. بەرگریکردن لە دەست تێوەردانی حزب و هۆز و شێخ و مەلا لە کاروباری یاساییش ئەرکی سەرشانی حکوومەتە. هەر حکوومەتیش دەتوانێ چەک بە دەست خەڵکانی نابەرپرسەوە نەهێڵێت.
بەڵام تاکی ناو کۆمەڵگا و بنەماڵەش لەو تاوانانەدا بێ لایەن نین. حکوومەت ناتوانێت بەرپرس بێت لە بەرانبەر تاوانی کووژرانی باوکی ١٠ منداڵ کە دوو کەس هەڵدەکوتنە سەری و بە تاوانی ئەوەی کچی خۆی نەداوەتە یەکیان، دەیکووژن. کوشتنی کەسێکی دیکە لەسەر کۆترێک یان سەرچۆپی گرتنێک یان ٨ هەزار دینار پارە پێوەندی بە حکوومەتەوە نییە. بۆ ئەوەی ئەو تاوانانە بنبڕ بن یان کەم بکرێنەوە، دەىێ کۆمەڵگاکەمان بەخۆیدا بچێتەوە و میکرۆبی ڕق و کین و تووڕەیی و هەڵچوون و دەست بۆ چەک بردن و هەڵاتن بۆ دەرەوەی وڵات لە دەمارەکانیدا نەهێڵێت. کچ لە ماڵە باب گوشاری دایک و باوک و برای لەسەرە و لە ماڵە مێرد، کە دەبێ سەردەمی ئازادی و سەربەخۆیی و هاوبەشی لەگەڵ مێرد بێت، نەک هەر بەو مافە سروشتییانەی ناگات بەڵکوو بە تۆمەتێکی ساکار دەکووژرێت. ئەوانە ناتەواویی کۆمەڵگاکەمانن، دەسەڵاتدارانی حکوومەتیش هەر لە ناو ئەو کۆمەڵگایە هەستاون و کەم و زۆر هەڵگری هەمان کەلتوورن. بە بێ چارەسەری بنەڕەتی لە ناخی کۆمەڵگاوە، ئەستەمە دەرهاوێژ و ئاکامەکانیان چارەسەر بکرێن.    


ئەدرەسەکانیان:
ڕووداو: https://www.rudaw.net/sorani
ئاوێنە:  http://www.awene.com/
سبەی: https://www.sbeiy.com/
ئێن ئاڕ تی: http://www.nrttv.com/default.aspx 
لڤین: https://lvinpress.com/default.aspx
کوردستان ٢٤: https://www.kurdistan24.net/so/newslist
شەن ئێکسپرێس: http://www.shanpress.com/Default.aspx

چەند تێبینی


١.  ئەم لێکۆڵینەوەیە لە سەر بنەمای هەواڵی سەر سایتەکان بەڕێوە چووە و نووسەر بەرپرسی ڕاست و چەوتی هەواڵەکان یان تاوانباری و بێ تاوانی کەسەکان نییە. حەقیقەتی ڕووداوەکان دەبێ لە دادگادا ڕوون ببنەوە. بۆی هەیە ئەوەی لە هەواڵێکدا ڕاگەیەنراوە، درەنگتر لە دادگادا پێچەوانەکەی دەر بچێت.
٢. نووسەر لە دوورەوڵاتیدا لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لەسەر ئەم بابەتە بەڕێوە نەبردووە، هەروەها دەستی بە سەرچاوە فەرمی و یاساییەکانیش ڕانەگەیشتووە، لە ئەنجامدا تەنیا کەڵک لە هەواڵەکانی سەر چەند سایتی ئینترنێتی وەەرگیراوە و ناوی سایتەکانیش لەسەرەوە ڕاگەیێنراون. هەواڵی ئەوەش هەیە کە پێشتر لە زانکۆی سۆران توێژینەوەیەکی پسپۆڕانە لە سەر ئەو بابەتە کراوە، بەڵام بە داخەوە نووسەر چاوی پێی نەکەوتووە. واهەیە گەلێک کاری هاوچەشنیش لە زانکۆکانی دیکەدا بەڕێوە چووبێت.
٣. لە دوومەجالی جیاوازدا تۆماری هەواڵەکان بەهۆی سەفەری نووسەرەوە هەرجارەی  بۆ ماوەی هەفتەیەک پچڕاون. کەوابوو، ئامارەکان ڕێژەیین و ژمارەیان دەبێ لەوەی لێرەدا ڕاگەیێنراون هەندێک زیاتربن.
٤.ئەم بابەتە پاش نووسران نێرراوە بۆ چەند کەسایەتی شارەزا و بۆچوونیان لێ خوازراوە. نووسەر بە ئەرکی خۆی دەزانێت سپاسی زۆری ئەو بەڕێزانە بکات بۆ خوێندنەوە و دەربڕینی بۆچوون و زیاد وکەم کردنی هەندیک بەشی وتارەکە. سپاسی تایبەت بۆ ئەو مامۆستا بەڕێزەی کە جگە لە خوێندنەوە و هەڵەبڕی کردنی وورد، بەشێک لە ئامارەکانی ناو وتارەکەی کرد بە گڕافیک، هەر ئەوانەی وا لێرەدا دەیانبینن. هەموو ئەو بەرێزانە لەبەر دڵسۆزی و خەمخۆریی کۆمەڵگا ئەو زەحمەتەیان کێشاوە، دەستیان خۆش بێت و خواستی خۆیان بووە کە ناویان ڕانەگەیەنرێت. هەروا خەمخۆر و خزمەتکاری گەلەکەیان بن. 



[1]  لای کەم بەشێک لە حزبە ئیسلامییەکان سەرەڕای هەبوونی هەموو کەرەسەیەکی پڕوپاگەندە وەک تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و سایتی ئینتەرنێتی، زیاتر لە منبەری مزگەوتەکان کەڵک وەردەگرن و ئێستا دەیان کەسی هاوشێوەی مەلا کرێکار هەن کە حکوومەتی هەرێم بە دوژمنی خۆیان و ئەردۆغان و قاسمی سولەیمانی و ئەو سیستەمە سیاسییانەی وا ئەوان نوێنەرایەتی دەکەن، بە ئامانجێکی خۆیان دادەنێن کە بۆ دامەزراندنی دەبێ بە سەر خۆڵەمێشی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەنگاو هەڵێنن.
[2]  "سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان دەڵێ ٧٤٪ ی بەندیخانەکان لە عیراق، شیاو نین بۆ زیندانیەکان." هەواڵی ڕۆژی ٢٨/١٢/٢٠١٧ ی سایتی شەن ئێکسپرێس: http://www.shanpress.com/Default.aspx
[3]  کۆکردنەوەی زانیاری و هەواڵ بۆ ئەم لێکۆڵێنەوەیە لە دوایین ڕۆژەکانی مانگی پێنجی ساڵی ٢٠١٩ دا کۆتایی پێهاتووە. بەداخەوە لە مانگی ٦ و ٧ و ٨ دا هەوالەکانی سەر سایتە ئینتەرنێتییەکان لەمەڕ تاوان و سەرپێچی لە یاسا نەک کەمتر لە مانگەکانی پێشتر، بەڵکوو زیاتریش بوو. هەر ئەوە خۆی گرنگایەتی چارەسەری ئەو نەخۆشییە کۆمەڵایەتییانە دەردەخات. بۆ نموونە، سایتی سبەی لە ڕۆژی ١٧/٧/٢٠١٩ دا ئەم هەوالەی بڵاو کردەوە: "ئەمڕۆ سێشەممە، رێباز زێوەر مستەفا بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانى بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەولێر، رایگەیاند؛ لە شەش مانگی یەکەمى ئەمساڵدا (30) حاڵەتی سوتان و (20) حاڵەتی خۆسوتاندن و شەش حاڵەتی كوشتنی ژنان و (10) حاڵەتی خۆكوشتن تۆمار کراوەن جگە لە تۆمارکردنى (14) حاڵەتی دەستدرێژی سێكسی و (1846) سكاڵا.سەبارەت بە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی كە شەلتەرەكانی ژنانە ئەوحاڵەتانەی هەڕەشەیان لەسەرە ئەمساڵ (168) ئافرەت رەوانەكراون و (137) حاڵەت چارەسەر كراون و (31) حاڵەتیش لە شوێنی مانەوەدا ماون." هەر ئەو سایتە لە ڕۆژی ٢١/٧/٢٠١٩ دا ڕایگەیاند: "رۆژانە (20) حاڵەتی توندوتیژی سێكسی لە هەرێم تۆمار دەكرێت."دیارە ئەو ئامارانە کە سەرچاوەیەکی فەری یان پیشەیی بڵاوی دەکاتەوە گەلێک ووردتر و جێگەی بڕوای زیاترن لە ئامارەکانی من کە لە سەرچاوە هەواڵنێرییەکان وەرگیراون، بەڵام بە هیچ شێوەیەک دژ بەو ناوەستن و قووڵایی کێشەکە زیاتر پیشان دەدەن.
[4]. بکەرانی تاوان لەو سێ وڵاتەش خەڵکی باشووری کوردستان بوون.
[5]  واهەیە لە قۆناغەکانی دوای ئەو ڕاگەیاندنانەدا ناسنامەی کەسەکان ڕوون بووبێتەوە. بەڵام لە ڕاگەیاندنە سەرەتاییەکاندا وەک "تەرم' ناوهێنراون و منیش بەو ناوەوە تۆمارم کردوون.  
[6]  ڕەنگە هەواڵی کووژرانی ئەفسەرێکی هێزەکانی ناوخۆ بە دەست ئەفسەرێکی فێدڕاڵی، نموونەیەکی باش بێت بۆ دەرخستنی ئەو هەڵچوونە بێ کۆنتڕۆڵەی مرۆڤ. ڤیدیۆی ئەم ڕووداوە لە ڕۆژی ٢٩/٧/٢٠١٩ لە سەر سایتی کوردستان ٢٤ دانرا. سەرنجێکی ساکاری ڤیدیۆکە دەریدەخات کە لە سەرەتای هاتنەدەری لایەنێکی کێشەکە لە ئوتومبیلەکەی و دەسپێکی دەمەقاڵەوە تا کووژرانی یەک لە لایەنەکان، سەرجەم ١٦ چرکەی پێدەچێت، واتە لایەنەکان لەو ماوە کورتەدا دەگەنە ڕادەیەک لە تووڕەیی و هەڵچوون کە دەست بۆ چەک دەبەن و گیانی مرۆڤێک دەستێنن. ئەو ڕووداوە ئاوێنەی باڵانوێنی بەشێک لە خەڵکە لە ناوچەیەک کە ئێمەی تێدا دەژین.(ڕێکەوتی ڕووداوەکە هەندێک درەنگترە لە ماوەی تۆمارەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە بەڵام لەو ماوە زەمەنییەدایە کەا ڕاپۆرتەکە ەدەست ئامادەکردنەوە بووە).
[7]  باوەکوو لە دەرەوەی مەودای ئەم لێکۆڵینەوەیەدایە، بەڵام بە گوێرەی ڕاگەیاندنی سایتی ئاوێنە، به‌رێوبه‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی لە مانگی حەوتی  ساڵی ٢٠١٩ دا رایگەیاندووە ''له‌شه‌و و رۆژێكدا له‌سلێمانی شه‌ش هاووڵاتی بونه‌ته‌ قوربانی رووداوه‌كانی هاتوچۆ'' (ڕۆژی ١١/٧/٢٠١٩ بینراوە)
[8]  ئەو دووبەرەکییەی ناو کۆمەڵگا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەڵوێستی حزبە سیاسییەکان و ناکۆکیی نێوانیان  هەیە، کێشەیەکی زیانبار، کە ساڵی ٢٠١٧ لە مەسەلەی کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکاندا بەڕوونی خۆی نواند.
[9]  بە گوێرەی ئەنجامی ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧، ڕێژەی ٩٢.٧٣٪ ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەنگیان بە سەربەخۆیی داوە.
[10]. سایتی ڕووداو ڕاپۆرتێکی پڕواتای سەبارەت بە دەسەڵاتی دیوەخانی سەرۆک عەشیرەتەکانی باشوور لە بەرانبەر دام و دەزگای دادوەریدا بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا سەرەک هۆزێک دەڵێ "دادوەر هەبووە کێشەی خۆی هێناوەتە لای ئێمە." (دیوەخان، دادگای سێبەر لە کوردستان، ڕووداو، ٤/٧/٢٠١٨) بڕوانە:
 https://www.rudaw.net/NewsDetails.aspx?pageid=387818
[11]   لەوانە، دامەزرانی مافی کۆپی ڕایتس بۆ کتێب و ڤیدیۆ و بەرهەمی هونەری، یان لابردنی یاسای پڕ شەرمەزاریی ناسراو بە 'ژمارەی ئەسپاردن' (رقم الایداع)، کە بە گوێرەی ئەو هەموو مافێکی ئازادی بیروڕا و ئازادیی ڕاگەیاندن پێشێل دەکرێت و دەزگایەکی نادیاری سانسۆر بە سەر بیر و هزری هونەرمەند و نووسەر و شاعیردا زاڵ دەبێت- کەم و زۆر وەک ئەوەی وا ئایەتوڵڵاکانی ئێران دەیکەن!
[12]  گرنگە سەرنج بدرێتە سەر پیشەی کوڕەلاوەکە و پێوەندایەتی ئەو بە گومرک و سەر سنوورەوە.
[13]  پێش ئەو ساڵانە، تەنانەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دوور بوو لەو ئالوودەییە و وا هەبوو تاکە شوێنی ئێران بێت کە کەمترین ژمارەی تێوەتلاوانی مادەی هۆشبەری تێدا دەبینرا. بەڵام هەر لە ماوەی ئەو ٤٠ ساڵەدا ژمارەی موعتاد و تێوەتلاو لەوێش بە سەدان قات (خۆ ئەگەر هەزارانیش نەبێت!) زیادی کردووە.
[14]  پێش ئەوەی ئەم ڕاپۆرتە بێتە کۆتایی، لە هەواڵەکانی ڕۆژی ٦/٨/٢٠١٩ ی سایتی ڕووداودادا هاتبوو: "ڕۆژی ١/٨/٢٠١٩ ئاسایشی هەولێر ژنە فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی ژنان و نەوجەوانانی هەولێر، بەتۆمەتی مامەڵەكردن بە ماددەی هۆشبەرەوە گرتووە!" دیارە لەبەر ئەوەی تاوانەکە هێشتا لە دادگا یەکلایی نەبۆتەوە لێرەدا ناکرێت کەسەکە بە تاوانبار بناسرێت، بەڵام هەر نەفسی گیرانی کەسێک کە بەڕێوەبەری "چاکسازی" ژنان و مێردمنداڵانە بە تۆمەتی "خراپسازی"! جێگەی بیر کردنەوەیە. ئەوە چ کۆمەڵگایەکە و ئێمە چ خەڵکێکین کە لە جیاتی نۆشداڕوو، ژەهر دەدەینە نەخۆشەکەمان؟

[15]  لە باسی وتووێژی مام جەلال و وەڤدی کورددا لەگەڵ تارق عەزیز، بە ئامادەبوونی دوکتۆر قاسملوو: "...تاریق عەزیز گوتی دوای ڕێکەوتن هەرکەسێ پەیوەندی بە قەزافیەوە بکات وای لێدەکەین! منیش بە ڕاستی زۆر تووڕەبووم، هەموو شتەکانی بەردەمم کۆکردەوە، عەینەکەکەم لە چاوم کردەوە و کورسییەکەم وەرگێڕا و گوتم ئەمن قسە لەگەڵ تۆ ناکەم. گوتی بۆ؟ گوتم ئایا ئێمە بەندیی شەڕین یان وەڤدین و هاتووین بۆ کفتگۆکردن؟ بۆیە ئێمە ئەو شێوەیە ڕەت دەکەینەوە. ئێمە وەکوو دوو حیزب مامەڵە لەگەڵ یەک دەکەین، ئەو لەهجانەش لە گفتگۆدا ڕەت دەکەینەوە. ئەویش گوتی برام، من گاڵتە دەکەم! منیش گوتم نەخێر ئەوە گاڵتە نییە، چۆن عیبارەتی وا بەکار دێنی، ئەسڵەن لەگەڵ تۆ هەر دانانیشم و قسە ناکەم. گوتیەوە برام داوای لێبووردن دەکەم. گوتم لێبووردن قبووڵ ناکەم. گوتی باشە قسەکانم سەحب دەکەمەوە، گوتم ئەوەش قبووڵ ناکەم. گوتی داوادەکەم کە لە مەحزەرەی کۆبوونەوەکە بیسڕنەوە، گوتم ئەوەش قبووڵ ناکەم. گوتی باشە چیتان دەوێت؟ دەڵێم قسەکەم سەحب دەکەمەوە، داوای لێبووردن دەکەم، داوادەکەم قسەکە لە مەحزەرەی کۆبوونەوەکە بسڕنەوە، من بە ڕاستیم نەبووە، تۆ هەزار جار دەڵێیت "بەعسی فاشی" و حکوومەتی دیکتاتۆر، ئێمە عاجز نابین... لەوکاتەدا دوکتۆر قاسملووکە لە کۆبوونەوەکەدا بوو،نامەیەکی بچووکی دامێ ونووسیبووی بە ڕای من لێبووردنەکەی تاریق عەزیز قبووڵ بکە. ڕاوێژی برادەرانم کرد. مەلا بەختیار و مولازم عومەر و ئەوان گوتیان ئێمەش پێمان باشە قبووڵی بکەیت. منیش گوتم باشە قبووڵم کرد. جەلسەکە نەختێک تێکچوو بەڵام دوایی دەستمان پێکردەوە..." ( مام جەلال، دیداری تەمەن، لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری، ئامادە کردنی سەلاح ڕەشید، بەرگی دووهەم، ناشر ؟،شوێن ؟، ساڵی ٢٠١٧، لاپەڕە ١٥٥ و ١٥٦)

 

بەشی دووهەم

ئەو هەوڵانەی وا سەرچاوەی هەڵسەنگاندنەکە بوون

 

ئەوەی لێرەدا دەبینرێت سەرجەم ئەو هەواڵانەی سەر سایتە کوردییەکانن کە ئەم لێکۆڵینەوەیە لە سەر بنەمای ئەوان بەڕێوە چووە. وەک لە دەقی وتارەکەدا گوتراوە، هەواڵەکان لە ماوەی ١٣ مانگی نێوان ١/٥/٢٠١٨ و ٣٠/٥/٢٠١٩ دا گردوکۆ کراون. لە سەرەتای هەواڵەکاندا هەواڵێک سەبارەت بە ئاماری شەش مانگەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان و  وتارێکی پسپۆڕانەی مامۆستا عارف قوربانی ڕادەگەیەنرێت کە هەر لەو بڕگە زەمەنییەدا بڵاو بوونەتەوە کە ئەم لێکۆڵینەوەیە بەڕێوەبراوە. بە شوێن ئەودا سەرجەم ئەو هەواڵانە ڕادەگوێزرێن کە پاڵپشت و دەستاوێژی توێژینەوەکە بوون.


ئاماری شەش مانگی رابردووی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە

Kurdistan24 ‌هەولێر |
8 خولەك لەمەوپێش

لە شەش مانگی رابردوو لە هەرێمی کوردستان، 211 ئافرەت بە هۆکاری جیاواز کوژراو یان سووتێنراون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماری شەش مانگی رابردووی خۆی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، 22 ژن کوژراون، 32 ژن خۆیان کوشتووە، 99 ژن سوتاون و 58 ژنیش سوتێنراون. هەروەها، 47 ژنیش دەستدرێژی سێکسی کراوەتەوە سەر.
ئاماژە بەوەشدراوە، چوار هەزار و 972 سکاڵا لەبارەی توندوتیژی دژی ژنان تۆمار کراوە. (  (24/8/2019



لینک:
   https://www.kurdistan24.net/so/news/fbc9301f-3e5c-4652-841c-421518e6af0c


گەورەترین هەڕەشەی سەر كوردستان

لەلایەن عارف قوربانی 8/5/2019  (سایتی ڕووداو، بەشی بیروڕا)

كورد دوژمنی زۆرە و هەڕەشەی بەردەوام و جۆراوجۆری لەسەرە، بەڵام ئێستا گەورەترین مەترسی كە هەڕەشە لە داهاتووی ژیانی كۆمەڵایەتی و پێكەوەیی دەكات وەك كۆمەڵگەیەكی پێكەوە گونجاو، دۆخی ناوخۆی خۆیەتی. مەبەستم لە دۆخی ناوخۆ ململانێی سیاسی و ناتەبایی نێوان هێزە سیاسییەكانی نییە كە ئەوە بەشێكی كەمی هۆكارەكەیە، بەڵكوو مەبەستم لە پێكەوە نەگونجانی كۆمەڵایەتییە كە ئێستا بە دیاردەی كوشتنی رۆژانە سەرەتاكانی دەركەوتوون.
ئاین تەنیا بۆ ناسینی خواوەند بەسەر مرۆڤەكاندا نەسەپێنراوە، بەڵكوو یاسا و رێسای ژیان بووە تا مرۆڤ پابەندی بەهاو خەسڵەتە ئینسانییەكەی بكات و لە توندوتیژی و رەفتاری دڕندانە دووری بخاتەوە، بەرانبەر بە هەر تاوانێك سزای توندی داناوە. یاسا دانراوەكانی مرۆڤیش هەر بۆ رێكخستنی ژیان و رێگری بووە لە چەوساندنەوە و زوڵمی بەهێزەكان بەسەر لاوازەكاندا، سزای یاساش وەك جۆرێك بووە لە تۆڵە لە لادەر و تاوانكارەكان. لە هەر سات و زەمینێكدا ئەو حوكمانە چەسپابن، مرۆڤ بە بەختەوەری ژیاوە، هەر سەردەمێكیش ئەو چوارچێوانەی ئاین و یاسا وەك (سزای دیار و نادیار) بۆ مرۆڤ دایناون فەرامۆش كرابن، ژیانی مرۆڤەكان پڕ بووە لە تاوانی جۆراوجۆری دڕندانە.
ئێستا كوردستان خەریكە پێ دەنێتە ناو قۆناغێكی مەترسیدارەوە كە سزا دیار و نادیارەكان كاریگەرییان لەسەر رەفتاری تاكەكانی كۆمەڵگە نامێنێ، ئەمەش دەرگا بۆ تاوانكاری و رەفتاری ناجۆر دەكاتەوە. تەماشا بكەن ئەو تاوانانەی لەم چەند ساڵەی دوایی لە كوردستان روویانداوە ئەگەر بەراوردی بكەین بە هەموو مێژووی كورد، تاوانی هاوشێوە لە هەزاران ساڵی رابردووی ئەم میللەتەدا نابینی. كوڕ دایكی خۆی سەردەبڕێت، دایك ئاگر لە منداڵەكانی بەردەدات، باوك هەموو جگەر گۆشەكانی ژەهرخوارد دەكات، كوڕ باوكی خۆی دەكوژێت، برا خوشك و براكانی دەكوژێت و ژن مێردی دەخنكێنێ‌ و پیاو ژنەكەی هەڵدەواسێ. تاوانكار دان بە تاوانەكەیدا دەنێت و نەك پەشیمانی دەرنابڕێت، بگرە ئامادەی دووبارەكردنەوەشیەتی. دراوسێ‌ لەسەر شەڕی منداڵ، شۆفێر لەسەر فوللایتی سەیارە، قوتابی لەسەر كەمیی نمرە، كاسبكار لەسەر سڵاو، گەنج لەسەر نووكەی مۆبایل و سەتان نموونەی تر، هەمووی هەر یەكتری دەكوژن. پاساو و هۆكارە تایبەتییەكانیان هەرچییەك بن، هۆكارە گشتییەكە تێكچوونی شیرازەی كۆمەڵگەی كوردییە كە سەرچاوەی لە سەروەرنەبوونی یاساوە گرتووە.
مرۆڤ لە كاتێكدا دەست بۆ تاوان یان رەفتاری ناجۆر نابات كە ترسێك لەناخیدا هەبێت. (ترس لە خواوەند، ترس لە یاسا، ترس لە ویژدانی خود، ترس لە كۆمەڵگە، ترس لە كاردانەوەی تاوانلێكراو).
زۆرن ئەو مرۆڤانەی پابەندن بەو ترسانەوە، دەرفەتی بۆ دروست دەبێت بتوانێت تاوانێك بكات، یان ئارەزووی ئەنجامدانی دەكات و دەشزانێ‌ كەس ئاگای لە تاوانەكەی نییە، بەڵام لە ترسی خوا خۆی لەو تاوانە دووردەخاتەوە. یان ویژدانی خۆی رێگەی نادات. یان لە ترسی كۆمەڵگە كە وەك نەنگییەك لێی بڕوانن. بەڵام ئەوانەش زۆرن كە ترسیان لەو سزا نادیارانە نییە و  دەربەستی هیچكام لەو سنوور و چوارچێوانە نایەن كە لەناخی مرۆڤدا بۆ خۆپارێزی لەتاوان دروستكراون. هەر كۆمەڵگایەك ترسی سزا نادیارەكانی تێدا نەما پێویستە سزا دیارەكان كە خۆی لە سزای یاسادا دەبینێتەوە، توند بكرێن تا رێگە لە تێكچوونی شیرازەی كۆمەڵگە بگیرێت. 
ئێستا لە كوردستان خەڵكانێك پەیدا بوون كە ترسی هیچكام لەو بنەما و بەهایانەیان نەماوە (نە خوا، نە ویژدان، نە كۆمەڵگە) تەنانەت ترسی سزای یاساشیان نییە. چونكە لە بنەڕەتدا یاسا لە كوردستان لاوازە و تەنها بۆ كەسانی لاواز و بێدەسەڵاتەكانە. بۆیە دەبینی رۆژ لە دوای رۆژ رێژەی تاوان و جۆرایەتی تاوان لە زیادبووندان. كە یاساش سەروەر نەبوو، كاردانەوەی تاوانلێكراو دەبێتە دیوێكی تری تاوان، تۆڵەكردنەوە لە كەسوكار و خزم و بنەماڵە و وردە وردە سەر دەكێشێ‌ بۆ خێڵ و عەشیرەتی ئەنجامدەری تاوان. بەمەش شیرازەی كۆمەڵگە بە ئەندازەیەك تێكدەچێت كە مانایەك بۆ ژیان نامێنێتەوە. 
دەسەڵات لە كوردستان بەهۆی رەگوڕیشەی ململانێی سیاسی و ناتەبایی و ناكۆكی حیزبەكانییەوە چاوپۆشی زۆری كردووە لە ئەنجامدەری ئەو تاوانە جۆراوجۆرانە و زەمینەی خۆشكردووە بۆ پەرەسەندن و گەشەكردنی ئەو عەقڵیەتانەی باوەڕیان بە كوشتن و تۆڵەكردنەوەیە. تا یاساش لاوازتر بێت، دیاردەكە زیاتر پەرەدەستێنێ‌. دەبێت ئەوانەی دەربەستی ئایندەی كوردستانن، لە شوێنێكدا سنوورێك بۆ ئەم مەترسییە دابنێن. رەنگە قۆناغی پێش بیركردنەوە و دەستبردن بۆ پەروەردە، توندكردنی سزا دیارەكانی وەك حوكمی یاسا (پەیڕەوكردنی سزای لەسێدارەدان) گرنگترین كارێك بێت كە دەسەڵات لە كوردستان پەنای بۆ بەرێت.
زۆر لەوانەی تاوانی كوشتن دەكەن، دەبیستین كە پێشتریش تاوانی هاوشێوەیان كردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی زیندان لە كوردستان شوێنی چاكسازی نییە، بۆیە كاتێك دێتەوە ناو كۆمەڵگە تاوانی دیكە دەكاتەوە، كەواتە بۆ ئەوەی سزای تاوانكار بدرێت و پەندێك بێت بۆ كەسانێكی تریش كە بیر لە تاوان دەكەنەوە، دەبێت ساڵانێك كوردستان پەنا بۆ لەسێدارەدان ببردرێت. بەڵام ئێستا كەسێك كە ئارەزووی تاوان دەكات دڵنیایە لەوەی یان ئازاد دەكرێت یان لە زینداندا بەباشی بەخێودەكرێت. بۆ رێگری لە تاوان پێویستە ترسێك هەبێت لە سزا، كە سزای یاسا هەبوو رێگری لە تۆڵەكردنەوەی كۆمەڵایەتیش دەگرێت.
دڵنیام كەسانێكیش بەپاساوی مافی مرۆڤ و ئازادی و چەند دروشمێكی رووكەش دژ بەوە دەبن كە سزای لەسێدارەدان پەیڕەو بكرێت. بەڵام با ئەو كەسانە بۆ یەك چركە خۆیان بخەنە شوێنی ئەو دایك و باوكەی تەرمی كوڕەكەیان دەدۆزنەوە و تاوانكار دان بەوەدا دەنێت كە تەنها لەبەر ئەوە كوشتوویەتی جۆری مۆبایلەكەی جوان بووە. یان ئەگەر كەسانێك پێیانوایە پابەندبوون بە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان و جیاواز دەرخستنی كوردستان لە وڵاتانی ناوچەكە گرنگترە لەوە، دەبێت بەرچاویان روون بێت لەوەی ئەم دیاردەیە كۆتایی پێ نەهێنرێت، بە زیادبوونی تاوان و بەرزبوونەوەی ژمارەی كوشتن سومعەی كوردستان زۆر لەوە زیاتر دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە كە سزای لە سێدارەدان بەسەر تاوانكار و بكوژدا جێبەجێ‌ بكات. 
لینک: http://www.rudaw.net/sorani/opinion/08052019

 

هەواڵەکانی ٥ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٩

 

لە دو رۆژدا سێ ژن بەهۆی سوتانەوە گیانیان لەدەستداوە

(سبەی): لەماوەی دو رۆژی رابردودا، لە سنوری پشدەر و بتوێن سێ ژن بەهۆی سوتانەوە گیانیان لەدەستدا.
پۆلیسی راپەڕین بڵاوی کردەوە؛ دوای ئەوەی شەوی شەممەی رابردو ژنێکی تەمەن (33) ساڵ بەناوی (س.ع.م) کە پیشەی مامۆستا و دانیشتوی گەڕەکی راپەڕینی شاری قەڵادزێ و دایکی سێ منداڵ بو، گەیەندرایە نەخۆشخانە کە له‌ حه‌مام به‌ ئاگر (80%)ی جەستەی سوتابو بەهۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یەوە دوای بەڕێکردنی بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی، دوێنێ گیانی لەدەستدا.
پۆلیس ئاشکرای کردوە؛ له‌سه‌ر سكاڵای كه‌سوكاری ژنه‌كه‌ دادوه‌ر بڕیاریداوە به‌ راگیرتنی هاوسه‌ری ژنەکە بەناوی (س.ع.م)، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ روداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌.
پێشتریش (سبەی) بڵاوی کردەوە، دو ژن لە سنوری قەڵادزێ بەهۆی سوتانەوە گەیاندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەڵادزێ و دەستبەجێ یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوی دیکەش بەهۆی رێژەی زۆری سوتاوییەکەوە رەوانەی سلێمانی کراوە.
بەپێی زانیارییەکان ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە كچێكی تەمەن (17) ساڵ بو به‌ناوی (ب.م.ر) و دانیشتوی گوندی گرتكی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر بو، كه‌ به‌وته‌ی خۆی له‌كاتی ئاماده‌كردنی خواردن به‌هۆی گڕگرتنی بوتڵی غاز سوتاوه.
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممەش، تەرمی ژنێک بەناوی (م.خ.ک) لەدایکبوی ساڵی (1934) دایکی دو کوڕ و سێ کچ، دانیشتوی گەڕەکی ئاشتی قەزای قەڵادزێ لەلایەن مەفرەزەکانی فریاکەوتنی پشدەر گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ. 27/05/2019   

 

 قەڵادزێ.. لە شەڕی نێوان باوک و کوڕێکدا پۆلیسێک بریندار دەبێت

شادان قادر23/05/2019 - 23:13 بڵاوکراوەتەوە لە كوردستان،ماڵپەڕی سبەی
شۆرش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە(باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کاتژمێر(٧:١٥)خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی ڕاپەرین-ی شاری قەڵادزێ لە ماڵێکدا دەمەقاڵێ لە نێوان کوڕ و باوکێک دروست بووە و دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی پشدەر گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی گرژی نێوان ئەم کوڕ و باوکە، بەڵام کوڕەکە بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف تەقەی کردووە و گولـلەیەک بەر دەستی ڕاستی کارمەندێکی پۆلیسی فریاکەوتنی پشدەر بەناوی ( دیدار قادر محەمەد) کەوتووە و برینداربووە و، پاشان دەستبەجێ تەقەکەرەکە دەستگیر کراوە".
 ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ڕووداوەکە لەکاتێکدا بووە کە مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی فریاکەوتنی پشدەر ویستویانە بچن بەدەم کێشەکەوە و پەیوەندی ئەم کوڕ و باوکە ئاسایی بکەنەوە، بەڵام بریندار بوونی کارمەندێکی پۆلیسی لێ کەوتووەتەوە.
گوتیشی: "کارمەندی پۆلیسەکە لە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ چارەسەری پێویستی بۆ کراوە، مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و تەقەکەرەکەش بەبڕیاری دادوەر و بە ماددەی 406 بڕگەی 31 ڕاگیر کراوە".               ٢٤/٥/٢٠١٩

 

