ناوەڕۆكی كۆبونەوەی وەفدی هاوبەشی بەرگریی ئەمریكاو عێراق
  2024-07-24       258       

وەفدی بەرگریی عێراق و ئەمریکا لە واشنتن کۆبونەوە و بڕیاریان دا پابەندی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بن. هەروەها بڕیاریان دا هێزە ئەمنییە کوردییەکانیش بەشێک بن لە پاراستنی سەروەری و سەقامگیری.

 ئاوێنە: وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی "لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە واشنتن، دوەمین کۆبونەوەی دیالۆگی هاریکاریی ئەمنیی هاوبەش لەنێوان ئەمریکا و عێراقیان بەڕێوەبرد. دو وەزیرەکە پابەندبونی خۆیان بە هاوکاریی ئەمنیی و بەرژەوەندیی هاوبەشیان لە سەقامگیریی ناوچەکە دوپاتکردەوە."

وەزارەتی بەرگری هەروەها بڵاویکردەوە، دو وڵاتەکە پابەندبونی خۆیان بۆ کارکردن لەگەڵ یەکدی بۆ دڵنیابونەوە لە ئاسایشی عێراق و بەزاندنی داعش دوپات کردەوە. لەماوەی یەکەم کۆبونەوەی هاریکاریی ئەمنیی هاوبەش لەنێوان ئەمریکا و عێراق، هەردولا بڕیاریان دا لیژنەیەکی باڵای سەربازی دولایەنە دابمەزرێنن بۆ شرۆڤەکردنی سێ خاڵ؛ هەڕەشەکانی داعش، پێداویستیی ئۆپەراسیۆنەکان و ئاستی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق. ئەم خاڵانەش لەپێناو دیاریکردنی داهاتوی سەربازە نێودەوڵەتییەکان بون.

بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەمریکا و عێراق بەنیازن بەردەوام بن لە راوێژکارییەکانی نێوانیان سەبارەت بە پتەوکردنی هاوکاریی دوقۆڵی، ئەمەش بۆ فەراهەمکردنی شکستی هەمیشەیی داعش. 

لە کۆبونەوەکە، لیژنەی باڵای ئەمنی ئاماژەی بە دەستکەوتە مێژوییەکانی هاوپەیمانی لە عێراق کرد و رێزی لە ملیۆنان قوربانیی دەستی داعش گرت. ئەم قوربانیانەش بریتین لە سەدان هەزار کەس کە لە هەڵمەتی تێکشکاندنی داعش لە عێراقدا کوژران و برینداربون، هەروەها ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەوانەش پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەکان لە سەرانسەری جیهان بە ئەمریکاشەوە. 

 هەردولا گرنگیی بەردەوامیی عێراقیان لە پاڵپشتی هاوپەیمانی جیهانی بۆ شکستپێهێنانی داعش لە سوریا و لە سەرانسەری جیهان دوپاتکردەوە.

 وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا راشیگەیاند، دو وەفدەكە هەوڵەکانی خۆیان بۆ برەودان بە ئاسایشی عێراق و توانا بەرگرییەکان دوپات کردەوە. ئەو کۆبونەوەیەش لەسەر سەردانەکەی مانگی نیسانی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا بونیاد نرا.

 بەگوێرەی راگەیەندراوەكە عێراق و ئەمریکا هاوڕا بون لەسەر دەستپێکردنی "قۆناغێکی نوێ"ـی هەماهەنگیی ئەمنی کە هەریەک لە راهێنان، پەیوەندی و چاککردنەوە لەخۆدەگرێت. هەردو لایەنەکە هەروەها جەختیان لەسەر پەروەردەی سەربازیی پیشەگەرانە و راهێنانی سەربازیی هاوبەش کردەوە. 

 پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەش دا، دو وڵاتەکە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ دەستپێکردنی ئەو هەماهەنگییە ئەمنییە نوێیە واژۆ دەکەن. عێراق و ئەمریکا لەسەر ئەوە رێککەوتون کە بە زویی ئەو ئاوارە و زیندانییانەی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریان، بۆ وڵاتانی خۆیان بگەڕێندرێنەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگە بکرێنەوە، "ئەمەش خاڵێکی گرنگی هەوڵەکانی روبەڕوبونەوەی داعشە."

لە کۆبونەوەکەدا، نوێنەرانی عێراق پابەندیی وڵاتەکەیان بە پاراستنی راوێژکارانی بیانی و دیپلۆماتەکانیان دوپاتکردەوە و دو وڵاتەکە بڕیاریانداوە هێزە ئەمنییە کوردییەکانیش بەشێک بن لە پاراستنی سەروەری و سەقامگیری. دو وەفدەكە هەروەها جەختیان لەوە کردەوە راوێژکارانی نێودەوڵەتی لەسەر بانگهێشتی عێراق و بۆ پشتیوانیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەوێن.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×