سەدر داوای بایكۆتكردنی كاڵای ئەمریكی لە موسڵمانان دەكات
  2024-07-29       238       

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە داوا لە موسڵمانان و هەمو ئەو كەسانە دەکات كە باوەڕیان بە دۆزی فەلەستینە بایکۆتی کاڵای ئەمریکی و هەمو ئەو كاڵایانە بكەن كە دەبنە مایەی پشتیوانی بۆ ئیسرائیل.

ئاوێنە: موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتى نیشتمانیى شیعە، ئەمڕۆ دوشەممە، لە پەیامێكدا داوا لە موسڵمانانی عێراق و دەرەوە و هەروەها هەمو ئەو كەسانە دەكات كە لایەنگاری پرسی فەلەستینن بایکۆتی کاڵای ئەمریکی و ئەو كاڵایانە بكەن كە دەبنە مایەی پشتیوانی بۆ ئیسرائیل. 

 سەدر لەگەڵ پەیامەكەیدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هاشتاگی "هەمومان بایكۆت دەكەین"ی راگەیاندوە.

سەدر هۆكاری بایكۆتی ئەو كاڵایانەی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە كە دەچنە خزمەت پشتیوانیكردنی ئیسرائیل.

لەگەڵ ئەوەش داوای كردوە، ئەو كارانە بەبێ ئەنجامدانی هیچ توندوتیژییەك ئەنجام بدرێن نەك وەك هەندێک لایەن كە توندووتیژی بەکاردەهێنن و مەبەستیانە عێراق تێکبدەن و دەیانەوێت بەرژەوەندیی تایبەتی لێوە بەدەستبهێنن. 

 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×