ژنێك لەنێو ماڵی خەزووریدا سووتا

لەلایەن شکار ئەحمەد دوێنێ کاژێر 09:40  رووداو – هەولێر

لە كەركووك لەنێو ماڵی خەزووریدا سووتا، دوای رۆژێك مانەوە لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا لە هەولێر، بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەكەی گیانی دەرچوو، هەرچەندە ماڵی خەزووری دەڵێن خۆی سووتاندووە، بەڵام كەسوكاری ژنەكە دەڵێن مێردەكەی و خەسووی سووتاندوویانە، بۆیە سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەین.
سەهەند دڵشاد، 23 ساڵ، تاقانەی سێ برا و كچی گەورەی ماڵەوە بوو، نزیكەی دوو ساڵ و نیو بوو لەگەڵ محەممەد، تەمەن 22 ساڵ، هاوسەرگیری كردبوو، خاوەنی دوو منداڵ بوون.
لەیلا عاسی، دایكی سەهەند باسی ژیانی كچەكەی كرد و گوتی: "زاواكەم  كە كوڕی برازامە، لەگەڵ سەهەند یەكدییان خۆشدەویست، ئەوكاتەی هاوسەرگیرییان كرد كچەكەم پۆلی سێی ناوەندی بوو، بە مەرجی تەواوكردنی خوێندنی دامان بە محەممەد، خەسووی گوتی خواردن لەپێشی دادەنێم با بخوێنێ، بەڵام هێشتا مانگی هەنگوینی نەچووبوو كە  تەلەفۆنی كرد و گوتی ناهێڵن بخوێنم، منیش بۆ ئەوەی ژیانی نەشێوێت هێورم كردەوە و گوتم بۆ ئەوە ژیان لە خۆت تێكمەدە". ٢٣/٠٥/٢٠١٩

 

ژنێكی دووگیان لەلایەن هاوژینەكەیەوە بە تووندی ئەشكەنجە دەدرێ‌

لەلایەن دیمەن بورهان 11 کاژێر لەمەو بەر  رووداو - هەولێر

كاتێك گەیەنرابووە نەخۆشخانەی منداڵانی هەولێر، كەس باوەڕی نەدەكرد بژی، ئەو هێندەی لە خەمی منداڵەكەی نێو سكیدا بوو، لە خەمی چارەسەركردنی خۆیدا نەبوو، بەڵام پزیشكەكان نەیانتوانی منداڵەكەی رزگار بكەن و بە مردوویی لە نێو سكیان دەرهێنا.
ئەژین، تەمەن 17 ساڵ، ساڵێك و پێنج مانگ لەمەوبەر هاوسەرگیری لەگەڵ (ح) تەمەن 19 ساڵ كرد، ئەوان خاڵۆزا و پوورزای یەكدین، ئەژین دەڵێت رۆژی 13ی ئەم مانگە بە توندی لەلایەن مێردەكەی و خوشكی مێردەكەیەوە لێیدراوە و پاشان داغ كراوە. دواتر تووشی خوێنبەربوون بووە و خەسووی بردوویەتی بۆ نەخۆشخانە، لەوێ‌ گوتوویەتی بووكەكەی لەسەربان كەوتووەتە خوارەوە، بەڵام پزیشكەكان كە جەستەی شین و مۆر هەڵگەڕاوی ئەژینیان بینیوە، گومانیان كردووە، بۆیە چارسەریان نەكردووە. ئەژین دەنێردرێ‌ بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر، لەوێ‌ پۆلیس ئیفادەی لێوەردەگرێ‌ و هەموو شتێك ئاشكرا دەبێ.   
ئەژین دەنێردرێتەوە نەخۆشخانەی لە دایكبوون و منداڵانی هەولێر، لەوێ‌ منداڵە تەمەن نۆ مانگەكەی كە كچ بوو، بە مردوویی لە سكی دەردەهێنرێ‌.
ئەژین بە دەم ناڵینەوە باسی خۆی كرد و گوتی: "ماوەی ساڵێك و پێنج مانگە لەگەڵ (ح) خێزانمان پێكهێناوە و لە ماڵی باوكی (كە خاڵمە) دەژیاین، حەوت مانگی سەرەتا بێ كێشە بووین، بەڵام دواتر بەهۆی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی هەڵەوە تووشی كێشە بووم، (ح) بە كێبڵ لێیدام و پاشان بە ئوتوو داغی كردم، منیش لە ترسی ئەوەی ماڵی باوكم بە هەڵە لێم تێنەگەن بێدەنگ بووم".
ئەژین بێدەنگ دەبێ‌ و مێردەكەشی رۆژ لە دوای رۆژ رقئەستوور دەبێ‌ بەرامبەری. ئەو دەڵێت "(ح) بە بەرچاوی خەسوومەوە كە پووریشمە ئەشكەنجەی دەدام، ئەو نەك هەر بەرگری لێنەدەكردم، بەڵكو دەرگای لەسەر دادەخستم و دەیگوت قابیلتە. (ح) فەلاقەی دەكردم و دەشیگوت دەنگ بكەی دەتكوژم. لە هەموو شوێنێكی دەدام تەنیا دەموچاوم نەبێ‌، بۆ ئەوەی خزمەكانم هەست نەكەن".
ئەژین تا سەر بەرگە ناگرێ‌ و دەتۆرێ‌ و دەچێتەوە ماڵی باوكی، بەڵام باوكی ئامۆژگاری دەكات و دەڵێت ئەو جۆرە كێشانە لە نێوان ژن و مێرد هەر دەبێ‌. بۆیە دەگەڕێتەوە لای هاوژینەكەی.
ئەژین دەڵێت دوای گەڕانەوەی، ئەمجارەیان منداڵەكەی نێو سكیان كردووە بە بیانوو. ئەو دەڵێت: "(ح) و خوشكەكەی پێیاندەگوتم منداڵەكەی نێو سكت كوڕە یان كچ ؟ منیش نەمدەزانی ، چونكە لە سۆنار دەرنەكەوتبوو، گوتم نازانم دكتۆر گوتوویەتی منداڵەكەت دانیشتووە و جارێ‌ دەرناكەوێت كچە یان كوڕ، دشەكەم گوتی تۆ ناتەوێت ئێمە بزانین، دیسان منی بە لێدان دا. مێردەكەم بە كاویەی لەحیم داخی كردم و هەموو گیانی كردم بەخوێن".   ٢١/٥/٢٠١٩

 

براکەی بە (30) چەقۆ کوشت

 (سبەی): پۆلیسی کەرکوک ئاشکرای کرد، هاوڵاتیەک بە چەقۆ برایەکی خۆی کوشتوە و تەرمەکەشی لەسەر رێگای ناوچەی نوێی پیشەسازی فڕێداوە.
پۆلیسی کەرکوک لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەمڕۆ سێشەممە (21/5/2019) کەسێک کە نەخۆشی دەرونی لەگەڵدا بوە، بە چەقۆ براکەی خۆی کوشتوە و تەرمەکەشی لەسەر رێگای ناوچەی نوێی پیشەسازی شارەکە فڕێدراوە.

بەپێی بەیاننامەکەی پۆلیسی کەرکوک، ئەو کەسە (30) چەقۆی لە براکەی داوە و لە بەردەمی دادوەریشدا دانی ناوە بە تاوانەکەیدا.
سەبارەت بە هۆکارەی روداوەکەش، پۆلیس ئاماژەی بە خراپی دۆخی دەرونی بکوژەکە کردوە و دەڵێت: ئەو کەسە بەدەست نەخۆشی دەرونییەوە دەناڵێنێت و ئەوەش پاڵنەر بوە بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە.  21/05/2019  

 

مێردمنداڵێك زڕخوشكەكەی بە پەت دەخنكێنێ

لەلایەن دیمەن بورهان 12 کاژێر لەمەو بەر   رووداو- هەولێر
ئێوارەی رۆژی 29/4/2019 لە ناحیەی قوشتەپەی سەر بە شاری هەولێر، ئافرەتێكی تەمەن 22 ساڵ، لەلایەن زڕبرایەكییەوە بەناوی دڵدار، خنكێنرا. دڵدار دوای تاوانەكە رایكرد، بەڵام دوای ئەوەی باوكی لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر كرا، ناچار بوو خۆی رادەستی پۆلیس بكات.
منداڵێكی بەدبەخت
كاتێك دایك و باوكی بووكە لە یەكدی جیابوونەوە، ئەو تەمەنی تەنیا دوو ساڵ بوو، تاقانەی دایك و باوكی بوو. سامی (باوكی بووكە) هێشتا مامەڵەكانی جیابوونەوەی لە شیلان (دایكی بووكە) تەواو نەكردبوو، ژنێكی دیكەی هێنا. بۆیە نەنكی نەیهێشت بووكە بكەوێتە بن دەستی زڕدایك و بردییە لای خۆی. 
باوكی بووكە لە هاوژینی دووەمی دەبێتە خاوەنی دوو كوڕ و سێ‌ كچ. بەهۆی تاوانێكەوە دەكەوێتە زیندان. بووكە تەمەنی 14 ساڵان بوو كە شووی بە گەنجێك كرد 13 ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو.
زولەیخا، زڕدایكی بووكە، سەبارەت بە شووكردنی بووكە گوتی: "بانگهێشتی ئاهەنگی خوشكەزایەكم كراین لە كەركووك، بووكەشم لەگەڵ خۆم برد، لەوێ‌ ژنێك داوای بووكەی كرد. هاتن بۆ زیندان داوای بووكەیان لە سامی كرد".
مانگێك بەسەر هاوسەرگیریی بووكە و سەرتیپدا تێپەڕیبوو، رۆژێك بووكە بە سەردان دەگەڕێتەوە ماڵی باوكی. بە گوتەی دڵدار كە ئەوكات تەمەنی تەنیا 10 ساڵ بووە، شەوێك بووكەی لە حەوشەی ماڵەوەیان لەگەڵ پیاوێك بینیوە. 
دڵدار بە (رووداو)ی گوت: "شەوێكیان لەگەڵ دەنگی دایكم بە ئاگا هاتم، بینیم قسەی بە پیاوێك دەگوت كە هاتبووە ماڵمان و لەگەڵ بووكە قسەی كردبوو. ئیدی لەو شەوەوە لە مێشكمدا چەسپی و گەیشتمە ئەو قەناعەتەی كە دەبێ‌ بووكە لەسەر ئەو كارەی بكوژرێ‌".
دوای ئەوەی سامی لە زیندان دێتە دەرەوە، ماڵەكەی بووكە لە كەركووكەوە دەهێنێتە قوشتەپە. لە تەنیشت خۆی خانووی بۆ دەگرێ‌. دوای سێ‌ ساڵ بووكە دەبێتە خاوەنی كچ و كوڕێك.
دڵدار دەڵێت: "نیوەشەوێك هاوژینی بووكە كردی بە هاوار، دواتر زانیمان بووكەی لەگەڵ گەنجێك بینیوە، ئەوكات نەنكم نەیهێشت بووكە بكوژن و گوتی بوختانی پێ دەكەن، پاشان باوكم و مێردی بووكە بە پارە سوڵحیان لەگەڵ گەنجەكە كرد".
لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنیدا، رقی دڵداریش زیاتر بەرامبەر بووكە هەڵدەكشێ‌، بە تایبەتی دوای ئەوەی بۆ جاری سێیەم بووكە لەگەڵ پیاوێك دەبینرێ‌.
دڵدار دەڵێت: "دوای رووداوەكەی قوشتەپە، ماڵی بووكە باریان كرد بۆ بازیان لە سلێمانی، تەمەنم 15 ساڵ بوو، رۆژ لە دوای رۆژ رقم بەرامبەر بووكە زیاتر دەبوو. شەوێك زەنگی مۆبایل لێیدا، شووبرای بووكە بوو بە باوكمی گوت ئەگەر پیاون وەرن كچەكەتان ببەنەوە و بیكوژن، سەرتیپ لە دەوامە و پیاوێكمان لە ژووری خەوتنی بووكەدا گرتووە".
بە گوتەی دڵدار، ئەو پیاوە كە ناوی (ع) بووە، پێشتر لە قوشتەپە دراوسێیان بووە. دڵدار دەڵێت: "مۆبایلەكەم لە باوكم وەرگرت و بە شووبرای بووكەم گوت، بەس مەهێڵن بڕوات بە دوو كاژێر دەگەمە سلێمانی، دوای دە خولەك تەلەفۆنی كردەوە و گوتی هەردووكیانم رادەستی ئاسایش كرد، بەڵام راست نەبوو، دیسان بە پارە سوڵحیان كرد".
دوای ئەو رووداوە، ماڵی باوكی سەرتیپ داوا لە كوڕەكەیان دەكەن لە بووكە جیاببێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بووكەی زۆر خۆشدەویست، رازی نەبوو لێی جیاببێتەوە، لەگەڵ بووكە و منداڵەكانی سەری خۆیان هەڵدەگرن و خۆیان دەشارنەوە.
دڵدار گوتی: "دوو ساڵ بوو شوێن نەما بە دوایدا نەگەڕێم، دەمویست بیدۆزمەوە و بیكوژم ، چونكە خەڵك تانەی لێدەدام، تەنانەت ماڵیشم جێهێشت. هەتا مانگی دووی ئەمساڵ باوكم ماڵەكەی دۆزییەوە كە لە بەحركە بوو، ماڵی لە تەنیشت ماڵی ئەو كەسە دانابوو كە لە بازیان بەیەكەوە گیران".
بووكە دەهێنرێتەوە قوشتەپە و هەتا نەورۆز لەلای ماڵی باوكی دەمێنێتەوە، پاشان دەچێتە ماڵی پوورێكی لە رواندز. سەرتیپ بڕیار دەدات لێی جیاببێتەوە و لەلای مەلایەك تەڵاقی دەدات. بڕیار دەدات لە دادگاش لێی جیاببێتەوە.
رۆژی 28ی نیسان رۆژی دادگایی جیابوونەوەی سەرتیپ و بووكە بوو، بووكە گەڕایەوە هەولێر، بەڵام رۆژی دواتر لەلایەن دڵدارەوە خنكێنرا.  
دڵدار ساتەوەختی خنكاندنی خوشكەكەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "ئێوارە بوو لە كار دەگەڕامەوە، لە رێگا پەتێكم دۆزییەوە، كە گەیشتمەوە ماڵەوە، یەكسەر بانگی بووكەم كرد بۆ ژووری دانیشتن. یەكسەر دەرگام لەسەر داخست. گوتی: چیت دەوێ. گوتم: بێدەنگ بە. یەكسەر پەتەكەم لە ملی توند كرد و دەستم خستە سەر دەمی، كەوتە سەرزەوی، پاشان هەتا ماندوو بووم، بە لەقە لە ملیم دا، ملی ورد بوو، كە زانیم گیانی دەرچوو، یەكسەر هەڵاتم. سەعات 10ی شەو براكەم تەلەفۆنی كرد و گوتی باوكم گیراوە، بۆیە سەعات دووی شەو گەڕامەوە و خۆم رادەستی پۆلیس كرد". 17/05/2019

 

باوكی و مامی دەیكوژن و تاوانەكەش دەشارنەوە

لەلایەن تریسكە شێرزاد 16/5/2019 رووداو-هەولێر

زانا مانگێك و نۆ رۆژ بوو ون بووبوو، ئەویش دوای ئەوەی شەڕی لەگەڵ برایەكی كردبوو. بەڵام رۆژی پێنجی ئەم مانگە پۆلیس تەرمەكەیان لەنێو چاڵێكدا لە گوندێكی سەر بە ناحیەی لەیلان دۆزییەوە. پاش ئەوەی مام و باوكی زانای دەستگیر كرد.
زانا نەوزاد، تەمەن 29 ساڵ و باوكی دوو منداڵ كە دانیشتووی گەڕەكی حوڕییەی شاری كەركووك بوو، هەر دوای ونبوونی، دایكی پۆلیسی ئاگاداركردەوە، بەڵام دوای 39 رۆژ پۆلیس تەرمەكەی دۆزییەوە.
عەقید هەڤاڵ بەرزنجی، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی عروبە بە (رووداو)ی راگەیاند: "دوای ئەوەی دایكی زانا ئاگاداری كردینەوە كە كوڕەكەی ون بووە. دەستمان بە لێكۆڵینەوە كرد، سەیری كامێراكانی چاودێریمان كرد و گوێمان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی گرتەوە".
پۆلیس سەرەداوێكی ئەوتۆی لەبارەی ونبوونی زانا دەستنەكەوت تا ئەو كاتەی دایكی زانا دووبارە پەیوەندی بە پۆلیسەوە كرد و پێیگوتن كە گومانی لە باوك و مامێكی زانا هەیە دەستیان لە ونبوونی كوڕەكەیدا هەبێ‌.
عەقید هەڤاڵ دەڵێت: "بە فەرمانی دادوەر هەردووكیان دەستگیركران، باوكی زانا لە لێكۆڵینەوەدا ئیعترافی كرد كە بە هاوكاریی براكەی، كوڕەكەی خۆی كوشتووە. شوێنی شاردنەوەی تەرمەكەشی نیشانداین".
سەبارەت بە هۆكاری تاوانەكە، باوكی زانا لە ئیفادەكەیدا گوتبووی: "كوڕەكەم خراپ بوو، كێشەی زۆر بۆ دروست دەكردین، زۆر هەوڵمان لەگەڵ دا خۆی چاك بكات، سوودی نەبوو، تەنانەت مادەی هۆشبەریشی بەكاردەهێنا.  لەگەڵ براكەم بردمانە ئەو شوێنە، ویستمان قسەی لەگەڵ بكەین، بەڵام ئەو گوێی لێنەگرتین، بۆیە كوشتمان".
باوكی زانا تۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەداتە پاڵ كوڕەكەی و بە هۆكاری سەرەكی كوشتنەكەشی دادەنێ‌. ئەفسەرەكەی پۆلیسیش دەڵێت: "تەرمی زانامان ناردووە بۆ پەیمانگەی پزیشكی دادوەریی كەركووك، چاوەڕێی راپۆرتی پزیشكین بۆ ئەوەی بزانین بە چی كوژراوە؟ هەروەها ئەو قسەیەی باوكی راستە یان نا كە دەڵێت كوڕەكەی ماددەی هۆشبەری بەكارهێناوە". هەرچەندە ئەوە روون نییە كە پاش 40 رۆژ لە مانەوەی ئەو تەرمە لەژێر گڵ، دەتوانرێ ئاسەواری مادەی هۆشبەر لەجەستەیدا بدۆزرێتەوە یان نا.
(رووداو) پەیوەندی بە كەسوكاری زاناوە كرد، بەڵام بە پاساوی ئەوەی كە كێشەیەكی نێوخۆی خێزانەكەیانە ئامادەنەبوون قسەی لەسەر بكەن.
زانا خێزانی پێكهێنابوو، باوكی دوو منداڵ بوو، بەڵام دوو ساڵ لەمەوبەر لە ژنەكەی جیابووەوە و باوكی منداڵەكانی بۆ بەخێو دەكرد.
سەرچاوەیەك كە ئاگاداری ژیانی زانایە و نەیویست ناوی بهێنرێ‌، بە (رووداو)ی گوت: "زانا كەسێكی سەر بە كێشە بوو، بەو هۆیەوە ژنەكەی چەند جارێك رۆیشت و چووەوە ماڵی باوكی. ئەو بەو مەرجە دەگەڕایەوە لای زانا كە خۆی چاك بكات، زانا ماوەیەك چاك دەبوو، دواتر دەستی پێدەكردەوە، بۆیە دوو ساڵ لەمەوبەر هاوژینەكەی بە یەكجاری لێی جیابووەوە". 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، دوای جیابوونەوەی لە هاوژینەكەی، زانا لەسەر رەفتارەكانی پێشووی بەردەوام بووە، تەنانەت رووی لەبەكارهێنانی ماددەی هۆشبەریش كردبوو. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: وای لێهاتبوو هەموو رۆژێك كێشەیەكی نوێی دەنایەوە، هەموو كەسێك دەیزانی كە خێزانی زانا كێشەیان لەگەڵ ئەو هەیە".
 ئەو سەرچاوەیە باس لە رۆژێك پێش ونبوونی زانا دەكات و دەڵێت: "رۆژێك پێش ئەوەی زانا دیار نەمێنێت لەگەڵ برایەكی خۆی كردیە شەڕ لە كۆڵانەكەیان، باوكی هات و ئەوانی بردەوە ژوورەوە، ئیدی لەو رۆژەوە زانا ون بوو، هەر كەسێكیش دەیپرسی زانا لە كوێیە، ئەوان دەیانگوت نازانین بەبێ‌ پرسی ئێمە لە ماڵ دەرچووە".
عەقید هەڤاڵ دەڵێت: "گومان دەكەین سەرەتا بە چەقۆ لە زانا درابێت، دواتر بە بۆری لێیانداوە تا مردووە، پاشان تەرمەكەیان فڕێدابووە نێو چاڵێك لە گوندێكی نزیك ناحیەی لەیلان".  16/05/2019 

 

دادگای تاوانەکانی سلێمانی سزای 15 جار لەسێدارەدان بەسەر سێ تاوانباردا دەسەپێنێت

لەلایەن هەڵۆ کاکەوەیس 12/5/2019   رووداو - هەولێر
دادگای تاوانەکانی سلێمانی سزای 15 جار لەسێدارەدان بەسەر سێ تاوانبار دەسەپێنێت، بە تاوانی رفاندن و کوشتنی 18 شۆفێری تاکسی لەماوەی نۆ مانگدا لە ساڵی 2013 لە کەرکووک.
دادگای تاوانەکانی سلێمانی لە رۆژی 9-5-2019 بڕیارەکەی داوە و ئەمڕۆ بەشی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا هەواڵەکەی ئاشکرا کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "هەرسێ تاوانباران: ئەحمەد مستەفا عەبدولمەهدی، حوسێن شەعلان فەزاع و حەمدان سەرحان فەرز بە سزای 15 جار لەسێدارەدان بۆ هەریەکێکیان بەپێی ماددەی دووی بڕگەی دوو بە دەلالەتی ماددەی 10ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ژمارە سێی ساڵی 2006 (سزادران).  15/05/2019  

لە چوارقوڕنە کچێک ''بەهەڵە'' لەلایەن براکەیەوە دەکوژرێت

لەلایەن راوچی حەسەن 10 کاژێر لەمەو بەر  رووداو - هەولێر
پۆلیسی راپەڕین رایدەگەیەنێت، لە چوارقوڕنە کچێکی تەمەن 13 ساڵ بەهۆی بەرکەوتنی گوللە گیانی لەدەستدا. کەسوکارەکەیشی دەڵێن ''براکەی گوللە لەدەستی دەرچووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە هەواڵێکدا کە ئەمڕۆ (دووشەممە 13-5-2019) بڵاویکردووەتەوە رایدەگەیەنێت: "شەوی 13/12-5-2019 تەرمی کچێکی تەمەن 13 ساڵ بەناوی (هـ.د) دانیشتووی گوندی قەمتەرانی سەر بە شارۆچکەی چوارقوڕنە هێنرایە نەخۆشخانەی گشتی رانیە کە شوێنەواری گوللە بە جەستەیەوە دیاربوو. تەرمەکەی گواسترایەوە پزیشکی دادوەری رانیە و دوای ئەنجامدانی توێکاری بۆ تەرمەکەی، رادەستی کەسوکاری کرایەوە''.
پۆلیسی راپەڕین ئاماژە بەوەش دەکات ''بەگوتەی کەسوکارەکەی، رووداوەکە لەکاتێکدا بووە کە براکەی بەناوی (م،د) تەمەن 10 ساڵ لە ماڵی خۆیان لە گوندی قەمتەران دەستکاری چەکی جۆری EM4 ی کردووە و لەوکاتەشدا گوللە لە چەکەکە دەرچووە و بەر خوشکەکەی کەوتووە و بەم هۆیەوە گیانی لە دەستداوە''.  ١٣/٠٥/٢٠١٩

 

لە کۆمەڵگەی چڕە بەهۆی کێشەی زەوی لە نێوان دوو بنەماڵە شەڕ روویدا

لەلایەن مەهدی فەرەج دوێنێ کاژێر 02:53  رووداو-هەولێر
بەهۆی ناکۆکی لەسەر زەویی کشتوکاڵی لە کۆمەڵگەی چڕەی سەر بە شارۆچکەی قەسرۆک لە سنووری شێخان، ماوەی کاژێرێک شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە دروستبوو، دەنگۆی برینداربوونی چەند کەسێک هەیە بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکان هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوەیان نەدرکاندووە.
دەربارەى زیانەکان، مێهران نێرەویی، بەڕێوەبەرى ناحیەی قەسرۆک رایگەیاند "هێشتا نازانین زیانەکان چەندن، چەند روژێک بوو ئەو دوو بنەماڵەیە لەبەریەکدا بوون و ئێمە بەردەوام لە هەوڵ بووین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان، بەڵام هەردوو لایەن لەگەڵ چارەسەری کێشەکەدا نەبوون، هەرچەندە هەردوو بنەماڵە خزمی یەکدین". 9/5/2019

 

لە هەولێر باوکێک لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی کچەکەی خنکاند

لەلایەن سەرباز سیامەند دوێنێ کاژێر 09:52  رووداو- هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند"باوکێک کچە 22 ساڵانەکەی خۆی خنکاندووە و دەستگیرکراوە".
رائید هۆگر عه‌زیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگه‌یاند "لە گەڕەکی ئاییندە سیتی شاری هەولێر کچێکی لەدایکبووی 1997  لەلایەن باوکییەوە خنکێندرا."
باسی لەوەشکرد، رووداوەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی روویداوە و دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکە باوکەکە دەستگیرکراوە و تەرمی کچەکەش رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە.
گوتیشی "ئەمڕۆ سێشەممە 7-5-2019 هەر لەسەر رووداوەکە پۆلیس کەسێکی دیکەی دەستگیرکردووە کە پەیوەندی بە رووداوەکەوە هەیە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".
بەگوێرەی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان، لەماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، 10 ژن کوژراون و 13 ژنیش خۆیان کوشتووە. زۆربەی کوشتن و خۆکوشتنەکانیش لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی 2019 لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک بوونە.  08/05/2019 

كوڕێك دایكی خۆی بە بەرد دەكوژێت

لەلایەن رووداو 56 خولەک لەمەوبەر   رووداو - هەولێر
لە گوندی توڕەقی سەر بە هەولێر، كوڕێك دایكە 52 ساڵەكەی بەردباران دەكات و دەیكوژێت، پۆلیسی هەولێر دەڵێت گەنجەكە ماوەی كەمتر لە مانگێكە لە زیندان ئازاد كراوە كە بەتۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر كرابوو.
(م.بەكر) تەمەنی 22 ساڵ، تاقانەی شەش خوشكە، تاوەكو قۆناغی ناوەندی خوێندووە و وازی لە خوێندن هێناوە. كەسوكارەكەی دەڵێن گەنجێكی دەستڕەنگین و سەرتاشێكی كارامە بووە، بەڵام دواتر ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەر بووە.
بۆچی دایكت كوشت؟ (م) لەژێر لێوەوە گوتی: "ئیشم كرد، دەمویست بە پارەكەی مزگەوت دروست بكەم، بەڵام دایكم پارەكەی لێخواردم، ریشم هێشتەوە تاوەكو ببمە دەروێش، بەڵام مامم بە زۆر ریشی تاشیم، ئەوان خەونەكانی منیان لەنێوبرد".
ئەو دەڵێت كاری خۆی هەبووە و هیچ كێشەیەكی نەبووە "بەڵام بەهۆی هاوڕێی خراپ فێری كێشانی ماددەی هۆشبەر بووم، سەرەتا حەب و دواتریش كریستاڵم دەكێشا، دوای ساڵێك هاوڕێیەكم بەگرتنیدام. شەش مانگ لە ئاسایشی هەولێر بووم، بەڵام نەك هەر حەب و كریستاڵم لەبیرنەكرد، بەڵكو زیاتر شەیدایان بووم و خەونم پێوە دەبینی".

(م) دوای ئازادكردنی لە گومرگی هەولێر كرێكاری دەكرد. لەوبارەوە دەڵێت: "دەمویست بە پارەكەی گومرگ، مزگەوتێك دروست بكەم، پارەكەم لەلای دایكم دانابوو، داوای پارەكانی خۆمم لە دایكم كرد، بەڵام ئەو نەیدامەوە و لێی خواردم".   ٧/٥/٢٠١٩ 

 

بەهۆی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەكی رووت خۆی كوشت

لەلایەن تریسكە شێرزاد 1 کاژێر لەمەوبەر  رووداو - هەولێر

نەوزاد لەگەڵ هاوڕێكانی دەچێتە دەرەوەی شار. ئەوان داوای مۆبایلەكەی لێدەكەن و ئەویش كە متمانەی پێیانبووە، مۆبایلەكەیان دەداتێ‌، بەڵام دوو رۆژ دواتر تووشی شۆكی دەكەن كاتێك پەیوەندی پێوە دەكەن و پێیدەڵێن ئەگەر پارە و كارتمان بۆ نەنێری، گرتە رووتەكانت بڵاودەكەینەوە. نەوزاد بەرگەی تانە و تەشەری خەڵكی نەگرت و خۆی كوشت.
ئەگەرچی پێنج مانگ و سێ‌ رۆژ بەسەر خۆكوشتنی ئەودا تێپەڕیوە، بەڵام ئەوانەی بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكەی نەوزاد گیراون، هێشتا نكۆڵی لەو كارە دەكەن. (نەوزاد ع)، تەمەنی 38 ساڵ، دانیشتووی ناحیەی تەقتەق بوو.
بارزان كە برای نەوزادە، بە (رووداو)ی گوت: "هەشت مانگ لەمەوبەر نەوزاد لەگەڵ هاوڕێكانی چووبووە دەرەوە، ئەوان بەناوی وێنەگرتنەوە داوای مۆبایلەكەی دەكەن، ئەویش مۆبایلیان دەداتێ، ئەوان گرتەیەكی رووتی نەوزاد لە نێو مۆبایلەكەی دەبینن، بەبێ‌ ئەوەی نەوزاد هەستی پێ بكات، بۆ خۆیانی دەنێرن".   ٦/٥/٢٠١٩
باوکێک کوڕەکەی خۆی کوشتووە
44 خولەک پێش ئێستا  دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، کەرکوک، ئاسۆ ئەحمەد
پۆلیسی کەرکوک ڕایگەیاندووە، باوکێک کوڕەکەی خۆی کوشتووە، دوای سێ هەفتەش بەسەر رووداوەکەدا باوکەکە و مامێکی بە تۆمەتی کوشتنەکەی دەستگیرکراون.
 پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بە وتەی پۆلیس ماوەی سێ هەفتەیە گەنجێکی تەمەن ٢٩ ساڵە لە شاری کەرکوک شوێن بزربووە، دواتر تەرمەکەی لە گوندێکدا دۆزرایەوە، هێزە ئەمنییەکانی کەرکوکیش دوای لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە باوک و مامێکی ئەو کوڕەیان بە دەست هەبوون لەو کارەدا تۆمەتبارکردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک لە راگەیەندراوێکدا باسی ئەوەیانکردووە کە باوک و مامی ئەو کوڕە دوای کوشتنی، لە گوندێکی سنوری ناحیەی لەیلان تەرمی کوڕەکەیان فڕێداوە.
باسی لەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.  6/5/2019   

 

وەستا كۆنەكەی خۆی كوشت و تەرمەكەشی سووتاند

لەلایەن رووداو 18 کاژێر لەمەو بەر   رووداو-پشدەر

سەدرەدین سەعات هەشتی شەو لە ماڵ چووە دەرەوە و رۆژی دواتر پۆلیس تەرمەكەی دۆزییەوە. پۆلیس و كەسوكارەكەی هۆكاری كوشتنی ناڵێن، كەسوكاری بكوژەكەی دەڵێن ئێمە دەزانین بۆ كوژراوە، بەڵام ئامادەشین بۆ سوڵح.

سەدرەدین، تەمەن 50 ساڵ، دانیشتووی گەڕەكی خانەقا لە قەڵادزێ‌، سەعات هەشتی شەوی 13/4/2019 لە ماڵ دەرچوو، بەرەبەیانی رۆژی دواتر تەرمەكەی لە رۆخی رووبارێك دۆزرایەوە. پۆلیس گەنجێكی تەمەن 20 ساڵانی بەناوی (ك.ح) دەستگیر كردووە، دەگوترێ‌ گەنجەكە هاوڕێی سەدرەدین بووە، لە لێكۆڵینەوەی سەرەتایی پۆلیسیشدا دانی بەوەدا ناوە كە ئەو سەدرەدینی كوشتووە.     4/5/2019 

 

براكەی خۆی لەسەر "دواخستنی نوێژەكانی" كوشت
لەلایەن تریسكە شێرزاد دوێنێ کاژێر 07:20  رووداو-هەولێر

دوای تەواوبوونی كارەكەیان، جەمال و براكەی بەڕێدەكەون بۆ ماڵەوە، بەڵام لە رێگا لەسەر نوێژكردن دەبێتە دەمەقاڵەیان، (ئا) بە چەقۆ پەلاماری براكەی دەدات و دەیكوژێ‌ و تەرمەكەشی بەجێدێڵێ‌. سەرەتا كەسوكارەكەی نەیاندەزانی بكوژی جەمال كێیە، بەڵام پۆلیس زوو دۆزییەوە و دەستگیری كرد.

