بەپێی قسەی چەند سەرچاوەیەكی ئەمریكی و عێراقی شەوی رابردو بە موشەك هێرشكراوەتە سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار كە هێزەكانی ئەمریكا لەخۆدەگرێت.
ئاوێنە: ئەو سەرچاوە ئەمریكی و عێراقییانە كە قسەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز كردوە، ئاماژەیان بەوە داوە كە چوار موشەك لەجۆری كاتیۆشا ئاڕاستەی بنكە ئاسمانییەكە كراون، بەڵام هێرشەكە زیانی گیانی لێ نەكەوتۆتەوە.
بەقسەی سەرچاوەكان، دو موشەكیان لەناو بنكە ئاسمانییەكەو دوانەكەی دیكەیان لە دەوروبەری بنكەكە كەوتونەتە خوارەوە.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز هێرشە موشەكییەكەی لەكاتێكدایە كە بەشێك لە لایەنە سیاسی و سەرباییەكانی لایەنگری ئێران لە عێراق، گوشارییان لەسەر حكومەتی عێراقی دروستكردوە بۆ ئەوەی بەخێرایی كۆتایی بە بونی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتی ئەمریكا لە عێراق بهێنێت.
ئەمریكاو حكومەتی عێراق رایانگەیاندوە كە خەریكی ئەوەن لەڕێگەی گفتوگۆكانەوە پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی دژبە داعش رێكبخەنەوە بەجۆرێك كە كۆتایی بە بونی هێزە شەڕكەرەكانی ئەو وڵاتانە لە عێراق بهێنرێت.
بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار بۆتە ئامانجە هێرشە موشەكییەكانی گروپەكانی لایەنگری ئێران بەڵام چەند مانگێكە هێرشەكانی ئەو گروپانە لەناوخۆی عێراق راگیراون.
نزیكەی 2500 سەربازیی ئەمریكا لە عێراقن و هەروەها نزیكەی 900 سەربازی دیكەی ئەو وڵاتەش لە سوریان، واشنتۆن بەردەوام جەخت دەكاتەوە كە بونی هێزەكانیان لە عێراق بۆ هاوكاریكردنی هێزە عێراقییەكانە بۆ شكستپێهێنانی تەواوەتی داعش هەروەك بونیان لە سوریا بۆ هاوكاریكردنی هێزە كوردییەكانە بۆ هەمان ئامانج.