دادگایه‌كی عێراقی بڕیاری زیندانیكردنی بۆ عه‌لی فه‌رحان دلێمی پارێزگاری پێشوتری ئه‌نبار ده‌ركرد به‌هۆی دانانی ژماره‌یه‌ك ڕاوێژكار به‌پێچه‌وانه‌ی ڕێساكان.
له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری بڵاویكرده‌وه، "دادگای ناوه‌ندیی تاوانه‌كانی دژه گه‌نده‌ڵی له به‌شی كه‌رخی به‌غدا، به تاوانی دانانی 83 ڕاوێژكار بۆ دیوانی پارێزگای ئه‌نبار به سه‌رپێچی یاسا، سزایه‌كی ساده‌ی زیندانیكردن بۆ ماوه‌ی ساڵێك له دژی پارێزگاری پێشوی ئه‌نبار ده‌ركرد.
ئاماژه به‌وه‌شكراوه، دادگا بڕیاره‌كه‌ی به‌پێی بڕگه‌كانی ماده‌ی 331ی یاسای سزادانی هه‌مواركراوی ژماره 111ی ساڵی 1969 ده‌ركردوه.
عه‌لی فه‌رحان دلێمی له 9ی (ئه‌یلول/9)ی 2018 پۆستی پارێزگاری ئه‌نباری وه‌رگرت و بۆماوه‌ی نزیكه‌ی شه‌ش ساڵ له‌و پۆسته به‌رده‌وام بو.