پەرلەمانی عێراق وەرزی نوێی یاسادانان دەستپێدەكاتەوە
  2024-07-20       187       

ئەمڕۆ شەممە، یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ساڵی سێیەمی وەرزی دوەمی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و تێیدا خوێندنەوە بۆ چوار پڕۆژەیاسا دەکرێت.

 ئاوێنە: بەگوێرەی بەرنامەی کار، دانیشتنەكە سەعات 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە دەستپێدەکات و تێیدا خوێندنەوەی یەکەم و دوەم بۆ چوار پڕۆژەیاسا دەکرێت.

 خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکانی هەمواری یەکەمی یاسای دەزگای شەهیدان ژمارە (2)ی ساڵی 2016 و پەسەندکردنی رێککەوتننامەی خزمەتگوزاریی ئاسمانی نێوان عێراق و ئازەربایجان دەکرێت.

هەروەها خوێندنەوەی دوەم بۆ دو پڕۆژەیاسا دەکرێت کە بریتین لە پڕۆژەیاسای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای پاسپۆرت ژمارە 32ی ساڵی 2015. یەکێک لەو مادانەى زیاد دەکرێت، پێدانى پاسپۆرتى دیپلۆماسییە بە بەڕێوەبەرانى 18 پۆست کە چەندین پۆستى باڵاى هەرێمى کوردستانى تێدایە.

بەپێی هەموارى یاسای پاسپۆرت، لەنێو ئەو 18 پۆستەدا کە پاسپۆرتى دیپلۆماسییان پێ دەدرێت، هەریەک لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان و جێگرەکانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و جێگرەکەی، وەزیرەکانى حکومەت و ئەوانەی پلەى وەزیریان هەیە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×