ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشو بەرگریی لهپهرلهمانى عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق هەوڵدەدات چارەسەرێکی ڕاستەقینەو یەکجارەکیی بۆ بونی پارتی کرێکارانی کوردستان لەعێراق بدۆزێتەوە، بۆئەوەش دەیەوێت ئەو ڕێککەوتننامە ئەمنییەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کردی، لەگەڵ تورکیاشدا دوبارەی بکاتەوە.
عامر فایز ئەلعامری ئەندامی لیژنەکە لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە، “عێراق ماوەیەکی زۆرە بەدوای دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینەو کۆتاییهێنان بەبونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پهكهكه)دا دەگەڕێت، ڕاوێژو دیالۆگیش لەگەڵ لایەنی تورکیا بەردەوامەو لەمڕوەوە عێراق دەیەوێت سەروەریی خۆی لەهەر هێرشێکی تورکیا بپارێزێت".
هەروەک ڕەتیدەکاتەوە، خاکەکەی ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ هێرشکردنەسەر تورکیا یان هەریەکێک لەوڵاتانی دراوسێو جیهان.
ئەلعامری لەبەشێکی تری قسەکانیدا وتویەتی:“عێراق خواستی ئەوەی هەیە ڕێککەوتنی ئەمنیی لەگەڵ ئێران لەگەڵ لایەنی تورکیا دوبارەبکاتەوە، ئەویش بەدورخستنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لەسنورەکانو لێسەندنەوەی چەک لێی".
باسی لەوەشکردوە، عێراق دەیەوێت دەستەبەری ئاسایشەکەی بکاتو ڕێگریی لەبونی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەییەکەی لەهەر لایەنێکی ناوەکییو دەرەکیی بێت بکات، هەر لەسەر ئەو بنامەیەش پارتی کرێکارانی کوردستانی وەک هێزێکی قەدەغەکراو ناساندوە.