وەزیری ناوخۆی ئێران بانگهێشتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراقی كرد، بە مەبەستی بەشداریكردن لە مەراسیمی دەستبەكاربوونی مەسعوود پزیشكیان وەك سەرۆككۆماری نوێی ئێران.
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە بارەی بانگهێشتکردنى محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ تاران، بۆ میدیاكان دەدوێت.
میدیاكان بڵاویان كردەوە، دوای بەشداریكردنی ئەحمەد وەحیدی لە دووەمین كۆنفرانسی ناوچەیی دژى ماددەی هۆشبەر لە بەغدا، بانگهێشتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی كرد، بۆ ئەوەی سەردانی تاران بكات، بە مەبەستی بەشداریكردن لە مەراسیمی دەستبەكاربوونی مەسعوود پزیشكیان وەک سەرۆككۆماری نوێی ئێران.
ڕێوڕەسمی دەستبەكاربوونی مەسعوود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری نوێی ئێران ڕۆژی ٦ـی ئاب بەڕێوەدەچێت، هەروەها پێش ئەو وادەیە پەرلەمان كۆبوونەوەیەك سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەی پزیشكیان لە ئەندامێتی پەرلەمان ئەنجام دەدات.
مەسعوود پزیشكیان لەلایەن عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێرانەوە، فەرمانی دەستبەكاربوونی بۆ دەردەكرێت.
جێگای ئاماژەیە، مەسعوود پزیشكیان نۆیەمین سەرۆك كۆماری ئێرانە و لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئێران سەركەوتنی بەدەستهێنا.