ئاژانسى رۆیتەرز بڵاویکردەوە، عێراق دەیەوێت مانگی ئەیلوول هێزەکانی هاوپەیمانان دەست بە کشانەوە بکەن.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، عێراق دەیەوێت لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی داهاتوو، هێزەکانی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەست بە کشانەوە بکەن و تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2025 بە فەرمی کۆتایی بە کارەکانیان بهێنن، باسیشیان لە ئەگەری مانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا کردووە، وەک راوێژکاریی سەربازیی.
بە وتەی سەرچاوەکان، هەڵوێستی عێراق لەم هەفتەیەدا لە واشنتن لە لوتکەی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات گفتوگۆی لە بارەوە دەکرێت، ئەوەشیان خستووەتەڕوو، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی فەرمی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکى هێزەکانى هاوپەیمانان، یاخود هیچ خشتەیەکی کاتیی پەیوەست بەوەوە دیارینەکراوە.
پێشتریش ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، لەم هەفتەدا هەردوو وڵات لە واشنتن کۆدەبنەوە، بەمەبەستی دیاریکردنی چۆنیەتی کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لەسەر بنەمای ئەو مەترسییەی داعش دروستیدەکات، بەڵام ئامادە نەبوو وردەکاریی زیاتر لەو بارەوە ئاشکرا بکات.