جەمال مستەفا، تەمەن 42 ساڵ، دانیشتووی گەڕەكی ئازادیی شاری كەركووك، شەوی 13/4/2019 لەلایەن برا تەمەن 29 ساڵانەكەیەوە بە چەقۆ كوژرا. جەمال دووكانی فیتەری هەبوو لە ناوچەی پیشەسازیی كەركووك، براكەشی شاگرد بوو لەلای خۆی.
سەرچاوەیەك لە بنكەی پۆلیسی عرووبە لە كەركووك بە (رووداو)ی گوت: "دوای ئەوەی تەرمەكەمان دۆزییەوە، ناردمان بۆ پزیشكی دادوەریی كەركووك، دوای پشكنین دەركەوت بە چەقۆ كوژراوە".   3/5/2019

 

بەتۆمەتی خنكاندنی كچێك 4 كەس دەستگیر دەكرێت
  2019-05-02 ئاوێنە
بەتۆمەتی خنكاندنی كچێك 4 كەس دەستگیر دەكرێت، لەمبارەیەوە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە كە تێدا ئاماژەبەوە دەكات كچەكە لەسەر رێگەی چەمچەماڵ – تەكیە خنكێنراوە‌و فەرمانی دەستگیركردن بۆ باوكی كچەكەش دەرچوە.
ئاوێنە: ئەمرۆ "پێنج شەممە" بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە كە تێیدا هاتوە "رۆژی 3ی 4ی2019 ، لەسەر رێگای چەمچەماڵ – تەكیە تەرمی كچێك دۆزرایەوە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی روداوەكە كراو تەرمی (ك.ح.ق) تەمەن 24 ساڵ ، رەگەز مێ‌ بۆ پزیشكی دادوەری لەشاری سلێمانی گواسترایەوەو دەركەوت كە كوژراوەكە بە پەت خنكێنراوەو كراوەتە ناو تورەكەیەكەوەو لەسەر رێگای چەمچەماڵ – تەكیە فڕێدراوە".

راشیدەگەیەنێت هێزەكانی بنكەی پۆلیسی تەكیە بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ  لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردو و توانرا رۆژی 4ی4ی 2019 تۆمەتبار (ر.ع.م) دەستگیربكرێت و رۆژی 8ی4ی 2019 تۆمەتبار (ح.ق.ح) دەستگیربكرێت و شەش رۆژ دوای ئەو تۆمەتبارەش هەریەكە لە (ه.ح.ق) و (ه.ح.ق) دەستگیربكرێن و سەرجەمیان بەفەرمانی دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون، باس لەوەش دەكات تا ئێستا باوكی كچە خنكێنراوەكە دەستگیر نەكراوە. ٢/٥/٢٠١٩

 

بیلالی كوشت و لەسەر تەرمەكەشی قورئانی دەخوێند
لەلایەن دیمەن بورهان دوێنێ کاژێر 09:10   رووداو – هەولێر

عەدنان زوو زوو داوای ئاوی دەكرد، وەك ئەوەی تینوێتی بە خوێنی بیلال نەشكابێ‌. كاتێك لێم پرسی ئەگەر كات بگەڕێتەوە دواوە دەیكوژی؟ عەدنان گوتی: "ئەوانەی پلانی كوشتنی كەسێكیان هەیە، ئەگەر پێش تاوانەكە بۆ یەك شەو بچنە زیندان، هەرگیز بیر لە كوشتن ناكەنەوە".

رۆژی 12/4/2018 تەرمی بیلال عەبدولڕەحمان، تەمەن 28 ساڵ، لەنێو ئۆتۆمبێلەكەی خۆی لە زوورگەكانی كەسنەزان دۆزرایەوە. دواتر بكوژەكەی كە هاوڕێیەكی خۆی بووە بەناوی (عەدنان.ئ) دەستگیر كرا.

عەدنان، تەمەن 45 ساڵ كە خاوەنی دوو ژن و نۆ منداڵە، باسی ناسینی بیلالی كرد و گوتی: "من خەڵكی دهۆكم، چواردە ساڵ پێش ئێستا هاوژینی دووەمم هەڵگرت و چووم بۆ سلێمانی، دوو ساڵ لەمەوبەریش ماڵەكەم گواستەوە بۆ كۆیە، لەوێ‌ لەگەڵ ماڵی باوكی بیلال تێكەڵ بووم كە خەڵكی هەمان گوندی خۆمان بوون".  ٢/٥/٢٠١٩

 

حاکم گۆران لە پەخشی راستەوخۆی فەیسبووک تەقەی لە خۆی کرد
لەلایەن مەهدی فەرەج 19 کاژێر لەمەو بەر   رووداو - دهۆک

حاکم گۆران لە پەخشی راستەوخۆی تۆڕی کۆمەڵاتی فەیسبووک بە چەکی کڵاشینکۆڤ تەقەی لە خۆی کرد. 
چەند گەنجێک لە نزیکی حاکم گۆران فریای دەکەون و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
لیوا تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆک بە (رووداو)ی راگەیاند "حاکم گۆران چەند گوللەیەکی لە خۆی داوە و بریندار بووە، ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت".
حاکم گۆران لافیتەیەکی لە پشتی خۆی داناوە و بە گەورەیی لەسەری نووسراوە "یەکڕیزیی، چاکسازی و سەربەخۆبوون".
حاکم گۆران لەکاتی گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی کوردستان چووە سەر شاخ و رایگەیاندبوو، تاوەکو سەربەخۆیی رانەگەیێندرێت نایەتە خوارەوە، هەر بەو هۆیەشەوە لەنێو خەڵکدا ناسرا.  1/5/2019

 

لە هەولێر ژنێك لەسەر نامەیەكی مۆبایل دەكوژرێ‌
لەلایەن دیمەن بورهان 23 کاژێر لەمەو بەر   رووداو – هەولێر

ناز، رۆژی 26ی ئەم مانگە بە ماكسییەكەی بەرییەوە بردرایە دەرەوەی هەولێر و لە ناوچەی زرارەتی بە دەستی كەسوكارەكەی ژیانی لێ سەندرایەوە. ناز كە ناوی خوازراوی ئافرەتێكە و دایكی دوو منداڵە، لەلایەن ناسیاوێكی خۆیانەوە نامەیەكی مۆبایلی بۆ هاتبوو، دوای ئاشكرابوونی نامەكە، لەلایەن كەسوكارەكەیەوە كوژرا. 

)ر.س)، تەمەن 20 ساڵ، دانیشتووی ناحیەی كەسنەزان كە نامەكەی بۆ ناز ناردبوو، كاتێك هەواڵی كوشتنی نازی  پێدەگات، بە گوللـەیەك كۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێ‌. پرسەی (ر) زۆر بێدەنگ بوو، وەك ئەو پرسانە نەبوو كە دەنگی قیژە و لەخۆدانی ژن لە دوورەوە دێت. كاتێك داوامان لە خێزانەكەی كرد باسی رووداوەكە بكەن، تەنیا گوتیان "بەردێكمان لەسەر داناوە و ئێوەش وازبێنن"، بەڵام كەسێكی ئاگادار لە رووداوەكە گوتی: "(ر) پەیوەندی لەگەڵ ئەو ژنەی خزمیان هەبوو، ناز هەرچەندە هاوژین و دوو منداڵیشی هەبوو، بەڵام لەگەڵ (ر) یەكدییان خۆشدەویست".  30/04/2019

 

لە سۆران تەرمی گەنجێک دۆزرایەوە
لەلایەن سەرباز سیامەند 13 کاژێر لەمەو بەر   رووداو- هەولێر

گوتەبێژی پۆلیسی سۆران رایگەیاند، لە گوندێکی شاری سۆرانی سەر بە هەولێر تەرمی گەنجێک دۆزراوەتەوە. 

سەعدون هاودیانی، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 28-4-2019 تەرمی گەنجێکی 22 ساڵان بەناوی عەزیز فازڵ لە ماڵەکەی دۆزرایەوە.

سەعدون هاودیانی گوتی: "بەگوتەی مامی گەنجەکە، عەزیز فازڵ لە دایکبووی ساڵی 1997یە و قوتابی بووە، لە ماڵەوە بە تەنیا بووە و بە کڵاشینکۆڤ خۆی کوشتووە."

گوتەبێژی پۆلیسی سۆران باسی لەوەکرد:"بەپێی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، رووداوەکە خۆکوژییە و تەرمی گەنجەکە رەوانەی پزیشکی دادی سۆران کراوە بۆ زانیاری زیاتر لەسەر دواین ھۆکاری گیانلەدەستدانەکە، تاوەکو بگەینە ئەنجام و بزانین رووداوەکە خۆکوژییە یان کوژراوە." 29/04/2019

 

پۆلیسی سلێمانی زانیاری لەبارەی منداڵە کوژراوەکەی کەنەکەوە بڵاوکردەوە
لەلایەن فەلاح نەجم 26/4/2019   رووداو- هەولێر
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی منداڵیکیان دۆزیوەتەوە کە شوێنی لێدان بە سەرییەوە دیاربووە.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ تەرمی منداڵێکیان لە گەڕەکی کەنەکەوەی شاری سلێمانی دۆزیوەتەوە کە تەمەنی 13 ساڵانە و شوێنی لێدان بە سەرییەوە دیاربووە".
بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، ئەو منداڵە ناوی (ر. س) ەو لە رەگەزی نێرە، دوێنێ لەماڵ دەرچووە و ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەشکرد، چەند کەسێک بانگ کراون بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام هیچ کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی ئەو کەسە دەستگیر نەکراوە. 26/4/2019   

 

پۆلیسی هەولێر: ئەو پیاوەی لە کەسنەزان گەنجێکی کوشت، دەستگیرکرا
لەلایەن رووداو 2 کاژێر لەمەو بەر  رووداو - هەولێر
 
پۆلیسی کۆیە تۆمەتبارێکی رادەستی پۆلیسی هەولێری کرد و کە تۆمەتبارە بە کوشتنی گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ.

شەوی 10ی ئەم مانگە، تەرمی گەنجێک بەناوی "بیلال عەبدولڕەحمان" لە رێگەی کەسنەزان لە هەولێر دۆزرایەوە. هەشت رۆژ دواتر و لە 18ی ئەم مانگە تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە دەستگیرکرا.
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداو-ی راگەیاند "دوای ئاگادارکردنەوەمان بە بوونی تەرمێک لە رۆژی 11-4-2019 لە سنووری بنکەکەمان دەستبەجێ تیمێکی لێکۆڵەر چووە شوێنی رووداوەکە، دەرکەوت کە کەسێک بە ناوی بیلال عەبدولڕەحمان، تەمەن 28 ساڵ بەھۆی بەرکەوتنی زەبرێکی بەھێز بەسەریدا گیانی لەدەستدا. 19/04/2019

 

باوكی حەوت منداڵ خۆی دەخنكێنێ
لەلایەن Fahad Sabri دوێنێ کاژێر 10:01   رووداو- هەولێر

كەسوكارەكەی چەند جارێك تەلەفۆنیان بۆ كرد، بەڵام خالید وەڵامی نەبوو، تا دواجار هاوڕێیەكی تەرمەكەی لە نێو گەراجێكدا بە هەڵواسراوی دۆزییەوە. كەسوكارەكەی دەڵێن خالید قەرزدار بووە بۆیە خۆی خنكاندووە.

ئێوارەی رۆژی 21/3/2019 پیاوێكی تەمەن 51 ساڵ بەناوی (خالید، د)، دانیشتووی گوندی قۆڕیتانی سەر بە شاری هەولێر كە باوكی حەوت منداڵ بوو، لە نێو گەراجێكدا خۆی خنكاند.

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە(رووداو)ی راگەیاند: "لەلایەن بنكەی پۆلیسی شەمامك لە رووداوێكی خۆكوشتن ئاگادار كراینەوە، دوای ئەوەی هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەكە تەرمەكەیان رەوانەی پەیمانگای پزیشكی دادوەریی هەولێر كرد".

سەبارەت بە هۆكاری خۆخنكاندنی ئەو پیاوە، رائید هۆگر گوتی: "بە گوێرەی ئیفادەی هاوژینەكەی، ئەو پیاوە هیچ كێشەیەكی خێزانی نەبووە. هەندێك پارە قەرزدار بووە، گەڵابەیەكیان هەبووە فرۆشتوویانە، بەڵام پارەكەی بەشی هەموو قەرزەكانی نەكردووە. بەهۆی ئەوە باری دەروونیی تێكچووبوو، هەمیشە دەیگوت چۆن دووبارە بتوانم گەڵابەیەك بكڕمەوە، چۆن بتوانم قەرزەكانم بدەمەوە". 19.04.2019   

 

ژنەكەی و منداڵەكانی بە پاچ كوشتیان
لەلایەن تریسكە شێرزاد 5 کاژێر لەمەو بەر  رووداو- هەولێر

یونس لە خەودا بوو كاتێك هاوژین و منداڵەكانی بە هاوكاریی خۆشەویستی كچەكەی، پەلاماریان دا و كوشتیان، دواتر تەرمەكەیان لە چۆڵەوانییەك فڕێدا.

 شەوی 9/4/2019، پیاوێكی تەمەن 48 ساڵ، دانیشتووی گوندی قەرەبەگی سەر بە ناحیەی پردێ‌، لەلایەن هاوژین و منداڵەكانییەوە كوژرا. یونس پاسەوانی بارەگای حیزبی شیوعی كوردستان بوو لە ناحیەی پردێ‌.

عەقید عابدین نەجمەدین، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی پردێ بە(رووداو)ی راگەیاند: "شەوی 9/4/2019 پۆلیسی ناحیەی پردێ تەرمی پیاوێكیان لە نزیك گوندی نەبیاوە دۆزییەوە كە لەنێو بەتانییەك دانرابوو، پێڵاوی لە پێ‌ نەبوو، بە پاچ لێیدرابوو، هەموو جەستەی خوێن بوو، تەرمەكەمان نارد بۆ پەیمانگەی دادوەریی كەركووك".   16/04/2019   


لە قەڵادزێ کەسێک بە چەقۆ کوژرا و ئۆتۆمبێلەکەشی سووتێنرا

لەلایەن فەلاح نەجم 2 کاژێر لەمەو بەر   رووداو-هەولێر
پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی قەڵادزێ بە چەقۆ کوژراوە و ئۆتۆمبێلەکەشی سووتێنراوە.

لە راگەیێندراوێکدا، پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی کەسێک بەناوی "س، ع، ئـ" لەدایکبووی ساڵی 1969 کە پیشەی کاسب بووە و دانیشتووی گەڕەکی خانەقا قەڵادزێ بووە، گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ.

پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، کوژراوەکە شوێنی چەقۆ بە جەستەیەوە دیارە. لە دوێنی (یەکشەممە)ـەوە لە ماڵەکەی چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە. دواتر هێزە ئەمنییەکان لەلایەن کەسوکاری ئاگادارکرانەوە. پاش بەدەستهێنانی زانیاری، هێزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر و بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن و بنکەی پۆلیسی راپەڕین تەرمەکەیان دۆزییەوە.   15.04/2019  

 

لە هەولێر سێ کەس دەستدرێژی دەکەنە سەر کچێکی تەمەن 7 ساڵان
لەلایەن سیداد لەشكری 1 کاژێر لەمەوبەر   رووداو - هەولێر

لە هەولێر سێ نەوجەوان دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر کچێکی تەمەن حەوت ساڵان، کە قوتابی پۆلی دووەمی بنەڕەتییە. 
پوورزایەکی دەستگیرکراوە.. باوکی کچەکە دەڵێت، زڕدایکی کچەکەش هاوکاری کردوون
سێ نەوجەوانەکە رۆژی 3ـی ئەم مانگە لەڕێگەی گەڕانەوەی لە قوتابخانە ئەو منداڵەیان رفاندووە، دوای بێهۆشکردنیشی لە چۆڵەوانییەکی گەڕەکەکەی خۆیاندا دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەری. دوای سێ کاژێر هەر بە بێهۆشی لە نزیک ماڵی خۆیان و لەژێر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا فڕێیدەدەن.

کچەکە چیرۆکی رفاندنی بۆ رووداو باسدەکات و دەڵێت "منیان خستە نێو ئۆتۆمبێل و حەبیان پێدام، چەقۆشیان خستە سەر ملم، دواتر لەژێر لۆرییەک منیان فڕێدابوو. چوومە ماڵەوە بە دایکمم گوت، ئەویش یەکسەر داخی کردم و لێیدام".  15.04.2019 

 

پۆلیس روونکردنەوە لەبارەی سێ رووداوی کوشتن دەدات لە سلێمانی
لەلایەن رووداو 25 خولەک لەمەوبەر ڕووداو - سلێمانی 

لەماوەی هەفتەیەکدا سێ حاڵەتی کوشتن لە شاری سلێمانی تۆمار کراون، پۆلیسی شارەکە روونکردنەوە لەبارەی رووداوەکان دەدات و دەشڵێ "ھیچ رووداوێک بە شاراوەیی نامێنێتەوە".

ئەمڕۆ (دووشەممە، 15-4-2019) گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "رووداوەکانی کوشتن لە شاری سلێمانی پەیوەندییان بە کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ھەیە".

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی گوتی "لە ماوەی ھەفتەیەکدا سێ حاڵەتی کوشتن لە سنووری پارێزگای سلێمانی روویان داوە، بەڵام رووداوەکان لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بوون و ھیچ پەیوەندییەکییان بە ئارامیی شاری سلێمانییەوە نییە. ھێزەکانی پۆلیسی سلێمانی ھەوڵی دەستگیرکردنی بکوژی تاوانەکانی کوشتن دەدەن و ھیچ رووداوێک بە شاراوەیی نامێنێتەوە".
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا نەقیب سەرکەوت ئەحمەد جەختی کردەوە لەوەی "ئێستا ھیچ تاوانبارێک داڵدەنادرێت. ئەگەر بزانین تاوانبارێک داڵدەدراوە، راستەوخۆ ھێزەکانی پۆلیس تاوانبارەکە و داڵدەدەرەکە دەستگیردەکەن. ھاووڵاتییانی شاری سلێمانی دڵنیادەکەینەوە، ھێزەکانی پۆلیس بەردەوام ھەوڵی ئەوە دەدەن شاری سلێمانی لە رەوشێکی ئارامدا بێت".
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا نەقیب سەرکەوت رایگەیاند بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان 29 كه‌سیان به‌ تۆمه‌تەکانی‌: دزیكردن، ساختەکردنی پاره ‌‌و ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر ده‌ستگیركردووه، لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیانه‌ به‌رده‌وامه،‌ ھەروەھا حاڵەتەکانی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی ھۆشبەر زیادیان کردووە.  15/04/2019  

 

لە کافتریایەکی سلێمانی تەقە لە گەنجێک کرا و کوژرا
لەلایەن نەوزاد مەحموود 9/4/2019  رووداو - سلێمانی
جەمال ئەحمەد جەمیل، پەیامنێری رووداو لە شوێنی تەقەکردنەکە
لە ناو کافێیەک لە شەقامی سالم لە سلێمانی تەقە لە گەنجێک کرا، دوای گەیاندنیشی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەم ئێوارەیە لە نزیک دووکانەکانی سەهۆڵەکە لە شەقامی سالم تەقە لە کەسێک کراوە، لە لایەن خەڵکەوە گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، بەڵام لەوێ گیانی لەدەستداوە.
رووداوەکە لەناو یەکێک لە کافێیەکانی سەهۆڵەکە روویداوە و بە دەمانچە گەنجەکە کوژراوە.
گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان پەڕاوی لێکۆلینەوەیان کردووەتەوە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.   15/04/2019 

هاونیشتمانییەک لە کەورگۆسک کوژرا
لەلایەن سەرباز سیامەند 11/3/2019  رووداو- هەولێر

لە شارۆچکەی کەورگۆسکی سەر بە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر، هاونیشتمانییەک کوژرا.

سوارە ئەکرەم، بەڕێوەبەری شارۆچکەی کەورگۆسک بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ رووداوێکی کوشتن لە کەورگۆسک روویدا. کەسێک بە چەک کوژراوە کە خەڵکی ناوچەکەیە. تۆمەتبارەکە دەستگیرنەکراوە و هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵی دەستگیرکردنیدان".

سوارە ئەکرەم گوتیشی "ئەوەی کە دەگوترێت کوشتنەکە گوایە لەسەر وەستانی ئۆتۆمبێل بووە یان هەر بابەتێکی دیکە، راست نییە و زانیاری سەرەتاییە. جارێ هۆکاری سەرەکی کوشتنەکە روون نییە، تیمەکانی پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەو بارەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە". 15/04/2019   

پیاوێك لەسەر پرووشكی جۆگە دەكوژرێ‌
لەلایەن شکار ئەحمەد 1 کاژێر لەمەوبەر  رووداو – هەولێر

پیاوێكی 38 ساڵان لە كەناری زێی كەڵەك لەكاتی نوێژكردن دەستڕێژی گوللـەی لێكرا و كوژرا، كەسوكاری كوژراوەكە دەڵێن بكوژەكان ئامۆزای كوژراوەكەن و دوای تاوانەكەش تەقەی خۆشییان كردووە.

حاجی جەواد كەمال، 38 ساڵ و باوكی چوار منداڵ، رۆژی 6/4/2019 كوژرا، كەسوكارەكەی هۆكاری كوشتنی بۆ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لەگەڵ ئامۆزاكانیان دەگەڕێننەوە. فوئاد كەمال برای حاجی جەواد، بە (رووداو)ی راگەیاند: "ساڵی 2016 ئافرەتێكی دراوسێمان كچی ئامۆزایەكمی لە پرسەیەكدا بینیبوو، پرسیاری لە براكەم كردبوو، ئەویش پێیگوتبوون كچێكی بەڕەوشت و باشە، ئیدی كچەكەیان خواست".

بەڵام لە بەختی حاجی جەواد، ژن و پیاوەكە كێشە دەكەوێتە نێوانیان، كچەكە دەچێتەوە ماڵی باوكی. باوكی كچەكەش سێ‌ بە سێ‌ تەڵاقی خواردووە كە كچەكە نەنێرێتەوە ماڵی مێردی، بۆیە دەبوو یان ژنەكەی خۆی تەڵاق بدات یان كچەكەی تەڵاق بدرێ، لەبەرامبەر تەڵاقدانی كچەكەشی بڕە پارەیەكی لە زاواكەی وەرگرت، بەڵام (ر) كە باوكی كچەكەیە، هەڕەشەی لە حاجی جەواد كردووە كە ئەو بووەتە هۆی ئەوەی كچەكەی تەڵاق بدرێ‌". 15/04/2019  

 

بەڤیدیۆ؛ لە هەولێر گەنجێک هەوڵی خۆکوشتنی دا و رزگارکرا
لەلایەن راوچی حەسەن 6/4/2019  رووداو - هەولێر 
ئەو گەنجەی هەوڵی خۆکوشتن دەدات و رزگاردەکرێت، کوردە و خەڵکی قەزای خەباتە
ئەفسەرێک لە بنکەی پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ''دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەنجێک ویستی لەسەر باڵەخانەیەکی 21 نهۆمی خۆی فڕێبداتە خوارەوە و کۆتای بە ژیانی خۆی بهێنێت، بەڵام تیمەکانی پۆلیس بەهانایەوە چوون و رزگارکرا''.

هاوڕێ عەبدوڵڵا، ئەفسەر لە بنکەی پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "كاژێر 1:40 خولەکی ئەمڕۆ (شەممە 6-4-2019) لەلایەن کۆنتڕۆڵی 104 ئاگادارکراینەوە لە بوونی رووداوێک کە گەنجێک چووەتە سەر باڵەخانەیەکی 21 نهۆمی و هەوڵی خۆکوشتن دەدات، دوای گەیشتنی تیمەکانمان خۆشبەختانە توانرا گەنجەکە رزگاربکرێت".  12/04/2019  

 

بەدەستی برا گەورەكەی دەكوژرێت
لەلایەن شکار ئەحمەد 9/3/2019   رووداو – هەولێر

لە هەولێر برایەك برا بچووكەكەی خۆی دەكوژێ و لەگەڵ هاوژینەكەی دەستگیر دەكرێن. بەگوتەی پۆلیس كێشەكە لەسەر ئەوە بووە كە هاوژینی بكوژەكە پەیوەندی لەگەڵ كوژراوەكەدا هەبووە.

(ش.ی) تەمەنی تەنیا 14 ساڵ بوو كاتێك براكەی بەزۆر دەیدات بە یەكێك لە ئامۆزاكانی بەناوی (م.ئەنوەر) بەڵام ئەو دەڵێ برای مێردەكەی خۆشویستووە: "براكەم بە زۆر منی دا بە (م)ی ئامۆزام، بەڵام من بەهیچ شێوەیەك ئەوم نەدەویست، بۆیە دوای هاوسەرگیریشم لەگەڵ (م)، من و ئەحمەد یەكدیمان هەر خۆشدەویست، وەكو ژن و مێرد وابووین". 12/04/2019  

 

لە سلێمانی کەسێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندارکرا
 (سبەی):
لە گەڕەکی مامەیارەی شاری سلێمانی بە دەسترێژی گوللە هاوڵاتییەک کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربو.

پەیامنێری (سبەی) لە سلێمانی رایگەیاند؛ ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی (12/4/2019) لە گەڕەکی مامەیارەی سلێمانی بە دەستڕێژی گوللە هاوڵاتییەک گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش برینداربوە. ١٢/٤/٢٠١٩.

 

پۆلیسی سلێمانی: گەنجێک بە چەقۆ باوکی خۆی کوشت
لەلایەن سامان بەشارەتی 12 کاژێر لەمەو بەر رووداو - سلێمانی
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لە گەڕەکی چوارباخ ''کوڕێک بە چەقۆ باوکی خۆی کوشت و هەڵات''.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " لە گەڕەکی چوارباخ کوڕێک باوکی خۆی کوشتووە و هەڵاتووە، پۆلیس لە لێکۆڵینەوەدایە و تاوەکو ئێستا نەزانراوە هۆکاری کوشتنەکە چییە" .
تیمەکانی پۆلیس چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان کردووە و تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی.

 

لە شەقامی سالم گەنجێک کوژرا
)سبەی(:
لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی گەنجێک بە دەستڕێژی گوللە کوژرا.

نەقیب سەرکەوت ئەحمەت، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە (سبەی) راگەیاند؛ ئێوارەی ئەمڕۆ لە شەقامی سالم لە سلێمانی لەسەر مامەڵەی ئۆتۆمبێل دەمەقاڵێ لەنێوان دو کەسدا دروست بوە و یەکێکیان دەستڕێژی گوللەی لەوی دیکە کردوە.

وتیشی: پێش ئەوەی کەسەکە بگەیەندرێتە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رونیشیکردەوە، هێزەکانیان تەرمەکەیان رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کردوە بۆ توێکاری تەرمەکەی و هەروەها تۆمەتبارەکەش هەڵاتوە. 09/04/2019

 

پیاوێک دوای پێنج مانگ لە دیارنەمانی، بە کوژراوی دۆزرایەوە
لەلایەن سامان بەشارەتی 18 کاژێر لەمەو بەر رووداو - سلێمانی 

لە سلێمانی باندێک دەستگیرکرا، کە بەڕێوەبەری ئاسایش بە "مەترسیدار" ناوی بردن. دوای دەستگیرکردنیان ئاسایش رایگەیاند، ئەو بەقاڵەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو رفێندرابوو، لەلایەن ئەوانەوە کوژراوە و کراوە بەژێر خۆڵەوە.

ژمارەی باندەکە پێنج کەسن و چەند تاوانێکی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە.    ٦/٤/٢٠١٩

 

ئەو کەسەی دەستڕێژی گوللەی لە دووکاندارێکی هەولێر کرد: تۆڵەی باوکم کردەوە
لەلایەن راوچی حەسەن 12 کاژێر لەمەو بەر رووداو - هەولێر 
تۆمەتبارەکە قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێت: ساڵی 1994 غەدری لە باوکم کردووە
ئەو کەسەی ئێوارەی رۆژی هەینی دەستڕێژی گوللـەی لە دووکاندارێکی شەقامی 40 مەتری هەولێر کرد، دەستگیرکراوە و دەڵێت: "ئەوەی کوژراوە کوڕی پوورمە و لە تۆڵەی باوکم ئەوم کوشتووە و پەشیمان نیم".  6/4/2019 

 

پۆلیسی هەولێر: کەسێک دەستڕێژی گوللە لە دووکاندارێک دەکات و دەیکوژێت
لەلایەن راوچی حەسەن دوێنێ کاژێر 07:51  رووداو - هەولێر 

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاند ''ئێوارەی ئەمڕۆ کەسێکی دەمامکدار دەستڕێژی گوللـە لە دووکاندارێک دەکات و دەیکوژێت''.

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 5:30 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ (هەینی 5-4-2019) کەسێکی دەمامکدار بە چەکی جۆری کڵاشینکۆڤ دەستڕێژی گوللە لە دووکاندارێک دەکات و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات".

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت: "ئەو کەسەی دەستڕێژی گوللەی لەو دووکاندارە کردووە رایکردووە، پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە و تاوەکو ئێستاش تۆمەتبارەکە دەستگیرنەکراوە". 5/4/19  

 


تەرمی ژنێک دۆزرایەوە

(سبەی):

تەرمی ژنێک لە سەر رێگای سەرەکیی سلێمانی چەمچەماڵ دەدۆزرێتەوە، کە پێدەچێت خنکێندرابێت.

ئەیوب حەمەغەریب، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بە (سبەی) راگەیاند: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی ژنێک لەسەر رێگای سەرەکی (سلێمانی-چەمچەماڵ) و نزیک ناوەندی قەزاکە دۆزرایەوە و تەرمەکەی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید پێشڕەو کرا، دوای رێکارە تەندروستی و یاساییەکان، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادوەریی سلێمانی کرا.

وتیشی :"ژنەکە تەمەنی لەنێوان (20-25) ساڵدایە و پانتۆڵێکی شین و بۆدییەکی رەشی لەبەردا بوە و بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەگەری زۆرە خنکێندرابێت".  ٤/٤/٢٠١٩

 

كوڕێك دەستدرێژی دەكاتە سەر خوشكەكەی
لەلایەن دیمەن بورهان 16 کاژێر لەمەو بەر رووداو – هەولێر

(ك.م) لە نیوە شەودا خۆی دەكات بە ژووری خوشكەكەیدا، دەم و دەستی دەبەستێتەوە و دەستدرێژی دەكاتە سەری. ئەو رووداوە بە نهێنی مایەوە تا ئەو كاتەی (ك.م) چووە دەرەوەی وڵات. خێزانەكەی كاتێك ویستیان پشكنین بۆ پەردەی كچێنی كچەكەیان بكەن، پزیشك داوای رەزامەندی پۆلیسی لێكردن، بۆیە ناچار بوون كێشەكە بۆ پۆلیس باس بكەن. ئێستا (ك.م) كە برای كچەكەیە، لەلایەن پۆلیسەوە بە هەڵاتوو ناوی تۆمار كراوە. 20/03/2019   

 

گۆران بەدەستی پارێزەرێک کوژرا
لەلایەن دیمەن بورهان 15 کاژێر لەمەو بەر رووداو - هەولێر

شەوی 12/3/2019 لە هەولێر هاونیشتمانییەک بەناوی "گۆران یونس" بەدەستی پارێزەرێک دەکوژرێ کە مامی هاوژینەکەیەتی، بنەماڵەکەشی پرسە بۆ کوڕەکەیان دانانێن. هەروەها سەندیکای پارێزەران ئیدانەی کوشتنی هاونیشتمانییەکە بەدەستی پارێزەرەکە دەکات و داوا لە دادگاش دەکەن لەسەر ئەم دۆسیەیە بێنە سەرهێڵ.

شوکریە باپیری 19 ساڵان، هاوژینی گۆران یونسە، لە ماڵی خەزووری جلوبەرگی پرسەباری پۆشیوە و کوڕە یەک ساڵانەکەی لەباوەش گرتووە، گرتە ڤیدیۆیی و وێنەکانی گۆرانی هاوژینی  پیشاندەدا، ئەویش دەست بۆ مۆبایلەکە دەبات و دەڵێ بابە، هەر کە مۆبایلەکەشی لێوەردەگرن دەست بە گریان دەکات".

شوکریە باپیر بە (رووداو)ی گوت: "سێ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ گۆران هاوسەرگیریمان کرد و منداڵێکم بەناوی ئەدیب لێی هەیە، تاوەکو باوکم لە ژیاندا بوو هیچ کێشەیەکمان نەبوو، بەڵام پارساڵ باوکم بەهۆی نەشتەرگەری گیانیلەدەستدا، منیش هەرچەندە خاوەنی پێنج خوشک و دوو برام، بەڵام دوای مردنی باوکم بێکەس کەوتم، دایکم لەسەر دابەشکردنی میرات کردی بە کێشه لەگەڵم، بەڵام هاوژینەکەم و بنەماڵەکەی بۆ ئەوەی لە کێشەکە بەدووربم، نەیاهێشت میراتەکە وەربگرم، ئێستا ماڵی دایکم هاتوچۆم ناکەن، و ماڵی خەزوورم بوون بە هەموو کەسوکارم".

