عێراق گۆشتی ئەفریقی هاوردە دەکات
  2024-07-24       264       

لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ و دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور عێراق گۆشتی ئەفریقی هەناردە دەکات.

سائیر جبوری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، بەپێی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیارە سنوورەکان بەڕووی هاوردەکردنی گۆشتی سوور لە هەندێک وڵاتی ئەفریقاوە بکرێتەوە، لەکاتێکدا ئەو وڵاتانە بەرهەمێکی زۆری گۆشتیان هەیە و هەناردەی دەیان وڵاتی عەرەبی دەکەن، بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوبازاڕ.

دەشڵێت:” سێ هۆکار وایکردووە وەزارەتی کشتوکاڵ جارێکی دیکە پرسی گۆشتی سوور تاوتووێ بکات، ئەمەش هەوڵێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرزی نرخی گۆشت کە کاریگەرییەکی نەرێنی کردووەتە سەر چینی هەژار، هەر بۆیە هاوردەکردنی گۆشت بەتایبەتی لەو کاتانەی کە خواست لەسەر گۆشتی سوور بەرزە کاریگەری ئەرێنی دەکاتە سەر بازاڕ”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەی هاوردەکردنی گۆشت، چ لە ئەفریقاوە بێت یان لە شوێنێکی دیکە، بە چەندین ڕێکاری توندی پشکنین تێدەپەڕێت بۆ دڵنیاییبوونەوە لە سەلامەتییەکەی بۆ خواردنی لەلایەن مرۆڤەوە، ئەمە جگە لەوەی هاوردەکردن ڕێکارێکی کاتییە لە چوارچێوەی پڕکردنەوەی پێداویستی بازاڕە تا گرانی بۆ هاووڵاتییان دروست نەبێت.

“عێراق لە دوای ساڵی 2003 بە هۆی وەرزی وشکەساڵی و نەخۆشییە کوشندەکان و نەبوونی پاڵپشتی حکومەت، بەشێکی زۆری ئاژەڵەکانی لە دەستدا، بەڵام ڕەوتێک هەیە بەرەو وەبەرهێنانی زیاتر لە ئاژەڵەکان، بەتایبەتی کە نرخەکان گونجاون و دەتوانن تێچوونەکان کەمبکەنەوە” سائیر جبوری وادەڵێت.

ڕۆژی دووشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵ نیازی عێراقی بۆ هاوردەکردنی گۆشت لە وڵاتانی ئەفریقاوە ڕاگەیاند، بۆ پڕکردنەوەی زیادبوونی خواست لەسەر گۆشت لە بازاڕە ناوخۆییەکان و وتیشی” بەمزووانە وەزیر عەباس جەبر ئەلمالیکی سەردانی ژمارەیەک وڵاتی ئەفریقا دەکات بۆ کردنەوەی شوێنی نوێی هاوردەکردن بۆ گۆشتی سوور”.

ئەوە لە کاتێکددایە چەند مانگێکە نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، نرخی یەک کیلۆ گۆشتی سور لەنێوان 20 بۆ 24 هەزار دیناردایە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×