سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تاران دەکات
  2024-07-26       220       

بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێورەسمی دەستبەکاربوون و سوێندخواردنی نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تاران دەکات.

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "بۆ بەشداریی لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێى ئێران، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بانگێشتی فەرمی لە تارانەوە پێگەیشتووە و بڕیارە بە سەردانێکی فەرمی بچێتە وڵاتەکە".

سەرچاوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتیشی، "سەردانەکەی سەرۆک وەزیران دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو، چونکە بڕیارە سەرۆککۆماری نوێى ئێران رۆژی سێشەممە 30ـى تەممووز سوێندی یاسایی دەستبەکاربوونی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی بخوات".

پیشتر موختەبا یوسفی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران، ئامادەبوونی سەرۆکی پێنج وڵات و سەرۆکى پەرلەمانی 10 وڵات، لە رێوڕەسمی دەستبەرکاربوون و سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران راگەیاندبوو.

5ـى تەممووزی 2024 لە خولی دووەمی هەڵبژاردنى سەرۆکایەتی ئێراندا، مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازان بە بەدەستهێنانی زیاتر لە 16 ملیۆن دەنگ سەرکەوتنى بەدەستهێنا و بوو بە نۆیەم سەرۆککۆماری ئێران.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×