بەگوتەی شوکریە زەریبەی دوکانێک و دەسوەردانی مامێکی خۆی دەبێتە هۆی دەمەقاڵێ لەنێوان شوکریە و دایکی و دواتریش بە کوژرانی گۆرانی هاوژینی هاوژینی تەواودەبێت، شوکریە دەڵێ: "هەشت ساڵ لەمەوبەر برایەکی گۆران لە دوکانێکدا کاریدەکرد کە بەناوی هاوژینەکەم بوو، بەڵام دواتر فرۆشتیان، دواتر گۆرانیان ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت زەریبەی ئەو دووکانە بدات، ئەویش پارەکە دەدات کە بڕی 530 دۆلار بوو، بەڵام ئەوەی ئەو کارەی کردووە ماێکمە بەناوی (ر. ک) کە پارێزەرە و هۆکاری کێشەکان و هەڵدانەوەی فایلی زەریبەکە بوو، بۆیە پەیوەندیم بە دایکمەوە کرد و گوتم بۆچی مامم فایلی زەریبەی هاوژینەکەمی دەرکردووە و خەڵکی ناردووەتە سەر هاوژینەکەم بۆ زەریبە؟، لەگەڵ دایکم بووبە دەمەقاڵێمان، ئەویش پەیوەندی بە (ر. ک)ـەوە کردبوو، بۆیە (ر. ک)ی مامم لەگەڵ مامێکی دیکەم بەناوی (غ. ک) و ئامۆزایەکیان بەناوی (ج) هەڵیان کوتایە سەر ماڵمان".

شوکریە باس لە شەوی رووداوەکە دەکات و دەڵێ: "کاژێر هەشتی شەو لە دەرگا درا، دوو مامم و ئامۆزایەکی باوکم بوون، چەکیشیان پێبوو، (غ. ک)ی مامم کە تەمەنی 37 ساڵە بە جوێنێکی ناشیرین پێیگوتم سەربکەوە لەگەڵمان، بەڵام من ترسام و گوتم نایەم، ئەوان ویستیان بەزۆر پەلکێشم بکەن، بەڵام گۆران نەیهێشت و بووبە شەڕیان، گۆران پێیگوتن وەرنە ژوورەوە قسە دەکەین، بەڵام (غ. ک)ی مامم کە ئەویش بەشی یاسای تەواوکردووە لە پشتەوە قۆنداغێکی کڵاشینکۆفەکەی لە سەری گۆران دا و کەوتە سەر زەویەکە، (ر. ک)ی مامیشم کە تەمەنی 48 ساڵە فیشەکێکی پێوەنا، ئینجا هەڕەشەی کوشتنی لە من کرد و گووتی بۆ کوێ دەچی تازە لە دەستم رزگارت نابێ، ئەوان بە ئۆتۆمبێلەکەیان هەڵاتن، من و خوشکی گۆرانیش دەستمان لە ئۆتۆمبێلێک راگرت و بردمان بۆ نەخۆشخانە".  20/3/2019  

 

گەنجێك لەسەر دروستكردنی تاسەیەك دەكوژرێ‌
لەلایەن دیمەن بورهان 21 کاژێر لەمەو بەر، رووداو-هەولێر
گەنجێك لە نێو بازاڕی ناحیەی كەورگۆسكی سەر بە شاری هەولێر، لەلایەن کۆنەدراوسێیەكییەوە دەستڕێژی گوللەی لێكرا و كوژرا. كوشتنی گەنجەكە بەهۆی دروستكردنی تاسەیەك بووە لە بەردەم ماڵی بكوژەكەدا.

رووداوەکە رۆژی 11/3/2019 لە نێو بازاڕی ناحیەی كەورگۆسك روویدا، کە تێیدا سەمیری تەمەن 34 ساڵ و خاوەنی پێنج منداڵ کوژرا.

موئمین عەبدوڵڵا، كە برای سەمیرە، بە (رووداو)ی گوت :"ئەو رۆژە براكەم چووبوو یارمەتی براكەی بدات، كە خەریكی كێڵانی زەوی بوو، ئێوارە كە گەڕابووەوە، لەلایەن كۆنە دراوسێیەكیان لەنێو بازاڕی كەورگۆسك تەقەی لێكرا". ١٩/٣/٢٠١٩

 

لە رۆژێکدا دو ژن لە دەڤەری راپەڕین سوتان
)سبەی(:
لە یەک رۆژ و لە دو روداودا ژنێک لە رانیە ئاگر لەخۆی بەردەدات و لە پشدەریش ژنێک دەسوتێت.

راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی راپه‌ڕین بڵاویکردەوە، ئەمشەو سەعات (9)، ژنێک بەناوی (ن . ئـ . ع) له‌دایكبوی ساڵی (2000) کە دانیشتوی ناحیه‌ی هه‌ڵشۆ سه‌ر به‌ قه‌زای پشده‌رە، به‌ سوتاوی له‌ لایه‌ن هاوسه‌ر و كه‌سوكاره‌كه‌یەوە گه‌یه‌ندرایه‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی قه‌ڵادزێ.
به‌ وته‌ی خۆی له‌كاتێكدا سوتاوه‌ ویستویه‌تی (په‌ره‌مێز)ی نه‌وت هه‌ڵكبات و دواتر په‌ره‌مێزه‌كه‌ گڕی گرتوه‌ و بەهۆیەوە ئاگر له‌ ده‌ست و ده‌موچاوی به‌ربوه‌، بەڵام دوای وەرگرتنی چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تایی، به‌هۆی سوكی برینه‌كه‌یەوە رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە دەستیپێکردوە.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە ژنێکی تەمەن (49) ساڵ بەناوی (غ،ل) لەماڵەکەی خۆیان لە رانیە لە گەڕەکی کێوەڕەش دوای ئەوەی ئاگری لە جەسەتەی خۆی بەردا، بەوهۆیەوە گیانی لە دەستدا.
بە وتەی کەسوکاری ئەو ژنە ماوەیەکە نەخۆشی دەرونی لەگەڵ بوە و هەروەها دوای ئەوەی لە پزیشکی دادوەری رانیە توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکەی کرا، رادەستی کەسوکاری کرایەوە و لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە دەستیپێکردوە. 14.3.2019

 

بە پیلانی ژنەكەی كوژرا
لەلایەن دیمەن بورهان 22 کاژێر لەمەو بەر، رووداو - هەولێر

20 ساڵ بوو پێكەوە دەژیان، كەچی دەستی لەگەڵ گەنجێك تێكەڵ كرد كە 13 ساڵ لە خۆی بچووكترە، دواتر بە پیلانێكی هاوبەش لەگەڵ گەنجەكە، مێردەكەی لەبەردەمی ماڵەكەیدا كوژرا.

شەوی 4/3/2019 پیاوێك بەناوی فەرهاد ئیبراهیم، دانیشتووی گەڕەكی هاوكاریی شاری هەولێر، لەبەردەم ماڵەكەیدا كوژرا، بۆ بەیانی هەواڵەكەی لە میدیاكانەوە بڵاوكرایەوە، بەڵام كەس نەیدەزانی ئەو پیاوە بۆچی كوژراوە و بكوژەكە كێیە. دوای چەند رۆژێكی كەم پۆلیس بكوژەكەی دۆزییەوە و دەستگیری كرد.  12/3/2019  

 

دو پۆلیس لەلایەن پێشمەرگەیەکەوە لە هەڵەبجە کوژران
(سبەی): پۆلیسی هەڵەبجە بڵاوی کردوەتەوە، بەهۆی دەمەقاڵە و تەقەوە لە بازاڕی شارەکە دو کارمەندی پۆلیس گیانیان لەدەستدا و پێشمەرگەیەکیش بە برینداری دەستگیر کراوە.

لە راگەیەنراوێکدا پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاندوە؛ شەوی رابردو سەعات (12:00)، له‌نێو بازاڕی‌ شاره‌كه‌دا دەمەقاڵێ له‌نێوان چه‌ند كه‌سێكدا رویداوە و دواتر تەقەی لێکەوتوەتەوە و لە ئەنجامدا دو پۆلیس گیانیان لەدەستداوە.

پۆلیسی هەڵەبجە رونی کردوەتەوە؛ یەکێک لە پۆلیسە کوژراوەکان ناوی (أ.ج.ح) و ته‌مەنی (35) ساڵ بوە، کارمەندی بنکەی پۆلیسی شەهید سەرکار و دانیشتوی گەڕەکی بامۆک لە هەڵەبجە بوە و کوژراوەکەی دیکەش (ب.ص.ق)ی تەمەن (34) ساڵانە و کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاسەوانییەکانی پۆلیسی سلێمانی بوە لەسەر میلاکی (کۆمەڵی ئیسلامی کورردستان) و دانیشتوی گەڕەکی شێخ ئیسماعیلی هەڵەبجە بوە.

لە راگەیەنراوەکەی پۆلیسدا ئاماژە بەوەکراوە، تۆمەتباری روداوی تەقەکردنەکەش ناوی (أ.ن.‌‌‌‌‌‌‌‌‌أ) بوه‌و تەمەنی‌ (32)ساڵ بوە کە پیشەی پێشمەرگەیە لە هێزەکانی (70) و دانیشتوی گەڕەکی کانی شێخ-ە لە هەڵەبجە و بە برینداری لە لایەن پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کراوە.  10/03/19 

 

بەدەستی برا گەورەكەی دەكوژرێت
لەلایەن شکار ئەحمەد 19 کاژێر لەمەو بەر رووداو – هەولێر

لە هەولێر برایەك برا بچووكەكەی خۆی دەكوژێ و لەگەڵ هاوژینەكەی دەستگیر دەكرێن. بەگوتەی پۆلیس كێشەكە لەسەر ئەوە بووە كە هاوژینی بكوژەكە پەیوەندی لەگەڵ كوژراوەكەدا هەبووە.

(ش.ی) تەمەنی تەنیا 14 ساڵ بوو كاتێك براكەی بەزۆر دەیدات بە یەكێك لە ئامۆزاكانی بەناوی (م.ئەنوەر) بەڵام ئەو دەڵێ برای مێردەكەی خۆشویستووە: "براكەم بە زۆر منی دا بە (م)ی ئامۆزام، بەڵام من بەهیچ شێوەیەك ئەوم نەدەویست، بۆیە دوای هاوسەرگیریشم لەگەڵ (م)، من و ئەحمەد یەكدیمان هەر خۆشدەویست، وەكو ژن و مێرد وابووین".  10/03/2019  

 

لەلایەن هاوپۆلەكەیەوە بە چەقۆ كوژرا
لەلایەن عومەر چاوشین دوێنێ کاژێر 09:10  رووداو – رانیە

چەند قوتابییەكی قوتابخانەیەكی بنەڕەتی لە شارۆچكەی قەڵادزێ‌ لە نێو قوتابخانەكەیان بە كێشە دێن، دواتر شەڕەكە دەبەنە دەرەوەی قوتابخانەكە و بە چەقۆ پەلاماری یەكدی دەدەن، یەكێك لە قوتابییەكان كە چەند چەقۆیەكی لێدەدرێ، دوای 13 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، كۆتایی هەفتەی رابردوو مرد.

ئەو شەڕە ئێوارەی رۆژی 14/2/2019 لە بەردەم قوتابخانەی بڵفەتی بنەڕەتی لە شارۆچكەی قەڵادزێ‌ روویدا، بەو هۆیەوە قوتابییەكی تەمەن 16 ساڵ بە ناوی دژوار حەسەن ئەحمەد بووە قوربانی. 

بەگوتەی شایەتحاڵەكان، قوتابییەكان سەرەتا لە نێو قوتابخانە بەشەڕ هاتوون، لەوێ‌ كۆتایی بە شەڕەكەیان هێنراوە، بەڵام دوای تەواوبوونی دەوامی قوتابخانە، جارێكی دیكە لە دەرەوەی قوتابخانە بە شەڕ هاتوون.

رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە (رووداو)ی گوت: "لە بەردەم قوتابخانەی بڵفەت، خوێندكارێك بە چەقۆ هێرشی كردە سەر هاوپۆلێكی خۆی و بە سەختی برینداری كرد، هەر ئەوكات دادوەر بەپێی ماددە 413 لە یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی گرتنی بۆ خوێندكارەكە دەركرد، بەڵام لەبەرئەوەی خوێندكارە بریندارەكە مرد، دادوەر ماددە یاساییەكە دەگۆڕێت بۆ ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی".  8/3/2019

 

كچی خۆی نەدانێ‌ و كوشتیان
لەلایەن عومەر چاوشین 16 خولەک لەمەوبەر رووداو – رانیە
 (ئا) و (ر)ی كوڕی بە كلاشینكۆف و دەمانچە هەڵیانكوتاوەتە سەر محەممەد و شۆڕش، محەممەد كوژرا و شۆڕشیش برینداربوو

(ئا) چەند جارێك چووە داخوازیی كچەكەی محەممەد بۆ ئەوەی ببێتە بووكی، بەڵام محەممەد رازی نەبوو كچەكەی بداتە كوڕی (ئا). دواجار محەممەد لەسەر ئەو هەڵوێستەی كوژرا و كوڕەكەشی بریندار بوو.

رۆژی 23/2/2019 لە كۆمەڵگەی شكارتەی سەر بە قەزای راپەڕین، پیاوێك بەناوی محەممەد ئیسماعیل مەحموود، باوكی 10 منداڵ، لە نزیك ماڵەكەی خۆی لەلایەن دوو كەسەوە تەقەی لێكرا و كوژرا، شۆڕشی كوڕیشی هەر لەوێدا بریندار بوو.  5/3/2019 

 

لە هەولێر کەسێک لەبەردەم ماڵەکەی دەكوژرێت
لەلایەن ئاسۆ سەراوی دوێنێ کاژێر 10:38 رووداو - هەولێر

شەوی رابردوو لە گەڕەكی هاوكاریی شاری هەولێر، كەسێك كە پێشمەرگە بووە بە گوللـە دەكوژرێ‌ ‌و گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێ "بۆ زانینی هۆكاری رووداوەكە، بە چڕی دەستمان بە لێكۆڵینەوە كردووە".

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "كاژێر 08:45ـی شەوی رابردوو لە گەڕەكی هاوكاری، كەسێكی تەمەن 43 ساڵ كە پێشمەرگە بوو بە گوللـە كوژراوە‌. ئەو كەسە لەبەردەم ماڵی خۆی كوژراوە ‌و هێشتا هۆكاری كوشتنەكەی نەزانراوە".  4/3/2019 

 

ژنێک لەلایەن خوشك و براكانییەوە دەخنكێنرێ‌
لەلایەن تریسكە شێرزاد 28/2/2019  رووداو - هەولێر

خوشك و براكانی دەچنە لای میدیا بۆ ئەوەی قەناعەتی پێ بهێنن كە بگەڕێتەوە ماڵی خۆیان و لەگەڵ دایكی بژی، بەڵام میدیا رازی نابێت، پاشان لەلایەن دوو برا و خوشكێكییەوە دەخنكێنرێ‌. دایكیان رەتیدەكاتەوە كە میدیا خنكێنرابێ‌ و دەڵێت: "ئەوان چووبوون میدیا بهێننەوە لای من، بەڵام ئەو دەریكردبوون".

شەوی 9/2/2019 ئافرەتێكی تەمەن 30 ساڵ بەناوی میدیا ئەحمەد، دایكی سێ منداڵ، لەنێو ماڵەكەیدا لە قەزای دووزخورماتوو لەلایەن دوو برا و خوشكەكەیەوە خنكێنرا. پۆلیس دەڵێت تۆمەتبارەكان هەڵاتوون بۆ كەلار. ٣/٣/٢٠١٩

 

رۆژێك پێش شووكردنی خۆشەویستەكەی، خۆی كوشت
لەلایەن تریسكە شێرزاد دوێنێ کاژێر 10:22  رووداو - هەولێر

خەلیل هەموو هەوڵێكی لەگەڵ ماڵی باوكی ئەو كچە دا كە خۆشیدەویست، بەڵام رازی نەبوون كچەكەیان شوو بە خەلیل بكات و لە جیاتی ئەو لە ئامۆزایەكی خۆی مارە كرا. دوای ئەوە خەلیل بە گوللـەیەك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. 

شەوی 13/2/2019 گەنجێكی تەمەن 36 ساڵ بە ناوی خەلیل محێدین، دانیشتووی گەڕەكی یەكی حوزەیرانی شاری كەركووك كە پۆلیس بووە، دوای ئەوەی دەزانێت كەسوكاری ئەو كچەی خۆشیدەویست كچەكەیان بەشووداوە، گوللـەیەك لە خۆی دەدات و دەمرێ‌. 27/2/2019   

 

لە چەمچەماڵ کچێک بە ''گوللە خۆی کوشت''
لەلایەن راوچی حەسەن 2 کاژێر لەمەو بەر  رووداو - چەمچەماڵ 

قایمقامییەتی قەزای چەمچەماڵ رایگەیاند، لە گوندی خەربەندەلووی سەر بە شارۆچکەی ئاخجەلەر ''کچێکی تەمەن 21 ساڵ بە گوللە خۆی کوشت''. 

قایمقامییەتی قەزای چەمچەماڵ لەبارەی رووداوەکە دەڵێت "ئێوارەی ئەمڕۆ (یەکشەممە 24-2-2019) لە گوندی خەربەندەلووی سەر بە شارۆچکەی ئاخجەلەر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ کچێک بەناوی (ک.ئـ.م) تەمەن 21 ساڵ بە گوللەیەک کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا".  ٢٤/٢/٢٠١٩

 

پۆلیسی راپەڕین: باوکێک کوژرا و کوڕەکەشی بریندار کرا
لەلایەن سەرباز سیامەند 3 کاژێر لەمەو بەر رووداو- هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، لە کۆمەڵگەیەکی سەر بە شاری رانیە لەلایەن دووکەسەوە باوکێک کوژراوە و کوڕەکەشی بریندار کراوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 23-2-2019 لە کۆمەڵگەی شکارتەی سەر بە قەزای رانیە، دوو کەس تەقە لە باوک و کوڕێک دەکەن. لە ئەنجامدا باوکەکە گیان لەدەستدەدات و کوڕەکەشی بە سەختی بریندار دەبێت. هۆکاری کێشەکە تاوەکو ئێستا نادیارە. هاوکات دوو تەقەکارەکەش بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون." ٢٣/٢/٢٠١٩ 

 

دوو "قاچاخچی" لە هەولێر دەكوژرێن
لەلایەن رووداو دوێنێ کاژێر 05:08   رووداو – هەولێر

لە شاری هەولێر كێشە لەنێوان چەند قاچاخچییەك دروست دەبێ‌ و دوو لە قاچاخچییەكان دەكوژرێن، یەكێك لەو قاچاخچیانە كە هانی براكەی داوە بۆ كوشتنی ئەو دوو كەسە، دەڵێت ئەو كەسانە سووكایەتیان بە كەسوكاری ئێمە كردووە، بۆیە بە براكەی گوتبوو لەهەر كوێ بینیتن دەستیان لێ‌ مەپارێزە.

حیسام یاسین، لەلایەن بنەماڵەی دوو كوژراوەكەوە وەك سەرۆكی باندێكی كوشتن و بازرگانی بە مرۆڤ ناوی هێنراوە و لە هەولێر سكاڵایان لەسەر تۆمار كردووە، بەڵام ئەو نكۆڵی لەوە دەكات كە هیچكام لەو دوو كەسە بە دەستی ئەو كوژرابن و دەڵێت ئاگاداری كوشتنیشیان نەبووە. ئەو دەڵێ لە یۆنان تەنیا كاری قاچاخچێتی دەكات، سەرۆكی باندی كوشتن و بازرگانیكردن بە مرۆڤ نییە. 23/2/2019 

 

هاوكاری پیاوێك دەكات بۆ كوشتنی مێردەكەی
لەلایەن تریسكە شێرزاد دوێنێ کاژێر 05:02   رووداو-هەولێر

(ن) لەگەڵ خۆشەویستەكەی رێككەوتبوو بۆ ئەوەی یوسفی مێردی بكوژن، پلانەكەیان جێبەجێ كرد، بەڵام پۆلیس هەردووكیانی دەستگیر كرد.

یوسف عەبدوڵڵا، تەمەن 60 ساڵ، دوو هاوژینی هەبوو، دانیشتووی كۆمەڵگەی دۆمیزی سەر بە شاری دهۆك بوو. شەوی 12/2/2019 لەلایەن پیاوێكەوە بە سێ‌ چەقۆ كوژرا. پیاوەكە كە ئاوارەیەكی رۆژئاوای كوردستانە، پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ یەكێك لە ژنەكانی یوسف هەبوو.

موقەدەم هێمن سلێمان، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دهۆك بە (رووداو)ی راگەیاند: "پاش ئەوەی هێزەكانی پۆلیسی سێمێل لە تاوانێكی كوشتن ئاگاداركرانەوە، دەركەوت كەسێكی نەناسراو هێرشی كردووەتە سەر ماڵێك و سێ چەقۆی لە خاوەن ماڵەكە داوە و هەڵاتووە. تەرمەكە رەوانەی پزیشكی دادوەریی دهۆك كرا".

بە گوتەی پۆلیس، بكوژەكە دەستی لەگەڵ یەكێك لە ژنەكانی قوربانییەكە تێكەڵ كردووە و پێشتر پلانی كوشتنەكەیان داناوە. موقەدەم هێمن گوتی: "دوای ئەوەی هاوژینی قوربانییەكەمان بۆ لێكۆڵینەوە بانگی بنكەی پۆلیس كرد، گوتی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ بكوژەكە هەبووە، ماوەی ساڵێكە پێكەوە پلان بۆ كوشتنی مێردەكەی دادەنێن. دواتر بكوژەكەشمان دەستگیر كرد كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە". 22/2/2019 

 

دوای ساڵێک لە کوشتنی هاوسەرەکەی دەستگیرکرا
(سبەی):

پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی پیاوێکی تەمەن (51) ساڵ بە تۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکەی رادەگەیەنێت.

بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی کە وێنەیەکی بۆ (سبەی) نێردراوە، بنكەی پۆلیسی بەختیاری تۆمەتبارێكیان دەستگیركردوە كە ساڵی رابردو هاوسەرەكەی خۆی كوشتوە.

بەپێی راگەیەنداوەکە رۆژی (17/4/2018)، هاوڵاتییەک بەناوی (ش،ر،أ) تەمەن (45) ساڵ، رەگەزی مێ‌ لە گەڕەكی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەفیشەك كوژرا، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان كەشف و هێڵكاری شوێنی روداوەكە كرا و بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس دەركەوت كە هاوسەرەكەی تاوانەکەی ئەنجامداوە .
پۆلیس بڵاوی کردەوە؛ دوای روداوەکە تۆمەتبارەکە هەڵاتوە و خۆی حەشاردا، دوای گەڕان و پشكنین و چاودێریكردنی چەند ناوچەیەك كە گومان دەكرا تۆمەتبار خۆی تێدا حەشار دابێت، سەرەنجام هێزەكانی بنكەی پۆلیسی بەختیاری توانییان ئەمڕۆ (20/2/2019) تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن و بەفەرمانی دادوەر تۆمەتبار (أ، ف، س) تەمەن (51) ساڵ بەپێی ماددەی (405) لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و دانی ناوە بە تاوانەكەیەدا كە هاوسەرەكەی خۆی کوشتوە. 21/2/2019

 

رۆژێك پاش خۆكوشتنی كچەكەی بە جەڵتەی دڵ دەمرێ
لەلایەن تریسكە شێرزاد دوێنێ کاژێر 05:15   رووداو – هەولێر

عەیشان لەوە بێئومێد دەبێ‌ كە باوكی رازی ببێ‌ شوو بە خۆشەویستەكەی بكات، بۆیە بە دەمانچەی باوكی گوللەیەك لە خۆی دەدات و خۆی دەكوژێ‌. رۆژێك دواتریش باوكی عەیشان لە خەفەتی كچەكەی، جەڵتە لێی دەدات و دەمرێ‌.

رۆژی 3/2/2019 كچێكی تەمەن 20 ساڵ، بەناوی عەیشان عەلی دانیشتووی كەمپی كەبەرتوو لە قەزای سێمێلی سەر بە دهۆك، بە دەمانچەی باوكی، خۆی كوشت. عەیشان خەڵكی گوندی بارای باكووری چیای شنگال بوو، لەدوای پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال لە ئابی 2014، ئاوارە بوون.
كەرەم سلێمان، جێگری بەڕێوەبەری كەمپی كەبەرتوو بە (رووداو)ی گوت: "باوكی كچەكە رازی نەبوو شوو بەو كوڕە بكات كە خۆشیدەویست، بۆیە خۆی كوشت". كەرەم گوتیشی: "رۆژێك دوای رووداوەكە، باوكی كچەكە لە خەفەتی كچەكەی تووشی جەڵتەی دڵ هات و مرد  26/2/2019   .”

 

لەسەر دەمەقاڵێ هاوڕێکەی بە چەقۆ کوشت
 (سبەی):
بەهۆی دروست بونی شەڕ و دەمەقاڵەی نێوان دو هاوڕێ، کەسێکی (40) ساڵ بە چەقۆ کوژرا.

لە گوندی مێخاسی سەر بە قەزای خانەقین، تەرمی پیاوێكی دانیشتوی گوندەكە دۆزرایەوە كە شوێنەواری چەقۆ بە جەستەیەوە بوە، دوای دو سەعات لە روداوەکە، بكوژەكەی دەستگیر كرا.

دیار شەوكەت، بەڕێوبەری پۆلیسی خانەقین بە (سبەی)ی راگەیاند: سەعات (9:30)ی شەوی رابردو تەرمی پیاوێكی تەمەن (40) كە شوێنەواری چەقۆ بە جەستەیەوە بوە، لە گوندی مێخاسی سەر بە قەزای خانەقین دۆزرایەوە.

وتیشی:" کوژراوەکە دانیشتوی گوندەکە بوە، دوای تێپەڕبونی دو سەعات بەسەر دۆزینەوەی تەرمەكەیدا، پۆلیسی خانەقین توانیان بكوژەکە دەستگیر بكەن".

رایگەیاند: ئەو كەسەی بە تۆمەتی كوشتنی ئەو پیاوە دەستگیر كراوە، هاوڕێی كوژراوەكە بوە و دانی بە تاوانەكەیدا ناوە، كە لەكاتی دروستبونی شەڕ و دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا هاوڕێكەی بە چەقۆ كوشتوە.

خانەقین/ پاڤێڵ عەبدولڕەحمان ، سیروان خورشید    14/2/2019 

 

لە دهۆک ژنێک بە هاوکاریی گەنجێکی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بە چەقۆ هاوسەرەکەی خۆی  کوشت.
دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، دھۆک، بێوار حیلمی
هێمن سلێمان بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی دهۆک بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، "کاتژمێر دووی شەوی ڕابردوو دووشەممە (١١ی شوباتی ٢٠١٩)، گەنجێکی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دەچێتە ماڵی هاوڵاتییەک و، بە هاوکاریی ژنەکە بە چەقۆ هاوسەرەکەی دەکوژن.''
ڕاشیگەیاند، تەمەنی گەنجەکە ٢٣ ساڵە، خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و دانیشتووی کۆمەڵگەی دۆمیسە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هاوڵاتییەی کە کوژراوە تەمەنی ٥٤ ساڵە و ئەفسەر بووە بە پلەی موقەدەم لە هێزەکانی پێشمەرگە و ژنەکەش بە رەگەز عەرەبە و تەمەنی ٣٢ ساڵە  12.02.2019 

 

پۆلیسی سلێمانی: ئەو کەسەی ژن براكەی کوشتبوو، دەستگیركرا

لەلایەن رووداو 46 خولەک لەمەوبەر رووداو - هەولێر

پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی چەند تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە یەکێکیان تۆمەتبارە بە كوشتنی ژن براكەی کە شەوی رابردوو کوشتوویەتی.

لە راگەیێندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشکرای کرد، شەوی رابردوو کەسێک بە چەقۆ كوژراوە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس بۆ شوێنی روداوەكە و وەرگرتنی فەرمانی دادوەر توانرا لەماوەیەكی كەمدا كەسێك دەستگیربكرێت كە تۆمەتبارە بە كوشتنی ژن براكەی.

تۆمەتبار (م، ع، ح) کە كوردی رۆژئاوای کوردستانە بە فەرمانی دادوەر، بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە.  12/2/2019  

 

سلێمانی؛ گه‌نجێك كوژراو بكوژه‌كه‌ی ده‌ستگیركرا
  2019-02-07       673       0 ئاوێنه
پۆلیسی سلێمانی رایگه‌یاند ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ۷-۲-۲۰۱۹ لەگەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی دوای ئەوەی گەنجێکی ۱۸ ساڵ دەکوژرێ دەستبەجێ بکوژەکە دەستگیر دەکرێ.
ئاوێنه‌: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ بکوژەکە لەگەڕەکی سەرچنارو لەماڵی خۆیانداو بەچەکی جۆری تاپڕ تاوانەکەی ئەنجامداوە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی گەشتنە شوێنی ڕوداوەکەو تەرمەکەیان ڕەوانەی پزیشکی دادوەری سلێمانی کردو، تۆمەتباری ڕوداوەکەیان دەستگیرکرد.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ تۆمەتباری ڕوداوەکە لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی ناوە بە تاوانەکەیدا کە بەچەکی جۆری تاپڕ تاوانەکەی ئەنجامداوەو لە ئێستادا بەپێی ماددەی ٤۰٦ لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە. ٨/٢/٢٠١٩

 

ئافرەتێكی بەساڵاچوو لە كەلاوەیەكدا خۆی دەسووتێنێ‌
لەلایەن عومەر چاوشین 8 کاژێر لەمەو بەر رووداو - پشدەر

كەسوكارەكەی دەیانزانی ئایش دواساتەكانی ژیانیەتی لەم دونیایە، بەڵام بەر دەرگای نەخۆشخانەیان بەرنەدا، تا ئەو كاتەی پزیشكەكان هەواڵی مردنی ئەویان دانێ.

بەرەبەیانی رۆژی 26/1/2019 ئافرەتێكی تەمەن 75 ساڵ بەناوی (ئایش خالید ئەحمەد)، دانیشتووی گوندی تووەسوورانی سەر بە ناحیەی سەنگەسەر لە قەزای رانیە، لە كەلاوە خانوویەكی نزیك ماڵی خۆیاندا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. ئایش 100%ی جەستەی سووتا، تەنیا 10 كاژێر لە نەخۆشخانە مایەوە و مرد.  8/2/2019  

 

براكەی خۆی لەسەر زللەیەك دەكوژێ‌
لەلایەن تریسكە شێرزاد 22 کاژێر لەمەو بەر رووداو – هەولێر

فەرمان زللەیەك لە براكەی دەدات لەسەر ئەوەی كە شەڕی كردووە، نەیزانی ئەو سەرزەنشتكردنە لەسەر دڵی براكەی دەبێتە گرێ‌ تا دواتر چەقۆیەك لە فەرمان دەدات و دەیكوژێت.

رۆژی 29/1/2019 گەنجێكی تەمەن 28 ساڵ بە ناوی فەرمان لەتیف، دانیشتووی گەڕەكی زەرگەتەی شاری سلێمانی، دوای ئەوەی لە دەوام دەگەڕێتەوە، لەلایەن برا بچووكەكەیەوە چەقۆیەك لە پشتی دەدرێ‌ و دەكوژرێ‌.  7/2/2019

 

پۆلیسی کەرکووک: باوکێک کوڕەکەی خۆی کوشت
لەلایەن راوچی حەسەن 1 کاژێر لەمەوبەر رووداو – هەولێر

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە گەڕەکی غەرناتەی کەرکووک باوکێک بە چەقۆ کوڕەکەی خۆی کوشت.

عەمید ئەفراسیاو کامیل وەیس، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " کاژێر 9:40 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 6-2-2019، باوکێک بە چەقۆ لە کوڕەکەی خۆی دەدات و دەیکوژێت".

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لەبارەی هۆکاری رووداوەکە دەڵێ، رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە.

بەگوتەی ئەفراسیاو کامیل، باوکەکە ناوی (جەبار سابر تۆفیق)ـە و لە دایکبووی ساڵی 1974ـە و پیشی پۆلیسی شارستانی کەرکووکە و کوڕەکەیشی ناوی وەلیدە، لە دایکبووی ساڵی 1997ـە و خێزاندارە و پیشەی کاسبە. 6/2/2019

 

لە کەمپێکی کەرکووک سێ منداڵ بەهۆی ئاگركەوتنەوە گیانیان لەدەستدا
لەلایەن ئاسۆ سەراوی 2 کاژێر لەمەو بەر رووداو - کەرکووک

گوتەبێژی پۆلیسی كەركووك رایگەیاند "بەهۆی كەوتنەوەی ئاگر لە كەمپێكی ئاوارەكانی سنووری پارێزگای كەركووك سێ منداڵ  گیانیان لەدەستدا.

