ژمارەیەک لە ڕێکخراو و ناوەندە عێراقییەکان لە ڕاگەیەندراوێکى هاوبەشدا ڕەتی دەکەنەوە یاسای باری کەسێتی هەموار بکرێتەوە، دەشڵێن، یاساکە لەسەر بنەمای “تایفی” داڕێژراوە.
لە دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارەیەک ڕێکخراو و ناوەندی عێراقی ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە
لە ڕاگەیاندراوەکەی ڕێکخراو و ناوەندە عێراقییەکاندا هاتووە، ڕەتی دەکەینەوە یاسای باری کەسێتی هەموار بکرێتەوە،چونکە یاساکە لەسەر بنەمای “تایفی” دارێژراوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەمجۆرەیە:-
بە سەرسوڕمان و نیگەرانییەکی زۆرەوە تەماشای بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقمان کرد، کە لە ٢٤ـی تەمموزی ٢٠٢٤، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەی یاسای هەموارکردنەوەی مادەی ٢ـی یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩کرد، کە لەلایەن لیژنەی یاسایی و لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان، لەسەر بنەمای مادەی ٤١ـی دەستوور خرایەڕوو. سەرنج بدەن کە یەکێکە لەو مادە مشتومڕاویانەی لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە لە هەموارکردنەوەی دەستووردا هاتووە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دادگای باڵای فیدراڵی کۆمەڵێک داوای یاسایی بۆ جێبەجێکردنی ئەم مادەیە بە هەمان هۆکار ڕەتکردووەتەوە.
ئەم هەموارکردنە پێشنیار کراوە لێدانە لە دڵی بنەمای یەکسانی نێوان هاووڵاتیان ئەو یاسایەی کە لە مادەی ١٤ـی دەستووردا هاتووە، بە درێژەدان بە جیاکاریی تائیفی، هەڕەشەکردن لە سەقامگیری خێزان، یەکگرتوویی هەیکەلی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای هاوسەرگیری تێکەڵاوی نێوان مەزهەبەکان، نەتەوەکان، و ڕەگەزەکان.
هەروەها هەموارکردنەوەکە ڕێگەدەدات بە هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە دەرەوەی دادگا، بەتایبەتی بۆ کچانی خوار ١٨ ساڵ، ئەمەش بنەماکانی سەروەری یاسا تێكدەدات و دەست بەسەر ڕۆڵی سەربەخۆیی دامودەزگاکانی دادوەری دەگرێت کە پەیوەندیدارن بە ڕێکخستنی باری کەسێتی هاوڵاتیان، وه ک له مادده کانی یاسای ژمارە ١٩و ٨٧ و ٨٨دا هاتووە، بە بەستنەوەی دادگای باری کەسی بە فەرمانگەکانی ئەوقافی شیعە و سوننە، کە دەزگای کارگێڕین بۆ پاراستنی پارەی موسڵمانان، پەیوەندییان بە باری کەسییەوە نییە. جگە لەوەش ناوەڕۆکی هەموارکردنەکە پێچەوانەی پابەندبوونەکانی عێراقە بەرامبەر بە ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ.
لەسەر بنەمای ئەرکە دەستوورییەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ دانانی یاسای تۆکمە کە ناسنامەی نەتەوەیی و یەکگرتوویی بەرز دەکەنەوە و نەک لەسەر بنەمای تائیفی، هاوپەیمانی و تۆڕە فێمینیستەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کەسایەتییەکان کە ئەم یاداشتەیان واژۆ کردووە، دووپاتی دەکەنەوە ،کە یاسای باری کەسی، یاساییەکی کاریگەر بووە لە بڕگەکانیدا کە گەرەنتی فرەچەشنی ئایینی و تائیفی و فرەیی بۆ هەموو عێراقییەکان دەکات، بۆیە داواتان لێدەکەین دەستبەجێ ئەو پێشنیازی هەموارکردنەوە بکشێننەوە کە پێشتر باسمان کرد.
هاوکات داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەین، لەکاتی هەموارکردنەوە یان داڕشتنی یاساکانی پەیوەست بە بەرژەوەندی و مافەکانی هاووڵاتیان، گفتوگۆ و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی قووڵ لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا و دادپەروەری ئەنجامبدات، بۆ بەدەستهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی وڵاتەکەمان.
لێرەدە ئاماژە بەناوی ئەو تۆڕ و ناوەند و ڕێکخراوانە دەدەین کە ڕاگەیاندراوەکەیان واژۆ کردووە، ئەوانیش بریتین لە :
١- تۆڕی ژنانی عێراق
٢- تۆڕی ژنان بۆ ئاسایش و ئاشتی
٣- تۆڕی ڕاستی بۆ ژنانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ
٤- ڕێکخراوی بەهێزکردنی ئافرەتان
٥- ڕێکخراوی ژنانی عێراق
٦- ناوەندی زانیاری
٧_جوڵانەوەی ڕاپەڕینی فێمینیستی عێراق