بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆببێتەوە كە دوان لەو پرسانە بریتین لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك و ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان.
ئاوێنە: عائید هیلالی و عامر فایز، دو سەركردەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لە لێدوانی جیادا بە میدیاكانی عێراقییان وتوە، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی كۆدەبێتەوەو چەند پرسێك تاوتوێ دەكات.
بەگوێرەی قسەی ئەو دو سەركردەیە لە كۆبونەوەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكاندا ئەم پرسانە تاوتوێ دەكرێن: ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان، پرسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە پارێزگاكانی كەركوك و دیالە، پڕۆژە یاساكانی پەرلەمان، هەندێك كێشەی پارێزگاكان، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان.
عامر فایز ئاماژەی بەوەداوە كە لە كۆبونەوەكەدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادە دەبێت و هەروەها عائید هیلالی وتویەتی، چوارچێوەی هەماهەنگی دوای كۆبونەوەكە لە راگەیەندراوێكدا ئەو بڕیارانە دەخاتەڕو كە لەبارەی ئەو پرسانەوە لە كۆبونەوەكەدا دەدرێن.