بەڕێوەبەری سەنتەری عێراقی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی مهترسیهكى گهوره لهسهر عێراق ئاشكرادهكاتو ڕایدهگهیهنێت، "بەھۆی بونی گروپە چەكدارەكانەوە مهترسى گەیشتنی شەڕی ئیسرائیل بەعێراق ههیه".
پهیامى بەڕێوەبەری سەنتەری عێراقی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی لهكاتێكدایه، كە سەرکردەی یەکێک لەگروپه چهكدارهكان هەڕەشەی ئەوەیكردوه، هێرشەکانیان بۆسەر ئیسرائیل زیاد دەکەنو دەشڵێت، "ھێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر حوسییەكان بێ وەڵامدانەوە تێناپەڕێت".
وتوشیهتى:"پەلاماردانی یەمەن لاپەڕەیەکی نوێیە لەتاوانەکانی ئیسرائیل، کە بێ سزاو وەڵامدانەوە تێناپەڕێت".
ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نوجەبا كە یەکێکە لەگروپە چەکدارەکانی ناسراو بەبەرەی موقاوەمەی عێراق، هەڕەشەی لەئیسرائیل کردو دهڵێت:"پەلاماردانی ژێرخانی یەمەن لاپەڕەیەکی نوێیە لەتاوانەکانی ئیسرائیل کە بێ سزاو وەڵامدانەوە تێناپەڕێت".
دواى ئهو پهیامه توێژەرێكی عێراقی هۆشداریی لەمەترسییەكانی گەیشتنی شەڕەكە بەعێراق دەدات لەقۆناغی داهاتوداو دەڵێت:"بەھۆی بونی گروپە چەكدارەكانەوە ئەو شەڕە كاردانەوەی لەسەر عێراقیش دەبێت".
لاى خۆیشیهوه غازی فەیسەڵ بەڕێوەبەری سەنتەری عێراقی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی ڕایگەیاندوه، ھاوشێوەی ھێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەكانی حوسییەكان لەیەمەن، پێشبینی پەلاماردانی پێگەكانی گروپە چەكدارەكانی بەرەی موقاوەمە لەعێراقو سوریاش دەكرێت.
دەشڵێت، "پێشتریش چەندانجار فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل پێگەكانی حزبوڵڵای عێراقی لەجورف ئەلسەخری نزیک شاری کەربەلاو تەنانەت لەنێو خودی بەغداش بۆردومانكردو چەندین سەركردەی گروپە چەكدارەكانی کوشتوە".
ئەگەری بەرفراوانبونی شەڕو پێكدادانەكان لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەكاتێكدایە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لەوەڵامی ھێرشێكی حوسییەكانی یەمەن بۆ سەر شاری تەلئەبیب، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل پێگە سەربازییەكانی حوسییەكانیان لەشاری حودەیدە بۆمبارانكرد.