هەوڵێک بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی ئەوروپا لەسەر هێڵی ئاسمانيی عێراقى هەیە
  2024-07-17       327       

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاشکرایکرد، هەنگاوی گرنگیان ناوە، بە ئاراستەی هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەوروپا لەسەر هێڵی ئاسمانيی عێراقی.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڵاویکردەوە، هێڵی ئاسمانيی عێراقى بە چاودێریی وەزیری گواستنەوە، بەردەوامە لە هەوڵەکانی، بۆ تەواوکردنی سەرجەم رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی داخوازییەکانی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی ئاسمانی.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری گشتی هێڵی ئاسمانيی عێراقى، گرێبەستێکی راوێژکاریی و جێبەجێکردنی لەگەڵ یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی ئاسمانی واژۆ کردووە، بۆ پشتیوانی لەو دۆسیەیە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دوای دوو مانگی دیکە، قۆناغی دووەمی هەوڵەکان دەستپێدەکات، کە ناسراوە بە رێوشوێنی راستکردنەوەی پابەندبوون بە مەرج و رێنماییەکانی رێکخراوی فڕۆکەوانی نێودەوڵەتی، بە ئامانجی هەڵگرتنی گەمارۆی ئەوروپا لەسەر هێڵی ئاسمانيی عێراقى، بە گوێرەی خشتەیەکی زەمەنی کە بۆ ئەو مەبەستە دیاریدەکرێت.

لە ئێستادا هێڵی فرۆکەوانيی عێراق، خاوەنی 26 فڕۆکەی مەدەنییە، کارکردن لەسەر نوێکردنەوەی چوار فڕۆکەی دیکەش بەردەوامە، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ کاری نوێکردنەوەیان تەواو بێت و بخرێنەوە خزمەت هێڵی ئاسمانيی عێراقی.

رێکخراوی فڕۆکەوانی نێودەوڵەتی دەڵێت، تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانی عێراق و هێڵی ئاسمانی ئەو وڵاتە، پابەند نەبوون بە رێوشوێنەکانی سەلامەتيی فڕۆکەوانی، بۆیە گەمارۆکانی هێڵی ئاسمانيی ئەوروپای لەسەر هەڵناگیرێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×