ڕاوێژکارێکی حکومەتی ئیسرائیل هەڕەشەی وێرانکردنی بەندەری بەسرەی کردوە ئەگەربێتو میلیشیا چەکدارییە شیعییەکانی سەر بەئێران بەردەوامبن لەهێرشکردنەسەر ئیسرائیل.
ئیدی کۆهین چاودێری سیاسییو ڕاوێژکاری حکومەتی ئیسرائیل لەهەژماری تایبەتیی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاندوە، ئەگەربێتو میلیشیا عێراقییەکان موشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل بکەن، ئەوە بەندەری بەسرەی عێراقیش چارەنوسی هاوشێوەی بەندەری حودەیدەی یەمەن دەبێت.
20ی ئەم مانگە، سوپای ئیسرائیل لەڕێگهی 20 فڕۆکەی جەنگیی لەجۆری ئێف 15، دوری نزیكەی دوو هەزار كیلۆمەتریان بڕیو هێرشیانكردەسەر بەندەری حودەیدەی یەمەنی، عەمبارەكانی سوتەمەنیو بنكەكانی گومرگیان لەو بەندەرە كردە ئامانج، کە بەگوێرهى وەزارەتی تەندروستی یەمەن، بەهۆی هێرشەکەوە نزیکەی 84 کەس برینداربون.
هێرشە ئاسمانییەکە ڕۆژێک دوای ئەوەدێت کە حوسییەکان بەدرۆنێکی بۆمبڕێژکراو سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلیان بەزاندو ناوجەرگەی تەلئەبیبیان کردە ئامانج، کە بوە هۆی کوژرانی ئیسرائیلییەک.