ئەفراسیاو كامیل، گوتەبێژی پۆلیسی كەركووك بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "شەوی رابردوو (4-2-2019) لە كەمپی نزاراوە لە شارۆچكەی لەیلانی كەركووك، ئاگرێك كەوتووەتەوە، بەو هۆیەوە سێ منداڵی ئاوارە گیانیان لەدەستداوە ‌و دایك‌ و باوك ‌و منداڵێكی دیكەشیان بریندار بوون و بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە كراون".
گوتەبێژی پۆلیسی كەركووك، باسی لەوەش كرد هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە شۆرتی كارەبا بووە، کە بەهۆی هیتەرێكی كارەبا بووە.  5/2/2019 

 

هەولێر.. ئۆتۆمبێلێک لە ژنێکی بەتەمەن دەدات و شۆفێرەکەی هەڵدێت
لەلایەن رووداو 7 کاژێر لەمەو بەر ‌رووداو-هەولێر

لەسەر رێگەی هەولێر-کەرکووک ئۆتۆمبێلێک لە ژنێکی بەتەمەن دەدات، ژنەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و شۆفێرەکەش هەڵهاتووە.
فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ له‌سه‌ر ریگەی سه‌ره‌كی هه‌ولێر-كه‌ركوك له‌به‌رامبه‌ر به‌شه‌ ناوخۆیی شه‌هید شه‌وكه‌ت، ئۆتۆمبێلێکی جۆری جی ئیم سی ستەیشن خۆی كیشا به‌ئافره‌تیكی به‌ته‌مه‌ن له‌كاتی په‌رینه‌وه‌ی له‌شه‌قامەکەدا و دەستبەجێ ئافره‌ته‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستداوە".

بەگوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر، ‌شۆفێری ئۆتۆمبێله‌كه‌ش رایكردووە، بەڵام ئۆتۆمبێله‌كه‌ی به‌جێهێشتووە. 4/2/2019 

 

كەركوك: ژنێك خۆی سوتاند
(سبەی) ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە) لەشاری كەركوك ژنێك بەهۆی تێکچونی باری دەرونییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداو بۆ چارەسەركردن رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی شاری كەركوك كرا.

سەرچاوەیەك لەنەخۆشخانەی ئازادی شاری كەركوك بە(سبەی) راگەیاند:"ئێوارەی ئەمڕۆ ژنێك كە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابو، گەیەنراوەتە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی ئازادیی شاری كەركوك و بەشێك لەجەستەی سوتاوە و لەبەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەكە چارەسەری پێویستی بۆ دەكرێت."

وتیشی:" ژنەكە ناوی (هـ، ز، ف)ەو لەدایكبوی ساڵی (۱۹۹٥)ەو هاوسەرگیریی كردوە و ژنی ماڵەوەیە."

لەبارەی هۆكاری خۆسوتانی ژنەكە، سەرچاوەكەی نەخۆشخانەی ئازادی وتیشی: "بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، قوربانیەكە لەژێر كاریگەریی تێكچونی باری دەرونیدا پەنای بۆ خۆسوتان بردوە و لەئێستاشدا لەژێر چاودێریی وردی پزیشكیدایە". کەکوک/ ئارام جەمال 3/2/2019  

 

پۆلیسی هەولێر: لە عەنکاوە کەسێک کوژرا
لەلایەن راوچی حەسەن 7 کاژێر لەمەو بەر  رووداو - هەولێر 

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لە شارۆچکەی عەنکاوە تەرمی کەسێک بە کوژراوی دۆزرایەوە و شوێنەواری چەقۆش بە سەر جەستەیەوە دیارە.

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 3:30 خولەکی ئەمڕۆ هەینی 1-2-2019، هێزەکانمان لە رووداوێکی کوشتن لە شارۆچکەی عەنکاوەی هەولێر ئاگادارکرانەوە و دەرکەوت، کە کەسێک شوێنەواری چەقۆ بە سەر جەستەیەوە دیارە و کوژراوە".

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، ئەو کەسەی کوژراوە کوردە و ناوی (هـ.م.ش)ـە.   19.02.01 

 

لە سلێمانی گەنجێک برا گەورەکەی "بە چەقۆ" کوشت
لەلایەن حەکیم داود 47 خولەک لەمەوبەر رووداو - هەولێر

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانی گەنجێک برا گەورەکەی خۆی بە چەقۆ کوشتووە.

لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "بەهۆی کێشەی خێزانییەوە" شەڕ و دەمەقاڵە لەنێوان دوو برادا دروستبووە، لە ئەنجامدا برا بچووکەکە برا گەورەکەی خۆی کوشتووە.

کوژراوەکە ناوی "ف. ل. ا" تەمەنی 28 ساڵ بووە، تۆمەتبارەکە ناوی (ف. ل. ا) تەمەنی 20 ساڵە. 29/1/2019 

 

لە سلێمانی پیاوێک لەلایەن هاوژین و زڕکوڕەکەیەوە لە سەربان فڕێدەدرێتە خوارەوە
لەلایەن هاوکار یاسین 29 خولەک لەمەوبەر رووداو - سلێمانی
لە گەڕەکی فەرمانبەرانی سلێمانی پیاوێک لەلایەن هاوژین و زڕکوڕەکەیەوە لە سەربان فڕێدەدرێتە خوارەوە و قاچێکی دەشكێت. 
کێشەی نێو ئەم خێزانە لە مانەوەی کوڕی ھاوژینەکەیەوە دروست دەبێت، کە منداڵی ئەم نییە و لە ھاوسەری یەکەمی خێزانەکەیەتی.
کاروان فەتاح، هاونیشتمانی دەڵێت: "منیان هەڵدایە خوارەوە و رۆشتن، کوڕەکە چەقۆیەکی پێبوو هەڕەشەی لێکردم دەیگوت هەر دەبێت بتکوژم، منیش وتم قاچتان ئاوا لیکردووم و شکاوە، دەوەرە بمکوژن، پێی وتم شەوێکم مابێت هەر دەتکوژین".

 

بەوێنە؛ باوکێک و منداڵەکەی لە حاجیاوا کوژران
 (سبەی): لە ناحیەی حاجیاوا باوکێک و منداڵێکی کوژران، پۆلیسیش دەڵێت: لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەکەین.

پەیامنێری (سبەی) رایگەیاند؛ ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (20/1/2019) لە گەڕەکی سەردەمی ناحیەی حاجیاوای سەر بە ئیدارەی راپەڕین، باوکێک و منداڵێکی کوژران.

وتیشی: باوک و منداڵەکە لە بەردەم ماڵی خۆیاندا دەستڕێژی گولـلە-یان لێکراوە و دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە، باوکەکە تەمەنی (36) ساڵە و منداڵەکەش تەمەنی سێ ساڵانە.

لەوبارەیەوە شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە (سبەی) راگەیاند؛ تەقەکەرەکە نەناسراوە و تائێستا دەستگیرنەکراوە، لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە بەردەوامە و تەرمی قوربانییەکانیش رەوانەی پزیشکی دادوەریی کراون.

ئا/ مەجید بتوێنی  ٢١/١/٢٠١٩

 

لە سلێمانی تەقە لە پزیشكێك کرا
لەلایەن هونەر رێبوار 10 کاژێر لەمەو بەر رووداو- هەولێر 

لە سلێمانی رێگە لە پزیشكێك دەگیرێت، تەقەی لێدەکرێت و برینداردەکرێت.

ئەو پزیشکەی کە لێی دراوە ناوی بەختیار ئەمین بارامە و پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسک و شکانە، دوای بریندارکردنی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە بۆ چارەسەر. 

بەختیار ئەمین بارام دەڵێت هۆکاری تەقەکردنەکە نازانێت و گرفتی لەگەڵ هیچ کەسێكدا نەبووە.  20/1/2019  

 

ئاسایشی سلێمانی: پیاوێک دەستدرێژی دەکاتە سەر کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت
لەلایەن ئاسۆ سەراوی 3 کاژێر لەمەو بەر رووداو - هەولێر 
ئاسایشی سلێمانی کەسێکی بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ''کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت'' دەستگیرکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16-1-2019، ئاسایشی سلێمانی هەواڵێکی لەبارەی دەستگیرکردنی کەسێک بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "رۆژی 14-1-2019 هێزەکانمان کەسێکیان بەناوی (ش،خ،ع) تەمەن 30 ساڵ دەستگیرکرد".
لە بەشێکی هەواڵەکەدا هاتووە: "ئەو کەسە تاكسییەکی بە ئەمانەت وەرگرتووە و بۆ راپەڕاندنی چەند ئیشوكارێكی تایبەت بەخۆی، كاتێك رێی دەكەوێتە گەڕەكی ئیسكانی شاری سلێمانی لەو كاتەدا كچێكی خاوەن پێداویستی تایبەت دەستی لێ رادەگرێت تا بیگەیەنێتە چاڤی لاند، بەڵام ناوبراو دەیبات بۆ بناری شاخی گۆیژە و دەستدرێژی دەكاتە سەر، دوای ئەنجامدانی ئەو كارە قێزەونە لە گەڕەكی هەواری تازە دایدەبەزێنێت". 16/01/2019

 

كوژرانی خاڵۆزا و پوورزاكەی قەڵادزێ تاوانی شەرەف بووە
لەلایەن رووداو 10 کاژێر لەمەو بەر رووداو-قەڵادزێ‌

ئەو ژن و پیاوەی هەفتەی رابردوو لە قەڵادزێ‌ كوژران، خاڵۆزا و پوورزای یەكدین، كەسوكاری هەردوولا ئامادە نەبوون تەرمەكانیان وەربگرنەوە و پرسەیان بۆ دابنێن. بۆیە كەسێكی خێرخواز تەرمەكانی لە پزیشكی داد وەرگرتنەوە و ناشتنی. دوای رووداوەكەش برایەكی ژنەكە خۆی رادەستی پۆلیس كرد.

رۆژی 6/1/2019 لە گەڕەكی ئیمام قاسمی شارۆچكەی قەڵادزێ‌، ژنێكی تەمەن 27 ساڵان بەناوی (پ.ئا.ع) كە دایكی دوو منداڵ بوو، لەگەڵ پیاوێكی تەمەن 34 ساڵ بەناوی (س.م.ئا) كە دانیشتووی هەولێر بوو، پێكەوە كوژران. 

بەپێی بەدواداچوونی (رووداو)، ئەو ژن و پیاوە خاڵۆزا و پوورزای یەكدین و هەردووكیشیان بە گوللەی دەمانچە كوژراون. (رووداو) زۆر هەوڵیدا قسەی كەسوكاری هەردوولا لەسەر رووداوەكە وەربگرێ‌، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لەبارەی رووداوەكە بڵێن. 14/01/2019 

 

ئەو کۆترەی کوڕ و باوکێکی لەسەر کوژرا، بایی (8) هەزار دینارە
(سبەی): دوای ئەوەی لەسەر كۆترێك كوڕ و باوكێك لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر كوژران و سیانی تریش برینداربون، لەلایەن پۆلیسەوە دو کەس لەسەر روداوەکە دەستگیرکراون.

ئێوارەی رۆژی شەممە کۆترێک لە جۆری نامە بەر بە هەشت هەزار دیناری عێراقی بە گەنجێك فرۆشراوە، بەڵام دواتر لەسەر جۆری فڕینی كۆترەكە دەبێتە شەڕ لەنێوان كڕیار و فرۆشیارەكەدا كە دراوسێی یەكترن و تەقە لەیەكتر دەكەن، لە ئەنجامدا دو كەسیان لێ دەكوژێت و سیانی دیکەش بریندار دەبن.

بەوتەی شایەتحاڵەکان بۆ (سبەی)، تەشەنەسەندنی شەڕەكە پەیوەندی بە بونی ناکۆکی کۆنی نێوان ئەو دو خێزانەوە هەبوە، جگە لەوەش لەسەر روداوەکە پۆلیسی هەولێر دو کەسی دەستگیرکردوە.
كوشتنە بە ئەنقەسەكان لەسەر روداوی بچوك لە هەولێر
كوشتنی گەنجێك لەسەر فول لایت
كوشتنی گەنجێك لەسەر هۆڕن لێدان
كوشتنی هاوڵاتیەك لەسەر جۆگەی ئاو
كوشتنی گەنجێك لەسەر دەست شكاندنەوەی ئۆتۆمبێل
كوشتنی گەنجێك لەسەر سەرچۆپی و شایی

كوشتنی هاوڵاتیەك لەسەر (20) مەتر زەوی

ئەو کۆترەی کە شەڕەکەی لەسەر دروست بوە،پێی دەوترێت نامە بەر، لە تەواوی جیهاندا بایەخی ئەوتۆی پێ دەدرێت بەتایبەت لای چینییەكان، لەهەندێک شوێن نرخەكەیان لە (10) هەزار دیناری عێراقییەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە سەدان هەزار دۆلار ، بەوپێیەی خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیانن، هەروەها ساڵانە پێشبڕكێی گەورەیان بۆ ساز دەكرێت، ئەویش چەند جۆرێكیان هەیە كە دیارترینیان هۆڵەندی و بەلژیكی و هۆڵەندین.

بەپێی ئامارەكانی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێریش، تەنها لە ساڵی (2018)دا (44) حاڵەتی كوشتنی بەئەنقەست هەبوە، بەراورد بە چەند ساڵی رابردوش روداوە كۆمەڵایەتیەكان تەشەنەیان سەندوە. 13/1/2019

 

پۆلیسی هەولێر: باوك و کوڕێک کوژران
لەلایەن راوچی حەسەن دوێنێ کاژێر 09:17  رووداو - هەولێر 

هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە نەخۆشخانە زانیاری زۆرتر دەخاتەڕوو

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لە گەڕەکی مامزاوای هەولێر باوک و کوڕێک کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 12-1-2019 شەڕ لەنێوان دوو دراوسێ لە گەڕەکی مامزاوەی هەولێر روویدا، بەهۆیەوە کوڕ و باوکێک کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون". 13/1/2019


پۆلیسی كۆیە: شوێنی ئاوات بۆكانی هێشتا نادیارە
لەلایەن ئاسۆ سەراوی دوێنێ کاژێر 10:55    رووداو-هەولێر
بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە رایگەیاند، گەڕانیان بە دوای ئاوات بۆكانی، گۆرانیبێژی میللی بەردەوامە‌ و دەڵێن، پێشبینی ناكەن چووبێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان. 13/1/2019
منداڵێکی تازەلەدایکبوو لە هەولێر فڕێدراوە و گیانی لەدەستداوە
لەلایەن ئاسۆ سەراوی 7 کاژێر لەمەو بەر   رووداو-هەولێر
شەوی رابردوو منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە گەڕەکی قەڵای نوێ، رێگەی زێرەڤانی لە تەنیشت فەرمانگەی کارەبای ئەو گەڕەکە و بەرامبەر گۆڕستانەکەی فڕیدراوە. شایەتحاڵێک دەڵێت، پێمانوایە بە زیندوویی فڕێدراوە و پێدەچێت لە سەرما رەقبووبێتەوە. 12/01/2019

 


كچێك لە هەولێر هەوڵی خۆكوشتن دەدات

لەلایەن ئاسۆ سەراوی 5 کاژێر لەمەو بەر رووداو-هەولێر

لە شاری هەولێر كچێك کە خەڵکی چوارقوڕنەی سەر بە ئیدارەی راپەڕینە هەوڵدەدات لەسەر بەرزە پردێكی پەڕینەوە خۆی بخاتە خوارەوە، بەڵام چەند كەسێك فریای دەكەون ‌و رزگاری دەكەن. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێت "هەر ئەمڕۆ دووجار ئەو كچەمان گرتووە و دەیبەینە هەر شوێنێك كەس نایگرێتە خۆی". 12/1/2018

 

تەرمی شۆفێرێکى تەکسی لە هەولێر دۆزرایەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا  دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، خالید محەمەد، کۆیە
بەیانی ئەمڕۆ تەرمی شۆفێرێکی تەکسی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا لەسەر شەقامى ١٢٠ مەتریی شاری هەولێر دۆزرایەوە و کەسوکارەکەشی دەڵێن،" کێشەی لەگەڵ کەسدا نەبووە."
کەسوکاری ئەو شۆفێرە بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تیی ئاشکراکرد، ئەو شۆفێرە تەکسیە ناوی سۆران سەمەدە و تەمەن ٣٥ ساڵە و خەڵکی شاری کۆیەیە و دانیشتووی شاری هەولێرە.
باسی لەوەشکردووە، لە ئێستادا تەرمەکەی هێنراوەتە شاری کۆیە و داواش لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات بەزوترین کات لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکەن.
کەسوکارى ئەو کوژراوە وتیشی، بەپێی زانیارییەکانیان " شۆفێرەکە نزیکەى ٦٠٠ تا ٧٠٠ هەزار دینارى پێ بووە و دواى کوشتنەکەى ئەو پارەیە لە ئۆتۆمبێلەکەیدا نەماوە." ١١/١/٢٠١٩

 

وەستاكەی خۆی بەچەقۆ دەكوژێ و تۆمەتباریشی دەكات
لەلایەن شکار ئەحمەد 22 کاژێر لەمەو بەر رووداو - هەولێر

شەوی 15/12/2018 لە قەزای كەلار گەنجێك كە وەستای لەبغ بوو لەلایەن شاگردەكەیەوە درایە بەر چەقۆ و و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە مرد. لەسەر رووداوەكە پێنج كەس كە یەكێكیان شاگردەكەیە دەستگیركراون. شاگردەكە دەڵێت وەستاكەی داوای سێكسی لێكردووە، بۆیە كوشتوویەتی، بەڵام پۆلیس بڕوا بەو قسەیە ناكات و دەڵێت ئێستا هەندێ لەوانەی تاوانی كوشتنیان لەدەست دەقەومێ، پەنا بۆ پاساوی لەوجۆرە دەبەن.

(ه.س) كە تەمەنی 17 ساڵە و ماوەی چەند مانگێك بوو بەردەستیی وەستاكەی دەكرد، دوای كوشتنی وەستاكەی، دەستگیركرا، ئەو لە گوتەكانیدا بۆ پۆلیس هۆكاری كوشتنی وەستاكەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە داوای سێكسی لێكردووە، ئەویش وەك بەرگری لە خۆی ناچار بووە بە چەقۆ بیكوژێ‌. 9/1/2019

 

لە قەڵادزێ کوڕێک و ژنێک کوژران
لەلایەن راوچی حەسەن 5 کاژێر لەمەو بەر رووداو - قەڵادزێ 

جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نوێی شەهیدانی قەڵادزێ بە رووداوی راگەیاند، کوڕێک و ژنێک لە گەڕەکی ئیمام قاسم کوژران، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە نەزانراوە.

عوسمان محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نوێی شەهیدانی قەڵادزێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 5:30 خولەکی ئەمڕۆ ( یەکشەممە 6-1-2019) لە گەڕەکی ئیمام قاسم لە قەڵادزێ کوڕێک و ژنێک کە خاڵۆزا و پورزای یەکدین لە رووداوێکدا کوژران، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە نەزانراوە". 6/1/2019

 

دۆسكی بووە قوربانیی تاوانێك كە "دەستی تێیدا نەبوو"
لەلایەن تریسكە شێرزاد دوێنێ کاژێر 09:29   رووداو - هەولێر

دۆسكی لەگەڵ هاوڕێكانی لە كافتریایەك بوو، كەسێك لێی بەژوور كەوت و دەستڕێژی گوللەی لێكرد و كوشتی. تۆمەتبارەكە كە هەڵاتووە، دەڵێت "نەیویستووە دۆسكی بكوژێ‌ بەڵام تووڕەی كردووە، بۆیە تەقەی لێكردووە".

شەوی 10/12/2018 پیاوێكی تەمەن 42 ساڵ بەناوی دۆسكی محەممەد، باوكی چوار منداڵ، لەنێو كافتریایەكدا لە شاری دهۆك لەلایەن كەسێكەوە بەناوی (ت.س) كوژرا. تۆمەتبار دوای رووداوەكە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵات.

دوای رووداوەكە، پۆلیس تەرمی دۆسكی گواستەوە بۆ پزیشكی دادی دهۆك. موقەدەم هێمن سلێمان، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دهۆك بە(رووداو)ی راگەیاند: "دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەكە، ناسنامەی ئەو كەسەمان بۆ ئاشكرا بوو كە تاوانەكەی كردووە، چاوەڕێین خۆی تەسلیمی پۆلیس بكات، ئەگینا بەدوایدا دەگەڕێین و دەستگیری دەكەین". ٤/١/٢٠١٩

 

برایەكی كوشت و یەكێكی برینداركرد، خۆیشی كوژرا
لەلایەن دیمەن بورهان 2 کاژێر لەمەو بەر  رووداو - هەولێر

محەممەد بە پەلە دەگەڕایەوە ماڵەوە بۆ ئەوەی باران لەوە زیاتر تەڕی نەكات، كاتێك گەیشتەوە نزیك ماڵ، گوێی لە دەنگی براكەی بوو كە هاواری دەكرد: "شەرتبێ‌ جەرگت بسووتێنم". كاتێك دەچێتە ژوورەوە، دەبینێ‌ هەڵمەتی برای بە چەكەوە هەڕەشە لە دایكی دەكات و دەڵێت "ئێستا دەتكوژم، پێمبڵێ‌ ئارام لە كوێیە تاوەکو ئەویش بكوژم".

ئەم هاوار هاوار و راكێش راكێشی چەكە، لەوێ‌ بە مەرگی محەممەد و برینداربوونی هێمن كۆتایی هات، بەڵام دوای چوار رۆژ مەرگی هەڵمەتیشی بەدواداهات. 

رووداوەكە رۆژی 17/12/2018 لە ماڵێكی گەڕەكی گۆران لە قەزای كەلار روویدا، هێمن كە كوڕی دووەمی ئەو خێزانەیە، هەوڵی ئارامكردنەوەی براكەی دابوو، بەڵام هەڵمەت دەستڕێژی گوللەی كرد و بەو هۆیەوە محەممەدی برای كوشت، پاشان سێ‌ گوللەشی بەخۆیەوە نا و دوای چوار رۆژ ئەویش لە خەستەخانە مرد.

محەممەد عەزیز تەمەن 24 ساڵ، دوایین منداڵی خێزانەكەی بوو كە حەوت برا و دوو خوشكن. هەڵمەتیش تەمەنی 34 ساڵ بوو، بە قسەی براكانی كەسێكی "شەڕانگێز" بووە. ١/١/٢٠١٩

 

 

هەواڵەکانی ٨ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠١٨

 

ژنەكەی خۆی دەكوژێ و تەنیا بە پێنج ساڵ بەندكردن سزا دەدرێ‌
لەلایەن تریسكە شێرزاد دوێنێ کاژێر 10:12   رووداو- هەولێر

(س) بە هاوژینەكەی دەڵێت خۆتان ئامادە بكەن دەچینە ماجدی لاند، بەڵام لە رێگا لەسەر شەقامی 120 مەتری ئۆتۆمبێلەكەی رادەگرێ‌ و بە بەرچاوی منداڵەكانییەوە دوو گوللـە لە ژنەكەی دەدات و دەیكوژێ‌. (س) حوكم دراوە، بەڵام كەسوكاری ژنەكە لە حوكمەكە رازی نین.

ئەم تاوانە بۆ رۆژی 11/5/2018 دەگەڕێتەوە كە ژنێكی تەمەن 28 ساڵ بەناوی تریفە سەردار، دایكی دوو منداڵ و دانیشتووی گەڕەكی خانزادی نوێ‌ لە هەولێر، تێیدا بووە قوربانی.

كەسوكاری ژنەكە دەڵێن بۆیە میدیاكانیان لە رووداوەكە ئاگادارنەكردەوە، چونكە پۆلیس دەستبەجێ تۆمەتبارەكەی دەستگیركرد، بەڵام كاتێك تۆمەتبارەكە سزادرا، هەموو شۆك بوون، چونكە ئەو بەپێی ماددە 405 لە یاسای سزادانی عێراقی كە "كوشتنی بە ئەنقەستە" دەستگیركراوە، بەڵام ئێستا بەپێی ماددە 411 سزا دراوە كە تایبەتە بە "كوشتن بە هەڵە".31/12/2018

 

لە 2018 بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە هەولێر 262 کەس گیانیان لەدەستداوە
لەلایەن گۆڤەند مستەفا 27/12/2018    رووداو - هەولێر

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر ئاماری ساڵی 2018ی رووداوەکانی هاتووچۆ و کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئاشکراکرد. بەپێی ئامارەکە لەماوەی ئەمساڵدا بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ 262 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 400 کەسیش برینداربوون.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا فازڵ حاجی حوسێن، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، لەماوەی ساڵی 2018ـدا هەزار و 348 رووداوی پێکدادان، وەرگەڕان و شێلان لەناو شاری هەولێر و دەوروبەری روویانداوە. "لە کۆی ئەو رووداوانەش 233 رووداویان تەنیا ماتۆڕسکیل تێیاندا بەشداربووە یان هۆکار بووە بۆ کەوتنەوەی رووداوەکە". 30/12/2018

 

خۆشەویستەكەیان نەدایێ‌، خۆی خنكاند
لەلایەن تریسكە شێرزاد 16 کاژێر لەمەو بەر  رووداو - هەولێر

عەدنان، رووخسەتی لە باوكی وەرگرت و گوتی: دەچمەوە ماڵ دەنووم. بەڵام لە ژوورەكەیدا بە پەتێك خۆی هەڵواسی. ئامۆزایەكی عەدنان دەڵێت :"عەدنان كچێكی عەرەبی خۆشدەویست، بەڵام باوكی كچەكە رازی نەبوو بیداتێ‌، بۆیە خۆی خنكاند".

رۆژی 16/12/2018 گەنجێكی تەمەن 20 ساڵ، بەناوی عەدنان سلێمان كە دانیشتووی گەڕەكی عەسكەری شاری كەركووك بوو، لە ژوورەكەی خۆیدا بە پەت خۆی خنكاند. 29/12/2018 

 

پیاوێکی تەمەن 35 ساڵان لە سنووری سۆران دەکوژرێت 

لەلایەن تریسكە شێرزاد 6/12/2018  رووداو-هەولێر

لە گوندی کەلەکینی سەر بە سۆران، لەلایەن دوو کەسەوە تەقە لەهاونیشتمانییەکی تەمەن 35ساڵان دەکرێت و دەکوژرێت.

رائید سەعدوون هاودیانی، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سۆران بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە گوندی کەلەکینی سەر بە شارۆچکەی خەلیفانی سەر بە سۆران، دوو کەس تەقە لە پیاوێکی تەمەن 35 ساڵان بەناوی (س.ا.ع) دەکەن و بە هۆیەوە گیان لەدەستدەدات". 26/12/18
باپیری ئه‌و سێ منداڵه‌ی له‌چه‌مچه‌ماڵ سوتان: زاواكه‌م به‌نزینی به‌كچه‌كه‌م و سێ منداڵه‌كه‌یدا كردوه‌و ئاگری تێپه‌رداون
ئاوێنه‌:  باپیری‌ ئه‌و سێ‌ منداڵه‌ی‌ له‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوی‌ چه‌مچه‌ماڵدا گیانیان له‌ده‌ستدا ده‌ڵێت؛ زاواكه‌ی‌ به‌نزینی‌ كردوه‌ به‌ كچه‌كه‌ی‌ و منداڵه‌كانیدا‌ و ئاگری تێپه‌رداون و به‌وهۆیه‌وه‌ سوتاون. ئه‌و داوا له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات به‌رگری له‌مافی كچه‌كه‌ی بكه‌ن.
 شه‌وی‌ 16ی‌ ئه‌م مانگه له‌گه‌ڕه‌كی ئاسوده‌ی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ كه‌وته‌وه‌ ئاگر له‌ماڵێك كه‌وته‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ دایكێك و سێ منداڵه‌كه‌ی‌ سوتان و منداڵه‌كان گیانیان له‌ ده‌ست داو دایكه‌كه‌ش به‌شێكی زۆری جه‌سته‌ی سوتا. 20/12/18

لە نێو دووكانەكەی باوكیدا كوشتیان
لەلایەن سروە ئەحمەد    رووداو - سلێمانی
مەریوان لەگەڵ براكەی لە بازاڕ دەگەڕانەوە، پێیان سەیر بوو بەو شەوە دووكانی باوكیان كراوەتەوە، خێرا چوون بۆ لای دووكانەكە و دەبینن چوار پیاوی دەمامكدار خەریكن لە باوكە تەمەن 53 ساڵانەكەیان دەدەن، كاتێك مەریوان دەیەوێ‌ بەرگری لە باوكی بكات، یەكێك لە دەمامكدارەكان تەقەی لێدەكات و دەیكوژێ‌. چەكدارەكان هەڵدێن، بەڵام دواتر پۆلیس دەستگیریان دەكات.
سەعات 11:40ی شەوی 10/12/2018 گەنجێكی تەمەن 27 ساڵ بەناوی مەریوان دارا رەزا لە دووكانەكەی باوكیدا لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود لە شاری سلێمانی كوژرا. كەسوكاری مەریوان دەڵێن ئەوانەی مەریوانیان كوشتووە دووكانداری ئەو گوزەرەن كە دووكانی باوكی لێیە، چونكە باوكی بازاڕێكی باشی هەبووە و ئەوان ویستوویانە لەوێ‌ دەریكەن.20/12/18

 

ئەو گەنجەی لە کەلار برایەکی کوشت، خۆیشی گیانیلەدەستدا
لەلایەن فەلاح نەجم 2 کاژێر لەمەو بەر   رووداو - گەرمیان

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، دوای ئەوەی چوار رۆژ پێش ئێستا شەڕەتەقە لەنێوان سێ برا روویدا و یەکێکیان کوژرا، ئەمڕۆش ئەو گەنجەی کە تەقەکانی کردبوو، بەهۆی سەختی برینەکانی گیانیلەدەستدا.

رائید عەلی جەمال قەدووری ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەنێوان چەند برایەک لە گەڕەکی گۆرانی قەزای کەلار شەڕەتەقە دروستبوو؛ یەکێکیان بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە لە هەمان شوێن گیانیلەدەستدا، یەکێکی دیکەشیان برینداربوو. ئەو گەنجەشی تەقەکانی کردبوو سێ گوللەشی بەخۆیەوە نابوو، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی گیانیلەدەستدا.. 18.12.22

 

چوارکەس بە تۆمەتی فێڵ و دەستدرێژی کردنە سەر ژنان دەستگیرکران
 (سبەی):
پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری راگەیاند، کە بەناوی نوشتە و جادوەوە پارەیان لە کچان و ژنانوەرگرتوە و دەستدرێژیان کردوەتە سەریان.

بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانی کە وێنەیەکی دەست (سبەی) کەوتوە؛ هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی چوار تۆمەتباریان دەستگیركردوە كە بەبیانوی نوشتە و جادوەوە پارەیان لەكچان و ژنان وەرگرتوە و دەستدرێژییان كردوەتە سەریان .

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە؛ رۆژی نۆی ئەم مانگە، هاوڵاتییەك لە بنكەی پۆلیسی كوردسات سكاڵای تۆماركرد لەدژی كەسێك بەناوی (ج،م،ح) كە چوەتە لای بەمەبەستی جادو و سیحر كردن و دەستدرێژی كردۆتە سەری  و دوای كردنەوەی پەڕاوی لێكۆڵینەوە، دادوەر بڕیاریداوە بە دەستگیركردنی تۆمەتبار بە پێی ماددەی (393) لە یاسای سزادانی عێراقی و پاشان بۆ لێكۆڵینەوە سكاڵاكار نێردراوە بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی پشكنین، راپۆرتی پزیشكی سەلماندی كە سكاڵاكار دەستدرێژی كراوەتە سەر .

پۆلیسی سلێمانی بڵاوی کردەوە؛ دوای بەدواداچونی هێزەكانی پۆلیس و لێكۆڵینەوە لە شوێنی تۆمەتبار توانراوە رۆژی دواتر و لە رۆژی (10-12-2018)، تۆمەتبار دەستگیربكرێت و دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا دانینا بە تاوانەكەیدا و وتویەتی كە دەستدرێژی كردوەتە سەر سكاڵاكار و ژنێکی دیکەش، پارەی لە چەند ژن و کچێک وەرگرتوە بە مەبەستی جادو و سیحركردنبۆیان.

بەپێی راگەیاندراوەکە؛ دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچونی هێزەكانی پۆلیس و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانراوە هەریەك لە تۆمەتباران (هـ،ع،ع) و (م،ع،خ) و (أ،ح،ر) كە هەمان كاریان لەگەڵ ژنان و كچان كردوە بەجۆرێك بە ناوی نوشتە و جادوەوە پارەیان لێوەرگرتون و دەستدرێژییان كردۆتە سەریان و سەرجەم تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەرو بە پێی ماددەی (393) لەیاسای سزادانی عێراقی بەندن و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیان بەردەوامە.  18.12.18 

 

کچێکی دو ساڵ لە سەرمادا رەقبوەوە
 (سبەی): دوای رۆژێک لە ونبونی لە ئاهەنگێک، تەرمی منداڵێکی تەمەن دو ساڵ دەدۆزرێتەوە.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک رایگەیاند: شەوی رابردو لە ناحیەی فەیدێی سەر بە پارێزگای دهۆک، لە ئاهەنگێکی گواستنەوەدا کچێکی تەمەن دو ساڵان بە ناوی (هێلان محەمەد)، لەوکاتەی دایک و باوکی بێئاگابون لێی لە هۆڵە دەچێتە دەرەوە و ون دەبێت.

وتەبێژی پۆلیس رایگەیاند؛ دوای رۆژێک لە ون بونی، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی منداڵەکە لە پشتی هۆڵەکە دۆزرایەوە و بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان منداڵەکە کەوتوەتە ئاوەوە لە سەرمادا رەقبوەتەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە. 16/12/18

 

لە گەرمیان گەنجێك بە چەقۆ دەكوژرێ‌
لەلایەن رووداو 21 خولەک لەمەوبەر رووداو-سلێمانی

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی دەمەقاڵێیەکەوە لە قەزای كەلار، گەنجێك بە چەقۆ كوژراوە.

