ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق وەک پاڵپشتییەک لە بەرهەمى نێوخۆیى گەنم بڕیاریدا بە دانانى 25%ى باجى گومرگى لەسەر ئاردى هاوردەکراو.
بەگوێرەى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیران، باجى گومرگى هەتاوەکو رێژەى 25% لەسەر ئاردى هاوردەکراو دادەنرێت بەمجۆرە:
یەکەم: دانانى باجى گومرگى بەرێژەى 10% لەسەر ئاردى هاوردەکراو لە رێکەوتى 1ى ئەیلوولى 2024 هەتاوەکو 31ى کانوونى دووەمى 2024.
دووەم: دانانى باجى گومرگى بەرێژەى 25% لەسەر ئاردى هاوردەکراو لە رێکەوتى 1ى1ى 2025 هەتاوەکو 30ى حوزەیرانى 2025.
هەروەها ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بە بەکارهێنانی گەنمی خۆماڵی بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی سفر، هەروەها فرۆشتنی گەنمی ناوخۆیی بە کارگەکانى دروستکردنى ئارد بە نرخی (450 هەزار دینار) بۆ هەر تۆنێک.
هەروەها ئەنجوومەنى وەزیران بڕیاریدا بە سنووردارکردنی دابینکردنی ئاردى سفر بۆ وەزارەتەکانی (بەرگری، ناوخۆ، بازرگانی، داد، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی) بە ئاردى سفرى ناوخۆیى.
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریشیدا بە "دانانى باجى گومرگى لەسەر هەر کیلۆیەک ئاردى هاڕدراویى هاوردەکراو بە رێژەى 30% لە رێکەوتى 1ى تشرینى یەکەمى 2024ـەوە".