لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیار دینار بەسەر ئەو کەسانەدا دابەشدەکرێت کە زیانلێکەوتووی دەستی رژێمی بەعس بوون.
تارا ئەنوەر قەرەداغی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی داواکانی موڵکداری لە هەرێمی کوردستان راگەیاند: بڕێک پارە بەسەر زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی بەعسدا دابەشدەکرێت، ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە داواکارییان پێشکەش بە دەستەکەیان کردووە.
وتیشی، ئەو داواکارییانەی پێشکەشکراون لە لیژنەی دادوەریی دەستەکەیان بینراون و پلەی کۆتاییان وەرگرتووە، پاشان بڕیاری دابەشکردنی پارەکە دراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تارا ئەنوەر قەرەداغی، لە پرۆسەی ئەمجارەدا 289 کەس سوودمەند دەبن و بڕی پارەکەش زیاتر لە دوو ملیار دینارە.