عەلی جەمال، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 16-12-2018 لە گەڕەكی سەركەوتنی قەزای كەلار دەمەقاڵێ لەنێوان دوو گەنجدا روویداوە سەرنجام یەكێكیان بە چەقۆ ئەوی دیكەیانی كوشتووە، رووداوەكە دوای 12ی شەوی رابردوو روویداوە، كوژراوەكە تەمەنی 21ساڵە ‌و بكوژەكەش تەمەنی 17ساڵە دوای دەستگیركردنیشی دانی بەتاوانەكەیدا ناوە". 16.12/18

 

لە دەربەندیخان كچێكی دەستگیراندار "خۆی خنكاند"
لەلایەن هەڵۆ محەممەد 47 خولەک لەمەوبەر  رووداو - گەرمیان
كاژێر 7:00ـی ئەمشەو لە قەزای دەربەندیخانی سەر بە سلێمانی، كچێكی تەمەن 22 ساڵ "خۆی خنكاند".

رائید هیوا بەكر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی دژی ژنان لە سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئەمشەو كچێك بەناوی (س، ح ، م) تەمەن 22 ساڵ، لە ماڵی خۆیاندا خۆی خنكاندووە". 9/12/18

 

لە کەرکووک کەسێک کوژرا
لەلایەن هەردی محەممەد 1 کاژێر لەمەوبەر  رووداو - کەرکووک 
لە گەڕەکی لەتیفاوای کەرکووک تەقە لە کەسێک دەکرێت و دەکوژرێت، گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، ئەو کەسەی کوژراوە پێشمەرگەیە و هەر لەشوێنی رووداوەکە گیانیلەدەستداوە.
عەمید ئەفراسیاو کامیل وەیس، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ (یەکشەممە 9-12-2018) لە گەڕەکی لەتیفاوا شەڕ لەنێوان سێ کەس روویدا، دوو کەس کە برای یەکدین تەقەیان لە کەسی سێیەم کردووە بەناوی (عەلی عوسمان ساڵح) و هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانیلەدەستداوە". 9/12/18

 

پۆلیسی سۆران: لە رواندز کەسێک بە پەت خۆی خنکاند
لەلایەن رووداو 26 خولەک لەمەوبەر رووداو - هەولێر

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 8-12-2018) کەسێک لە پیشەی پێشمه‌رگه‌ بووە، له‌ گه‌راجی ماڵه‌كه‌یدا له‌ رواندز به‌ په‌تێك خۆی هه‌ڵواسیووه‌، بەو هۆیەوە گیانیلەدەستداوە.

سه‌عدوون هاودیانی، گوته‌بێژی پۆلیسی سۆران به‌ (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگه‌یاند "پێشمه‌رگه‌كه‌ ته‌مه‌نی 35 ساڵ و خێزاندار بووه‌، بەپێی لێكۆڵینه‌وه‌سه‌ره‌تاییه‌كان و به‌گوته‌ی كه‌سوكاره‌كه‌شی ماوه‌یه‌كه‌ پێشمه‌رگه‌كه‌ باری ده‌روونی تێكچووبوو".

بەگوتەی کەسوکارەکەی کە قسەیان بۆ پۆلیس کردووە، ئەو کەسە "بە په‌ت له‌ گه‌راجی ماڵه‌كه‌یدا خۆی هه‌ڵواسیووە تاوەکو گیانیلەدەستداوە". 08/12/2018

 

هاوسەری ئەو كەسەی تەقەی لەپزیشكەكە كرد رونكردنەوە دەدات
ئاوێنە  هاوسەری ئەو كەسەی تەقەی لەپزیشكەكە كرد رونكردنەوە دەدات‌و رایدەگەیەنێت هاوسەرەكەی 2 جار نەشتەرگەری لای دكتۆر كەما كردوە‌و دۆخی تەندروستی جێگیر نەبوە، هەروەك داوا دەكات رێگە بدەن هاوسەرەكەی قسەی خۆی بكات.
 ئاوێنە: هاوسەری ئەو كەسەی تەقەی لەپزیشكەكەی شاری سلێمانی “د. كەمال ئەحمەد” كرد بە ئێن ئارتی راگەیاندوە هاوسەرەكەی 2 جار لای ئەو پزیشكە نەشتەرگەری بۆ كراوە‌و باری تەندروستی جێگیر نەبوە، داواش دەكات پۆلیس رێگە بە هاوسەرەكەی بدات تا قسەی خۆی بكات، ئەو وتی” لە ساڵی ٢٠١١ هاوسەرەکەم نەشتەرگەری نەخۆشی دەوالی بۆ کراوە لای پزیشک کەمال ئەحمەد بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخی خراپتر دەبوو و نەشتەرگەرییەکەی سەرکەوتوو نەبو”.
 راشیدەگەیەنێت چەندین ساڵە هاوسەرەکەی بەدەست ئەو نەخۆشیەوە دەناڵێنێت و توشی ئازارێکی سەخت بوە لە سکیدا و چەندین جار سەردانی دکتۆر کەمال ئەحمەدیان کردوە بەڵام بێ ئەنجام بوە، ئەو وتی ” هەمیشە مێردەکەم دەیوت دکتۆر کەمال توشی ئەو هەمو نەخۆشیەی کردوم، دواتر چووینەتە لای دکتۆری تریش پێیان وتووین توشی شێرپەنجە بووە و چارەسەرکردنی دژوارە و دواتر لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٨ دوو نەشتەرگەری لە قۆڵۆن و میزەڵداندا ئەنجامدا بەڵام پشکنینەکانی هەر وەکو خۆی بوو ئازاری هەبووە”.   ٦/١٢/٢٠١٨

 

وردەکاریی کوژرانی کەسێک لە بازگەی پۆلیسی دارستان لە سەنگاو
لەلایەن جەمال ئەحمەد جەمیل 9 کاژێر لەمەو بەر   رووداو - سلێمانی

دوای ئەوەی دوێنێ لە بازگەی پۆلیسی دارستان بەهۆی تەقەکردنەوە کەسێک کوژرا، چوار پۆلیسی دارستان بەتۆمەتی تەقەکردن دەستبەسەرکران.

خانەوادەکەی شەماڵ ئەو گەنجەی دوێنێ لە شەڕەکەدا کوژرا پرسەیان بۆ داناوە، ھەرچەند تاوەکو ئێستا ساخنەبووەتەوە بکوژەکانی کێن، بەڵام بە بڕیاری دادوەر، چوار پۆلیس بەتۆمەتی تەقەکردن دەسبەسەرکراون. 2/12/2018
ئاسایشی سلێمانی سێ کەس بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی سەرمایەدارێک دەستگیردەکات
لەلایەن رووداو 14 کاژێر لەمەو بەر  رووداو - هەولێر 
دوو کەس کە راسپێردرابوون بۆ کوشتنی سەرمایەدارێک، لەگەڵ ئەو کەسەی پیلانی کوشتنەکەی داڕشتووە، لەلایەن ئاسایشی سلێمانی پێش ئەنجامدانی "تاوانەکە" دەستگیرکران.

ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی ئەو سێ تۆمەتبارە ئاشکرا دەکات و، رایدەگەیەنێت "هەریەک لە (ک.م.ر.) لەدایکبووی 1988 و (هـ.ج.ا.) لەدایکبووی 2002 کە هەردووکیان پیشەیان کاسبە، لەلایەن کەسێکەوە راسپێردرابوون بۆ کوشتنی (ت.ع.ک.)  کە سەرمایەدارێکی شاری سلێمانییە". 29/11/2018

 

مافی مرۆڤی‌ هه‌رێم: له‌٧٠%ی‌ تاوانەكانی كوشتن لەڕێگەی چەكی‌ بێ مۆڵه‌تەوە ئەنجامدراوه‌
ئاوێنە  سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی‌ كوردستان ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ له‌٧٠%ی‌ تاوانەكانی كوشتن لەڕێگەی چەكی‌ بێ مۆڵه‌تەوە ئەنجامدراوه‌. پێشیوایه‌ كه‌ یاسای هەڵگرتن‌و مۆڵەت‌و بەكارهێنانی چەك كەموكوڕی تێدایە.
 سه‌باره‌ت به‌زیادبونی‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ كوشتن‌و خۆكوشتن، زیا بترۆس سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بەمیدیای‌ یه‌كێتی‌ ڕاگەیاندووه‌، “بەگوێرەی بەدواداچونەكانمان وەك دەستەی مافی مرۆڤ، دەركەوتوە ڕێژەی ٧٠% تاوانەكانی كوشتن لەڕێگەی چەكەوە ئەنجامدراوەو بەتایبەت چەكە بێ مۆڵەتەكان”.
 ناوبراو به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌ بەزوترینكات هێزەكانی ناوخۆ مامەڵەی كڕین‌و فرۆشتنی چەك‌و تەقەمەنی ڕابگرن، “چونكە لەئێستادا بەشێوەیەكی زۆر خراپ مامەڵەی چەك لەبازاڕەكاندا بەبێ هیچ ڕێنماییەك دەكرێت”.
 ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ “ڕۆژانە حاڵەتی كوشتن لەهەرێم ڕودەدات‌و هۆكاری سەرەكیش دیاردەی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت‌و بڵاوبونەوەی چەك‌و كڕین‌و فرۆشتنی بەبێ ڕێنمایییە”.
 زیا بترۆس ده‌ڵێت، “هەرچەندە هێزەكانی پۆلیس‌و ئاسایش ئەركی خۆیان جێبەجێدەكەن، بەڵام زیادبونی ئەو حاڵەتانە بۆ ناڕێكوپێكی‌و ناپتەوی‌و بێ ڕێنمایی توند دەگەڕێتەوە”.
 ئەوەشی ڕونكردۆته‌وە، “یاسای هەڵگرتن‌و مۆڵەت‌و بەكارهێنانی چەك، كەموكوڕی تێدایەو پێویستە سەرجەم بڕگەو ماددەكانی یاساكە هەمواربكرێتەوە لەڕوی تەمەن‌و پشكنینی پزیشكی بۆ كەسی هەڵگری چەك‌و پشكنین بۆ چەكەكەش لەكاتی نوێكردنەوەی چەكەكە تابزانرێت ئەو چەكە بەكارهاتوەو بۆچی بەكارهاتوە”.
 سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ ئەوەشی وتووه‌، “وەك دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوام چاودێری ڕەوشی دیاردەی چەكی بێ مۆڵەت دەكەین‌و بەدواداچون بۆ كەیسەكانی دەكەین، پڕۆژەیەكیشمان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای چەك‌و چەسپاندنی سزای قورس بۆ ئەوكەسانەی چەكی بێ مۆڵەت بەكاردەهێنن بۆ ئەم خولی نوێی پەڕلەمان ئامادەكردوە”. ٢٣/١١/٢٠١٨

پۆلیسی سۆران: گه‌نجێك به‌تاپڕ كوژرا
ئاوێنە  به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی پۆلیسی سۆران كوژرانی‌ گه‌نجێكی‌ ته‌مه‌ن 22 ساڵ راده‌گه‌یه‌نێت‌و هۆكاره‌كه‌شی‌ ده‌گه‌رێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ یه‌كێك له‌هاوڕێكانی كوژراوه‌كه‌ ویستویه‌تی هاوشێوه‌ی یاری په‌بجی وێنه‌ به‌تاپڕێكه‌وه‌ بگرێت.
 ئاوێنه‌: رائید سه‌عدون هاودیانی، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی پۆلیسی سۆران، له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌، ته‌رمی گه‌نجێك به‌ناوی (ئاسۆ ئازاد محه‌مه‌د)، ته‌مه‌ن 22 ساڵ، له‌گوندی زینی وه‌رتێ -سه‌ر به‌پارێزگای‌ هه‌ولێر- دۆزرایه‌وه‌ كه‌ به‌چه‌كی تاپڕ كوژراوه‌.  ، ٢٣/١١/٢٠١٨

 

پۆلیسی سلێمانی تۆمەتباری کوشتنی بەڕێوەبەری ئاوی ناڵپارێزی دەستگیرکرد
لەلایەن سەرباز سیامەند 2 کاژێر لەمەو بەر  رووداو- هەولێر

پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتباری کوشتنی بەڕێوەبەری پێشووی ئاوی شارۆچکەی ناڵپارێزی راگەیاند.

بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند "بەفەرمانی دادوەر و بەسەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، هێزەکانی پۆلیس کەسێکیان دەستگیرکرد کە تۆمەتبارە بە کوشتنی بەڕێوەبەری پێشوی ئاوی شارۆچکەی ناڵپارێز".  22/11/18

 

هەشت كەس دەستدرێژی دەكەنە سەر كچێكی 12 ساڵان
لەلایەن شکار ئەحمەد 32 خولەک لەمەوبەر رووداو – هەولێر
كچێكی 12 ساڵان، بەناوی هەڕەشەی كوشتن لە دایك و باوكی، لەلایەن پیاوێكەوە دەستدرێژی دەكرێتە سەر، دواتریش حەوت كەسی دیكە دەستدرێژی دەكەنە سەری. كچەكە سكاڵای لەسەر كوڕێك و كچێك تۆمار كردووە كە بوونەتە هۆی ئەوەی بەرەوڕووی ئەو دەستدرێژییە ببێتەوە.
 (م.ك)، تەمەن 12 ساڵ، لەڕێگەی فەیسبووكەوە كوڕێك بەناوی (س.ی) دەناسێت كە فەرمانبەرە، دوای ماوەیەك كوڕەكە قسەی نەشیاوی پێدەڵێت، پاشانیش هەڕەشەی كوشتنی دایك و باوكی لێدەكات. (م) دەڵێت: "دوو مانگ لەمەوبەر (س) هەڕەشەی لێكردم و پێیگوتم ئەگەر لەگەڵم نەبی، باوك و دایكت دەكوژم. منیش زۆر ترسام بۆیە رازیبووم. منی بردە ماڵی خۆیان. هەر كە چوومە ژوورەوە لە دواوە دەستدرێژی كردە سەرم".

لە هەولێر كچێك لەسەر مۆبایل دەكوژرێ‌
لەلایەن شکار ئەحمەد 8 کاژێر لەمەو بەر  رووداو - هەولێر

لە گەڕەكی رۆشنبیرانی شاری هەولێر كچێكی 17 ساڵان بەناوی (شەیما.ك) بەدەستی برایەكی دەكوژرێ‌. برا بچووكی كچەكە كە خۆی رادەستی پۆلیس كردووە، هۆكاری كوشتنەكەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە ماوەی دوو رۆژ نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە، بەڵام شایەتحاڵێك دەڵێت كچەكە مۆبایلی لەدەست بینراوە، بۆیە كوژراوە.

رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئێوارەی 30/10/2018 پۆلیس ئاگاداركرایەوە كە كچێك لە گەڕەكی رۆشنبیرانی شاری هەولێر لە ماڵەكەی خۆیاندا خۆی كوشتووە، بەڵام دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت كە كچەكەكوژراوە". 19/11/2018

 

سلێمانی‌: گەنجێكی‌ ته‌مه‌ن 20 ساڵ له‌گه‌ڕه‌كی‌ گۆیژه‌ به‌په‌تێك خۆی‌ ده‌خنكێنێت
 ئا: مه‌زهه‌ر كه‌ریم,، ئاوێنە
كاتژمێر 2:00ی‌ شه‌وی‌ ڕۆژی‌ دو شه‌ممه‌ 5/11/2018 كوڕێكی‌ ته‌مه‌ن 20 ساڵ به‌ناوی‌ كۆسار كه‌ریم له‌گه‌ڕه‌كی‌ كۆیژه‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ له‌شوێنی‌ كاره‌كه‌ی‌، كه‌ موشه‌غیلی‌ مۆلیده‌ بوه‌ به‌په‌تێك خۆی‌ ده‌خنكێنێت.
 دیلان یاسین، برازای‌ كۆسار، سه‌باره‌ت به‌خۆكوشتنی‌ مامی‌، وتی‌ “ئه‌و شه‌وه‌ كۆساری‌ مامم زۆر دڵی‌ خۆشبو تا دره‌نگانێكی‌ شه‌و پێش ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ بكوژێت چو بۆ لای‌ ده‌لاك بۆ سه‌رچاكردن‌و هاته‌وه‌ بۆلای‌ مۆلیده‌كه‌ی‌، تا شه‌و له‌وێ‌ بخه‌وێت، كه‌ له‌ماڵه‌وه‌ چۆته‌ ده‌ره‌وه‌ هیچی‌ باس نه‌كردوه‌و هیچ كێشه‌و ده‌نگه‌ده‌نگیشی‌ له‌گه‌ڵ كه‌س نه‌بوه‌”.
 وتیشی‌ “بۆ به‌یانیه‌كه‌ی‌ كاتژمێر حه‌وت یه‌كێك له‌ مامه‌كانم ته‌له‌فونی‌ بۆ ده‌كات، تا مۆلیده‌كه‌ كارپێبكات‌و له‌خه‌و هه‌ڵسبَت، به‌ڵام مامه‌ كۆسار ده‌نگی‌ نابێت، كاتێك ده‌چێته‌ لای‌ مۆلیده‌كه‌ی‌ تا بزانێت بۆچی‌ موبایله‌كه‌ی‌ هه‌ڵناگرێت‌و چه‌ند جارێك بانگی‌ ده‌كات وه‌ڵامی‌ نیه‌، تا دواتر ده‌رگای‌ ژوره‌كه‌ی‌ ده‌كاته‌وه‌‌و ده‌بینێ‌ مامه‌ كۆسار په‌تێكی‌ كردوه‌ به‌ملیاو خۆی‌ هه‌ڵواسیوه‌‌و گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌، دواتر خه‌به‌ر به‌هێزه‌كانی‌ پۆلیس ده‌دات‌و باوكم‌و كه‌سوكار ئاگادار ده‌كاته‌وه‌، كه‌ مامه‌م خۆی‌ خنكاندوه‌”. ١٥/١١/٢٠١٨

 

 پۆلیسی هەولێر: باوکێک كوڕەكەی خۆی کوشت
لەلایەن ئاسۆ سەراوی 7 کاژێر لەمەو بەر  رووداو - هەولێر 

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو لە گەڕەكی سەروەران باوكێك كوڕەكەی خۆی بە گوللە کوشت و دەشڵێت، تۆمەتباری سەرەكی خۆی رادەستی پۆلیس کردووە.

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کاژێر 11:15 خولەکی شەوی رابردوو (13-11-2018) لە گەڕەکی سەروەرانی هەولێر باوکێک تەقە لە کوڕەکەی خۆی دەکات و دوای ئەوەی بە برینداری دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە، گیانلەدەستدەدات". 

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت " ئەو کوڕەی کوژراوە ناوی (محەممەد)ـە، بەڵام هۆکاری کوشتنەکە نەزانراوە و لە لێکۆڵینەوەی بەردەوامداین  ١٤/١١/٢٠١٨". 

 

پۆلیسی سلێمانی: ئەو دوو کەسەی بە دەمانچە گەنجێکیان بریندارکرد، دەستگیرکران
لەلایەن رووداو 12 کاژێر لەمەو بەر  رووداو - سلێمانی

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئەو دوو کەسەی ئەمڕۆ لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل بە دەمانچە گەنجێکیان بریندارکرد، هەردووکیان دەستگیرکراون.

ئێوارەی ئەمڕۆ گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە کە تێیدا دەردەکەوێ دوو کەس بە دەمانچە گەنجێکیان بریندارکردووە و لێیدەدەن، خەڵکەکەش هاواردەکەن "تکایە مەیکوژن".

کەسێک لە بنەماڵەی ئەو دوو گەنجە بە رووداوی راگەیاند "ئەو کەسەی لێیدەدرێ مامی ئێمەی کوشتووە و ئەوەش روویداوە لە بەرامبەر ئەو کارەیدا بووە. ١٢/١١/٢٠١٨".

 

یەكێك لە تۆمەتبارانی رووداوەكەی كەسنەزان پێشتر خوشكێكی خۆی كوشتووە
لەلایەن دیمەن بورهان 6 کاژێر لەمەو بەر  رووداو – هەولێر

لە ئاهەنگێكی بووك گواستنەوەدا لەسەر سەرچۆپی دەبێتە شەڕ و تەقە، بەو هۆیەوە گەنجێكی تەمەن 18 ساڵان بەناوی هەیسەم مووسا دەكوژرێ‌ و پێنج كەسی دیكەش بریندار دەبن، پۆلیس 3 لە تەقەكەرەكانی دەستگیر كردووە، بەڵام هێشتا ئەو كەسە دەستگیر نەكراوە كە دەگوترێت بكوژی گەنجەكەیە.

هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند: "رۆژی 9/11/2018 لە هۆڵێكی بووكگواستنەوە دەبێت بە شەڕ و كەسێك دەكوژرێت و پێنج كەسیش بریندار دەبن، پۆلیس تاوەكو ئێستا سێ كەسی دەستگیركردووە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە". 12/11/18

 

لە هەولێر تەرمی كەسێك بەسووتاوی لەناو ئۆتۆمبێلەكەی دۆزرایەوە
لەلایەن ئاسۆ سەراوی 3 خولەک لەمەوبەر   رووداو - هەولێر
لە نزیك شارۆچكەی كەسنەزانی هەولێر، تەرمی كەسێك بە سووتاوی لەنێو ئۆتۆمبێلەكەیدا دەدۆزرێتەوە ‌و بە گوتەی خزمێكی "ئۆتۆمبێلەكەشی سووتاوە". 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە، 12-11-2018) تەرمی عەبدولخالق حەمەدئەمینی تەمەن 57 ساڵ، بە سووتاوی لە ناو ئۆتۆمبێلەكەی خۆی لە نزیك شارۆچكەی كەسنەزان دۆزرایەوە.

ئیبراهیم جەلال، زاوای عەبدولخالق بە تۆڕی مدیایی رووداوی راگەیاند "عەبدولخالق ماوەی حەوت رۆژ بوو بێسەروشوێن بوو، كێشەی لەگەڵ كەس نەبووە، كاری سەرەكی پاسەوانی شەوان بووە لەناو بازاڕی هەولێر".   ١٢/١١/٢٠١٨

 

هەولێر؛ لە ئاهەنگێکی بوک گواستنەوە کەسێک کوژرا و دوانی دیکەش برینداربون
(سبەی):  لە ئاهەنگێکی بوک گواستنەوە لە شارۆچکەی کەس نەزان، بەهۆی شەڕ و دەمەقاڵێەوە، کەسێک کوژرا و دوانی دیکەش برینداربون.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر راگەیاند؛ ئەمڕۆ هەینی لەمیانی بەڕێوەچونی ئاهەنگێکی بوک گواستنەوە لە شارۆچکەی کەسنەزانی هەولێر، شەڕ و دەمەقاڵێ رویداوە و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و دو کەسی دیکەش برینداربون.

بەوتەی هۆگر عەزیز، ئەو کەسانەی لە ئاهەنگەکەدا شەڕیان کردوە خزم و کەسی نزیکی یەکترن.

لەئێستاشدا بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی هەولێر کراون و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان، لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە دەستیپێکردوە.  ٩/١١/٢٠١٨

 

بە دەمانچەی مێردەكەی، خۆی كوشت
لەلایەن تریسكە شێرزاد دوێنێ کاژێر 09:35   رووداو - هەولێر 

(ف.س) لە ماڵی باوكی بوو كە مێردەكەی پەیوەندی پێوەكرد و داوای لێكرد خێرا بگەڕێتەوە ماڵەوە، بەڵام ئەو بە قسەی نەكرد و گوتی ماڵی باوكی میوانیان هەیە. (ف) دوای ئەوەی لەگەڵ خەزووری دەچێتەوە ماڵەوە، بە دەمانچەی مێردەكەی، خۆی دەكوژێ‌، دوای رووداوەكە، پۆلیس مێردەكەی دەستگیر دەكات و دواتر بە كەفالەت ئازادی دەكات.

شەوی 26/10/2018 ئافرەتێكی تەمەن 17 ساڵان بە ناوی (ف، س) دانیشتووی كۆمەڵگەی چڕەی سەر بە شاری دهۆك، كە تەنیا ساڵێك بوو شووی كردبوو، بە دەمانچەی مێردەكەی كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.  9/11/18

 

لە نۆ مانگدا 37 ئافرەت لە هەرێمی کوردستان كوژراون
لەلایەن ئاسۆ سەراوی 1 کاژێر لەمەوبەر رووداو - هەولێر

"لە دهۆک 33 دەستدرێژی سێکسی تۆمارکراوە و لە سلێمانی هیچ حاڵەتێک تۆمارنەکراوە"

بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان، ئاماری نۆ مانگی بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە " 37 ئافرەت كوژراون، 87 ئافرەتیش دەستدرێژی سێكسیان کراوەتە سەر".

ئەو ئامارە تایبەت بە تۆڕی میدیای رووداو دراوە، سەرجەم ئەو تووندوتیژییانە دەردەخات کە لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا لەدژی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون. 07/11/2018

 

تۆڵەی كوشتنی برا و براژنەكەی خۆیان لە برایەكی بكوژ كردەوە
لەلایەن تریسكە شێرزاد دوێنێ کاژێر 09:30   رووداو –هەولێر

لە دەرگای ماڵەكەی دەدەن و پاش ئەوەی دەچێ دەرگا بكاتەوە، چوار چەكدار دوای ئەوەی چەند پرسیارێكی لێ دەكەن، تەقەی لێدەكەن و دەیكوژن. كەسوكاری تەقەكەرەكان دەڵێن ئەوان تۆڵەی كوشتنی برا و براژنەكەیان كردووەتەوە.

سەعات 8:30ی خولەكی شەوی 18/10/2018 پیاوێكی تەمەن 38 ساڵ بەناوی دەروێش زاهیر، باوكی دوو منداڵ، دانیشتووی ناحیەی كەلەكچیی سەر بە پارێزگای دهۆك، لەبەردەم ماڵەكەیدا كوژرا.  06/11/2018

 

لە هەولێر کەسێک "لەسەر 25 هەزار دینار" دەکوژرێت
لەلایەن رەنجە جەمال 1 کاژێر لەمەوبەر  رووداو - هەولێر
سەردار ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی هەولێر و خاوەنی کافتریایەک بووە،  لەسەر 25 هەزار دینار لەلایەن کەسێکەوە کوژراوە.

براکانی سەردار وردەکاریی رووداوەکە بۆ رووداو دەگێڕنەوە، بەجۆرێک تۆمەتبار بە ناوی (ت.خ) چووەتە کافتریای براکەیان و داوای بڕێک پارەی کردووە "وەک سەرانە"، بەڵام سەردار ئەوەی قبوڵنەکردووە، بۆیە دوای دەمەقاڵێ و تەقەکردن لە کافتریاکە، جاری دووەم تۆمەتبارەکە دەگەڕێتەوە و لە پشتەوە سەردار دەداتە بەر دەستڕێژی گوللە.

 


فه‌رمانبه‌رێكی شاره‌وانی رواندز "خۆی كوشت"

لەلایەن بەختیار قادر 1 کاژێر لەمەوبەر  رووداو - سۆران

ئه‌مڕۆ له‌كاتی ده‌وامی ئاسایی خۆیدا فه‌رمانبه‌رێكی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی رواندز به‌ گولله‌یەكی ده‌مانچه‌ كۆتایی به ‌ژیانی خۆی هێنا.
رائید سه‌عدوون نەبی، گوته‌بێژی پۆلیسی سۆران به‌ (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگه‌یاند، فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ ناوی )عه‌بدولقادر حارس)ـه‌، ساڵی 1962 له‌دایكبووه‌ و فه‌رمانبه‌ری سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی رواندز بووه‌. 29/10/2018

 

لە كەركووك پیاوێك بەبیانووی خیانەت هاوژینی خۆی دەكوژێ
لەلایەن سروە ئەحمەد 1 کاژێر لەمەوبەر  رووداو-هەولێر

)ئا) هاواری بۆ پۆلیس برد كە ژنەكەی كوژراوە، بەڵام پۆلیس هەر لەنێو ماڵەكەی (ئا) تۆمەتبارەكەیان دۆزییەوە و قۆڵبەستیان كرد. زۆری نەبرد (ئا(دانی بە تاوانەكەیدا نا و كاتێكیش پۆلیس لێیان پرسی بۆ كوشتت؟ گوتی: "خیانەتی لێكردووم". 

رۆژی 23/10/2018 ژنێكی تەمەن 38 ساڵ بەناوی كافیە، دانیشتووی گەڕەكی رەحیماوای شاری كەركووك و دایكی شەش منداڵ، لەنێو ماڵەكەیدا كوژرا. (ئا(، تەمەن 42 ساڵ كە هاوژینی كافیەیە، دەستبەجێ‌ پۆلیسی ئاگادار كردەوە كە ژنەكەی كوژراوە. بەڵام پۆلیس هەر لەوێ‌ (ئا)ی بە تۆمەتی كوشتنی هاوژینەكەی دەستگیر كرد. ٢٩/١٠/١٨

 

لە 24 کاژێری رابردوو سێ کەس لە کەرکووک کوژراون
لەلایەن گۆڤەند مستەفا 56 خولەک لەمەوبەر رووداو - کەرکووک
لە کەرکووک لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەست بەسەر چەند پارچە چەکێکدا دەگیرێت
لە ئۆپەاسیۆنێکدا لە گەڕەکی شۆریجەی کەرکووک دەست بەسەر چەند پارچە چەکێکدا دەگیرێت و لە ماوەی 24 کاژێری رابردووش دۆخی ئەمنی کەرکووک نائارامیی بەخۆیەوە بینیوە و سێ کەس کوژراون.
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، ماوەی 24 کاژێرە دۆخی ئەمنی کەرکووک لەڕووی حاڵەتەکانی رفاندن و کوشتن نائارامییەکی بەخۆیەوە بینیوە، لە ماوەیەدا سێ کەس لەنێو گەڕەکە جیا جیاکانی کەرکووک لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە کوژراون. ڕووداو، ٢٨/١٠/٢٠١٨


گەنجێك بە تاپڕ خۆی دەكوژێت

لەلایەن شکار ئەحمەد دوێنێ کاژێر 08:53    رووداو- هەولێر

عەلی عەبدوڵڵا چەند مانگێك بوو شەوانە بەتەنیا لەنێو رەزەكەی خۆیاندا دەمایەوە و، هەر لەنێو رەزەكەیان كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. باوكی عەلی دەڵێت دڵم خەبەری دابوو كە عەلی لەدەست دەدەم.
رۆژی 17/10/2018 گەنجێكی تەمەن 16 ساڵ بەناوی عەلی عەبدوڵڵا، دانیشتووی گوندی كەپەنەكی سەر بە ناحیەی تەقتەق لەنێو رەزەكەیاندا بە تاپڕ خۆی كوشت. ٢٨/١٠/٢٠١٨

هاوڵاتییەک لە ناو ئوتومبیلەکەیدا لە شەقامی کانی ئاسکان لە شاری هەولێر کووژرا
دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی، ھەولێر، ئەحمەد مستەفا
لە شەقامی ئیسکانی ھەولێر ھاووڵاتییەک بە گولـلە کوژرا و بکوژەکە ھەڵھاتوە.
 پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا ھاوڵاتییەک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا لە شەقامی ئیسکان لە شاری ھەولێر کوژرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ھاووڵاتیە بە دەمانچە سێ گولـلەی لێدراوە و دەست بەجێ گیانیلەدەستداوە.
ئەوەشی خستەروو، لە رووداوەکەدا ژنێکیش برینداربووە کە لەگەڵ کوژاروەکەدا بووە و بکوژەکەش ھەڵھاتوە.
پۆلیسی ھەولێریش ئاماژەى بە رووداوەکە کرد و رایگەیاند، بۆ لیکۆڵینەوەکە لە رووداوەکە لە شوێنی مەبەستن. 26/10/18 NRT

كه‌ركوك.. قورئان خوێنێك دوای‌ گەڕانەوەی‌ لەنوێژی‌ بەیانی‌ كوژرا
ئاوێنە   له‌شاری‌ كه‌ركوك قورئان خوێنێك دوای‌ گەڕانەوەی‌ لەنوێژی‌ بەیانی‌ له‌لایه‌ن دو كه‌سه‌وه‌ كوژراوه‌و ته‌رمه‌كه‌ی خراوه‌ته‌ گوێنییه‌كه‌وه‌.
 ئاوێنه‌: روداوه‌كه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌گه‌ڕه‌كی موسه‌ڵای‌ كه‌ركوك رویداوه‌و پۆلیسی كه‌ركوك گومانده‌كات ئه‌و دو كه‌سه‌ بۆ دزی تاوانه‌كه‌یان ئه‌نجامدابێت. 26/10/2018

 ئه‌و بكوژه‌ی‌ خاڵ‌و خاڵۆژن‌و كچه‌كه‌یانی‌ كوشت ورده‌كاریی‌ تاوانه‌كه‌ ده‌گێرێته‌وه‌
 ئاوێنه‌  ئه‌و بكوژه‌ی خێزانه‌كه‌ی جه‌له‌ولای‌ كوشت كه‌ له‌خاڵ‌و خاڵۆژن‌و كچه‌كه‌یان پێكهاتبون، له‌دادگا دانیبه‌تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌و جه‌ختیكردۆته‌وه‌ بۆ پاره‌ تاوانه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌.
ئێواره‌ی رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ 21ی تشرینی یه‌كه‌م، له‌گه‌ڕه‌كی ته‌جنیدی ناحیه‌ی جه‌له‌ولا، گه‌نجێك هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ر ماڵی خاڵی، به‌مه‌به‌ستی دزینی بڕێك پاره‌و له‌ئه‌نجامدا به‌چه‌ك خاڵ‌و خاڵۆژن‌و كچێكیان كه‌ له‌ماڵ بون ده‌كوژێت‌و دواتر هه‌ڵدێت.  ٢٣/١٠/٢٠١٨


