"بەرزترین موچە لە عێراق 30 هێندەی نزمترین موچەیە"
  2024-07-21       561       

شارەزایەتی ئابوریی عێراقی دەڵێت، بەرزترین موچە 30 هێندەی نزمترین موچەیە لە عێراق و دەشڵێت، موچەی فەرمانبەران زیاتر لە 63 ترلیۆن دینارە.

ئاوێنە: نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابوریی عێراقی، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، ژمارەی فەرمانبەرانی میلاك لە كەرتی گشتی لەساڵی 2024دا لە عێراق 4.080 ملیۆن فەرمانبەرە.

بەپێی قسەی ئەو شارەزا ئابورییە، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی كە پلەكانیان لەنێوان پلەی 5 و پلەی 10دایە، 3.456 ملیۆن فەرمانبەرن كە لەسەدا 85ی فەرمانبەران پێكدەهێنن.

ئاماژەی بەوەشداوە كە بڕی موچەی فەرمانبەران لە عێراق 63.338 ترلیۆن دینارەو تێكڕای موچەی ساڵانەی فەرمانبەر 15.5 ملیۆن و تێكڕای موچەی مانگانەی فەرمانبەر 1.3 ملیۆن دینارە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، جیاوازی نێوان تێكڕای موچەو كەمترین موچە دەگاتە 400% واتە تێكڕای موچە لانیكەم چوار هێندەی كەمترین موچەیە.

نەبیل مەرسومی ئاماژەی بەوەشداوە جیاوازی زۆرترین موچەو كەمترین موچە دەگاتە 3000% واتە بەرزترین موچە 30 هێندەی نزمترین موچەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×