ئەندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌باره‌ی پرۆژه‌یاسای لێبوردنی گشتیه‌وه مژده ده‌داته كه‌سوكاری ده‌ستبه‌سه‌ركراوان و راشیده‌گه‌یه‌نێت، "رێكه‌وتنی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان كراوه بۆئه‌وه‌ی له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا پرۆژه‌یاساكه تێپه‌ڕێندرێت".
ڕەعد دەهلهکی ئەندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "مژدەیەک بە کەسوکاری دەستبەسەرداگیراوه بێتاوانەکان دەدەین، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەسەر پڕۆژەیاسای لێبودنی گشتی کۆبوینەتەوە و رێكه‌وتوین، هه‌روه‌ها بڕیاردراوه پڕۆژە یاساکە لە ماوەی دو دانیشتنی داهاتوی په‌رله‌ماندا خوێندنەوەی بۆ بکرێت و په‌سه‌ند بكرێت".
لە دوای پێكهێنانی حکومەته‌كه‌ی محەمەد شیاع سودانیەوە، یاسای لێبوردنی گشتی ڕوبەروی چارەنوسێکی نادیار بوەتەوە، وێرای ئەوەی ڕێککەوتنی سیاسی له‌سه‌ر کرابو، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، "هەوڵدەدرێت ئەو یاسایە پەکبخرێت و کاری پێنەکرێت"، تێپه‌ڕاندنی ئه‌و پرۆژه‌یاسایه یه‌كێكه له‌و بەڵێنانەی بە لایەنە سیاسییه‌كانی سوننه دراون.
به‌گوێره‌ی خشته‌ی كاری كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق كه بڕیاره كاتژمێر 11:00ی پێشنیوه‌ڕۆی سبه‌ی چوارشه‌ممه ئه‌نجامبدرێت یه‌كێك له بڕگه‌كان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌مه بۆ پرۆژه‌یاسای هه‌مواری دوه‌می یاسای لێبوردنی گشتی ژماره 27ی ساڵی 2016 كه له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی یاسایی و ئاسایشی و به‌رگری، مافی مرۆڤه‌وه ئاماده‌كراوه.