سیتەك: باوكی دو منداڵ لەدوای بەستنەوەی دەست‌و قاچی بەكەتەر دەكوژرێت

ئا: مەزهەر كەریم، ئاوێنە
كاتژمێر 8:30 خولەكی شەوی چوار شەممە 10\10\2018 پیاوێكی تەمەن 31 بەناوی (س) كە باوكی دو منداڵ بوە، لەقەزای سیتەك بەكەتەر دەكوژرێت.
یەكێك لەخزمە نزیكەكانی (س) كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت ئاماژە بەوە دەكات ئەو شەوە لەلایەن برایەكیەوە كە ماڵیان لەسیتەكە ئاگادار كراوە لەكوشتنی س، ئەو وتی “نەمن‌و نەخزمان لەكاتی بریندار كردنی (س)دا لەوێ‌ نەبوین‌و نەمانبینی، لەلایەن دراوسێكانیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی كراوە، بەوتەی ئەوان بەهۆی سەختی برینەكەی لەڕێگەداو لەناو ئۆتۆمبیلەكەدا گیانی لەدەستداوە، پێش ئەوەی گیان لەدەستبدات، چەند جارێك پرسیاریان لێكردوە كێ‌ ئەو كەتەرانەی لێداوەو بۆچی توشی ئەو ڕوداوە بوە، لەوەڵامدا تەنها هاواری كردوە ئاوم بدەنێ‌ تو نیمە ئاوم دەوێت دواتر گیانی لەدەستداوە”.
نووسراوە لە 2018-10-20 10:23 pm

لە کەرکووک کەسێک هاوژینەکەی خۆی دەکوژێت
لەلایەن هەردی محەممەد 7 خولەک لەمەوبەر  رووداو - کەرکووک
لە گەڕەکی رەحیماوای شاری کەرکووک تەرمی ژنێک کە شوێنەواری گوللـەی بەسەرەوەیە دۆزرایەوە و دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە هاوژینەکەی خۆی کوشتوویەتی.
عەقید نەوزاد ستار، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی رەحیماوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پیاوێک ئاگاداریکردینەوە کە ژنەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا کوژراوە، دوای چوونی تیمەکانی لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە ئەو ژنە کە تەمەنی 38 ساڵە و خاوەنی شەش کچە لەلایەن هاوژینەکەی خۆیەوە کوژراوە". 18.10.23

كەلار: باوكی شەش منداڵ لەبەر نەبونی، بەپەت خۆی دەخنكێنێت
ئا: مەزهەر كەریم،  ئاوێنە
عەلی فارس، لەدوای ئەوەی نانی بەیانی لەگەڵ ژن‌و منداڵەكانی دەخوات دەچێتە زەویەكی چۆڵی نزیك ماڵی خۆیان‌و بەنهێنی پەتێك دەكات بەملیداو خۆی دەخنكێنێت، كوڕەكەی دەڵێت “باوكم لەبەر نەبونی خۆی خنكاند”.
  عەلی ماوەی چەند ساڵێك دەبو لەیەكێك لەباخچەكانی قەزای كەلار بەگرێبەست كاری باخەوانی دەكرد، بەڵام دواتر بەرپرسی ئەو پاركە بەبیانوی هەڵكشانی تەمەنی‌و بێتوانانی لەكارەكانیدا دەینێرتەوە بۆ ماڵەوە‌و گرێبەستەكەی بۆ تازە ناكاتەوە‌و بێكار دەمێنێتەوە، چەند جارێك لەلایەن خزم‌و كەسوكارەكەیەوە هەوڵی بۆ دەدەن، تا بچێتەوە سەر كارەكەی، بەڵام بێ‌ سود دەبێت.
 بەهۆی بێكاری‌و لەدەستدانی كارەكەی عەلی بیر لەكارێكی دیكە دەكاتەوە، كارە نوێیەكەی سەوزەفرۆشی دەبێت لەسەر عەرەبانە‌و لەناو بازاڕی كەلاردا.
 بەهۆی بێ‌ بازاڕیەوە چەند مانگێك بەردەوام دەبێت، ئەو پارەیەشی پێیدەبێت، لەسەوزە فرۆشیدا دایدەنێت‌و زیان دەكات، كە بەوتەی كەسوكارەكەی ئەو ڕۆژەی خۆی خنكاندوە بەمنداڵەنەكانی وتوە پارەم پێنەماوە سەوزە بكڕم‌و بچمە بازاڕ بیفرۆشم، چونكە چەند ڕۆژە مایەی سەوزەكەم دەست ناكەوێتەوەو زەرەر دەكەم نازانم چیبكەم.  18/10/18

دوای زیاتر لە دوو ساڵ، بکوژی کچە کوردێکی ئێزدی لە دهۆک دەستگیردەکرێت
لەلایەن نەهرۆ محەممەد 19 کاژێر لەمەو بەر رووداو - هەولێر
بکوژی کچە کوردێکی ئێزدی لە دهۆک دەستگیرکرا، ئەمەش دوای ئەوەی پێش زیاتر لە دوو ساڵ ئامۆزاکەی خۆی لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا لە ئەڵمانیا کوشت بوو.
رۆژی هەینی 12-10-2018، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا، هێزەکانی هەواڵگری دهۆک بەهاوکاری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی قەزای سێمێل، بکوژی (شیلان ‌غازی پیسۆ)کچە کوردی ئێزدی تەمەن 21 ساڵ-یان دەستگیرکرد. ڕووداو، ١٤/١٠/١٨

ئاسایشی هەولێر: ئەو دوو کەسەی بە ئۆتۆمبێل لە ژنێکیاندا و کوشتیان، دەستگیرکران
لەلایەن سەنگەر عەبدولڕەحمان 1 کاژێر لەمەوبەر  رووداو - هەولێر 
بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئەو دوو کەسەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی بە ئۆتۆمبێل لە ژنێکیاندا و کوشتیان، دەستگیرکران.
تارق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوو کەس لەسەر کوشتنی ئافرەتەکەی هەولێر دەستگیرکران، ئەمەش دوای ئەوەی لە شەقامی 100 مەتری هەولێر بە ئۆتۆمبێل لێی دەدەن و جێیدەهێڵن، دواتر هەردوو تۆمەتبارەکە بۆ شوێنێکی نادیار هەڵدێن".ڕووداو، ١٤/١٠/٢٠١٨

لە دهۆک گەنجێک دوای کوشتنی هاونیشتمانییەک، هاوژینەکەی خۆیشی کوشت
لەلایەن ناسر عەلی دوێنێ کاژێر 10:59  رووداو - دهۆک
ئەو گەنجەی لە سەنتەری دھۆک کەسێکی بە نۆ گوللە کوشت، دوای یەک کاتژێر ھەمان گەنج لە ئامێدی ھاوژینەکەی خۆیشی کوشت و دواتر خۆی رادەستی پۆلیس کرد.
ھێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دھۆک بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لە کاتژێر 7:30 خوولەک گەنجێک لە سەنتەری دھۆک هاونیشتمانییەکی تەمەن 32 ساڵی کوشت، دواتر ھەمان گەنج چووەتە ئامێدی لەوێش ھاوژینەکەی خۆی کوشتووە. ڕووداو، ١٣/١٠/٢٠١٨

سەیدسادق: برازایەك بەچەقۆ مامی خۆی دەكوژێت
ئا: مەزهەر كەریم،، ئاوێنە
پاش ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ دەزگیرانی مامی دەكات، كێشە دەكەوێتە نێوانیانەوەو سەرەنجام برازایەك سێ‌ چەقۆ دەدات لەمامی‌و دەیكوژێ‌.
 ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 23/9/2018 كوڕێكی تەمەن 29 ساڵ بەناوی كاروان كە وەستای نانەوایە، لەناو بازاڕی سەیدسادق لەگەڵ مامی بەناوی ئەحمەد شەریف دەبێت بەدەمەقاڵی‌و سێ‌ چەقۆی لێدەدات‌و دەیكوژێت، كە بەر شان‌و چەناگەو سنگی كەوتوە.  ، ١١/١٠/٢٠١٨

سەیدسادق: لەسەر راگرتنی ئۆتۆمبێل دو كەس دەكوژرێن‌و دوانی دیكەش بریندار دەبن
ئا: مەزهەر كەریم،  ئاوێنە
کاروان‌و ئەبوبەكری برای لەسەر جێگەی راگرتنی ئۆتۆمبیل لەلایەن دراوسێیەكیانەوە بەفیشەكی دەمانچەو كلاشینكۆف دەكوژرێن.
 كاتژمێر 6:45ی خولەكی ئێوارەی هەینی 28/9/2018 دو برا بەناوەكانی ئەبوبەكرو كاروان لەشاروچكەی سەیدسادق لەسەر جێگەی ئۆتۆمبیل بەدەستی محەمەدی دراوسێ یان بەفیشەكی دەمانچەو كڵاشینكۆف دەكوژرێن، کە چەند فیشەكێك بەر سنگ‌و سك‌و پشتیان دەکەوێ‌و بەسەختی بریندار دەبن‌و پاش ئەوەی دەگەیەنرێنە نەخۆشخانەی شار لەسلێمانی، بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە گیان لەدەستددەدن‌و تەرمەكانیان ڕەوانەی پزیشكی دادوەری دەکرێن.  , 7/10/18

 

لە كۆیە پیاوێك هاوژینەکەی و دواتر خۆیشی دەكوژێت
لەلایەن ئاسۆ سەراوی 3 کاژێر لەمەو بەر رووداو-کۆیە

لە قەزای كۆیە پیاوێك خۆی ‌و ژنەكەی دەكوژێ‌ ‌و پۆلیسی كۆیەش رایگەیاند "ئەو ژن و پیاوە 7 منداڵیان لەدوا بەجێماوە".
شۆڕش كاكە فەتحوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای كۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 6-10-2018 لە گەڕەكی ئازادی كۆیە پیاوێكی تەمەن 46 ساڵ بە دەمانچە ژنە تەمەن 40 ساڵەكەی دەكوژێ‌ ‌و دواتر خۆیشی دەكوژێت. بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای كۆیە گوتیشی "ئەو ژن و پیاوە 7 منداڵیان لەدوا بەجێماوە".  6/10/18
سەیدسادق.. به‌هۆی‌ شەڕی نێوان دو بنەماڵەوه‌ كه‌سێك كوژراو چواری‌ دیكه‌ برینداربون
ئاوێنه‌
لەئەنجامی شەڕی نێوان دو بنەماڵە لەیەکێک لەگەڕەکەکانی قه‌زای‌ سەیدسادق، کەسێک کوژراو چوار کەسی دیکەش برینداربون.
شوان مەحمود، ئێشکگری ئیداریی لەنەخۆشخانەی گشتی شەهید شەوکەتی حاجی مشیر لەسەیدسادق بەسایتی‌ ڕۆژنیوزی وتووه‌، “ئەمشەو تەرمی هاوڵاتییەک گەیەنرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان کە تەمەنی نزیکەی ٣٠ ساڵ دەبێت‌و ئاسەواری گوللە بەجەستەیەوە بو.”
ئاماژەی بەوەشکردووه‌ کە چوار کەسی دیکەش کە تەمەنیان لەنێوان ٢٥ ساڵ بۆ ٣٠ ساڵ دەبو، بەبرینداری گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکە، کە ئەوانیش گوللە بەجەستەیانەوە بووە، بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستی بریندارەکانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراون، هەروەها تەرمەکەش ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە.  ئاوێنە، ٢٨/٩/٢٠١٨
ئاراس برایەكی هونەری نانەوای كوشتووە و برایەكیشی هەڵاتووە
لەلایەن بەهرۆز فەرەیدوون 1 کاژێر لەمەوبەر  رووداو-سلێمانی
ئاراس، ئەو كوڕە جلوبەرگ رەش و ریشنەی بە دەمانچەكەی دەستی دوو جار بە توندی بەسەری كرێكارێكی نانەوادا دەكێشێ و دەستبەجێ خوێن بە سەر و دەموچاویدا دێتە خوارەوە، خێزانی هەیە و باوكی دوو منداڵە. 
دیمەنی دەستدرێژی بۆ سەر ئەو كرێكارە كە ناوی هونەرە، چەند رۆژێكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك و باسوخواسی نێو خەڵكیشدا گەرمترین بابەتی مشتومڕە، ئەوەش بە تایبەتی بەهۆی ئەوەی كە هاوڕێیەكی دەستدرێژیكارەكە لەناو ئۆتۆمبێلێكەوە تەواوی ئەم دیمەنەی وێنە گرتووە و پاشان هەر ئەم گرتە ڤیدیۆیە بۆ نێو میدیا دزە دەكات.
دەستدرێژیكارەكە وەك دەگوترێ بە ئاراسی شێخە ناسراوە. ئەو هەر بەوەندە ناوەستێ كە سەری كرێكارەكە لە دوو لاوە بەمستی دەمانچەكەی دەشكێنێ، بەڵكو دەیهێنێتە بەردەمی كامێراكە و سووكایەتی بە خۆی و كەسوكاری دەكات و ناچاری دەكات جنێو بە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بدات.
ئاراس دوای وازهێنانی لە كاری چەكداری لە ریزەكانی حەفتای سەر بە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، چوار جار بە تۆمەتی جیاجیا گیراوە. لە هێزەكانی حەفتاشدا نزیكایەتی لەگەڵ جەعفەر مستەفا هەبووە و هەندێكجاریش وەك شوفێری تایبەت كاری بۆ كردووە............
 ئاراس لە رۆژی 13ی ئەیلول لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە دەستگیر كرا، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێ ئاراس بە برینداری دەستگیر كراوە، بەڵام ئەو قسەیە دوورە لە راستی و ئاراس بریندار نەبووە. بەدواداچوونی (رووداو) ئەوەی ئاشكرا كرد كە ناوی ئاراس لە رۆژانی 13 و 14ی ئەیلول لە هیچ نەخۆشخانەیەكی فریاكەوتنی شاری سلێمانی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی تۆمار نەكراوە، بەڵكو ئەوانەی بریندار بوون، ئەفسەرێك و دوو پۆلیسی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوان بوون كە لە كاتی دەستگیركردنیدا، بەر گوللەی ئاراس كەوتوون. 24/09/2018


لە هەشت مانگی رابردوودا 80 تاوانی كوشتن لە كەركووك تۆماركراون

لەلایەن سروە ئەحمەد 2 کاژێر لەمەو بەر رووداو-كەركووك
وەكو ئامارەكانی پۆلیس دەریدەخەن، تاوانەكانی دزی و كوشتن لەنێو شاری كەركووك و دەوروبەری روو لە هەڵكشانن. پۆلیس دەڵێت هۆكاری زۆربەی تاوانەكانی كوشتن و دزی، هەژاری یان كێشەی كۆمەڵایەتییە.
عەمید ئەفراسیاو كامیل، گوتەبێژی  پۆلیسی كەركووك  ئاماری تاوانەكانی كوشتنی لە هەشت مانگی رابردوودا (لە یەكی كانوونی دووەم تاوەكو 31ی ئاب) بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد و گوتی: "لەم ماوەیەدا 80 حاڵەتی كوشتن لە كەركووك و دەوروبەری تۆماركراون، تۆمەتباری 60 لەو تاوانانە دەستگیركراون، 20 تۆمەتبارەكەی دیكەش هەڵاتوون بۆ دەرەوەی كەركووك".
گوتەبێژی پۆلیسی كەركووك ئاشكراشی كرد كە لە ماوەی ئەو هەشت مانگەدا 611 حاڵەتی دزی لە كەركووك تۆماركراوە، زیاتر لە 400 كەس لەسەر ئەو دزییانە دەستگیركراون. بەگوتەی عەمید ئەفراسیاو، هەندێك لەوانەی لەسەر دزی دەستگیركراون تەمەنیان 15- 16 ساڵە، بەڵام زۆربەی تۆمەتبارەكان تەمەنیان لە 35 ساڵ بەسەرەوەیە. 21/9/2019

گەنجێك لە كانی پانكە لەداخی نەگەیشتنە ئەوروپا بەتاپر خۆی دەكوژێت
ئا: مەزهەر كەریم  ئاوێنە، ١٨/٩/٢٠١٨
  (رەسوڵ جەلال) كاتژمێر 5:30 بەرەبەیانی چوار شەممەی رابردو 12 / 9، لەگوندی كانی پانكەی سەر بەشاروچكەی سەید سادق فیشەكێكی تاپڕی نا بەسەر سنگییەوەو خۆی دەكوژێت، ئەو بەحەسرەتی گەیشتنە ئەوروپاوە سەری نایەوە.
جەلال حەمە مارفی باوكی بەدەنگێكی خەمگینەوە چیرۆگی خۆكوشتنی كوڕەكەی گێڕایەوە، ئەو وتی “بەیانی زو بو لەخەودا بوم، كە دایكی مناڵەكان هاواری كرد فریاكەوە ڕەسوڵ لەژورەكەیدا كەتوەو سەرتاپای خەڵتانی خوێنەو ناجوڵێت!”.
كاتێك باوكی چوە بەهانای رەسوڵەوە، سەیری كردوە لەسەر زەویەكە كە‌وتوەو هێشتا خوێن لەسەر سنگی دەچۆڕێ‌، ئەو وتی “چەند جارێك بانگم كرد‌و دەستم لەلاملی دا تا بزانم ماوە یان نا؟ بەڵام كوڕەكەم سارد ببۆوە‌و فریای بردنی بۆ نەخۆشخانە نەكەوتین”.
 باوكی ڕەسوڵ ئاماژە بەوە دەكات شەوی پێش خۆكوشتنی كوڕەكەی، تا كاتژمێر یانزەی شەو پێكەوە بون‌و قسەی خۆشیان كردوە، بەڵام دوای خۆكوشتنەكەی زانیویەتی كە بۆ رۆژەكەی كاتێك چەند درەخێكی نزیك شەقامەكەی ماڵی خۆیانی ئاوداوە گەردن ئازادی لەهاوڕێكانی كردوە، باوكی رەسوڵ وتی “كوڕەكەم زۆر بێتاقەتی براكە بچوكەكەی بو، كە ماوەی چوار مانگێك دەبێت چوەتە دەرەوەی وڵات‌و ئێستا لەوڵاتی بەریتانیا دەژی، رەسوڵ زۆر بێزار بو، ماوەیەك لەمەوبەر دەیویست بچێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام دواتر وتی ساڵی داهاتو دەچم”.
وتیشی “كوڕەكەم هەرگیز چەكی پێنەبوەو ناشزانم چۆن ئەو تاپڕەی پەیدا كردوە‌و خۆی پێكوشتوە”.
 ناوبراو باس لەوەش دەكات كە رەسوڵ كێشەی لەگەڵ كەس نەبوەو باری دارایی زۆر باشبوە‌و ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری پێبوە‌و لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ كاری گواستنەوەی باری كردوە، ئەو وتی “ئەوەی ئاشكرایە كوڕەكەمان زۆر بیری لەرۆشتن بۆ دەرەوەی وڵات دەكردەوە، هەر بەو داخەشەوە سەری نایەوە”.
لەبارەی خۆكوشتنی ئەم گەنجەوە، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندوە “بەیانی ڕۆژی چوار شەممە 12/‌ 9/‌ 2018 لەگوندی كانی پانكەی سەربە شاروچكەی سەیدسادق گەنجێكی تەمەن 24 ساڵ بەگولەی تاپڕ گیانی لەدەستداوە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان هێڵكاری بۆ شوێنی ڕوداوەكە كردوەو تەرمەكەی، رەوانەی پزیشكی دادوەری شاری سلێمانی كراوە”.
نووسراوە لە 2018-09-17 8:44 pm

لە سلێمانی کەسێک خۆی و کچەکەی دەکوژێت
لەلایەن راوچی حەسەن 37 رووداو - سلێمانی
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی كورد ستی دوو، باوکێک خۆی و کچە تەمەن 16 ساڵەکەی دەکوژێت و هاوسەرەکەیشی بە سەختی بریندار دەکات.
پۆلیسی سلێمانی لە هەواڵێکدا رایدەگەیێنێت: "ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 16-9-2018، لە شاری سلێمانی و لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی كورد ستی دوو، باوكێك كچ و هاوسەرەكەی بەسەختی برینداردەكات، دوای ئەوەی بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە دەگوازرێنەوە و بەهۆی سەختی برینەكەیەوە كچە 16 ساڵانەكەی بەناوی ( ب،غ ،غ ) گیان لەدەستدەدات، باوكەكە خۆیشی دەكوژێت".16/9/2018

لەماوەی دوو رۆژدا بەساڵاچوویەک و کچێک لە کەرکووک خۆیان سووتاندووە
لەلایەن تریسكە شێرزاد 2 کاژێر لەمەو بەر  رووداو - کەرکووک
لەماوەی دوو رۆژدا بەساڵاچوویەک و کچێک لە کەرکووک خۆیان سووتاندووە.
رۆژی چوارشەممە هاونیشتمانییەک لە کەرکووک، لەدایکبوونی ساڵی 1948 و دانیشتووی گەڕەکی پەنجا عەلی ئاگر له جەستەی خۆی بەردەدات  و بەهۆی زۆری رێژەی سووتانەکەی گیانیلدەستدا.
هەڤاڵ بەرزنجی، بەرپرسی بنکەی عەرەبە لە کەرکووک لەبارەی بە (رووداوی) راگەیاند "ئەو کەسە لە ماڵەکەی خۆیدا ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە. بەگوتەی خانەوادەکەی نەخۆشی دەروونی هەبووە". 13/9/2018

لە هەولێر کەسێک زاواکەی خۆی دەکوژێت
لەلایەن راوچی حەسەن 3 کاژێر لەمەو بەر  رووداو - هەولێر
لە شەقامی رووناکی هەولێر تەقە لە ئۆتۆمبێلێک دەکرێت و کەسێک دەکوژرێت و کەسێکی دیکەش برینداردەبێت. پۆلیس دەڵێت، رووداوەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی بووە و کەسێک زاواکەی خۆی کوشتووە. 
کاژێر 9:00ـی ئەمشەو (1-9-2018) لە فولکەی کشتوکاڵ لە گەڕەکی رووناکی هەولێر، کەسێک لەنێو ئۆتۆمبێلێکەی تەقە لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاکسی دەکات و بەهۆیەوە کەسێک کوژراو کەسێکی دیکەش برینداربوو. 1/9/2018

لە بەردەڕەش.. مامێك دو برازای خۆی كوشت‌
ئاوێنە    لەگوندێكی سنوری قەزای بەردەڕەشی سەر بەپارێزگای دهۆك مامێك دو برازای خۆی كوشت‌و بەڕێوەبەری پۆلیسی قه‌زاكه‌ش هۆكاره‌كه‌ی‌ ده‌گه‌رێنێته‌وه‌ بۆ كێشه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌.
 ئاوێنه‌: زەکی کۆچەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، نزیک كاتژمێر 7ی ئەمشەو بەھۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕ لەنێوان مام‌و دو برازادا رویداوە، لەئەنجامدا دو براکە بەگولـله‌ کوژراون. 18.08.30

ساڵانە نزیكەی 10 پیاو بەدەستی ژن دەكوژرێن
لەلایەن دیمەن بورهان 16/8/2018   رووداو- سلێمانی
رێكخراوەكەی بورهان عەلی، یەكێتی پیاوانی كوردستان وەك رۆژە بەراییەكان نییە كە بەشێكی زۆری خەڵك بە نامۆیی سەیریان دەكرد. ئێستا ژمارەی ئەندامەكانی 7500 كەسی تێپەڕاندووە و لە زۆربەی شار و شارۆچكەكان نووسینگەیان هەیە بە وڵاتانی ئەوروپیشەوە. زۆربەی ئەو پیاوانەی روو لە رێكخراوەكە دەكەن گرفتاری دەستی ژنەكانیانن.
بورهان عەلی باسی جۆری ئەو سكاڵایانە دەكات كە دێنە لایان و دەڵێ: "زۆرترین سكاڵا لەبارەی بێبەشكردنی پیاوانە لە مافی باوكایەتی. دوای ئەویش دەستوەردانی كەسی سێیەمە لە ژیانی ژن و مێرد". 
ئەو هەروەها دەڵێت: "سكاڵاكان جۆراوجۆرن. لەنێو گەنجەكاندا بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان كەمە پەشیمانییە لە ژنهێنان".
ئەو لە نموونەی بێبەشكردنی پیاواندا لە مافی باوكایەتی دەڵێت: "حاڵەت هەیە باوكەكە دراوسێی ماڵی ژنەكەیەتی كە جیابوونەتەوە، بەڵام ژنەكە بە ساڵ رێگەی نەداوە منداڵەكەی ببینێ".
هەندێك لەو پیاوانەی پەنا بۆ رێكخراوەكەی بورهان دەبەن، بەساڵاچووەكانن كاتێك هێز و بازووی كاركردنیان نامێنێ و لە هەندێك خێزاندا دەكرێنە دەرەوە "ئەم پیاوانە هەندێكیان بەهۆی مردنی ژنی یەكەمیان، ژنێكی گەنجتر لە خۆیان دەهێنن، ژنەكە بە پلان هەموو سامانەكەی لەژێردەستی دەردەهێنێ و بە یاسا لەسەر خۆی تاپۆ دەكات، دواتریش پیاوەكە دەردەكات".
بەپێی ئامارەكانی یەكێتی پیاوان، توندوتیژی بەرامبەر پیاوان زیادی كردووە. ساڵانەش نزیكەی 10 پیاو بەدەستی ژن دەكوژرێن. ساڵی 2017 پیاوان 614 سكاڵایان لەدژی ژن و منداڵەكانیان تۆمار كردبوو. تەنیا لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵیشدا 411 سكاڵا لەلایەن پیاوانەوە لەدژی ژن و منداڵەكانیان تۆماركراون.
هەر بەپێی ئامارەكانی ئەو رێكخراوە، ساڵانە نزیكەی 10 پیاو بە دەستی ژنەكانیان دەكوژرێن كە ژنەكە بە هاوكاریی پیاوانی دیكە تاوانەكە دەكات. 30/8/2018

لەسەر دەمەقاڵەیەک دوو کەس دەکوژرێن
لەلایەن دیمەن بورهان 15/8/2018  رووداو-هەولێر
(ب.ف) تەمەن 20 ساڵان، رۆژانە لەگەڵ چاپووک محەممەدى هاوڕێى دەچوون بۆ هۆڵێکى لەشجوانى لە گەڕەکى ئەندازیارانى شارى هەولێر، بەڵام ئێوارەى رۆژى هەشتى ئەم مانگە لەگەڵ راهێنەری هۆڵى لەشجوانییەکە کە گەنجێکى عەرەبە بەناوى عەلى دەبێتە دەمەقاڵەیان، ئەگەرچى لەوێ کۆتایى بە کێشەکە دەهێنرێ، بەڵام دواتر بەشەڕدێنەوە و  چاپووک محەممەد و گەنجێکی تری بەناوی محەممەد سابیر، تێدا دەکوژرێ.
نەجات رەحمان، کارمەندی کۆمپانیایەکی ئەندازیارییە و هەروەها مامى محەممەد سابیرە، ئەو بە (رووداو)ی گوت: "من لە نووسینگەکەم دانیشتبووم، عەلی بە سەری شکاوەوە هات بۆ لام و گوتی چاپووک هاتووەتە سەرمان و هەڕەشەی کردووە و سەری شکاندووم، بۆیە پەیوەندیم بە پۆلیسەوە کردووە30/8/2018 ".
 
پۆلیسی هەولێر: گەنجێک بە هاوکاری باوکی دایکی خۆی کوشت
لەلایەن دیمەن بورهان دوێنێ کاژێر 02:20   رووداو - هەولێر 
لە شاری هەولێر گەنجێک بە گولـلە دایکی خۆی دەکوژێت و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیردەکرێت.
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە (29-8-2018) گەنجێک بەناوی (ا.م) بە هاوکاری باوکی بە چەکی کڵاشینکۆف دایکی خۆیی کوشتووە و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە".
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت: "رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە و ئێستا باوک و کوڕەکە دەستگیرکراون و دانیشیان بە تاوانەکەیاندا ناوە". 30/8/2018

ڕاپەڕین.. لە جەژندا دوو ئافرەت خۆیان سوتاندووە و یەکێکی تریش خۆى خنکاندووە
1 کاتژمێر پێش ئێستا، ئێن ئاڕ تی  
لە سنورى ئیدارەى ڕاپەڕین لە ڕۆژانى جەژنى قورباندا دوو ئافرەت خۆیان سوتاندووە یەکێکى تریش خۆى خنکاندووە.
پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، ڕووداوی خۆ سوتاندنی دوو ئافرەتەکە لە قەڵادزێ بووە و خۆ خنکاندنەکەش لە ناحیەى حاجیاوا بووە.
جێی ئاماژەیە لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لە زیادبوون کردووە. 26/08/2018 

لە یانەیەکی شەوانە لە سلێمانی 11 کەسی بنەماڵەیەک برینداربوونە
لەلایەن جەمال ئەحمەد جەمیل 12 کاژێر لەمەو بەر  رووداو سلێمانی 
لە یانەیەکی شەوانەی سەرچنار لە سلێمانی 11 کەسی بنەماڵەیەک پێکەوە برینداربوون دوای ئەوەی لەگەڵ گرووپێکی دیکە بووەتە شەڕیان.  هەروەها 35 کەس لە سلێمانی بە شەڕە چەقۆ برینداربوون، کەسێک خۆی کوشتوە و دووانی دیکەش بریندارن.
عەبدوڵڵا گۆران، سکرتێری رۆژنامەڤانی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " 159 حاڵەتی برینداربوون لە رۆژانی جەژندا ھێنراونەتە نەخۆشخانەکانی سلێمانی، 35 حاڵەتیان بەھۆی شەڕە چەقۆ برینداربوون و دوو کەسی دیکەشیان بە گوللە برینداربوون، 11 کەس لەوانەی بە چەقۆ برینداربوون، بارودۆخیان ناجێگیربووە و ھەندێکیان نەشتەرگەرییان بۆ کراوە، چەند کەسێکیان تاوەکو ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکدان". 26/8/18

كارمەندێكی ئاسایش بە دەمانچەی باوكی دەكوژرێ‌
لەلایەن رووداو 19 کاژێر لەمەو بەر  رووداو - گەرمیان

ژیار و ئیمان ماوەی هەشت مانگ بوو خێزانیان پێكەوەنابوو، چاوەڕێی لەدایكبوونی منداڵەكەیان دەكرد، بەڵام هاوڕێیەكی ژیار نەیهێشت منداڵەكەی لەباوەش بگرێ‌ و كوشتی، دوای تاوانەكەش بە پۆلیسی گوت كە بەرگری لە خۆی كردووە بۆیە كوشتوویەتی، بەڵام پۆلیس دەڵێت قسەكانی جێی باوەڕ نین.

