دادگاى فیدراڵى لەسەر حەوت سکاڵاى پێکهاتەکان لە دژى یاساى هەڵبژاردن کۆدەبێتەوە
  2024-07-22       586       

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، دادگاى فیدڕاڵى دانیشتنى یەکەمى حەوت سکاڵا، کە دژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن پێکهاتەکانەوە تۆمارکراوە، بەڕێوە ببات.

سکاڵاکان لەلایەن سەرۆکى رێکخراو و پارت و هاوپەیمانى، تورکمان و کلدان و پارتێکى مەسیحییەوە دژى سەرۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق و سەرۆکى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان و وەزیرى پلاندانانى حکومەتى فیدڕاڵ، تۆمارکراون.

لەسەرجەم سکاڵاکاندا سکاڵاکارەکان داوا دەکەن، ماددەى 2ـى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە نادەستوورى لە قەڵەم بدرێت.

لە بەشێک لە سکاڵاکاندا داواکراوە، سیستمى تۆمارکردنى ناوى بەربژێرەکان رابگیرێت، پاشان دابەشکردنى هەرێمى کوردستان بەسەر چوار بازنەدا هەڵبوەشێنرێتەوە، یاخود هەرێمى کوردستان بۆ پێکهاتەکان بکرێتە یەک بازنەى هەڵبژاردن.

لە سکاڵاکانیشدا داواى ئەوەى کراوە، کەمکردنەوەى کورسى پێکهاتەکان رابگیرێت و کورسى کۆتاى تورکمانەکان بۆ پێنج کورسى بەرزبکرێتەوە، جگە لەوەش سکاڵاکاران داوا دەکەن، کورسى مەسیحی و ئەرمەنى و کلدان و ئاشوورییەکان لەبەرچاو بگیرێت.

لە یەکێک لە سکاڵاکانیشدا، داواى ئەوە کراوە، ماددەى یەکى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە هەمووارکراوە و کەمکردنەوەى ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمان بۆ 100 کورسى، بە نادەستورى لە قەڵەم بدرێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×