حەشدی شەعبی ڕەتیکردۆتەوە فەرمانی سودانی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا جێبەجێبکات
  2024-07-29       313       


بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار، هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕەتیکردۆتەوە پابەندی فەرمانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق‌و سوریا.

ئەو سەرچاوەیە کە یەکێک بوە لەبەرپرسانی ناو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی لایەنە شیعییەکان‌و داوایکردووە ناوەکەی ئاشکرانەکرێت بەتۆڕی هەواڵی عێراقی (INN)ی وتوه‌، "ئەو ڕەتکردنەوەیەی حه‌شدی شەعبی لەسەر ڕێنمایی فەرماندەی سوپای پاسداران‌و لەڕێگه‌ی عەبدولعەزیز محەمەداوی سەرۆک ئەرکانی حەشدو یەکێک لەفەرماندەکانی میلیشیای کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقییەوە بوە".

سەرچاوەکە جەختیشیکردۆتەوە، پڕۆسەکانی بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق‌و سوریا لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە بەردەوامدەبێت، مادام فەرمانی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوبارەیەوە هەبێت.

ئەوەش هاتوە، سودانی دەیەوێت گوشار بخاتەسەر گروپە چەکدارییە شیعییەکانی سەر بەئێران، بۆئەوەی گرژکردنی دۆخەکە دژ بەبەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەعێراق‌و سوریا ڕابگرن.

دەشڵێت:"سودانی لەترسی کاردانەوەی ئەمریکا کە ڕەنگە دۆخی ئەمنیی عێراق بشڵەقێنێت، لەگەڵ چەندین کەسایەتیی باڵای ئێران لەپەیوەندیدابوە بۆئەوەی گوشار بخاتەسەر ئەو گروپانە کۆتایی بەگرژکردنی دۆخەکەو بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بهێنن.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×