رۆژی 21/7/2018 گەنجێكی تەمەن 20 ساڵ بەناوی ژیار كەمال، دانیشتووی گەڕەكی ئیشتراكی لە قەزای كفری، كە كارمەندی ئاسایشی بنكەی دووزخورماتوو بوو، لەلایەن هاوڕێیەكی نزیكی بەناوی (ئا.ب) كوژرا. دوای رووداوەكە بكوژ خۆی رادەستی پۆلیس كرد.  ٤/٨/١٨

هاوڕێكەی باوكی دەستدرێژیی كردە سەری
لەلایەن دیمەن بورهان 31/7/2018  رووداو – هەولێر
ئەمساڵ 36 حاڵەتی دەستدرێژی لە كوردستان تۆماركراون
مامانەكە پارچە پەڕۆیەكی خستبووە نێو دەمی كچەكە بۆ ئەوەی دەنگی دەرنەچێ‌، لە حەوشەی ماڵی مامانەكەش پیاوێك كە لە پەنجاكانی تەمەنیدا بوو، دەهات و دەچوو، هەر كەسێك بینیبای گومانی دەكرد ئەوە باوكی كچەكە بێ‌، بەڵام مامانەكە گوتی: "ئەو دێوە ناشیرینە دەستدرێژی كردووەتە سەر ئەم كچە و دووگیانی كردووە". منداڵە كوڕەكەی نێو سكی جوان، تەمەنی پێنج مانگ بوو.
جوان قوتابی پۆلی دەی ئامادەیی بوو، خەونی بەوەوە دەبینی بچێتە زانكۆ و ببێ‌ بە پارێزەر، بەڵام رووداوێكی هاتوچۆ خەونەكەی لە گۆڕ نا، لە رووداوەكەدا باوكی جوان كەوتە سەر كورسیی كەمئەندامی و دایكیشی بینایی لەدەست دا، بۆیە جوان ناچار بوو واز لە خوێندنەكەی بهێنێ‌ و خزمەتی دایك و باوكی بكات.  ٣١/٠٧/٢٠١٨

وردەکاریی رووداوەکەی سلێمانی: پیاوێک کوڕەکەی بریندارکرد و خۆی کوشت
لەلایەن هەردی محەممەد 11 کاژێر لەمەو بەر  رووداو - سلێمانی 
لە گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەدی سلێمانی پیاوێک دوای بریندارکردنی کوڕەکەی گوللـەیەک دەنێت بەخۆیەوە و دواتر خۆشی دەکوژێت.
ئاسۆ عەبدولحەکیم کە تەمەنی 53 ساڵ بوو فەرمانبەربووە لە خەزێنەی سلێمانی، دوای ئەوەی لە درەنگانی شەو لەگەڵ کوڕە تەمەن 23 ساڵانەکەی دەبێتە دەمەقاڵێیان برینداری دەکات و دواتر خۆیشی دەکوژێت.
کەسوکارەکەی دەڵێن، ئەم رووداوە دەرئەنجامی کێشەیەکی قووڵی کوڕ و باوکەکەیە. ٢٩/٧/١٨

سەیدسادق:دوو دز هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک و یەکێکیان دەکوژرێت
ئەمڕۆ لەقەزای سەید سادق دوو دز هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک بەمەبەستی دزی کردن ، لەئەنجامدا یەکێک لەدزەکان دەکوژرێت و یەکێکیشیان هەڵدێت.
ئەمرۆ دوو شەممە ٢٣/٧/٢٠١٨ دوو کەس بەمەبستی دزی کردن هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک کە خاوەن ماڵەکە پێشەی ئاڵوگۆڕکردنی دۆلارە، و دواتر هێرش دەکەنە سەر خاوەن ماڵەکە بەچەقۆ برینداری دەکەن. لڤین

پێشمەرگەیەك كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا
ئاوێنە  پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ(دوشەممە)، لەقەزای چەمچەماڵ هاوڵاتییەكی تەمەن 40 ساڵ كە پیشەی پێشمەرگە بوە كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
 ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەكان هاوڵاتییەكە بەبرینداری رەوانەی نەخۆشخانە كرا، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.  ٢٣/٧/٢٠١٨


“ئه‌و سێ چه‌كداره‌ی هێرشیان كرده‌ سه‌ر باڵه‌خانه‌ی پارێزگای هه‌ولێر كوردن و دانیشتوی‌ شاری هه‌ولێرن”

ئاوێنە  دژە تیرۆری كوردستان، سەر بە پارتی، ناسنامەی ئەو سێ چەكدارە ئاشكرادەكات كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێرشیان كردە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر.
 ئاوێنە: دژە تیرۆری كوردستان، سەر بە پارتی، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، ئه‌و سێ چه‌كداره‌ی كه سەرلەبەیانی ئه‌مڕۆ(دوشەممە) هێرشیان كرده‌ سه‌ر باڵه‌خانه‌ی پارێزگای هه‌ولێرو له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا كوژران، هاوڵاتی هه‌رێمی كوردستانن و دانیشتوی‌ گەڕەكی قەڵاتی نوێی شاری هه‌ولێرن، ٢٣/٧/١٨

هەڕەشەی کوشتن لە دەرمانسازێک دەکرێت
لەلایەن رووداو 18/7/2018  رووداو- هەولێر 
هەڕەشەی کوشتن لەو دەرمانسازە دەکرێت، کە تەزویرچیی و قاچاخچییەکی دەرمانی بۆ کوالێتی کۆنتڕۆڵ ئاشکراکردووە، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت پشتیوانی لە دەرمانسازەکە دەکەن.
دەرمانسازەکە دەڵێت دوای ئەوەی چەند دەرمانێك دەبەنە لای بۆ فرۆشتن، گومان لە کوالێتی و نرخی دەرمانەکان دەکات و دەزگای کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان ئاگاداردەکاتەوە. پاش پشکنینی دەرمانەکان لەلایەن کوالێتی کۆنتڕۆڵ دەرکەوت کە دەرمانەکان جگە لە گەچ، هیچ ماددەیەکی دیکەیان تێدانییە و بۆ بەکارهێنان و بۆ چارەسەرکردن ناشێت.  20/7/2018

تەرمی هاونیشتمانییە رفێندراوەکەی قەراج لەبەردەم ماڵەکەی دۆزرایەوە
لەلایەن راوچی حەسەن دوێنێ کاژێر 09:35  رووداو - هەولێر 
شەوی 17-7-2018 مەجید عەلی عومەر، لە دەشتی قەراج، لەلایەن كۆمەڵێك چەكداری نەناسراوەوە رفێندرا
دوای ئەوەی هاونیشتمانییەکی خەڵكی پیرداود لە دەشتی قەراج، لەلایەن كۆمەڵێك چەكدار دەڕفێنرێ‌،بەیانی ئەمڕۆ تەرمەکەی لەبەردەم ماڵەکەی دۆزراوەتەوە. 20/7/2018
سۆران عومەر، برای ئەو هاونیشتمانییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-7-2018 تەرمی براکەم کە ماوەی چەند کاژێرێک بوو رفێندرابوو، لەبەردەم ماڵەکەی فڕێدراوە".

له‌ خانه‌قین تەرمی خوشك و برایه‌ك له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا دۆزرایەوە
لەلایەن هەڵۆ محەممەد 1 کاژێر لەمەوبەر  رووداو-خانه‌قین

سەرلەبەیانی ئه‌مڕۆ هەینی پۆلیسی خانه‌قین ته‌رمی دوو هاونیشتمانی له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا له‌ خانه‌قین دۆزیه‌وه‌ کە خوشک و بران و تەرمەکەیان بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانیان، ره‌وانه‌ی پزیشكی دادوه‌ری كراوە.

عه‌قید دیار شه‌وكه‌ت، بەڕێوه‌به‌ری پۆلیسی خانه‌قین به تۆڕی میدیایی ‌رووداوی راگەیاند: "سەرلەبەیانی ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن هاونیشتمانییه‌كه‌وه‌ ئاگا‌دار كراینه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ دراوسێكه‌یان كه‌ هاوكات خزمی یه‌كدیشن ماوه‌یه‌كه‌ بێده‌نگن، دوای چوونی پۆلیس بۆ ئەو ماڵە له‌ گەڕه‌كی ئیمام عه‌ناس، ده‌ركه‌وت خوشك و برایه‌كن به‌ناوه‌كانی (فائیق محه‌ممه‌د ساڵه‌ح له‌دایكبووی 1933 پیشه‌ مامۆستای خانه‌نشین و، فائیقه‌ محه‌ممه‌د ساڵح له‌دایكبووی 1945) گیانیان لەدەستداوە‌. )13.7.18(


لەنێو گەرماوی چاكسازیی ئافرەتاندا خۆی خنكاند

لەلایەن دیمەن بورهان دوێنێ کاژێر 09:13  رووداو-هەولێر

كارمەندانی چاكسازی فریانەكەوتن دوو قسە لەگەڵ ئاڵا بكەن، بۆ ئەوەی لێی تێبگەن كێشەكەی چییە، هێشتا 48 كاژێری لە چاكسازییەكە بەسەر نەبردوو كاتێك لەنێو گەرماوی چاكسازییەكەدا بە لەچكەكەی، خۆی خنكاند.

تەنیا دوو رۆژ دوای خۆخنكاندنی ئافرەتێك لە گەرماوی خانەی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێكراو لە سلێمانی، ئێوارەی رۆژی 26/6/2018 ئافرەتێك لەناو چاكسازیی ئافرەتان و ‌نەوجەوانانی هەولێر بەهەمانشێوە بە لەچك لەناو گەرماودا خۆی خنكاند.

ئەو ئافرەتە كە ناوی ئاڵا بوو، تەمەنی 27 ساڵ بووە و دایكی دوو منداڵە. بە گوتەی سەرچاوەیەك كە ئاگاداری رووداوەكەیە و نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، ئەو ئافرەتە لە رێگەی فەیسبووكەوە كوڕێكی خەڵكی كەركووكی ناسیوە بەناوی (س.ع.ئا) كە تەمەنی 25 ساڵە و سەڵتە و پێشمەرگەیە. )06.07.19(

دیوەخان.. دادگای سێبەر لە كوردستان
لەلایەن شکار ئەحمەددوێنێ کاژێر 08:30
ڕووداو، هەولێر
دیوەخانی سەرۆك خێڵ و عەشیرەتەكان جمەیان دێت لەوانەی كێشەی كۆمەڵایەتییان هەیە. ئەم دیوەخانانە بوونەتە دادگایەكی نافەرمی یان دادگایەك لە سێبەردا بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە و ناكۆكی. لە یەكێك لەو دیوەخانانە بیستمان كە تەنانەت دادوەر هەبووە بۆ چارەسەری كێشەیەكی خۆی پەنای بۆ ئەو دیوەخانە بردووە. 

دیوەخان مێژوویەكی كۆنی هەیە لە كوردستان. هەموو ئاغا و شێخ و سەرۆك عەشیرەتێك دیوەخانی تایبەت بە خۆی هەبووە. دیوەخان جگە لە شوێنی كۆڕ و كۆبوونەوەی عەشیرەت، شوێنی چارەسەركردنی كێشەكانی گوند بووە. ئەمڕۆ سەرەڕای ئەوەی كە دەسەڵاتێك بەناوی دەسەڵاتی دادوەری هەیە، هێشتا دیوەخانەكان كاران لە چارەسەری كێشەی كۆمەڵایەتیدا.
 
سوڵحێك بە 300 هەزار دۆلار
سەرهەد ئەنوەر بەگی بێتواتە كە كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتیی ناسراوە، وەك خۆی دەڵێت نزیكەی 200 ساڵە دیوەخانیان هەیە و كێشەی خەڵكیان چارەسەر كردووە. سەرهەد بەگ باسی چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان لە دیوەخانەكەی دەكات و دەڵێت: "سەرەتا ئەو لایەنەی تاوانەكەی كردووە كێشەی خۆی دەهێنێتە لای ئێمە. دواتر ئێمە تاوانلێكراوەكە دەبینین، هەردوولا لە دیوەخان كۆدەكەینەوە و رێكدەكەون، كۆنووسیان بۆ دەكەین و واژۆیان پێدەكەین، دواتر كۆنووسەكە دەبرێتە لای پۆلیس و دادگا و ئەو لایەنەی تاوانەكەی بەرامبەر كراوە تەنازول بۆ لایەنەكەی دیكە دەكات و دەڵێت سوڵحم كردووە لەسەر دەستی فڵان و بە شاهێدیی فڵان و تەنیا مافی گشتی دەمێنێ‌، ئەوەش پەیوەندی بەدادگاوە هەیە".
  دادوەر عەبدولباست فەرهادی: خەڵك زیاتر بڕوایان بە دیوەخان هەیە نەك دادگا
لەبارەی جۆری ئەو كێشانەی دێنە لایان، سەرهەد ئەنوەربەگ دەڵێت: "مانگانە نزیكەی 10 كێشەی جۆراوجۆر دێنە لامان، زۆرترینیان كێشەی ئافرەتن و ئەگەر زوو فریای نەكەوین كێشەكە گەورە دەبێت و خەڵكی تێدا دەكوژرێت، بۆیە زوو چارەسەری دەكەین و كێشەكە دەبڕێنینەوە". (٤/٧/٢٠١٨)
http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/04072018

شیروان دوای گەردن ئازایی لە دایكی، خۆی کوشت
لەلایەن دیمەن بورهان دوێنێ کاژێر 08:33  رووداو-هەولێر
شیروان عەدنان، تەمەن 18 ساڵ و دانیشتووی چەمچەماڵ، لەناو هاوڕێ و كەسوكاری بە گەنجێكی هێمن و لەسەرخۆ و كاسب ناسرابوو، بەڵام دوای ئەوەی داوای گەردنئازایی لە دایكی كرد، سەرلەئێوارەی رۆژی 23/6/2018 بە چەكی كڵاشینكۆف خۆی كوشت.
بنەماڵەی شیروان هێشتا لە شۆكدان و تا ئەمڕۆش بڕوایان بەوە نەهێناوە كە شیروان خۆی كوشتبێ‌، ئەو رۆژە شیروان دایك و باوكی دەگەیەنێتە بانی مەقان و خۆی دەگەڕێتەوە، دواتر بە گوللەیەكی كلاشینكۆف كۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێ‌. (٥/٧/٢٠١٨)

گەنجێك لە سیدەكان خۆی دەكوژێ
لەلایەن تریسكە شێرزاد دوێنێ کاژێر 05:08  رووداو- هەولێر 
سیروان كە ماوەی دوو ساڵ بوو خێزانی پێكەوەنابوو، لەگەڵ هاوژینەكەی ناكۆك و ناتەبا بوو، كار گەیشتە ئەوەی هاوژینەكەی ماڵ جێبهێڵێت و داوای جیابوونەوە بكات. سیروان دواجار بەرگەی ئەو كێشانەی نەگرت و بە گوللەیەك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. كەسوكارەكەی دەڵێن كوڕەكەیان بەهۆی هەڕەشەی ماڵە خەزوورانییەوە خۆی كوشتووە.
سیروان ئیسماعیل، تەمەن 23 ساڵ، دانیشتووی گوندی نزاریەی سەر بە ناحیەی سیدەكان، بەرەبەیانی رۆژی 8/6/2018 لە نێو ماڵەكەیدا بە گوللەیەك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و لەدوای خۆی كچێكی تەمەن شەش مانگی جێهێشت (٢/٧/١٨).
زیاد و كوڕەكەی بوونە قوربانیی تاوانێكی براكەی
لەلایەن تریسكە شێرزاد 16 کاژێر لەمەو بەر  رووداو- هەولێر
زیاد بۆ ئەوەی خۆی و خێزانەكەی بە ئاگری تاوانی براكەی نەسووتێن، نزیكەی ساڵ و نیوێك خۆی شاردەوە، كاتێكیش بەڵێنی لە دوژمنەكانی براكەی وەرگرت و دڵنیا بووەوە، گەڕایەوە سەر كاری خۆی، بەڵام دوژمنی براكەی بەڵێنەكەی نەبردە سەر و زیاد و كوڕە گەورەكەی خەڵتانی خوێن كرد.
رۆژی 22/6/2018 باوك و كوڕێك بەناوەكانی زیاد عوسمان تەمەن 52 ساڵ و ئاسۆ زیاد، تەمەن 22 ساڵ، لەنێو نەمامگەكەیان لە گەڕەكی شارەوانیی هەولێر دەستدڕێژی گوللەیان لێكرا، زیاد هەر لە نەمامگەكە گیانی دەرچوو، كوڕەكەشی لە رێگەی نەخۆشخانە.
نەرمین محەممەد، لە پرسەی هاوژین و كوڕە گەورەكەی دانیشتووە و چاوەكانی دەڵێی گۆمی خوێنن هێندەی بۆیان بگری. نەرمین بە دەم گریانەوە گوتی:"مێردەكەم و كوڕەكەم هیچ تاوانیان نەبوو، ئەوان بوونە قوربانیی تاوانی شووبراكەم". گوتیشی: "لەوەتەی شووبراكەم ئەو تاوانەی كردووە، ئێمە لە رۆژێكی وەها دەترساین، بەڵام ئەو رۆژە هەر هات و ترسەكەمان بوو بەڕاستی". (٢/٧/١٨)


براكانی هەڕەشەی كوشتنی لێدەكەن
لەلایەن دیمەن بورهان 20 کاژێر لەمەو بەر ، رووداو- هەولێر
ئاشتی، تەمەن 35 ساڵ، بەهۆی ئەوەی كەمێك زمانی لەكاتی قسەكردندا دەیگرێ، دەكەوێتە داوی ژنێكەوە كە خراپ سوود لەم بێبەختیەی دەبینێت و سەرتاپای ژیانی دەگۆڕێت. 
پەروین كە ژنێكی ئەسمەری بەتەمەنە، سێ ساڵ لەمەوبەر رۆژێك ئاشتی بانگ دەكات و پێیدەڵێت كە كوڕێك بەناوی ئاری پرسیاری ئەوی كردووە و حەزدەكات لە نزیكەوە بیبینێت. ئاشتی دەڵێت "دەمزانی كە بە باشی باسی پەروین ناكرێت، بەڵام دڵخۆش بووم بەوەی منیش ماڵێكم هەبێت و لە قسە و قسەڵۆك رزگارم بێت".


پۆلیسی مەزنێ: پێشمەرگەیەک بە هەڵە خۆی کوشت
لەلایەن سەرباز سیامەند 10 کاژێر لەمەو بەر  رووداو- هەولێر
بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی شارۆچکەی مەزنێ-ی سەر بە قەزای مێرگەسۆر رایگەیاند، قوتابییەکی پۆلی 12ی ئامادەیی، کە پێشمەرگەش بووە، "بە هەڵە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا"، بەڵام پێش راگەیاندنی ئەنجامەکانی تاقیکردنەوە.
ئاتفان محەممەد شوکری، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی شارۆچکەی مەزنێ بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "کاژێر 2:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگادارکرایەنەوە بە رووداوێکی خۆکوشتن، دوای گەیشتنی تیمێکی بنکەکەمان بۆ شوێنی رووداوەکە دەرکەوت، کاروان ئیبراهیم، قوتابی پۆلی 12 لە ژووری خەوتنی خۆی کوشتووە." (٢٨/٦.٢٠١٨)
سلێمانی؛ ئەفسەرێكی پێشمەرگەو پاسەوانێكی كوژران
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند شەوی رابردو لە ناحیەی تاسڵوجەی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە ئەفسەرێكی پێشمەرگەو پاسەوانێكی كوژراون.سایتی ئاوێنە، ٢٥/٦/٢٠١٨

 

کچێک لە شەڵتەری ژنان کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا
(سبەی):  کچێکی تەمەن (26) ساڵ لە سەنتەری داڵدەدانی ژنان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و ژنێکی (30) ساڵیش لە پێنجوێن بەسوتان گیانی لەدەستدا.
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، كچێكی تەمەن (26) ساڵ لە شەڵتەری ژنان لە گەڕەكی قڕگەی شاری سلێمانی كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیس، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگە و تاوان و لێكۆڵینەوەی سەرەتایی لە روداوەكە تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی دادوەری لەشاری سلێمانی كراوە، کە بەپێی زانیارییەكانی پۆلیس کچەکە ناوی (ك،ح،م)ە و تەمەن (26) ساڵەو بە پەت خۆی خنكاندوە و كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.
لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ ژنێكی تەمەن (30) ساڵ لە پێنجوێن بە سوتان کۆتایی بەژیانی هات.
لوقمان لەتیف، لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن بە (سبەی) راگەیاند: ژنێکی تەمەن (30) ساڵ ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداو دوای گەیاندنی بەنەخۆشخانەی پێنجوێن، چارەسەری سەرەتایی بۆ کرا و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کرا، بەڵام بەهۆی زۆری رێژەی سوتانەکەیەوە لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەستدا. )25/6/2018(


وردەکاریی چوار رووداوی کوشتن لە هەولێر
لەلایەن سیداد لەشكری 39 خولەک لەمەوبەر  رووداو،هەولێر

لەماوەی چوار رۆژدا لە هەولێر چوار کەس کوژران. پۆلیس شەش کەسی لەسەر ئەو رووداوانە دەستگیرکردوون.
ئێوارەی 22ی ئەمانگە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی باوک و کوڕێک لە شوێنی کارەکەیان کە نەمامگەیەک بوو لەناو شاری هەولێر، کوژران. کێشەکە بۆ دوو ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، کاتێک برای کوژراوەکە لەسەر قەرز دوو کەس دەکوژێت، کەسوکاری کوژراوەکانیش بۆ تۆڵەکردنەوە برا و برازیەکی ئەویان لە شوێنی کارەکەیان کوشتەوە.
رۆژی 21ی ئەم مانگەش گەنجێک بەناوی "ر . ر" لەسەر رێگای کەسنەزان بە هەڵە کوژرا، بکوژەکەی بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتووە. 
لە رووداوێکی دیکەشدا بەهۆی شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل بۆ سەر منداڵێکی پێنج ساڵان، گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ لەبەر چاوی دایک و باوکی لە عەنکاوە کوژرا. تۆمەتباری رووداوەکەش دەستگیرکراوە و باسی رووداوەکە دەکات. (٢٣/٦/١٨)

هه‌ولێر.. كوڕو باوكێك له‌شوێنی كاره‌كه‌یان كوژران
ئاوێنە  ئێواره‌ی‌ ئه‌مرۆ هه‌ینی‌، له‌شاری‌ هه‌ولێر كوڕو باوكێك له‌شوێنی كاره‌كه‌یان كوژران‌و به‌وته‌ی‌ پۆلیسی‌ شاره‌كه‌ش، هۆكاری‌ روداوه‌كه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ كێشه‌یه‌كی‌ دو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. پۆلیسی‌ هه‌ولێر له‌باره‌ی‌ روداوه‌كه‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ روداوه‌كه‌ له‌نزیك به‌نزیخانه‌ی ئاكاری شاری هه‌ولێر رویداوه‌و دو كه‌س به‌چه‌كه‌وه‌ چونه‌ته‌ ناو نه‌مامگه‌ی ئه‌و كوڕ‌و باوكه‌و ده‌ستڕێژی گولله‌یان لێده‌كه‌ن. به‌گوێره‌ی وته‌كانی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر، باوكه‌كه‌ ده‌موده‌ست له‌شوێنه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌، كوڕه‌كه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ده‌گه‌یه‌نرێته‌ نه‌خۆشخانه‌، گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌. كوڕو باوكێك له‌ناو شوێنی كاره‌كه‌یان، كه‌ نه‌مامگه‌یه‌، ده‌كوژرێن, كه‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ كێشه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ به‌ر له‌ چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا روویداوه‌ و په‌یوه‌ندییان پێیه‌وه‌ نه‌بووه‌. پۆلیسی هه‌ولێر راگه‌یاندووه‌، كوژرانی ئه‌و كوڕو باوكه‌، په‌یوه‌ندی به‌كێشه‌یه‌كی پێشتره‌وه‌ هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی برای باوكه‌كه‌، به‌ر له‌چه‌ند ساڵێك به‌هۆی “كێشه‌ی قه‌رزدارییه‌وه‌” دو كه‌س له‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ده‌كوژێت‌و به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان راده‌كات. (٢٣/٦/٢٠١٨)

له‌ زاخۆ کەسێک كۆتایى به‌ژیانی خۆی هێنا
لەلایەن یوسف موسا دوێنێ کاژێر 06:25  رووداو - دهۆک 
له‌ زاخۆ، پیاوێكى خێزاندار له ‌نزیك پاركى كوردستان به‌ گوللـه‌ى دەمانچه‌ كۆتایى به‌ژیانى خۆیى هێنا.
یوسف موسا، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ رایگەیاند، کاژێر 2:00ـی رۆژی پێنجشەممە 21-6-2018، پیاوێکی خێزاندار بەناوی (شڤان یوسف) تەمەن 26 ساڵ بە گوللەی دەمانچە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ) (٢٢/٦/١٨)

لەسەر رێگای کەسنەزان-هەولێر کەسێک کوژرا
لەلایەن سەرباز سیامەند 6 کاژێر لەمەو بەر رووداو - هەولێر
لەسەر رێگای کەسنەزان- هەولێر کەسێک کوژرا ، بەڕێوەبەری ناحیەی کەسنەزان دەڵێت؛ بکوژەکە رایکردووەو لە هەوڵی دەستگیرکردنیدان.جەمال ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی کەسنەزان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەسەر رێگای کەسنەزان - هەولێر و نزیک بەنزیخانەی زازا، کەسێک بە چەک کەسێكی دیکەی کوشتووە و رایکردووە." )21/6/2018(

گەرمیان؛ ژنێك بەهۆی بەركەوتنی فیشەكەوە گیانی لەدەستدا”
ئاوێنە:
پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند ژنێك بەهۆی بەركەوتنی فیشەكەوە گیانی لەدەستداوە كە بە وتەی كەسوكارەكەی خۆی كوشتوە بەڵام مێردی ژنەكە دەستگیركراوەو لێكۆڵینەوەش دەستی پێكردوە.
عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد ئێوارەی ئەمڕۆ(دوشەممە) ژنێک بەناوی (ك. ف. ك.)، لەدایکبوی 1979، براوەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید هەژار لەکەلار کە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستداوە.   (سایتی ئاوێنە، ١٩/٦/٢٠١٨)

مێردەكەیان كوشت و ژیانی خۆی و منداڵەكەشی لە مەترسیدایە
لەلایەن دیمەن بورهان دوێنێ کاژێر 08:34    رووداو- هەولێر     6/6/2018


بكوژەكە لە ماڵی سەرۆك عەشیرەتێكە
شەهلا محەممەد، تەمەن 21 ساڵ، دوای ئەوەی مێردەكەی درایە بەر دەستڕێژی گوللە و كوژرا، ئێستا ژیانی خۆی و منداڵە ساواكەشی لە مەترسیدایە و پۆلیس دەیپارێزن.  شەهلا خەڵكی هەولێرە و تا قۆناغی یەكەمی ناوەندی خوێندووە، هەرزوو كەوتووەتە داوی خۆشەویستی كەسێك كە ناسیاوی براژنەكەی بووە و دواتر شووی پێكردووە. سەنگەر عومەر، تەمەن 36 ساڵ، هەشت ساڵ زیاتر بوو لەگەڵ (ن)ی تەمەن 33 ساڵ خێزانیان پێكەوە نابوو، بەڵام منداڵیان نەدەبوو، ئەوەش بەهانەیەك بوو بۆ ئەوەی كە سەنگەر بیر لە هێنانی ژنی دووەم بكاتەوە و بەوجۆرەش شەهلا هەڵدەبژێرێ.

لە هەولێر مامۆستایەکی ئایینی بە چەقۆ کوژرا
لەلایەن ئاسۆ سەراوی  رووداوهەولێر

لە شاری هەولێر مامۆستایەکی ئایینی دەكوژرێت‌، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێت لەلایەن هاوڕێیەكییەوە بە چەقۆ‌ و بۆ پارە كوژراوە.

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "شەوی رابردوو كەسێك بە ناوی یەشار یوسف لە گەڕەكی فەرمانبەرانی شاری هەولێر بە چەقۆ لەلایەن هاوڕێیەكییەوە کوژراوە.

گوتیشی: "بكوژ و کوژراوەکە پێکەوە لە ماڵێک بوونە، بکوژەکە بڕی 6 هەزار دۆلاری كوژراوەكەی بردووە ‌و رایكردووە، تاوەكو ئێستاش دەستگیرنەكراوە". (٣١/٥/٢٠١٨)

 ئەو کەسەی بەدەستی ئەکرەم کۆنفۆ برینداربوو، گیانیلەدەستدا
لەلایەن کاروان عەلی 13 کاژێر لەمەو بەر  رووداو,دھوک
ئەوە کەسەی شەوی 22-5-2018 بەدەستی ئەکرەم کۆنفۆ بە کڵاشینکۆف برینداربوو، گیانیلەدەستدا. 

کەمال رەمەزان کوڕە پووری ئەکرەم کۆنفۆیە و تەمەنی 35 ساڵە، دوای 9 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن و ئازادی، دواجار بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانیلەدەستدا. (٣١/٥/٢٠١٨)

دادگای دهۆک سێ تۆمەتباری بە "کوشتنی ژنێک" ئازاد کرد
لەلایەن ناسر عەلی 18 خولەک لەمەوبەر
ساڵێک و پێنج مانگ بوو دەستبەسەربوون
رووداو - دهۆک  )30/5/2018(


لە کەرکووک دەستدرێژی دەکرێتە سەر منداڵێک و بە پەت دەخنکێنرێت

لەلایەن تریسكە شێرزاد دوێنێ کاژێر 09:14
رووداو – كەركووك   (٣٠/٥/١٨)

بە بەرچاوی دەسگیرانەكەیەوە خۆی سووتاند
لەلایەن تریسكە شێرزاد 24/5/2018 رووداو،هەولێر

دانیا و جیهاد، بە دڵداری دەستیان پێكرد، بوونە دەسگیران[ی یەکتر]، خەونیان ئەوەبوو ئەو پەیوەندیە ئەڤینداریەی دەستیان پێكرد لە ماڵێكدا كۆیانبكاتەوە، بەڵام دانیا بە بەرچاوی جیهادەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و جیهادیش كەوتە زیندان.

"دانیا"ی تەمەن 17 ساڵ، دانیشتووی گەڕەكی رۆشنبیریی شاری هەولێر، هێشتا مێرمنداڵ بوو كە خێزانەكەی لە رووداوێكی هاتوچۆدا لەدەست دا. باپیری باوەش بۆ دانیا دەگرێتەوە و بەخێوی دەكات، تا دواجار لە شەوی 9/5/2018 ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و مرد.  (ڕووداو، ٢٦/٥/٢٠١٨)

[کووژرانی ژنێک]
نیوه‌شه‌وی هه‌ینیی رابردو، ژنێكی‌ ته‌مه‌ن 36 ساڵ به‌ناوی‌ (شیرین عه‌لی‌) له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا له‌ناحیه‌ی‌ (شۆڕش)ی سه‌ربە‌قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵ بە‌ده‌ستڕیژی‌ گولله‌ ده‌كوژرێت.  
(سایتی ئاوێنە، ٢٤/٥/٢٠١٨)

بکوژی شۆفێری تاکسییەکەی کۆمەڵگەی چرە دەستگیرکرا
لەلایەن ناسر عەلی 9 کاژێر لەمەو بەر
رووداو – هەولێر  (٢٢/٥/٢٠١٨)


بە پێنج گوللە لەلایەن دۆستی ژنەکەیەوە کوژرا

لەلایەن دیمەن بورهان دوێنێ کاژێر 09:09
رووداو – هەولێر (٢١/٥/٢٠١٨)

لەداخی توانجی خەڵك خۆی كوشت
لەلایەن عومەر چاوشین دوێنێ کاژێر 12:51

محەممەد ئەلیاس لەنێو باخەکەیدا خۆی کوشت
رووداو – قەڵادزێ‌ (٢١/٥/٢٠١٨)

باوكی خۆی بە چەقۆ دەكوژێ و دایكیشی بریندار دەكات
لەلایەن دیمەن بورهان 2 کاژێر لەمەو بەر (رووداو – هەولێر١٨/٥/٢٠١٨)
تەرمی منداڵێكی تەمەن شەش ساڵان بەدەستبەستراوی دۆزرایەوە
کەرکوك
(ئێن ئاڕ تی، ١٨/٥/٢٠١٨)

٧. پۆلیسی هەولێر: ژنێک بە کوژراوی دۆزرایەوە
لەلایەن راوچی حەسەن 1 کاژێر لەمەوبەر
ڕووداو (١٧/٥/٢٠١٨)
پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند ئەو ژنەی بەکوژراوی لەناوچەی بێستانەی سەربە هەولیر تەرمەکەی دۆزرایەوە زانیاریەکان لەبارەیەو ئاشکرا بوون و بکوژەکانی ئەو ژنە باوکی خۆی و دوو براکەی بووە.
رائید هۆگر عەزیز گەڵاڵی، وتەبێژ و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر، رایگه‌یاند دوای ئەوەی دوێنێ كەسێك لە گەڕەكی سەفین كوژرا، پاش كەمتر لە دوو كاتژمێر، تەرمی ئەو ئافرەتەش لە ڕێگای بێستانە دۆزرایەوە كە دوێنێ وێنەكەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو ببووەوە و ناسنامەكەی نادیار بوو .
وتیشی بۆ پۆلیس دەركەوتووە كە كوژرانی پیاوەكە، پەیوەندیی بەو ئافرەتەوە هەیە كە ناوی (شاناز)ە و هاوسەرەكەشی ناوی (ئارام عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان)ە.
هەروەها ڕایگەیاند باوك و دوو برای ژنه‌كه‌ ئه‌و تاوانه‌یان ئه‌نجامداوه‌ و هۆکارەیش بۆ ئەو تاوانە قێزەونە، جیابوونەوەی ئەو دوو هاوسەرە بووە لە یەكتری، چونكە ئامۆزای یەكتر بوون.
ئاشكراشیكرد كه‌ باوكی شاناز و دوو براكەی، بە گوێرەی ماددەی 406 لە یاسای سزادان، فەرمانی دەستگركردنیان بۆ دەرچووە و، پۆلیسیش پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ روداوەكە كردوەتەوە. (لڤین، ١٩/٥/٢٠١٨)

لە گەرمیان گەنجێک لەسەر یاریی دۆمینە دەکوژرێت
لەلایەن هەڵۆ محەممەد دوێنێ کاژێر 10:56  (ڕووداو، ٤/٥/٢٠١٨)
 یەك رۆژ پێش ئاهەنگی دەرچوونی سووتا
لەلایەن دیمەن بورهان 47 خولەک لەمەوبەر
[سەرەتاکانی مانگی ٥ ی ٢٠١٨]  رووداو،هەولێر
 
هەتاو لە پۆستێكدا لە ئەكاونتەكەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیویەتی "ئافرەت چەندە پڕئازار بێت، هێشتا ئاوازێكی ماوە بیژەنێت)، بەڵام بەبێ هیچ دەنگ و هاوارێك، رۆژێك پێش ئاهەنگی وێنەگرتنی دەرچوونی لە زانكۆ، ئاگر لە جەستەی بەربوو.  (ڕۆژی ١/٥/٢٠١٨ بینراوە)

هاونیشتمانییەکی تەمەن 58 ساڵ لە سلێمانی خۆی کوشت
(ڕووداو، ١/٥/٢٠١٨)

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×