باڵیۆزی تورکیا: مافی تورکمانەکان لەکەرکوک پارێزراو بێت‌و نه‌کرێنە ئامراز بۆ سەوداو دانوستانە سیاسییەکان
  2024-07-27       279       
"لەنزیکەوە چاودێری دۆخی تورکمانەکانی عێراق دەکەین"

باڵیۆزی تورکیا لەعێراق پشتیوانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ تورکمانەکانی‌ کەرکوک دوپاتده‌كاته‌وه‌و به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌ مافی تورکمانەکان پارێزراو بێت‌و نه‌کرێنە ئامراز بۆ سەوداو دانوستانە سیاسییەکانی‌ نێوان پێكهاته‌كانی‌ شاره‌كه‌.

ئاوێنه‌: ئانڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لەعێراق له‌چاوپێكه‌وتێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵ ڕایگه‌یاندووه‌، دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی هێشتا بەرپرسانی باڵای ئیدارەی خۆجێیی لەپارێزگاكه‌ دیارینەکراون، پێویسته‌ تەواوی پێکهاتەکانی کەرکوک نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانەیان لەئیدارەی پارێزگاکەدا هەبێت.

ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ لەنزیکەوە چاودێری دۆخی تورکمانەکانی عێراق دەکەن، ''تورکمانەکان لەخەڵکە ڕەسەن و دامەزرێنەرەکەی عێراقن. پێویستە پێش هەموو شتێک ئەمە لەبەرچاو بگیرێت''.

باڵیۆزی تورکیا لەعێراق ڕاشیگەیاند، ''بۆئەوەی مافی تورکمانەکان لەکەرکوک بەفیڕۆ نەچێت، نامانەوێت بکرێنە ئامراز بۆ سەوداو دانوستانە سیاسییەکان."

وتیشی‌، "خوازیاری سیستەمێکین لەکەرکوک کە هەموو بەشەکان دادپەروەرانە نوێنەرایەتیان تیایدا هەبێت. ژمارەی تورکمان لەکەرکوک زۆرە و کاریگەری تورکمان لەسەر مێژوی کەرکوک زۆرە. تورکمانەکان مافی خۆیانە لەکەرکوک بەشێوەیەکی دادپەروەرانە نوێنەرایەتی بکەن''.

ئانڵ بۆرا ئینان ده‌ڵێت، ''سەرەڕای ئەوەی ستەمیان لێکراوە، ڕوبەڕوی کۆمەڵکوژی بونەتەوە، تۆمەتبار کراون به‌هۆکاری خراپی بەشێکی زۆری ئەو ناوچە جوگرافییەی بانگەشەی ئەوە دەکرێت جێناکۆکن ئەو جوگرافیایەیە کە تورکمانەکان خۆیان پێی دەڵێن ''تورکمانئەلی''.

باڵیۆزی تورکیا لەعێراق ده‌شڵێت، "یەکێک لەو شوێنانەی تورکمانەکان لەڕوی ژمارەوە زۆرترینن تیایدا کەرکوکە، بەڵام تورکمانەکان تەنیا لەکەرکوک نین، بەڵکو لەموسڵ، دوزخورماتو، تازەخورماتو، داقوق، کفری و هەولێریش کۆمەڵگایەکی زۆر زیندوی تورکمان هەیە، تورکمانەکان بەشێکن لەعێراق و پێویستە ئەم پرسە زیاتر لەلایەن عێراقەوە قسەی لەسەر بکرێت، بەڵام ئێمە باس لەکۆمەڵگایەک دەکەین کە هاوزمانین و بێگومان لەنزیکەوە چاودێری دۆخی تورکمانەکان دەکەین''.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×