دادگای فیدڕاڵی سکاڵای پێکهاتەکانی لە بارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رەتکردەوە
  2024-07-22       523       

لەماوەی رابردوویدا لەبارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی کورسی پێکهاتەکان حەوت سکاڵا ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی کرابوون.

دادگای فیدراڵی عیراق لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا حەوت سکاڵا لەبارەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی کورسی پێکهاتەکان رەتکردەوە.

سکاڵاکاران ماددەی دوو لەیاسای تۆماری لیستی کاندیدانی پەسەندکردنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە 7ی ساڵی 2024 بە نادەستوری ناوبردوەو سکاڵایان لەسەر ئەو ماددەیە لە دادگای فیدراڵی تۆمارکردووە، کە پەیوەستە بە ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی کورسی پێکهاتەکان.

لەبەرامبەریشدا دادگای فیدراڵی بەهۆکاری ئەوەی پێشتر ئەو پرسە لەلایەن دادگاکەوە یەکلاکراوەتەوە لە دانیشتنی 21-5-2024، بۆیە ئەمڕۆ بڕیاریدا بە رەتکردنەوەی سکاڵاکان.

پێشتر دادگای فیدراڵی بڕیاریدابوو کە کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بکرێت بە 100 کورسی و 11 کورسی کۆتاکانی لابرد، بەڵام دەستەی دادوەری ئەنجومەنی کۆمسیاران بڕیاریدا پێنج کورسی لە کۆی ئەو 100 کورسییەی دادگاکە بڕیاری لێداوە بۆ کۆتاکان تەرخانبکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×