ماوەی چەند ڕۆژێكە لیژنەیەكی باڵا بەسەرۆكایەتی وەزیری بەگری عێراق لە واشنتۆن، بەمەبەستی تاوتوێكردنی كشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، هەردوو وڵات جەختیان لەسەر هاوكاری ئەمنی هاوبەش كردەوە، بڕیارە دوای كۆتایهاتنی كارەكانی لیژنە هاوبەشەكان بەیاننامەیەك لە سەر داهاتووی بوونى هاوپەیمانان لە عێراق بڵاوبكرێتەوە.
دوای كۆتایهاتنی كۆبوونەوەكان نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەبارەت بە هاوكارییە ئەمنییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات لە واشنتۆن بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لە واشنتۆن دی سی لە ٢٢-٢٣ی تەمموزی ٢٠٢٤وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و عێراق سەركردایەتی دووەمین دیالۆگی هاوكاری ئەمنی هاوبەشی هەردوو وڵاتیان كرد، تیایدا هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە هاوكاری ئەمنی و بەرژەوەندی هاوبەش لە سەقامگیری ناوچەكەدا دووپاتكردەوە.
هەردوو شاندەكە كۆمەڵێك بابەتی ئەمنی دوولایەنەیان لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی ساڵی ٢٠٠٨ی نێوان ئەمریكا و عێراق و لە چوارچێوەی كاری هاوبەشی هەمەلایەنەمان تاوتوێ كرد.
شاندەكەی عێراق بە سەرۆكایەتی سابت عەباسی وەزیری بەرگریی عێراق بوو، بەجیا لەگەڵ هاوتا ئەمریكیەكەی و سەرۆكی ئەركانی هاوبەش، جەنەڕاڵ چارڵز كیو براون، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە عێراق و بەرپرسانی باڵا كۆبووەوە.
شاندە ئەمریكی و عێراقییەكان پابەندبوونیان بە پەرەپێدانی تواناكانی ئاسایش و بەرگریی عێراق دووپاتكردەوە، هەردوولا ئیرادەی خۆیان بۆ قووڵكردنەوەی هاوكارییە ئەمنییەكان بۆ بەرزكردنەوەی بەرژەوەندی هاوبەش نیشاندا.
ئەم دیالۆگانە لەسەر ئەو گفتوگۆیانە بنیات دەنرێت، كە لە سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن دی سی لە مانگی نیسانی ئەمساڵ ئەنجامیدا، لە یەكەمین دیالۆگی هاوكاری ئەمنی هاوبەشدا، هەردوولا بڕیاریاندا لیژنەیەكی باڵای سەربازی دوولایەنە دابمەزرێنن بۆ خستنەڕووی سێ بابەت لەوانە هەڕەشەكانی داعش، پێداویستییە ئۆپەراسیۆنەكان، ئاستی توانای هێزە ئەمنییەكانی عێراق بۆ دیاریكردنی داهاتووی هاوپەیمانی سەربازی نێودەوڵەتی لە عێراق.
گفتوگۆی هاوكاری هاوبەشی ئەمنی لەسەر بنەمای كارەكانی لیژنەی باڵای سەربازی لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بەردەوام بوو، بڕیارە دوای ماوەیەكی كەم لە كۆتایی هاتنی كارەكانی لیژنەی باڵای سەربازی بەیاننامەیەكی هاوبەشی تێروتەسەل سەبارەت بە ئەركەكانی داهاتوو و هاوپەیمانان لە عێراق دەر بكرێت.
ئەمریكا و عێراق بەنیازن بەردەوام بن لە ڕاوێژكاری سەبارەت بە پتەوكردنی هاوكاریی دووقۆڵی بۆ دەستەبەركردنی شكستی هەمیشەیی داعش لە عێراق، هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوام بوونی پاڵپشتی هاوپەیمانان بۆ عێراق كردەوە، بەمەبەستی تێكشكاندنی داعش لە هەموو جیهاندا.